په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٠\٢٠٢٦

پۆلەکانی خوێندن وەک ئاوێنەی دەوڵەت.


ئەرسەلان مەحمود      


لە دواناوەندییەکی دەوروبەری پاریس، کچە خوێندکارێکی حەڤدە ساڵ بە ڕۆژنامەنووسێک دەڵێت مشک و مێروولەکان تەواوی گۆشەکانی خوێندنگەکەیانی تەنیوە و پلەی گەرمی پۆلەکان لەوپەڕی ساردییەوە بۆ گەرمایەکی خنکێنەر هەڵبەز و دادەبەزیەتی. ڕستەیەکی سادە، بەبێ ناوی هیچ حیزب و ڕێبەرێک، بەبێ چنین و بەرزکردنەوەی هیچ دروشمێک. ڕاستگۆتر لە زۆربەی ئەو لێدوانانەی لە کۆشکی دەسەڵات و هۆڵی یاسادانانەوە دەردەچن، وەسفی ئەو شوێنە دەکات دەوڵەت تێیدا خۆی بە هاووڵاتییەکانی دەناسێنێتەوە.

پۆلی خوێندن یەکەم دەوڵەتە منداڵ ئاشنای دەبێت. پێشئەوەی ناوی وەزیر و سەرۆکەکان بزانێت، پێشئەوەی باج بدات و بەشداریی هەڵبژاردن بکات، تەنها لەناو چوار دیواری پۆلەکەیدا فێر دەبێت دەسەڵات چییە، یاسا چۆن دادەڕێژرێ و دادپەروەری مانای چییە. مامۆستا یەکەم ڕووخساری دەسەڵاتە و تەختەڕەشیش یەکەم پەڕەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی، ژمارەی ئەو خوێندکارانەیشی لە پۆلێکدا پێکەوە دادەنیشن، یەکەم پێوەر و ئامارە پیشانیدەدا دەوڵەت چۆن و تا چەند بە گرنگییەوە دەڕوانێتە داهاتووی خۆی.

لە کەلتووری فەرەنسیدا، خوێندنگە بە پەرستگەی کۆمار ناسراوە، ئەو مەکانەی بنەماکانی ئازادی، یەکسانی و برایەتی وەک نزا و نوێژێکی ڕۆژانە بە نەوەکان دەسپێردرێت. بەڵام ئەمڕۆ ئەم پەرستگەیە بۆتە مۆڵگەی مشک، ئاو لە بنمیچەکانییەوە دەتکێنێت و پۆلەکانیش تەنها بە سی و پێنج خوێندکار پڕ و تەنگەنەفەس بوون. مامۆستا نەخۆش دەکەوێت، خانەنشین دەبێت و کەسیش نییە جێگەی بگرێتەوە. ڕەنگە هەر یەکێک لەم کێشانە بە تەنها هەواڵێکی سادەی ناو وەزارەتێک بن، بەڵام کۆی هەموویان پێکەوە دانپێدانانێکی بێدەنگی دەوڵەتن لە پاشەکشێی خۆیدا. کاتێک دەوڵەت بودجە کەمدەکاتەوە و یاری بە ژمارەکان دەکات بۆ هاوسەنگی، یەکەم شوێنێک کاریگەرییەکەی تێدا ڕەنگ دەداتەوە پۆلی خوێندنە، لەسەر شانی خوێندکارێکی پازدە ساڵان، لەسەر کورسییەکی تەختە یانیش ئاسنینی سارد و لە بێدەنگیی وانەیەکی بەتاڵدا.

ڕووداوەکانی ئایاری ١٩٦٨، ئەوانەی لە زانکۆی نانتێرەوە سەریانهەڵدا، تا ئێستاش وەک سێبەرێک بەسەر سەرجەم بزووتنەوەکانی گەنجانی فەرەنسادا ماونەتەوە. نەوەکانی ئەو سەردەم، خەونیان بە جیهانێکی جیاوازەوە دەبینی، دەیانویست خەیاڵ بکەنە دەسەڵات و دیوارەکانیشیان بە دروشمی شیعری ڕازاندەوە. بەڵام نەوەکانی ئەمڕۆ، هەرزەکارانی تەمەن پازدە و هەژدە ساڵانن، هەڵگری هیچ خەونێکی ئەوەندە گەورە نین. داواکارییەکانی ئەوان هێندە سادەن مرۆڤی ڕاستەقینە شەرم دەیگرێ کاتێک دەیانخوێنێتەوە، بوونی مامۆستایەک، پۆلێکی گەرم، لەگەڵ باڵەخانەیەک سارد و گەرم نەکا و بەسەریاندا نەڕووخێ. ئەمە ڕاپەڕینە لەپێناو کەمترین مافدا. ئەم نەوەیە بە چاوی خۆی بینیویەتی چۆن خەونە گەورەکانی باوباپیرانی لە بازاڕەکاندا هەڕاجکران، هەر بۆیە بە کەمترین شت ڕازییە، بەو شتانەی لە ڕابردوودا وەک مافێکی سەرەتایی سەیر دەکران. مەترسیی قەیرانەکەش لێرەدایە، کاتێک دەوڵەتێک نەتوانێت تەنانەت ئەو کەمترین مافەش دابینبکات، دەبێت پرسیار لە خۆی بکات ئاخۆ چی دیکەی ماوە بۆ بەخشین.

دیمەنێکی ڤیدیۆیی شاری لیل'م بینی، خوێندکارێک دروشمێکی بەرزکردبۆوە و تێیدا یاری بە سێ پیتی (BAC) دەکرد. زۆر گەڕام تا دۆزیمەوە ئەم کورتکراوەیە لە زمانی فەرەنسیدا، هەم ئاماژەیە بۆ بڕوانامەی بەکالۆریای قۆناغی دواناوەندی، هەم ناوی یەکەیەکی پۆلیسی دژەتاوانە. خوێندکارەکە داوای یەکەمیانی دەکرد، بەڵام ڕووبەڕووی دووەمیان ببۆوە. ئەم یارییە زمانەوانییە، کورتترین و پوختترین شیکاریی سیاسییە بۆ ئەم قەیرانە، هەرزەکارێک داوای بڕوانامە دەکات، بەڵام دەوڵەت هەمان سێ پیتەکەی بە شێوازێکی دیکە بۆ دەنێرێت. ئەوەی بە ناوی پەروەردەوە داوا دەکرێت، بە ناوی ئاسایش و ئەمنییەتەوە وڵام دەدرێتەوە. بە هەزاران هەرزەکار گیراون و گوتاری دەسەڵاتیش لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا، لە کێشەی پەروەردەوە گۆڕاوە بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی.

لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر بزووتنەوەیەکی گەنجاندا، دەسەڵاتەکان دەستبەجێ بەدوای دەستی دەرەکیدا دەگەڕێن، ئەمە پیلانگێڕی هەرێمییە، نا، ئەمە حیزبەکەی بەرامبەر هانی داون، کەسانی نامۆ خزاونە ناویانەوە، یان لایەنی نادیار ئامانجی بزووتنەوەکەی ئیستغلال کردون. ڕاستە بەشێک لەم ناڕەزایەتییانە بەرەو پشێوی، ئاگر و ئافات و هێرش بۆ سەر بەڕێوەبەری خوێندنگەکان لایاندا، بەڵام هیچ پاساو و داواکارییەکی ڕەوا نابێتە هۆکار بۆ ئافات و سووتاندنی خوێندنگە، چونکە ئەوەی خوێندنگە دەسووتێنێت، تەنها ئاوێنەکە دەشکێنێ و ڕووخسارەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە. بەڵام گەڕاندنەوەی هەموو گرفتەکان بۆ دەستێکی نادیار، تاکتیک و تەکنیکێکی کۆنی دەسەڵاتە بۆ ڕاکردن و خۆدزینەوە لە بینینی ڕاستییەکان لە ئاوێنەکەدا. گەر هەرزەکارێکی پازدە ساڵان تەنها بووکەڵەیەک بێت بەدەست خەڵکانی دیکەوە، ئیتر پێویست ناکات کەس گوێ لە ئازارەکانی بگرێت. ئەمەیە ئەو عەقڵیەتە شاراوەیەی پشت تۆمەتبارکردنی خەڵک بە دەستی دەرەکی، سەندنەوەی ئیرادە لە مرۆڤ و گۆڕینی لە بوونەوەرێکی خاوەن ئازارەوە بۆ ئامرازێکی بێگیان.

لەنێو ئەم پشێوی و قەیرانەدا، دیمەنێک بەدیدەکرێت، شایەنی ئەوەیە هەر خۆی بکرێتە وانەیەکی فەلسەفی، لە یەکێک لە دواناوەندییەکانی دەوروبەری پاریس، مامۆستایان قەڵغانێکی مرۆییان لە دەوری خوێندکارەکانیان دروستکردوە تا لە هێرشی پۆلیس بیانپارێزن. چ سەیرێکە لە فەڕەنسای ڕێنساس، دوو ڕووخساری جیاوازی دەوڵەت ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە، دەوڵەتی پەروەردەکار لەبەرامبەر دەوڵەتی سزادەر و هەردووکیشیان مووچە لە هەمان خەزێنە وەردەگرن. ئەم دیمەنە بە ڕوونی ئەوە پیشاندەدا درز و کەلێنەکە چووەتە ناو خودی جەستەی دەوڵەتەوە، بەشێکی دەیەوێت فێر بکات و پەروەردە بکات، لەکاتێکدا بەشەکەی دیکە دەیەوێت سەرکوت و ڕام بکات.

ئاوێنە هەرگیز درۆ ناکات، تەنها ئەوە پیشاندەدا لەبەردەمیدا وەستاوە. پۆلێکی سارد و قەرەباڵغی بێ مامۆستا، ڕەنگدانەوەی دەوڵەتێکە بەرامبەر بە منداڵەکانی سارد بۆتەوە، نوقمی قەرز و ژمارەکان بووە و پێوەرە ئەخلاقییەکانی خۆی لەدەستداوە. کاتێک دەوڵەت ڕووخساری خۆی لەم ئاوێنەیەدا دەبینێت، دوو بژاردەی لەبەردەمدایە، یان ئەوەتا ڕووخسارەکەی خۆی چاک دەکات، یان ئاوێنەکە دەشکێنێت. فەرەنسا تا ئێستا بە بەکارهێنانی غازی فرمێسکڕێژ، کەلەپچە و دروستکردنی تۆمەتی دەستی دەرەکی، بژاردەی دووەمی هەڵبژاردووە. بەڵام لە مێژوودا پارچە شکاوەکانی ئاوێنە هەرگیز ون نابن و هەر پارچەیەکیان دەبێتە ئاوێنەیەکی بچووکتر و تیژتر، ئەو ڕووخسارەی پێشتر جارێ پیشانی دەدا، ئێستا بە سەدان جار دووبارەی دەکاتەوە. ئەو نەوەیەی لەناو پۆلەکاندا فێر ببێت دەوڵەت گوێی لێناگرێت، بێگومان لەسەر شەقامەکان هەمان وانە بە دەنگێکی زۆر بەرزتر دەڵێتەوە.
___________________________________________________

- [Reuters via Tribune] https://tribune.com.pk/story/2632361/student-anger-spreads-across-france
- [PBS / AP] https://www.pbs.org/newshour/world/student-protests-grip-france-as-prime-minister-lecornu-calls-crisis-meeting 
- [Protothema]
https://en.protothema.gr/2026/10/01/french-school-protests-escalate-as-more-than-600-arrested-and-119-injured
- [Connexion France]
https://www.connexionfrance.com/news/protests-at-a-third-of-lycees-in-france-blockades-now-at-ten-universities/818841
- [Reuters via Daily Maverick]
https://www.dailymaverick.co.za/article/2026-10-02-students-and-police-clash-as-france-struggles-to-quell-school-protests

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک