پیاوى کورد
کۆنەخوازە.....'' لەگۆڕان
دەترسێت ''.
حهمهی ئهحمهد ڕهسوڵ
کۆمەڵگاى پیاوسالاریی لەنێو چەقی ژینمانداقیت راوەستاوە ... پیاو
فەرمان دەردەکات ، ژن جێبەجێی دەکات... باوکمان نەڕەى دێ و دایکمان
بەتۆقینەوە بەچرپە دەدوێ .. پیاوان لەسەرەوە دادەنیشن و شانیان بەسەر
پشتى و سەریندا داداوەتەوە ژنانیش لەخوارەوە هەڵتروشکاون و مەشغوڵى
چاتێکردن و چاگێڕان و پیاڵە شۆرین و سەر راوەشاندنن بۆ ئەرێنیکردنى
گووتە و فەرمایشتى پیاوان ..!
کەواتە فەرهەنگى زاڵ ، فەرهەنگى پیاوسالارییە کەلەنێو رەگوڕیشەى ئایین
و کولتووردا بنجی داکووتاوە ... ئایین (بەگوتار و بەکردەوە) بەدرێژایی
مێژووى خۆى هێز و عەرشی دەسەڵاتى بەڕێوەبردنى خێزان و مزگەوت و دەوڵەتى
داوەتە دەست پیاو ،هەقی خیتاببێژى و پێش نوێژى و تەڵاقدان و میراتگرى و
شاهیددانى داوەتە دەست پیاو ...ئیدى سیستمى پیاوسالاریی یان
باوکسالاریی- پەتریارکى- خۆى نوومایش کردو چەندان سەدەیە برەوى بە
بەیداخەکەى خۆى داوە ...!
کۆمەڵگاى کوردیش ، کۆمەڵگایەکى پیاوسالارییە ، بۆهەر جێگەیەک دەچیت
لێوانلێوە لەپیاوى باڕ و جامانەبەسەر و داربەدەست .. پیاو بەخۆى و
داروعەساکەیەوە لەشوێنکات و لەگشت کونجێکى ژیانماندا چوار مشقی بۆى
دانیشتووە .... بەو مانایەى پیاو ، خاوەنە و دەسەڵاتى بەدەستە پیاو
توانیوویەتى خێڵ و حیزب ئافەریدە بکات ، بەهالەیەکى پیرۆزەوە فۆرموولەى
بکات ... توانیوویەتى بەدرێژایی چەندان سەدە هێز و ئیرادە و دەسەڵات
بەخێڵ و حیزب ببەخشێت ..!
سیستمى پیاوسالاریی لەکۆمەڵگاى کوردیدا ، ئامرازى تایبەت بەخۆى هەیە بۆ
کۆنترۆڵکردن ...چونکە لەو رێگەیەوە دەیەوێت بەردەوامى بە سیستمى باو و
سەردەستى خۆى بدات ...!
سیستمى پیاوسالارانە توانیوویەتى ستەمکارى سەنتراڵیزە بکات ..
نادادوەرى و نایەکسانى فەراهەمبکات ، هەمیشە هەوڵیداوە بەرگریکردن
لەسنوورە سروشتیەکانى مرۆڤ تێکوپێک بشکێنێ ، توانیوویەتى فراوانکردنى
ڤاڵایی ژیان لەبەردەم مرۆڤدا تەسک و تەسکتر بکاتەوە ...داخوازبووە
لەبەردەم پێشکەوتنى ئاستى ژیان و کرانەوەى کۆمەڵگادا بەربەست و ئاستەنگ
بێت ..!
هەوڵیداوە لەنێو خێزاندا جیاوازى جێندەرى لەنێوان هەردوو رەگەزى نێر و
مێدا قووڵ و قووڵتر بکاتەوە ... هەردەم شوێن و هێز و دەسەڵات بۆ ئەو
بوونەوەرانە فراوانتر دەکات کەنێرن و پێیان دەڵێت :پیاو ، بەڵام ئەو
مافە بەمنداڵ و مێرد منداڵ و گەنج و هەروەها ژن و ئافرەت نادات ..!
پیاوى کورد وەکو هاوتاعەرەب و تورک و فارسەکەى کۆنەپارێز و خێڵەکییە ،
سووننەتى و دواکەوتووە ، نێردەکات بەخاوەن و سەردار و مێ دەکات بە
کۆیلە و بندەست ... شانازى بەپیاوەتیبوونى کۆمەڵگ و بنەماڵەکەى خۆیەوە
دەکات .. دەخوازێت تەنها کوڕ بخاتەوە و خێزانەکەى جمەى بێت لە رەگەزى
نێر !.
ئێریک فرۆم لەمبارەیەوە گووتوییە :باوک ، پەیوەندى و خۆشەویستییەکەشی
بۆ منداڵەکانى مەرجدارە ، کوڕێکى خۆشدەوێت کە گوێڕایەڵ و بێدەنگ بێت
دەرهەق بە فەرمانەکانى و هەر ئەوکوڕەش دەکات بەجێگر و میراتگرى خۆى ،
جیاکارى و هەڵاوێردى دروستدەکات لەنێوان منداڵەکانید و نایەکسانى
بەرهەم دێنێت، بەڵام دایک چونکە کانگاى سۆزو میهرەبانییە بەیەکسانى
منداڵەکانى خۆشدەوێت و دادوەرە لەپەیوەندیکردن بە هەموو زارۆکەکانییەوە...!
پیاوى کوردى هاوچەرخ لەژێرسایەى پیاوسالاریدا جیاوازى جێندەرى دەکات
نادادوەرە لەدابەشکردنى ماف و ئەرکدا ، رەگەزى نێر بە جێگرو میراتگرى
شەرعى خۆى دەزانێت بۆیە گشت مافێکى دەداتێ و هەموو شتێ ، گووتنێ ،
کردارێ بۆ کوڕەکانى شیاون و رەوان ، بەڵام بۆ کچەکانى خۆى نەشیاون و
یاساغن و تابوون .. هیچ شتێ ، گووتنێ ، کردارێ بۆ رەگەزى مێ رەواو هەق
نییە ، هەموو شتێ نەنگى و شورەیی و عەیبەیە !
ئەگەرى سەرەکى لەسیستمى پیاو سالاریدا گۆڕینى مرۆڤە لەبوونەوەرێکى
بایۆلۆژییەوە بۆ بوونەوەرێکى بایۆ کولتوورى – کۆمەڵایەتى ، بە واتاى
بەکۆمەڵایەتیکردنى تاکى کۆمەڵگادێت ، بۆ نموونە ، کە کۆرپەیەک دێتە
دنیاوە ،بەڕێکەوت ئەگەر کوڕ بێت ، ئیدى باوک و دایک شاگەشکەدەبن و
شیرینى دەبەخشنەوە ، ژنەکە لەمێردەکەى دڵشادتر و کامەرانترە ، شانازى و
شکۆمەندى بۆ بنەماڵەکەیان دێنێ .. پلەوپایەى زێڕینى پێدەبەخشن ، لەسەر
کورسی عەرشی خێزانەکەیان تاجى پایەدارى دەخەنەسەر ، ژیانى بۆ دەکەن بە
چراخان و رەهەند و دەرگاکانى ئازادى و سەربەستى بۆ دەخەنە سەر گازەراى
پشت ... بەڵام ئەگەر ئەوکۆرپەیە ، بەرێکەوت کچ بوو ، لەزۆر بنەماڵە و
دەڤەرى کوردستاندا دەبێتە تازێ و شیوەن و جێی ناڕەزایی و بێزارى ..یەک
دەنکە خورم و دەنکە نوقوڵ چییە ، کەس تامى ناکات و لەژێر زوبانەوە
پیرۆزبایی بەخێرهاتن لەم کچە بەدبەختە دەکرێت ، ئەوەى جێی سەرسووڕمانە
ژنان لەپیاوان زیاتر غەمبارتر و غەمگینتر دەبن ...رۆژانە کۆت و بەندى
قورستر و سەنگینتر (رۆسۆ وتەنى) دەخرێتە دەست و پێی ئەم کیژۆڵە هەناسە
ساردەوە .. ژیانى بەرین و فراوانى بەشێوەیەک لێ تەسک و تاریک دەکرێت،
رەنگ و بۆنى جەهەندەمى لێدەکرێت .. رۆژانە بۆ ئەوەى وات و چەمکى ئازادى
سنوردارتر و تەنگتر لێبکرێتەوە ، تارمایی ئەهریمەن و ئیزرائیلى مەرگى
پێ نیشان دەدەن ...!
پیاو داخوازە کۆمەڵگا داخراوەکەى ، داخراوتربێت و بیکات بەدوو بەشەوە
بەشێکیان بۆ پیاو ،بەشەکەى دیکەشیان بۆ ئافرەت تەرخان بکات ..
لەتێکەڵکردنى کوڕ و کچ دەترسێت ، لەدەرەوەى ماڵ و خێزان دەتۆقێت ،
لەسیستمى نوێی خوێندنى ئەمساڵ (2008) زەندەقی چووە ئیمزاى ناڕەزایی
پیاوانى کۆنەخواز و کۆنزەڤایتڤ کۆ دەکاتەوە ، مەل و شێخ و پیاوانى
ئایینى هاندەدات کەهەر چۆنێک بێت کوڕى بەنزین لەکیژى ئاگر نزیک نەبنەوە
.. ئەگینا گۆڕان روو دەدات ...رۆژى قیامەت نزیک دەبێتەوە ... جەجاڵ
هەڵدەستێ و ...هتد ! وتارى پیاوى کورد لەکولتوورى پیاوسالاریدا ، گرفت
ئاریشەى دۆزەخیی بۆ ژیانمان دەستەبەر کردووە، چونکە زاڵمە و دیکتاتۆرە
، نایەکسانى و نادادوەرى بەرهەم دێنێ ، کۆپیکارە و دەیەوێت دووبارە
بوونەوەى خۆى ، کۆپیکردنەوەى بیروهزرى سوننەتى و داخراو و دواکەوتووى
خۆى لەهزر و بیرکردنەوەى نەوەکانى ئاییندەدا دووپات بکاتەوە .. دەیەوێت
لەنێو بەرگى کۆن و دێرینەى ئەژدادماندا بۆگەن بکەین ... دەیەوێت
گوێڕایەڵ و بێدەنگ بین ، دەیەوێت مرۆڤێکى لاڵ و کەڕ و کوێر بین و
هەمیشە وشەى (بەڵێ) لەسەر زارمان بێت چاوى بەوشەى (نا و نه) هەڵنایەت ،
دەیەوێت ئێمەش تەنها کوڕ بەمرۆڤ لەقەڵەم بدەین و کچ بەنیوە مرۆڤێکى
پەراوێز و کۆیلە و بندەست قبوڵ بکەین ، دەیەوێت رچەشکێن نەبین و تەنها
لەزەماوەندى بەزاوابوونى راکانماندا سەرچۆپی کێش بین و لەشایی بووکێنى
خوشکەکانماندا ، وڵات و شارەکەمان جێبێڵین و پێمان شەرمەزارى و نەنگى
بێت هەڵپەڕین و زەماوەندەکەى گەرمتر بکەین ..!
بەڵام هێدى هێدى (ئەگەر سست و خاویش بێت) کۆمەڵگاى کوردى دەچێتە
دەرەوەى بازنەى داخراوى پیاوسالارییەوە .. جیهانگیرى و باهۆزى
تەکنۆلۆژی و تەکنۆترۆن گەیشتۆتە لاى ئێمەش .. سەرەتاى ناڕەزایی و ئەنتى
بوون بەسیستمى پیاوسالاریی و ستەمکارییەکانى لەگەڵ خۆرهەڵاتندا موژدەى
پێیە و چەمکى چاکسازى و گۆڕان و وەرچەرخان و کرانەوە و شەفافییەت و
دیالۆگ لەبرەودایە ...!
hemea.rasoeL961@yahoo.com
|