قه‌هری شۆڕشگێڕانه به‌ڕێوه، گه‌لی کورد بخرۆشێن!
ئه‌یوب ره‌حمانی
حه‌وتوی ڕابردو هه‌مو ئه‌وانه‌ی که له شانۆی ده‌نگدانی کۆماری ئیسلامی به‌شداریان کردبو له دڵه‌ڕاوکه‌ی بیستنی ئاکامه‌کانی به ناو هه‌ڵبژاردندا بوون و بێ سه‌برانه بۆ بیستنی ئاکام چرتهکانیان ده‌ژمارد و هه‌ندێک که‌س پێیان وابو که هه‌ڵبژاردنه‌کان هێنده دێمۆکڕاتیک ده‌چنه پێش که به خولی دووهه‌میش ده‌گات و له‌و شانۆی کێبه‌رکێیه‌دا فاڤۆریتی ئه‌وان که یه‌ک له‌و چوار له پێشدا پاڵێوراوه‌ی ڕژیمن به تایبه‌ت میر حسینی موسه‌وه‌ی دێته ده‌ر. هه‌ندێک که‌س بێهوده بۆ گۆڕینی ڕه‌وتی ئاکامی ده‌نگده‌ران به قازانجی خۆیان، چوونه پای سندووقی ده‌نگدان و له‌و په‌ڕی خۆش خه‌یاڵی و تهوههووماتدا مۆرکی شانۆێکیان له سه‌ر سجیله‌که‌ی خۆیان کووتا که پێم وانیه ئه‌مڕۆکه له ڕوویان بێت نیشانی که‌سی بده‌ن! هه‌ندێک که‌س و ڕێکخراو هه‌مو توانا و هێز و ته‌بلیغاتی خۆیان خسته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی که زۆرترین خه‌ڵک له‌و شانۆیه‌دا به‌شداری بده‌ن، هه‌ر ئه‌وه‌ی که قازانجه‌که‌ی چووه گیرفانی کۆماری ئیسلامی و شه‌خسی خامه‌نه‌یی دیکتاتۆڕ که بۆ ناو براو ته‌نیا ڕاده‌ی زۆر بوونی به‌شدار بووان گرنگ بوو، نه‌ک ئاکامه‌کان. چونکو سیناریۆی ئاکامی شانۆگه‌ریه‌که، هه‌ر وه‌ک چاوه‌ڕوانیمان لێی ده‌کرد و پێشتر من له نوسراوه‌گه‌لێک دا ئاماژه‌م پێی کردبو، پێشتر خۆی نووسیبوی و ده‌یزانی ئه‌م شانۆیه چلۆن به‌ره‌و کۆتایی ده‌چێت، یا پێویسته بچێت!
هێنانه ئارا و ڕاگه‌یاندنی بیست و چوار میلیون ده‌نگ ته‌نیا به ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕێکه که کۆماری ئیسلامی به خه‌ڵکی بنده‌ست و به کۆیله‌کراوی ئێران و هاوکات به جیهانیانی ده‌دات. کۆماری ئیسلامی که ئێستا ئیتر دوو تا سێ ده‌وڵه‌ته له ناو خۆیدا به‌ره‌و سه‌ره‌و خواری ده‌ڕوات و له‌وه ناچێت بتوانێت زیاتر ته‌مه‌ن بکات و پێم وا نیه به‌هاری داهاتو به چاوی خۆی ببینێت. هه‌ر بۆیه باڵی هه‌ره پاوانخوازی ئه‌م ڕژیمه له ناوخۆ به ته‌مای به سه‌ربازی ئیسلام کردنیی هه‌مو گه‌لانی بنده‌سته و له ده‌ره‌وه‌ش به ته‌مای هه‌ڵگیرسانی ئاگرێکه که سوته‌مه‌نیه‌که‌ی بڕیار وایه گه‌لانی بنده‌ست و چه‌وساوه‌ی ئێران بن و چه‌خماخه‌ی ههڵگیرسێنرانی ئه‌م ئاگره‌ش ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بێت!
دیاره ئه‌م ڕۆژانه بۆ هه‌موان ده‌رکه‌وتووه که سه‌رکه‌وتوی شانۆگه‌ریه‌که و ئه‌وه‌ی که زۆرینه‌ی خه‌ڵک ده‌نگییان پێی داوه، نه‌ک ئه‌حمه‌دی به‌ڵکو موسهویه و که‌سی دووهه‌م کهڕوبییه و ئه‌وجار ئه‌حمه‌دی سه‌ره ڕای ئه‌و هه‌مو ساخته‌کاری و ده‌نگ بۆ زیاد کردنه‌ی له لایه‌ن پێسپاردراوانی ڕژیم و باڵی پاوانخواز بۆی کرابو، هێشتا له قاتی سێهه‌مدا خۆی گرتۆته‌وه و به پێی ئه‌و ده‌نگدانه شانۆییه‌ش که له ڕوی هیچ پڕێنسیپێکهوه ناچێته خانه‌ی ده‌نگدانێکی ئازاد و دێمۆکڕاته‌وه ناوبراو سه‌رۆک کۆماری ڕژیم نیه، به‌ڵکو موسه‌وییه. دیاره موسه‌ویش ئه‌گه‌ر چی ده‌نگی پێدراوه، به‌ڵام ته‌نیا له دژایه‌تی ڕژیم و له دژایه‌تی کۆماری ئیسلامی ئه‌و براده‌ره ده‌نگی هێناوه‌ته‌وه، ئه‌گینا هیچکام له‌و چوار کاندیده، کاندیدای زۆرینه‌ی خه‌ڵک نین و خه‌ڵکی تینوی ئازادی به شوێن ڕزگار بوون له خهفهقانهوه و ڕزگار بوون له ده‌ست دیکتاتۆڕ و کۆماری ئیسلامین و هه‌ر کات له ئێران ده‌رفه‌تی هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد و دێمۆکڕات به خه‌ڵک بدرێت، خه‌ڵکی وه‌زاڵه هاتو هه‌رگیز ده‌نگ به ده‌ست و په‌یوه‌نده‌کانی ئه‌و ڕژیمه ناده‌ن، به‌ڵکو کاندیدای جێگای باوه‌ڕی خۆیان هه‌ڵ ده‌بژێرن و نه‌ک موسه‌وی یا که‌ڕوبی و ڕه‌زایی و ئه‌حمه‌دی! ئێستا له هه‌مو ئه‌مانه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێین و چاو به واقعییه‌تی ئێستادا بخشێنین، ئه‌من وه‌ک خۆم ئینتیسابی ئه‌حمه‌دی له لایه‌ن دیکتاتۆڕه‌وه بۆ سه‌رۆک کۆماری به باش ده‌زانم!!
به هۆی ئینتێسابی دووباره‌ی ئهحمهدینهژاد بۆ سه‌رۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی له لایه‌ن دیکتاتۆڕی خۆ سه‌پێنه‌ری ئه‌م وڵاته‌وه، پیرۆزبایی له گه‌لانی ئێران به گشتی و گه‌لی کوردستان به تایبه‌تی ده‌که‌م!! بۆ چی؟ بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ڕوخساری حه‌قیقیی و ڕاسته و ڕاستی کۆماری ئیسلامیه و کورت بونه‌وه و ته‌واو بوونی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی ته‌نیا ده‌توانێت له ڕێگای پیاده کردنی زه‌ق و به‌ر چاوی سیاسه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی له ناوخۆی ئێران و له سه‌تحی جیهانیشدا به دیی بێت. کۆماری ئیسلامی له ڕێگای ئه‌حمه‌دی نه‌ژاده‌وه توانی له ده‌وره‌ی چوار ساڵی ڕابردووی سه‌رۆک کۆماری خۆی سیاسه‌تی ده‌ره‌کیی ئه‌م ڕژیمه ته‌قریبه‌ن به ته‌واوی قوفڵ و به بۆمبه‌ست بگه‌ێنێت، به جۆرێک که له ئه‌خیر مه‌ئموریه‌تی ده‌ره‌کی و گرنگی ناو براو بۆ سوخه‌نڕانی دژی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی له کۆنفڕانسی دوربانی 2 له ژنێڤ، و چونه ده‌ره‌وه‌ی نوێنه‌رانی ئوروپا له کاتی قسه‌کانی ئه‌حمه‌دی دا، زۆر به ڕوونی ده‌رکه‌وت که ئه‌حمه‌دی چه‌نده له نیشاندانی سیمای واقیعی کۆماری ئیسلامی سه‌رکه‌وتو بووه، کارێک که به‌رهه‌ڵستکاران یا ئوپۆزیسیۆنی ئه‌و ڕژیمه هه‌رگیز نه‌ی ده‌توانی تا ئه‌وه‌نده تێیدا سه‌رکه‌وتو بێت. به‌ڵێ به خۆشییه‌وه ئه‌حمه‌دی دووباره ئینتیساب کراوه و بڕیاره له چوار ساڵی داهاتوودا سیاسه‌ته مه‌ردود و جیهان ناپه‌سه‌ندی کۆماره‌که‌ی درێژه پێ بداته‌وه، ئه‌گه‌ر خه‌ڵک بیهێڵن.
جێی ئاماژه‌یه که ئه‌حمه‌دی ئه‌مڕۆکه نه ته‌نیا له ناوخۆی ئێران به‌ڵکو له سه‌تحی جیهانیدا و له ڕێگای پێتیسیۆنه ئینتێڕنێتیهکانهوه به مهنفورترین که‌سایه‌تیی سیاسی له ئێران و جیهاندا ناسراوه.
له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به پێچه‌وانه‌ی ته‌حریمی شانۆگه‌ریی هه‌ڵبژاردن له لایه‌ن زۆرینه‌ی ئوپوزیسیۆنی کورد، خه‌ڵک به‌ڵام ئه‌مجاره شانۆگه‌ریه‌که‌یان به ته‌واوی ته‌حریم نه‌کرد به‌و هیوا و ئومێده‌ی که ئاڵ وگۆڕێک دروست بکه‌ن، هه‌ر بۆیه تا حه‌دێک چوونه پای سندوقه‌کانی ده‌نگدان، به‌ڵام هه‌ر وه‌ک سیی ساڵه ماهییه‌تی ئه‌م ڕژیمه ده‌ناسین، ئه‌وه‌ی گرنگ نه‌بو ده‌نگی خه‌ڵک بوو و بۆ ڕژیم ته‌نیا به‌شداری به‌رینی خه‌ڵک بۆ شه‌رعیه‌ت په‌یدا کردنی خۆیان و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان گرنگ بوو.
دیاره ئینتیسابی ئه‌حمه‌دی وه‌ک وتم به ڕای من و به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی که وا پێیان وایه به زه‌ره‌ری خه‌ڵک و به زه‌ره‌ری ئاڵ و گۆڕ و به زه‌ره‌ری ئازادیه‌کانه، به پێچه‌وانه ئه‌و ئینتیسابه گه‌لێک ده‌ستکه‌وتی باش و به نرخیی بۆ گه‌لانی بنده‌ستی ئێران و به تایبه‌ت گه‌لی کوردستان به دیاری پێیه و من زۆر دڵخۆش و که‌یف خۆشم به‌م ئاکامی هه‌ڵبژاردنه به‌م چه‌ند هۆیه‌ی خواره‌وه:
1. ڕژیم به هێنانه ئارای بیست و چوار میلیۆن ده‌نگ به ئه‌حمه‌دی، سه‌ره‌ڕۆیی، بێ ئه‌خلاقیی، بێ پڕنسیپی و نادێمۆکڕاسیهتی سیسته‌می هه‌ڵبژاردن و خولاسه سیی ساڵ نامه‌شروع بوونی خۆی به هه‌مو خه‌ڵکی ئێران و جیهان و به هه‌مو ئه‌و که‌سانه‌ی که هێشتا ته‌وه‌هومیان له‌و ڕژیمه هه‌بو، نیشاندا، له حاڵێکدا ئه‌حمه‌دی به پێی هه‌مو نیشانه‌کان و ئه‌و نامه ناوخۆییه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆ خامه‌نه‌یی که درزی کردۆته ده‌ره‌وه ته‌نیا پێنج کۆما شه‌ش میلیۆن (5.6) ده‌نگی هێناوه‌ته‌وه و له ڕه‌ده‌ی سێهه‌م دایه. 2. ئینتیسابی هه‌ر کام له موسه‌وی یا خۆ که‌ڕوبی ڕه‌نگ بوو ئاڵ و گۆڕێکی بچکۆله وه‌ک هه‌شت ساڵ ده‌وره‌ی خاته‌می له ناو خه‌ڵکدا پێک بێنێت و ڕه‌نگیشه پێکی نههێناێت، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یده‌توانی ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی که ئه‌مڕۆکه دوای کۆتایی شانۆکه هاتونه‌ته ئاراوه دروست بکات. 3. هه‌رگیز تا به ئه‌مڕۆکه له سیی ساڵ ده‌سه‌ڵات دارێتی کۆماری ئیسلامی خه‌ڵک له دروشم‌دان و خۆپیشاندانه‌کانیاندا قسه‌یان به شه‌خسی خامه‌نه‌یی نه‌کوتووه، به‌ڵام ئه‌مڕۆکه ده‌بینین که دروشم ده‌ران سه‌ره‌ڕای هوشداری موسه‌وی و که‌ڕوبی که بێده‌نگ بن و یا ته‌نیا "الله و اکبر" بڵێنه‌وه، به‌ڵام دروشمی خه‌ڵک "مه‌رگ بۆ دیکتاتۆڕ" و ده‌یان دروشمی زه‌ق و توندیان هێناوه‌ته ئاراوه، که ئه‌مه خۆی که‌م نیه و هاتنه ئارای سه‌ره‌تاێکه بۆ شۆڕشی گه‌وره‌تر. 4. له نۆ ده‌وره‌ی پێشوتری شانۆگه‌ری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری له ئێران‌دا، ده‌وڵه‌تانی جیهان ده‌ست به جێ دوای بیستنی ئاکام له لایه‌ن ڕژیمه‌وه، به‌ڕی له‌وه‌ی که هه‌ڵبژاردنه‌که چلۆن چۆته پێشه‌وه، خێرا قه‌بوڵیان ده‌کرد و سه‌رۆک کۆماره به ناو ههڵبژێردراوهکهیان به فه‌رمی ده‌ناسی، ئه‌م جاره به‌ڵام هه‌ر له ئه‌مریکا و کانادا و ئوستراڵیاوه بگره تا وڵاتانی غه‌یره ئیسلامی، ئاسیایی و وڵاتانی ئوروپایی و پاڕله‌مانی ئوروپاش و هاوکات ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانیش هه‌مو به دیده‌ی شک و گومان و ته‌وه‌هومه‌وه ده‌ڕواننه ئه‌م ئاکامی هه‌ڵبژاردنه‌وه و هێشتا زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان به ڕه‌سمییان نه‌ناسیوه و ڕه‌نگیشه هه‌رگیز به ڕه‌سمی نه‌ناسن، به جۆرێک که ڕه‌نگه له ڕۆژانی داهاتودا قه‌تعنامه و بڕیارنامه گه‌لێک و داخوازیگه‌لێک له ڕژیم له لایه‌ن وڵات و ڕێکخراوه‌گه‌لی جیهانی بێته ئاراوه. هاوکات له چه‌ندین وڵات و له‌وانه له ئاڵمان سه‌فیره‌کانی ڕژیمیان بانگ هێشت کردووه و داوای ڕونکردنه‌وه‌یان له بابه‌ت ئه‌و شانۆگه‌ریه ناشیانه لێیان کردووه. 5. ئه‌گه‌ر هه‌ر کام له که‌ڕوبی یا خۆ موسه‌وی ده‌نگه‌کانیان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه حیساب بکرایه‌ن و بهاتنایه‌ته سه‌ره‌وه، قه‌ڵه‌شی ناو ده‌سه‌ڵات یا خۆ دووبه‌ره‌کی و جیناح بازیه‌کانی ناو ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی هه‌رگیز نه‌یده‌توانی به‌و شیده‌ت و حیدهتهی که وا ئه‌م ڕۆژانه دروست بووه بێت و ڕه‌نگ بوو ئه‌وان لێک نزیکتر ببنه‌وه، به جێگای ئه‌وه‌ی که دژبهرایهتیهکانیان زیاد بکات، و ئه‌مه‌ش به قازانجی جه‌ماوه‌ری به‌رین و ناڕازی و ئازادیخواز و وه‌زاڵه‌هاتوو نه‌ده‌بو. 6. بۆ یه‌که‌م جاره که کاندیده پالێوراوه‌کانی شۆڕای چاودێری که خۆیان له دامه‌زرێنه‌ران و ده‌ست ئهندهرکارهکان و جێگای سیقه‌ی شه‌خسی دیکتاتۆڕ و ده‌سه‌ڵات بوون، ئه‌وڕۆ ڕو ده‌ر ڕوی ده‌سه‌ڵات ده‌وێستنه‌وه و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئاکامی ڕاگه‌یاندنه درۆینه‌که‌ی شانۆگه‌ریه‌که، که قسه‌ی خامه‌نه‌ییه، ده‌که‌ن، دیاره ئه‌وان به غیره‌تی خه‌ڵکه‌وه هاتونه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر خه‌ڵک نهڕژانایهته سه‌ر خیابانه‌کان، ئه‌وانیش ده‌چونه‌وه ماڵه‌وه و سه‌ری خۆیان وه‌ک هه‌میشه له به‌رانبه‌ر ئیراده‌ی خامه‌نه‌یی ڕێبه‌ریان داده‌خست و ده‌نگیان ده‌ر نه‌ده‌هات. ته‌نانه‌ت ئه‌وان داوای بێدهنگهشیان له خه‌ڵک کرد، که خه‌ڵک هیچ وڵامێکیان پێیان نه‌داوه و خۆپیشاندانی خۆیان کرد! 7. بۆ یه‌که‌م جاره، وه‌ک وتم به غیره‌تی خه‌ڵکه‌وه، که یه‌کێک له کاندیده فێڵ لێ کراوه‌کان ڕاده‌گه‌ێنێت که ئه‌حمه‌دی وه‌ک سه‌رۆک کۆمار قه‌بوڵ نیه و به‌م جۆره ئوتوریته و شه‌رعیه‌تی ئه‌حمه‌دی و خامهنهیش ده‌خاته ژێر پرسیار و له‌م ڕێگایه‌شه‌وه ململانه‌ی شه‌خسی خامه‌نه‌یی ده‌کات. 8. به دوا ڕاگه‌یاندنی ئینتیسابی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، شه‌قامه‌کانی زۆربه‌ی زۆری شاره گه‌وره و بچکۆله‌کانی ئێران و له‌وانه کوردستانیش بۆته مه‌یدانی خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌ریه‌کان و به‌ره‌وه شۆڕشێکی بێ وێنه ده‌ڕوات که له ساڵی په‌نجا و حه‌وتیی هه‌تاویه‌وه تا ئه‌م ئاخرانه شتیی وه‌ها نه‌کرابو و بێ وێنه‌یه. 9. زانستگاکان و خوێندنگاکان داخراون و خوێندکاران به جێگای چونه سه‌ر که‌لاسی ده‌رس ڕژاونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌کان. 10. ئوستادیارانی زانستگاکان و خوێندنگاکان به شێوه‌ی به کۆمه‌ڵ ده‌ستیان له کار کێشاوه‌ته‌وه. 11. هه‌رگیز وه‌ک ئه‌م جاره له ناو ئه‌و ئێرانیانه‌ی که له ده‌ره‌وه و له وڵاته جۆربه‌جۆره‌کانی جیهان ده‌ژین، به فارس و غه‌یره فارسه‌وه، یه‌کگرتوویی دروست نه‌بوبو!
به کورتی ئینتیسابی ئه‌حمه‌دی له لایه‌ن خامه‌نه‌ییه‌وه، ته‌نیا قازانجی بۆ گه‌لانی ئێران تێدا بوو و هیچکام له‌وانی تر نه‌یانده‌توانی وه‌زعه‌که ئا به‌م ڕۆژه بگه‌ێنن که هه‌یه و ئه‌من و پێم وا بێت به میلیۆنان خه‌ڵکی وه‌زاڵه هاتو له‌م ڕژیمه دیکتاتۆڕ و خوێنمژه ئه‌مڕۆ چاوه‌ڕوانی شۆڕشێکی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسین که له ئێستاوه هه‌ستی پێ ده‌که‌ین و پێویسته که گه‌لانی بنده‌ستی ئێران چاره‌نوسی سیاسی خۆیان به ده‌ست خۆیانه‌وه بگرن و به ئازادی وه‌ک سه‌ره‌تایی ترین مافه‌کانی هه‌ر مرۆڤێکی ئه‌مڕۆیی بگه‌ن و پێویسته له داهاتودا سیسته‌میکی دێمۆکڕات، سێکولار و پڕۆ لیبڕاڵ له ئێران به گشتی و کوردستان به تایبه‌تی دابمه‌زرێت. گه‌لی کوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش مافی بێ ئه‌م لا و ئه‌و لای خۆیه‌تی که له ڕێفڕاندۆمێکی ئازاد و سه‌ربه‌خۆدا ده‌نگ به سه‌ربه‌خۆیی و ئیستیقلالی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی بدات و ئه‌مه‌ش پڕێسپێکتیڤی داهاتوی ئێمه‌یه!
26ی جۆزه‌ردانی 2709
|