په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١٢\٢٠١٤

"پووران درەخشەندە" خەڵاتی تایبەتی ئەڵماسی فیلمی سەربەخۆی ئەمەریکای بەدەستهێنا.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی سینەمایی "بێدەنگ! کچەکان ناقیژێنن" لە دەرھێنانی خاتوو "پووران درەخشەندە" خەڵاتی تایبەتی ئەڵماسی فیلمی سەربەخۆی ئەمەریکای بەدەستھێنا.


فیلمی سینەمایی "بێدەنگ! کچەکان ناقیژێنن" لە دەرھێنانی خانمە سینەماکاری کورد خاتوو "پووران درەخشەندە" لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە ڕێوڕەسمی پاییزی خەڵاتە نێودەوڵەتییەکانی فیلمی سەربەخۆی ئەمەریکا نمایشکرا و توانی خەڵاتی تایبەتی ئەڵماسی باشترین فیلمی بڵندی چیرۆکی ئەم ڕووداوە گرینگە ھونەرییەی سینەما بەدەستبێنێت.


خەڵاتە نێودەوڵەتییەکانی فیلمی سەربەخۆی ئەمەریکا لە کۆتایی وەرزی پاییزدا لە ٧ بەشی جۆراوجۆردا لەوانە: فیلمی بڵندی چیرۆکی، فیلمی دیکۆمێنتاری، کورتە فیلمی چیرۆکی، ڤیدیۆ کلیپ، فیلمی ئەنیمەیشنی، فیلمی ئەزموونی و... بە باشترین فیلمەکان لە سینەماکارانی وڵاتانی جیھان بەخشرا.


خەڵاتە نێودەوڵەتییەکانی فیلمی سەربەخۆی ئەمەریکا ھەموو ساڵێک بە مەبەستی دۆزینەوەی بەھرەمەندە نوێیەکان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی سینەما و لە ٤ وەرزدا، بە بەشداری بەرھەمی فیلمسازانی سەربەخۆ و بەھرەمەندی سەرتاسەری جیھان لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت و خەڵاتەکانی باشترین فیلم، لەوانە: خەڵاتی ئەڵماس، خەڵاتی پڵاتین واتە زێڕی سپی، خەڵاتی زێڕین، خەڵاتی نوقرەیی و خەڵاتی زێو و ھەروەھا لەوحەی فەخری بە باشترینەکانی ھەر وەرزێک پێشکەش دەکرێت.


فیلمی "بێدەنگ! کچەکان ناقیژێنن" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی "پووران درەخشەندە" لە ڕۆژانی ٢٢، ٢٤ و ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤ لە بەشی پێشبڕکێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "مالاتیا" لە شاری ماڵاتیا لە وڵاتی تورکیا نمایشکرا.


فیستیڤاڵی فیلمی "مالاتیا" بە بەشداری ١٠٠ فیلمی بڵندی سینەمایی، کورتە فیلمی چیرۆکی، دیکۆمێنتاری و ئەزموونی لە ڕۆژانی ٢١ تا ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤ لە شاری ماڵاتیای تورکیا بەڕێوەچوو.

بۆ زانیاریی پتر:

http://iifilmawards.com/Diamond_Award.html  
 

بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی فیلمی سینەمایی "بێدەنگ کچەکان ناقیژێنن".
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک