١\١٠\٢٠١٤
قامووسی ناوە
نەمرەكان.
- شاکارێکی بەنرخی
رۆژنامەنووسی گەورەی کورد (مومتاز حەیدەری)ە -

شەماڵ عادل سەلیم
لەم
رۆژانەدا میوانی بەرێز کاک مومتاز حەیدەری بووم، دوای بەخێرهاتنێکی
گەرم و قسەو باس و بیروڕا گۆرینەوە سەبارەت بە رووداوی سیاسی و
ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیەکانی ناوخۆی هەرێم و عیراق ،حەیدەری قامووسێکی
کەم وێنەی پێشکەش کردم ، کە بەراستی جێگای فەخروشانازی و دەست خۆشییە ،
لەوکاتەی کە هەر هەموومان تینووی زانین و بیستن و خوێندنەوەی ئەم جۆرە
شاکارانەین کە بەداخەوە لای زۆرێک لە رۆشنبیران وئەدیبانمان باوی
نەماوە.....!!
لێرەدا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئەم کتێبەی کاک مومتاز ، شاکارێکی کەم وێنە
یە، تا ئەمرۆ هیچ قامووسێکی کوردی بەم قەبارەیە و بەم دەوڵەمەندیە و
بەوبابەت و دۆکۆمێنتە نایاب و دەگمەنانە نەک هەر نەکەوتووەتە بەر دەستی
خوێنەران، بەلکو کەس خەونیشی پێوە نەبینیوە.....!!
(قامووسی ناوە نەمرەکان)، بەرهەمی دووەمی گەورەو بەبەهای هەردووگۆڤاری
(K21 و (لەیلا زانا - لەیلا قاسم )ە، پاش
کتێبی (جینۆسایدی کوردان ) کە بەقەبارەی (٥٣٨) لاپەڕەیی بەبۆنەی یادی
(٢٥) ساڵەی (کۆمەڵکوژی ئەنفال و ژەهربارانی هەڵەبجە) بڵاوکرایەوە.
(قامووسی ناوە نەمرەکان)، شاکارێکی شکۆدارو دەگمەنی خەباتی سیاسی -
نەتەوەیی ، کلتووری ، فەرهەنگی ، دۆکۆمینتییە.
ئەم کتێبە نموونەییە، بریتییە لە بەشێکی گرنگی هەردوو گۆڤاری (K21)
و ( لەیلا زانا - لەیلا قاسم)، کە رۆڵی ژمارەیەکی بەرچاوی تێکۆشەرانی
کوردستان بەهەردوو رەگەزەکەیەوە لە خۆ دەگرێت و لە کتێبخانەی ناوە
نەمرەکان بەتایبەتی و ،کتێبخانەی کوردی جێگای دیارو بەرچاو دەبێت ،
هەروەها گرنگییەکی زۆریش بە زمان و ئەدەبی کوردی و رۆشنبیری گشتی
وکلتووری دەگەینێت.
ئەم شاکارەی کاک مومتاز حەیدەری بەقەبارەی( ٩٩٨ )لاپەرەیی (
4A)ە و لە چاپخانەی (رۆژهەڵات)ی شاری
هەولێری خۆشەویست لەچاپدراوە.
(قامووسی ناوە نەمرەکان) وەک سەرچاوەیەکی سەربەخۆی فرە زانیاری و
هەڵسەنگاندنی رۆڵی خەبات و تێکۆشانی (١٤١) کەسایەتی گەوری کورد (بەهەردوو
رەگەزەکەیەوە) لە ئامێز دەگرێت.
لە دەستپێکی کتابەکەدا وێنەی رەنگاوڕەنگی کەسایەتییە دیارەکانی کورد
لەژێر ناوی ( دانیشتوانی بەهەشتی نەمران ) بڵاوكراوەتەوەو، دوای ئەوە
لەلایەن نوسەرانی هەردوو گۆڤاری ( K21 و
لەیلا زانا - لەیلا قاسم ) بەپێی زانیارو دیدوبۆچوونی خۆیان وتارو
بابەتی هەمەڕەنگیان لەسەر نووسیون.
لە لاپەرە (٢٠)دا، کاک مومتاز حەیدەری ٣ خالی گرنکی نوسیوەو و دەڵێ:
١- تێکرای بابەتەکان بە پێێ زنجیرەی ژمارەکانی هەردوو گۆڤاری(
K21) و (لەیلا زانا - لەیلا قاسم ) ریزبەند
کراون ، هەروەها ناوی نووسەرەکانیش لەگەڵ بابەتەکانیان نووسراون.
٢- وشەی (زارەوە)ی قاموس یۆنانییە، واتە (دەریا) ...(فەرهەنگ) یش بەپێی
قاموسی (عەمید) واتاکەی هەر (دەریا) یە ، من (قاموس)ەکەم پێ باشتر بوو.
٣- هەندێ لەو ناوە نەمرانە ، دوو جار لە بارەیانەوە نووسراوون ، ئەوەش
لەبەر ئەوەی جاری یەکەم ئێمە وەکو ئەرکی گۆڤارەکە بڵاومان کردۆتەوە ،
جاری دووەمیش وەکو لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی - زانستی پێیان وەرگیراوە ،
هاوکات هەندێ لەو ناوە نەمرانە دوو نووسەر لە بارەیانەوە بابەتیان
نووسیوە ، بۆیەکە بە زێدە بەباشمان زانی هەر هەموو بەسەر یەکەوە لەم
قاموسەدا بڵاو بکرێتەوە، چونکە زیاتر متمانەی سیاسی - زانستییان دووپات
دەکاتەوە.
حەیدەری لە پێشەکی شاکارەکەیدا دەنووسێت و دەڵێت : باڵەخانەی ووشە ،
تاکە باڵەخانەیە ، کە بەهیچ جۆرە رەشەبای : سیاسی ، کۆمەڵایەتی ،
کودەتایی ، ناروخێ...!!
هەروەها دەڵێت : لە خەزنەی دوو گۆڤاردا ، پیرۆزی کتێب کۆماندەکاتەوە....!
جێگای ئاماژە پێدانە کە لەم قامووسەدا مامۆستا ی گەورەمان (كەریم
شارەزا) ئەدیب و رۆشنبیر رۆلێکی دیارو بەرچاوی هەبووە لە نووسینی
بەشێکی زۆری بابەت و مێژوی شکۆداری کەسایەتیە ناودارەکانی کورد لەوانە
: (ئافرەتی نیشتیمانپەروەری کورد ساکینە سولەیمان ، توفیق وەهبی بەگ ،
محەمەد عەلی عەونی ، برایم ئەحمەد فەتاح ، د.جەعەفەر محەمەد کەریم ،
عاسم حەیدەری ، شەهید لەیلا قاسم ، حەپسە خانی نەقیب ، عادیلە خانم ،
قەدەم خێری فەیلی ، شێخە شەل ، شەهید جەمال حەیدەری ، مامۆستا ع .و.نوری
، شەهید مارف بەرزنجی ناسراو بە (پشکۆ) ، ئەحمەد حەمەدەمین دزەیی ،
ئەنوەر مایی ، سالح زەکی بەگی ساحێبقران ، عەونی حەبیب ، نووری شاویس ،
عەلی فەتاح دزەیی ، مەحموود بەگی بابان ، شێخ جەلال شێخ جەمیل ،
ئیبراهیم هۆشیار) و چەندان تێکۆشەرو ماندوونەناس و بلیمەتی دیکەی کورد
....کە ئەوەش بۆ شارەزایی و ماندوبوون و هەوڵ وکۆشش و لێهاتوویی
مامۆستا شارەزا دەگەرێتەوە.....
ئینجا گەلێك نوسەری دیكە وەك (عومەر فەرهادی ، د.عومەر پەتی ، میخائیل
لازەریف ، مستەفا عەسکەری ، د.جەمشید حەیدەری ، کاروان قاسم ، هێرش
سنجاوی ، فەرهاد عەونی ، بەهار مەلا رەشید ، د. ئەحمەد شریف ، ئیبراهیم
سۆفی ، محەمەدئەمین پێنجوێنی ، عیدۆ بابەشێخ ، ئاری ئاغۆک ، بەهرە
حەمەرەش ، مومتاز حەیدەری ، د. دلێر ئەحمەد بێکەس ، رائیدە ئەحمەد بایز
، پەخشان ساڵح شێرە ، بەختیار شەعبی ، شەماڵ عادل سەلیم کە چەند بابەتی
هەمەجۆری نوسیووە لەوانە ( گوڵ بژێری ڕەوتی ژیان و خەباتی شێرەژن
فەتحیە مەلا محەمەد مەلا مستەفا ، نموونەی قارەمانێکی کەم وێنە ،مامۆستا
کۆچەر ، (سەلاح جەوهەر) سیمبولی خۆپیشاندانی قوتابیانی شاری هەولێر لە
ساڵانی ١٩٨٢/ ١٩٨٣) و چەندان نووسەری بەرێزی دیکە کە وتاریان لەسەر
مێژووی پر شانازی کەسایەتییەکانی ناو قامووسەکە بڵاوکردۆتەوە.
هەروەها چەندین بابەتی گرنگ لەبەشی عەرەبی قاموسەکە بڵاوکراوەتەوە کە
تیایدا باس لەم کەسایەتیانە کراوە: (مستەفا بارزانی) لە نوسینی د.
لازاریف و وەرگێرانی لە روسیەوە هەڤاڵ یوسف ، تێکۆشەری شۆرشگێری
بەناوبانگ (نێگرس سەفار ) ، شەهیدی سەرکردە (جەمال حەیدەری)
لەئامادەکردنی کازم سەید عەلی، د. مەعروف خەزنەدار ، هەمزە عەبدوڵلا،
زانای ئاین و ئەدیبی بەناوبانگی کورد (شێخ ئیبراهیم حەیدەری).
لە کۆتایدا هەر ئەوەندە ماوە بڵێم کە ئەم کتێبە بە پێزو دەوڵەمەندوو پڕ
گەوهەرو یاقوت و مەرجانی زانیارو دۆکۆمێنتی كاك مومتاز حەیدەری جێگای
فەخرو شانازیە بۆ کوردو کوردستان ، بەتایبەت بۆ نەوەی تازە کە هیواو
ئاواتی دوارۆژمانن ، دڵنیام لەوەی کە هەرهەموومان سوودێکی زۆر لەم
قامووسە دەبینین و دەبێتە مەرجەعێک بۆ نەوەی ئێستا و دوارۆژمان.
هەرواها بەگرنگی دەزانم لێرەدا ڕووی دەمم ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی و
بەشێکی زۆری ڕاگەیاندن و ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان
بکەم بڵێم : بەسە چی دی دەم و چاو بەستن لە ئاست گرنگی و دەوڵەمەندی
وهەردوو گۆڤاری ( K21) و ( لەیلا زانا-
لەیلا قاسم ) ، کە لەماوەی تەمەنی شەش ساڵەی دەرچونیاندا کەلێنێکی
کلتووری - مێژوویی - دۆکۆمێنتی پرکردۆتەوە و خۆیان وەک دووگۆڤاری
ناوەرۆک دەوڵەمەندی فرە لایەنی سەربەخۆی سەرتاسەری کوردستان سەپاندووە.....!!
تەمەن درێژ و بەختەوەر و سەرکەوت و بیت کاک مومتاز حەیدەری ،
بەوهیوایەم کە ئەم قامووسە دەگمەنە شاکاری تری بەدوابێت لە پێناو
گۆڕانی ڕاستەقینەی عەقلی کلتووری - سیاسی - کۆمەڵایەتی پرسۆنالی کورد....!!
هەولێر
ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم
|