په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٥\٢٠١٨

پوختەیەک لەمەڕ ژیان و روخساری

شانۆگەریی هۆزانڤانەکەی ئاڤۆن و سێ هەڵبەستی.

نووسین و وەرگێڕانی: زانکۆ یاری


ویلیام شکسپیێر (١٦١٦-١٥٦٤) ھۆنراوەنووس، شانۆنووس و ئەکتەری بەناوبانگی نەتەوەیی بەریتانی،لە سترادفۆرد ئابۆن ئافۆن، ناوچە یوارویکشێری(وڵاتی ئینگلیزدا لەدایکبووە. شکسپیێربەشێوەیەکی بەرفراوان وەکوو گەورەترین نووسەری زمانی ئینگلیزی و ھەروەھا ناودارترین نووسەرەکانی دراما لە جیھان دادادەنرێت. شکسپیێر کوڕی جۆن شکسپیێر درووستکەرێکی زۆر سەرکەوتوو بوو لە بواری درووستکردنی چەرم ودەستکێشدا و ئەندامی شارەوانیش بووه و وادیاره که سێهەم منداڵ لەنێو ھەشت منداڵدا بووە. دایکیشی ماری ئاردن، کچی دەوڵەمەندێک بوو.


به بۆنەی نەبوونی تۆمارنامەیەکی زیندووزانیاریی کەم هەیهلەژیانی تایبەتیی شکسپیێر. ھەروەھا، لەھەوڵی نووسینی ژیاننامە بۆ شکسپیێر،نیکۆڵاس ڕۆو یەکەم نووسەرەوەی ژیاننامەی ئەو بوو.زۆربەی پەڕتووکەکانی ژیاننامەی کۆکن لەسەر ئەوەی کە لەساڵی ١٥٥٣لە قوتابخانەی ئازادی "پاشای نوێ"،لە سترادفۆرد فێری خوێندن بووە.


لەتەمەنی ١٨ ساڵیدا، لەگەڵ ئان ھاساوایی ٢٦ ساڵاندا چوونە ژیانی ھاوسەرێتییەوە. پاش شەش مانگ لە ھاوسەرێتی منداڵێکیان بوو بەناوی سۆزانا. بەدوای ئەودا بوو کە کوڕێکیان بوو بەناوی ھامنێت و کچێک بەناوی جودێس، ئەمەش لە پاش دوو ساڵ، بەڵام ھامنێت بەھۆیەکینادیارەوەلەتەمەنی ١١ ساڵیداکۆچی دوایی کرد.لەنێوان ساڵانی ١٥٨٥ تاکوو ١٥٩٢ دەستیکرد بە پیشەیەکی سەرکەوتوو لە لەندەن وەک ئەکتەر و نووسەر و بەشێک بوو لە خاوەنی کۆمپانیای نواندن کە ناوی پیاوانی لۆرد چامبرلین بوو، کە دواتر بەناوی پیاوانی پاشا ناسرا.شکسپیێر کارە ناسراو و ھەرە گەورەکانی لەنێوان ساڵانی ١٥٨٩ بۆ ١٦١٣ بەرھەم ھێناوەو تا نزیکەی ساڵی ١٦٠٨ی زایینیدا بەشێوەیەکی گشتی ھەستا بە نووسینی تراژێدییەکانی ھاملێت، پاشا لیرو ماکبێس، کە ئەمانه بە باشترین کارەکانی زمانی ئینگلیزی دادەنرێت.کۆمێدیای شکسپیێر پاشکۆ بوو، ھاوسەنگ بوو لەگەڵ ڕۆمانسییەت. لە کۆتاییەکانیشدا ھەستا بەنووسین بەشێوەی کۆمێدیای-تراژێدی،بەناوی ڕۆمانسیات.هەروەها، گەلێک تراژێدیای تری بەناوبانگی ھەیه و زۆرێک لە ڕەخنەگران پێیان وایە کە گەورەترین تراژێدیای شکسپیێر، لووتکەی ھونەرەکەی دەنوێنێت.


لەدەوروبەری ساڵی ١٦١٣دا وا دەردەکەوێت کە شکسپیێر خانەنشین بووە و گەڕاوەتەوە بۆ سترادفۆرد و دوای سێ ساڵ پاش ئەوه ٢٣\٤\١٦١٦ کۆچی دوایی کردووه.لە وەسییەتنامەکەی شکسپیێردا زۆر بەکەمی باسی ئانیی ژنی تێدا کراوه و بەشی گەورەی سامانەکەی بەجێھێشت بۆ کچە گەورەکەیسۆزانا.


شکسپیێرلە کڵێسەی سیانەی پیرۆز نێژراوە، پاش دوو ڕۆژیش لە مردنی لەسەر کێلی گۆڕەکەی نووسراوێک ھەڵکەندراوە کە له جووڵاندنی ئێسقانی شکسپیێر نەحلەت دەکات:

“Good frend for Iesvs sake forbeare, To digg the dvstencloasedheare.
Bleste be ye man ye spares thes stones,Andcvrst be he moves my bones”.


شکسپیێر ھۆنراوەنووس و شانۆنووسێکی ڕیزداری ڕۆژانو سەردەمی خۆی بوو، ئێستاش شانۆگەرییەکانی خاوەنی زۆرترین جەماوەرە و لەوپەڕیی ناوبانگیدایە و بەشێوەیەکی بەردەوام لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت.بەرهەمەکانیزیندوون و پێکدێن لە ٣٨ شانۆگەریی، ١٥٤ سۆناتا و دوو ھۆنراوەی گێرانەوەی دوورودرێژ، ھەروەھا ژمارەیەکی تر لە ھۆنراوە.زۆرێک لە شانۆگەرییەکانی لەماوەی ژیانیدا لەبەرگی جۆروجۆردا دەرچوون و لەچاپ دراونو بۆ ھەموو زمانە زیندووە سەرەکییەکانی جیھان وەرگێڕدراون.زۆر بەشێوەیەکی دیاریکراوڕوون نییە کەی شکسپیێر دەستی کردووە بە نووسین، بەڵام بەڵگە و نیشانەکانی سەردەمەکان بەگشتی ئاماژە بەوە دەدەن کە زۆربەی شانۆگەرییەکانی شکسپیێرنزیکەی ساڵی ١٥٩٢ی زایینی لەسەر تەختەی شانۆی لەندەن بووە!ھەندێک لە شانۆگەرییەکانی بەشێوەی چوارینە دەرچوون.یەکەمین کارە تۆمارکراوەکانی شکسپیێر بریتیین لە ڕیچاردی سێهەم و ھەر سێ بەشی ھێنڕیی شەشەم، که هەموویبەشێوەی درامای مێژووییلە سەدەی شانزدەھەمدا نووسیوه.

شانۆ لە زمانی بنەڕەتی خۆیدا "تەئاتر" ناویەتی و وشەیەکی یونانییە وەکو "جێی دیتن" مانا ئەدا. سەردەمی سەرهەڵهێنانی شانۆ دەگەڕێتەوە بۆ پێنج سەدەی پێش زاینیی و مەڵبەندەکەشی ئاتن و ڕۆم بووە کە پاش لە بەرهەمەکانی سەدەکانی وۆستا، ڕنێسانس و دواییش لە دەڤەری نوێی ئۆرووپادا درێژەی بە کاری خۆیدا. شانۆگەرییەکانی شکسپیێر تائێستاش بە گران دادەنرێت و کلاسیکییەت و کۆمێدیای ئیتالییان بۆ یەکەم جار بەخشیوە، کە لەخۆگری چیرۆکی دووییە دژدار و بەدوای یەکدا ھاتنی کۆمێدییە.شکسپیێر پەخشانی کۆمێدیایی بە مێژوو ناساند لە کۆتاییەکانی سەدەی شانزدەھەمی زایینی، وەکو ھێنڕیی چوارەم، بەشەکانی ١ و ٢ و ھێنڕیی پێنجەم.ڕۆمیئۆ و ژوولییت یەکێکلە و چیرۆکە دیار و تێبینیکراوانەی زمانی ئینگلیزییە کە پتر لە ٤۰۰ ساڵ پێش ئێستا هاتووەتە نووسین و ڕۆژ لە دوای ڕۆژدا مەزنانەتر پێدادەڕوانن و وێڕای ڕاڤەکردنی، شانۆنامە و فیلمیلێساز دەکەن. ئەم چیرۆکە کە لێکچوونێکی ناوەڕۆکی لەگەڵ مەم و زینی ئەحمەدی خانی هۆزانڤانی کوردەوە هەیە و تەنانەت مامۆستا هەژار موکریانی؛ نووسەر و وەرگێڕی بەناوبانگی کوردیش ئاماژە بەوپەیوەندییهدەدات.ھاملێت ناوی شانۆیەکی تری نووسراوەی شکسپیێرە کە بە یەکێک لە کاره گرنگەکانی شانۆی جیهان لە قەڵەم دەدرێت، ڕەنگە ھاملێت بە مۆنۆلۆگە بەناوبانگەکەی "ئەبم یان نابم، ئەوە پرسیارەکەیە"، لەچاو کەسایەتییە شکسپیێرییەکانی تر، زۆرترین لێدوانی لەسەر کرابێت.

هه‌ندێک له به‌رهه‌مه‌کانی:


کۆمێدی:وەک چۆن خۆشت دەوێت، کۆمێدیای ھەڵەکان، بازەرگانی ڤینیسیا، ژنە خۆشەکانی وێندسۆر، خەونی شەوی ھاوین، ژاوەژاوی بێ ھاڕین، بۆران، شەوی دوانزدەھەم، ھەرجۆر تۆ پێت خۆشە، دوو بەڕێزە فیرۆنییەکان، دوو پیاوچاکە نزیکەکە، چیرۆکی زستان.


مێژوویی - تراژێدیی: پاشا جۆن، ڕیچاردی دووهەم و سێهەم، ھێنڕی چوارەم تا ھەشتەم، ڕۆمیۆ و ژوولییت، کۆریولانۆس، تیتۆس ئاندرۆنیکۆس، یۆلیۆس قەیسەڕ، ماکبێس، ھاملێت، ترۆیلۆس و کریسیدا، پاشا لیر، ئۆتێللۆ، ئەنتۆنیۆ و کلیۆپاترا، سیمپڵین.
ھۆنراوە: سۆناتاکانی شێکسپیێر، فینۆس و ئەدینۆس، پاکیی و کیسەڵەکان.

ئەمەی خوارەوە که دەیخوێننەوه بەشێک له گۆرانییبێژییەکەی ڕیچاردی دووهەمه (پەردەی ئەوەڵ،سێنی سێهەم).تراژێدیی ڕیچاردی دووهەم تاکوو ڕادەیەک ھەمووی بەشێوەی دێر و کۆپلە نووسراوە.
خەیاڵی خۆشی.
کێیه ئەو کەسه که دەتوانێ ئاگر لە نێودەستی دانێ و
به بیری کێوە بەفراوییەکانی قەفقاز خۆی سەرقاڵ بکات؟
یان تێخی تێژی برسییەتی به بیرکردنەوە له سفرە ڕەنگاوڕەنگەکان (مێوانی) کول بکا؟
یان به جەستەی ڕووت بچێتە نێو بەفری بەفرانبار و
به هەتاوی هاوین بیر بکاتەوە؟
نا، هیچ‌ کەس
وەهامەترسییەک ئاوەها بیرەوەریەکڕاناگرێ
له ئەویکه خەیاڵی خۆشییەکان چارەسەری خراپییەکان نییه
بەڵام سەدجار ناحەزیی ئەوانە پتر دەکاتەوه.


پارچە شێعری جوانی خوارەوە وەک شێعری سپی لە تراژێدیی مەکبێس؛ پەردەی پێنجەم ـ سێنی پێنجەمە. (کە لێرەدا مەکبێسیان لە خۆکوژیی هاوسەرەکەی، لەیدی مەکبێس ئاگادار کردووه. خۆیشی تاکوو ماوەیەکی تر دەکوژرێت و چیرۆکی ژیانی پڕ لە شەڕ و خوێنخواریبەهۆی زۆر و زوڵم و دەسەڵاتخوازی، کۆتایی پێ دێت. چیرۆکێک کە وەکوو هەر مرۆڤێک پڕە لە چاکی و خراپی. که خراپیەکان شکستی پێ دێنێت و خێرا خۆی و ئەوانی تر لەناو دەبات. لە ئەم شێعره کە دەیخوێنن وادیارە کە گوتەی مەکبێس پڕە لە پووچی):
سبه‌ینێ، سبه‌ینێ و سبه‌ینێ
به هه‌نگاوه بچووکه‌کانی، له ڕۆژێک بۆ ڕۆژێکی تر
هه‌تاکوو دوایین پیتی تاپۆکراو له ده‌فته‌ری ژیان،ده‌خشێته‌وه؛
هه‌موو ڕۆژانی ڕابردوومان ڕێگای مه‌رگی خۆڵاوی بۆ نه‌زانان ڕووناک کردووه.
بێده‌نگ به، بێده‌نگ ئه‌ی شه‌میزه‌بوون!
ژیان وه‌کوو سێبه‌رێکی له‌رزۆکه، کایه‌که‌ری هه‌ژاره
که کاتژمێری خۆی له سه‌ر شانۆیه‌ک خرۆشان ده‌کات و ده‌گه‌ڕێنێ
ئه‌و ده‌مه‌ی که شتێک بۆ بیستن نییه. وه‌کوو چیرۆکه
که گوته‌یه‌که له نه‌زانێک، پڕ له هه‌را و تووڕه‌یی،
که بێ ‌واتایه...


وەرگێڕانێک له سۆناتای ژماره ١٣٠:

چاوانی خۆشه‌ویستیمن.
چاوانی خۆشه‌ویستی وێنه‌ی خۆر نییه؛
لێوه‌کانی به سووری مه‌رجانه‌‌‌کان نییه؛
سنگه خۆڵه‌مێشیه‌کانی وه‌کوو به‌فر سپی نییه؛
که‌زییه‌کانی وێنه‌ی ده‌سته ته‌لی ڕه‌شه.
گۆڵه‌باخی سوور و سپیی جۆراوجۆرم بینیوه؛
به‌ڵام سووری و سپییی هیچ گۆڵه‌باخێکم له ڕوومه‌تی خۆشه‌ویستم نه‌بینیوه؛
به‌رامه‌ی هه‌ر بۆنێک، بۆنخۆشتره له بۆنی هه‌ناسه‌ی خۆشه‌ویستم.
که شه‌یدای بیستنی ده‌نگی ئه‌وم به‌ڵام به باشی ده‌زانم؛
که ده‌نگی هه‌ر ئاهه‌نگێک خۆشتر له ده‌نگی ئه‌وه؛
دانپیا‌دا دەنێم، کاتێک خۆشەویستم هەنگاو هەڵدێنێت؛
قه‌د لاروله‌نجه‌ی ئێلاهەیێکم له هه‌نگاوه‌کانی نه‌بینیوه.
سوێند به‌و خودایه، تا ئێسته‌ش بیر ده‌که‌مه‌وه که خۆشه‌ویستی من
ئه‌وه‌نده ده‌گمه‌نه که ناتوانم له‌گه‌ڵ گیانه‌وه‌رانی سه‌ر زه‌وی
ئه‌و له جێگه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنێکی هه‌ڵه به‌جێی بێنم.

___________________________________________________
سەرچاوەکان:

Abrams, M. H. An Abridge Edition ofThe Norton Anthology of English Literature, edited by Jalal Sokhanvar, Ph.D. Eleventh edition. Tehran: Eshtiagh Noor publication, 2011.
Margaret Ferguson and Mary, S. J. Ed. The Norton Anthology of Poetry. 5th ed. New York: Norton, 2005 / Shakespeare
Adams, Joseph Quincy (1923). A Life of William Shakespeare. Boston: Houghton Mifflin. OCLC 1935264.
Bentley, G. E. (1961). Shakespeare: A Biographical Handbook. New Haven: Yale University Press. ISBN 0-313-25042-1. OCLC 356416.
Bowers, Fredson (1955). On Editing Shakespeare and the Elizabethan Dramatists. Philadelphia: University of Pennsylvania Press. OCLC 2993883.
Levin, Harry (1986). "Critical Approaches to Shakespeare from 1660 to 1904". In Wells, Stanley. The Cambridge Companion to Shakespeare Studies. Cambridge: Cambridge University Press. ISBN 0-521-31841-6.

 

 

zanko.yari@yahoo.co.uk

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک