٨\٧\٢٠١٢
قەدەری
بێ تاوان.
خولیا
حوسێن
ئەی قەدەر.....
چۆن بەرگەی ئەم هەموو تۆمەت و
لۆمانەی مرۆڤت گرتووە؟
بە درێژایی بوونی ئەم گەردوونە
ئێمە خەتا دەکەین و
دەیخەینە ئەستۆی تۆ
ئێمە رێگا چەوتەکانی ژیان هەڵدەبژێرین و
دەڵێین قەدەر ئەم رێگایەی پێ گرتین
ئێمە یاری بە ئاگر دەکەین و دەڵێین
ئاگری قەدەر بوو یاری پێ کردین
ئێمە چارەنووسی خۆمان دەدەینە بەر
شەپۆلە هارەکانی رۆژگار و
دەڵێین ئەوە شەپۆلە بێ بەزەییەکانی قەدەرە
یاری بە چارەنووسمان دەکات.
ئێمە خۆشەویستیی لە نێو پێخەفی بێ مروەتیی
دەخنکێنین و
عەشق بە شیری ناپاکیی فرچک دەدەین
کەچی دەڵێین
قەدەری ئێمە کێڵگەیەکی بێ پیتە
نە خۆشەویستیی لێ دەڕوێ
نە عەشقی لێ گەورە دەبێ!
تۆش ئەی قەدەر
بە بێدەنگیی و بە خەمساردیی
و
بە بەزەییەوە لێمان دەڕوانی و
هیچ ناڵێی!
چونکە تۆ لەوە دڵنیای
کە ئێمەی مرۆڤ هەمیشە
دەستە پیسەکانی خۆمان بە تۆ دەسڕین و
بەردەوام درۆش لەگەڵ خۆمان دەکەین،
درۆ، هەمیشە درۆ!
١٣\٤\٢٠١٢
-
کەنەدا
ماڵپهڕی خولیا حوسێن
|