په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٠\٢٠١٠

قاسم ئاغامان چوو، ئاغاکانى حیزبى شیوعیمان ڕۆ...


هیوا رەش    


لەم ماوەیەى ڕابردوودا هەڵایەکى زۆر کەوتەوە لەمەڕ دووبارە گڵاو کردنەوەى خاکى کوردستان لە لایەن تاوانبارێکى وەکو قاسماغاى جاش بەعسییەوە کە تا بیناقاقاى نغرۆى خیانەت و پیاوکوژییە ، لەوە دەگەڕێم کێ و چۆن و بۆچى و بۆ کوێ و کەى گەڕاوەتەوە کوردستان ؟ ئەوە پەڵەیەکى شەرمەزاریى تا ئاستى خیانەتە بە تەوێڵى ئەوانەى ڕێگەیان بۆ خۆش کردووە و هەروەکو باس دەکرێت دەربازیشیان کردووە ، ئەوانە نە ماناى نەنگى و شورەیى ئەزانن و نە ماناى نەتەوەپەروەرى و نیشتمانپەروەریش ئەفامن و نە نرخ و بەهایەکیش بۆ یاسا دائەنێن ، ئەوانە گەر بکرێت پێویستە وەکو قاسەى سەرەک جاش ، کوردستان بەدەر بکرێن و وەکو ئەویش بە تاوانبار تەماشا بکرێن و بدرێنە دادگا ،ئەبوایە قاسمەجاش پەت بکرایە نەکرا ، ئەبوایە هەڵبکوترایەتە سەرى و چۆن دەسەڵاتداران یاسایان پێشێل کرد و لەبرى ئەوەى ڕادەستى دادگاى بکەن ، لە خزمەتیا وەستان و بەرەو هەندەران بەڕێیان کرد ! باوک کوژراو و جگەر سوتاو و خانەوادەى شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکان چاوەڕوانیى یاساى دەسەڵاتدارانیان نەکردایە و بە سزاى گەلیان بگەیاندایە و نەکرا ، ئەمانە هەمووى نەکرا بەڵام دەسخۆشیش لەوانە ئەکەم کەمپینێکیان ڕاگەیاند بۆ هەڵدانەوەى تاوانەکانى قاسمە جاش و ڕیسوایان کرد و ئەوانەى داڵدەشیان دابوو شەرمەزار کران لەوەى کە ڕێگەیان پێدا بوو بێتەوە .


ئەوەى بە لامەوە سەیر بوو هەڵوێستى سەرانى حیزبى شیوعى بوو کە لە بەرامبەر قاسە و بانکەکانى دەسەڵات و قاسەجاشدا سەریان نەوى بوو ، بۆ خۆشیش ورتەیەکیان لێوە نەهات ، شاباشى دەسەڵاتیان پێباشتر بوو ، نەک گێڕانەوەى شەهامەتى خۆیان ، قاسمە جاش بە خشکەیى هاتەوە کوردستان ، بە تەماى پۆستیش بوو بۆى نەچووە سەر ، کۆمەڵە خەڵکێکى دڵ و جگەر سووتاو کونە مشکیان لێکردە قەیسەرى و سەرانى حیزبى شیوعى خۆیان شلوێ نەکرد !


قاسمەجاش وێڕاى ئەوەى دەستى بە خوێنى چەندین پێشمەرگەى قارەمانى حیزبى شیوعى سوور بوو بەڵام سەرانى حیزبى شیوعى لەبەر خاترى گیرفانیان نەیانویست ئەو دۆسیەیە هەڵدەنەوە ، بۆیە پێویستە خانەوادەى شەهیدانى شیوعى و پێشمەرگە دێرینەکان ئەم بێً هەڵوێستییەى سەرکردەکانیان ڕیسوا و شەرمەزار بکەن ، منیش بەهیوام بەم نووسینەم مووى سمێڵى سەرانى حیزبى شیوعى بلەرزێنم و ئاهێکیان وەبەردا بهێنم و غیرەت وەبەریان بدەم بەڵکو لە دواى هەڵاتنى قاسمەجاش ویژدانى خۆیان لە ئازار بپارێزن و ئابڕووى خۆیان بکڕنەوە لە پەراوێزیشەوە بێت نقەیەکیان لێوە بێت ، هەرچەندە لە وەڵامى هێمنە ڕەشى تاوانباردا زۆرم چاوەرڕێ کرد ووتم بەڵکو ئەمە خوایە ئحمێک بکەن نەیانکرد و من هاتمە دەنگ ، بۆ ئەمجارەیان تەمەننا ئەکەم وا نەبن و قیروسیایەکى بچووک لە خەرجى گیرفانیان بکەن .


ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش