٥\٩\٢٠١٠
قانعی فه‌رد که‌لێنێکی
بچووک بۆ هێرشێکی گه‌وره.

هیدایه‌ت مه‌لاعه‌لی
چاوپێکه‌وتنی (قانعی فه‌رد) له‌گه‌ڵ گۆڤاری (لڤین) قسه‌وباسی
زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان به‌گشتی و پارتی
دیموکراتی کوردستان به‌تایبه‌تی هه‌رچی له‌توانایاندا هه‌بوو خستیانهکار،به‌رپرس
و نوسه‌ره‌کانیان هه‌رکه‌سه‌و به‌پێی مه‌وقعیه‌تی خۆی وتاریان نووسی و
لێدوانیاندا،ههڕهشهکراو ده‌سته‌وگروپ بۆ تۆڵه‌کردنه‌وه ڕاگه‌یه‌نرا،مه‌لای
مزگه‌وت و سه‌ندیکاو وه‌زیر و سه‌رۆکی هه‌رێم و عێراق هه‌ڵوێستی خۆیان
ئاشکرا کرد،ته‌نانه‌ت ئه‌م ڕه‌وشه سنوری بڕی و چه‌ندین که‌سایه‌تی
سیاسی و حیزب و لایه‌نی پارچه‌کانیتری کوردستان ڕونکردنه‌وه و به‌یانامه‌یان
بڵاوکرده‌وه،چونکه هێرش کراوه‌ته سه‌ر پیرۆزیه‌کان و ڕه‌مزه نه‌ته‌وه‌یه‌کان
.
ده‌سه‌ڵاتدارنی کوردستان ئه‌م جاره‌یان له‌سه‌نگه‌ری به‌رگری کردن له
ڕه‌مزه نه‌ته‌وه‌یه‌کان هاته ناو شه‌ڕێکی ناڕاستهوخۆه،ڕوبه‌ڕبوونه‌وه‌ی
ئه‌م جاره‌ی نێوان گۆڤاری (لڤین) و (پارتی)له‌سه‌ر چاوپێکه‌وتنێکی (قانعی
فه‌رد)ئه‌و ته‌قلیده‌ی تۆخترکرده‌وه که ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان چه‌ندین
جاره بۆ سه‌رکوتی ئازادی سیاسی و ڕۆژنامه‌گه‌ری ئازاد به‌کاریان
هێناوه،به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان به‌فۆرم و شێوازێکی تایبه‌ته‌وه.
بۆ هه‌موو لایه‌ک ئاشکرایه که بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی به‌تووندی
باوه‌شی به (موقه‌ده‌سات ، ڕه‌مزه نه‌ته‌وه‌یه‌کان)و ده‌یان په‌یکه‌ره‌ی
له‌م جۆرانه‌دا کردووه،موقه‌ده‌سات و ڕه‌مزی نه‌ته‌وه‌ی بۆ بزووتنه‌وه‌ی
کوردایه‌تی به‌مانای درێژه‌دان به‌ده‌سه‌ڵات و پاراستنی هاوکێشه‌ی هێز
له‌نێوان خه‌ڵک و بزووتنه‌وه‌که‌یاندا.
به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان شه‌ڕێک که له‌ژێر ناوی هێرش بۆسه‌ر (ڕه‌مزه نه‌ته‌وه‌یه‌کاندا)به‌رپاکرا
هیچ نه‌بوو بێجگه له سیناریۆیه‌کی داتاشراو، که‌به‌داخه‌وه ژماره‌یه‌کی
زۆر له نوسه‌ران و ڕۆشنبیرانی ئازادیخوازیش خۆبه‌خۆ چونه ناو ئه‌م شه‌ڕه‌وه
که (پارتی)ته‌وای زه‌مینه‌و پێداویستیه‌کانی شه‌ڕه‌که‌ی ئاماده‌کردبوو،
ئه‌و لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م جاره وه‌ک هه‌موو جارێک پێیوابوو بۆ به‌رگری
له ئازادی ده‌بێت موقهدهساتهکان تێکبشێنین و بهدهرنهبن له‌ڕه‌خنه،
ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه‌یه له‌م ڕوبهڕبوونهوهیهدا هۆ و ئامانجه‌کان
تێکه‌ڵاو ده‌کات و جێگاکانیان ده‌گۆڕێته‌وه.
گه‌وره‌کردنه‌وه و به‌خه‌رجدانی توانایه‌کی گه‌وره‌ی ڕاگه‌یاندن و به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی
چاوپێکه‌وتنی (قانعی فه‌رد)له گۆڤاری (لڤین)دا له‌لایه‌ن پارتی و یه‌کێتی
و نوسه‌ره‌کانیان،له‌شێوه‌دا هه‌نگاوێکه بۆ به‌رگری له ڕه‌مزه نه‌ته‌وه‌یه‌کان
به‌ڵام له ناوه‌ڕۆکدا وه‌ڵام به مه‌سه‌له‌یه‌کی دیاریکراوی تر ده‌داته‌وه.
تیرۆرکردنی (سه‌رده‌شت عوسمان)فه‌زای کۆمه‌ڵگای کوردستانی بۆ به‌رگری
له ئازادی بیروڕاو و ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری برده قۆناغێکی تازه‌وه،
ئاستی به‌رزی ناڕه‌زایه‌تیه‌کان به‌جۆرێک گه‌رم و گوڕبوو، ته‌نانه‌ت
کاریگه‌ری له‌سه‌ر زیندووکردنه‌وه‌ی که‌یسی (سۆرانی مامه حه‌مه‌یش)دانابوو،
بۆیه‌که‌م جاربوو ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان به گشتی و پارتی به‌تایبه‌تی
به‌م شێوه‌یه جه‌ماوه‌ری ناڕازی بۆ به‌رگری له‌ئازادی ڕوبه‌ڕوی خۆیان
ببینه‌وه،یه‌که‌م جاربوو له‌کوردستان سنوری ڕوبهڕبوونهوه و شه‌ڕی
نێوان ئه‌حزاب جێگای خۆی چۆڵ بکات و بیدات به ڕوبه‌ڕبوونه‌وه‌ی نێوان
ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵک.
پارتی دیموکراتی کوردستان که (سه‌رده‌شت عوسمان) له‌سنوری ده‌سه‌ڵاتی
ئه‌ودا ڕفێنراو دواتر تیرۆرکرا،له‌م ڕفاندن و تیرۆره ئاشکرایه‌دا ده‌زگاو
هه‌یبه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان که‌وته ژێر پرسیاره‌وه،پارتی بوویه جه‌مسه‌رێکی
ئه‌و کێشمه‌کێشه‌ی که کۆمه‌ڵگای کوردستانی له نێوان ئازادیخوازان و
سه‌رکوتگه‌راندا دابه‌ش کرد،له‌م ڕوه‌وه پارتی گوشارێکی گه‌وره‌ی که‌وته
سه‌ر له ئاستی ناوخۆ و له ئاستی ده‌ره‌وه‌دا.
