٢٨\١٠\٢٠١٥
پیاوی ئاغا؛ یان
پیاوی باینجان!

ستار محەمەد قادر
دەگێڕنەوە ئاغایەک حەزی لەڕاو دەبێت، لەگەڵ یەکێک لەپیاوەکانی لەگوند
بەو نیەتە بەرەبەیانێکی زوو، روو لەهەردوو کێوەکان دەنێن، دوای ئەوەی
زۆر دوور ئەکەونەوەو هیچ نێچیرێک بەرچاویان ناکەوێت، ئاغا هەست
بەماندووبوون ئەکاو بەپیاوەکەی ئەڵێ زۆرم برسیە، چاوێک بگێڕە بزانە
کوێرە دێیەک نادۆزیتەوە بۆ ئەوەی میواندارییان بکەین، پیاوەکەی ئاغاش
دوای ئەوەی ئەو ناوە هەمووی دەگەڕێت، تەنها رەشماڵێک دەدۆزێتەوە، لەگەڵ
ئاعا دەبن میوانی ئەو ماڵە، پیاوی ژنەکە لەماڵ نابێت، ژنەکەش تەنها
باینجان شک ئەبات بۆیان لەڕۆن دەهاوێت و خوانیان بۆ ئامادە دەکات، ئاغا
لەگەڵ یەکەم پاروو ، لەتاو برسێتی، باینجان دەبێت بەقاورمە لەلای و
بەپیاوەکەی ئەڵێ: ئەزانی باینجان زۆر خۆشە ... پیاوەکەی ئاغایش دێتە
قسەو، دەکەوێتە شاباشی باینجان و دەکەوێتە وەسفی بەشێوەیەک لەگۆشتی قەل
و مامزو بەرخ باشتر دەینرخێنێت، دوای ئەوەی ئاغا تاسەی برسێتی ئەشکێت،
تاڵی باینجانەکە لەنێو دەمیدا تام ئەداتەوە، ئەڵێ بەناشکووری ناڵێم،
باینجان کەی خواردنی مرۆڤ بووە، پیاوەکەی ئاغایش ئەڵێ: ئاغا گیان ئەمە
کەی خواردن بوو، رەش رەش هەر ئەڵێی هیپنی کەرە، خوا بەزیادی نەکات
تووشمان بووە بەچییەوە، ئاغا رووی دەمی لەپیاوەکەی ئەکاو پێی ئەڵێ:
ئەرێ من وەسفی باینجانم کرد، تۆ فڕانت بۆ کەشکەڵانی فەلەک، من زەمیم
کرد، تۆ بەهیی کەر شووبهاندت، پێم بڵێ، باینجان خۆشە یان ناخۆشە؟ ...
پیاوەکەی ئاغایش دێتە وەڵام و بەئاغا ئەڵێ: بۆ چما من پیاوی تۆم یان
هیی باینجان؟ ئاغا گیان تۆ بڵێی خۆشە من مەدح و سەنای ئەکەم، ئەگەر
بڵێی ناخۆشە بەر نەفرەتی ئەدەم!
ئەم چیرۆکە رێک و رەوان بەواقیعی حیزبایەتی ئەکات لەهەرێمی کوردستان،
کەسێکمان نەبینی لەدەرەوەی سیاسەت و ئەجێندای حیزبەکان هەڵوێستێک
دەرببڕێت، هەر هەموو حیزبەکان باش بکەن، ئەوا ئەندام و لایەنگرانیان
بەشان و باڵی حیزبەکانیاندا هەڵئەدەن، ئەگەر خەرابیش بکەن، ئەوا
دەکەونە پاساو هێنانەوەو پاکانەی جۆراو جۆراو بۆ ئەستۆ پاککردنەوەی
پارتەکانیان دەهێننەوە، ئێ ئاخر ئەگەر پیاوەکەی ئاغا نانی لەوەدا
بووبێت بۆ هەموو شتێکی ئاغا ئەشتەن و بیللا بکات، خۆ نانی ئەندامانی
حیزبەکانیش هەر لەوەدایە، خۆ ناکرێت ئینسان نان و بژێوی یەکێک دابین
بکاو رێگەیشی پێ بدات رەخنەو سەرزەنشتی بکات! بۆیە تا قووتی پیاوەکەی
ئاغا لەدەستی ئاغا بێت، دەبێت بەراست و چەپدا شاباشی ئاغا بکات، جا
ئەگەر ئاغا دیمۆکراسیەتێکی کەرنەڤاڵی لەدێیەکەیدا بکات بەخەڵات بۆ
ئەوەی گووندییەکان سەرپشک بکات لەهەڵبژاردنی ئاغادا، هیچ لەواقیعەکە
ناگۆڕێت، بەڵکو بەو شێوەیە بەهێزتر دەبێت، چونکە پیاوەکان پیاوی ئەون،
نەک پیاوی گووندوو نەخاک و نەش خاوەنی خۆیانن!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|