پارتی له‌سه‌ره‌تا بڕێک بێده‌نگی و دواتر هه‌ندێک به‌رگری و له‌کۆتایشدا
پێوویستی به هێرش هه‌یه بۆ پاشه‌کشێ پێکردنی ئه‌و بزووتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تیه‌ی
که له‌ئه‌نجامی تیرۆرکردنی (سه‌رده‌شت عوسمان)دا هاته ئاراوه،چونکه
ئاشکرایه له‌م ڕوبهڕبوونهوهیهدا ده‌بێت لایه‌ک بیباته‌وه و لایه‌ک
بیدۆڕێنێت و یه‌کسانبوون وجودی نیه، پارتی ته‌واوی تواناکانی خۆی
خستۆته‌کار بۆ ئه‌وه‌ی میکانیزم و زه‌مینه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک له‌دژی
ڕفاندن و تیرۆری (سه‌رده‌شت عوسمان) بگۆڕێت،پارتی به‌م هه‌نگاوه‌ی
ئێستای توانی نیشانه‌یه‌کی باشی ئامانجه‌که‌ی خۆی بپێکێت، وه‌ک ده‌بینین
به‌ره‌ی ئازادیخوازی و یه‌کسانیخوازی نه‌یتوانیوه وه‌ک سه‌ره‌تا به‌پێی
به‌رنامه‌کی تۆکمه‌و داڕێژراو درێژه به کاره‌کانی خۆیان بده‌ن،سه‌رشه‌قام
و ناوه‌نده‌کان به‌جۆرێک چۆڵکراون، که‌مپینه‌کان و هه‌ڵسوڕانه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی
وڵات به‌جۆرێک بێده‌نگی پێوه دیاره،ڕاگه‌یاندنه‌کان به‌دواچوون و
وروژاندنی ئه‌م که‌یسه‌ی به‌جۆرێک په‌راوێز خستوه،بۆیه له‌به‌رانبه‌ردا
به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات و پارتی خۆیان بۆ هێرش ئاماده‌کردو چاوپێکه‌وتنی (قانعی
فه‌ردیان)کرده که‌لێن و، به‌رگری له پیرۆزیه‌کان و ڕمزه نه‌ته‌وه‌یه‌کانیان
کرده په‌رچه‌می ئه‌م هێرش و په‌لاماره، پارتی و ده‌سه‌ڵات ده‌یانه‌وێت
(سه‌رده‌شت عوسمان) له‌بیری کۆمه‌ڵگا به‌رنه‌وه.
ئه‌وه‌ی ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوکاره‌کانی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن،هێرشه
بۆ سه‌ر ئازادی و پاشه‌کشێ پێکردنی یه‌کجاری بهناڕهزهیهتیهکانی
دوای تیرۆرکردنی (سه‌رده‌شت عوسمان)له‌به‌رگێکی جیاوازدا ، هه‌رچه‌نده
من پێموایه به‌رگری له موقه‌ده‌سات و دروست کردنی ڕه‌مز و فه‌رزکردنی
به‌سه‌ر خه‌ڵک و کردنی به هێڵی سور گه‌وره‌ترین سه‌رکوت و پانترین
هێڵی سنوردارکردنی ئازادیه،به‌ڵام ده‌بێت هه‌موو شتێک وه‌ک خۆی ببینین
و وه‌ک خۆی شیکردنه‌وه‌ی بۆ بکه‌ین.
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رکه‌سێک له‌وه تێ بگات که (قانعی فه‌رد)که‌لێنێکی
بچووکه بۆ هێرشێکی گه‌وره با بڕوات و کتێبی (پێنج کاتژمێر له‌گه‌ڵ
برایم ئه‌حمه‌د)دا بخوێنێته‌وه،پاشان ده‌زانێت ئه‌وه‌ی که (برایم ئه‌حمه‌د)
و (قانعی فه‌رد)وتویانه زۆریان جیاوازی نیه، ئه‌وه‌ی (برایم ئه‌حمه‌د)
به (مسته‌فا به‌رزانی)ده‌یڵێت وه‌ک سوکایه‌تی و ئیهانه هه‌رگیز (قانعی
فه‌رد)نهوتویهتی نه‌باسی کردوه، که‌واته له‌سه‌ر ئه‌و چاوپێکه‌وتنه
بۆ ئه‌م واقیعه‌ته نه‌هاته پێشه‌وه.
(پێنچ کاتژمێر له‌گه‌ڵ برایم ئه‌حمه‌د)چاوپێکه‌وتنێکی (برایم ئه‌حمه‌ده)
که دکتۆر (حوسێن محه‌مه‌د عه‌زیز) له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامیداوه و سیوپێنج
پرسیاری ئاڕاسته‌ی ناوبراو کردوه.
بۆ وه‌ستانه‌وه به‌رانبه‌ر هێرش و به‌رته‌سکردنه‌وه‌ی ئازای بیروڕاو
ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری له کوردستان به‌ره‌ی ئازادیخواز و نوسه‌ران و
ڕۆشنبیرانی قه‌ڵه‌م ئازاد، هیچ ڕێگایه‌کیان له‌به‌رده‌مدا نیه بێجگه
گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌ڕێخستنی ناڕه‌زایه‌تی به‌رده‌وام و سه‌راسه‌ری.
ماڵپه‌ڕی هیدایه‌ت مه‌لاعه‌لی
|