په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

قەیماخی پەرلەمان و تەشریبی بەرنامەی ناوخۆ.

سەلام عەبدوڵا   


دیمەنەکە لەدوورەوە سەرەنجی بینەر رادەکێشێ: دایکێک لەگەل سێ زارۆک، ژوورێکی قوڕ تا رادەیەک بچووک کە لە کولانەی مریشک دەچێت، دوو قەرەوێلەی ئاسنینی ژەنگاوی و جلوبەرگی شۆراو لەسەر تەناف و تەلبەندی دەوربەری ژوورە قوڕینەکە، سێ بەرمیل ئاو و پێدەچێت دووانیان بێکەڵک بن، وێنەی خێزانێکی هەژار یان پەنابەرانمان پیشاندەداو بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بە شارستانییەت و ژیانی شایستە بە مرۆڤ نییە، بەڵام بە گوێرەی(وامرهم شورا)بڕیاریان لەسەر شێوەی ژیانیان دراوە، واتە ڤیلا بۆ خۆیان و کلاوە شڕ و پارەی بێقیمەت و ئاگری بازاڕ بۆ ئەمان:


بەڕێز ناوتان چییە؟
- شەهلا موراد


- چەند منداڵتان هەیە؟
شەهلا: سێ منداڵ،(فایزە، فرمێسک، محەمەد)


- هاوسەرەکەت کاری چی دەکات؟
شەهلا: فەلاح حەسەن عاسی، رۆژکارە.


- خەڵکی خانەقینن؟
شەهلا: ئێمە پێش 4ساڵ لە ئۆردوگای جوهرم(ئیران)، گەڕاوینەتەوەو لەم کەلاوەیە دەژین.


-موچە یان یارمەتی لە هیچ لایەک وەردەگرن؟
شەهلا: نەخێر، موچەی چی، کێ لە ئێمە دەپرسێتەوە!


- ئەوە نییە من هاتووم لێتان دەپرسمەوە!
شەهلا: جا جەنابتان چیتان بۆ دەکرێت؟


- من دەتوانم بۆ نموونە بۆ ژەمی بەیانیتان(قەیماخی پەرلەمان بە چای دەستوور)تان بۆ دابین بکەم و بۆ ژەمی نیوەڕۆتان(تەشریبی بەرنامەی ناوخۆی حیزبەکان بە بەهاراتی هاوپەیمانی کوردستانی و نانی بەرژەوەندی باڵای نەتەوە) ئامادە بکەم و بۆ ژەمی ئێوارانیش(کفتەو کەبابی ئینتخاب بە زەڵاتەی ئۆپۆزیتسیون).
شەهلا: چی!


- بڕوا بکەن، ئەگەر بڕواش ناکەن، فەرموون لە دیناسورەکەی گۆڕەپانی کرندی پرسیار بکەن، ئەو عەلیمەو دەزانێ لەشار چ خەبەرە!.... ژمارەی تەلەفۆن:

 

07702184350


(...): ئەم قسانە لەبەرژەوەندی باڵای نەتەوەو ئاسایشمان نادا؟!


- بەرژەوەندی باڵای نەتەوەو ئاسایشەکەی، لە بەرژەوەندی خۆشگوزەرانی زۆربەی شەهلاو فەلاح و فائیزەو محەمەد و فرمێسکەکانە!


ئەوان هەر خەریکی قسەی زلن و بەرژەوەندی ئاغا و بەگ و شێخی عەشرەتەکان دەپارێزن، منیش شەو ڕۆژم لە خۆم حەرام کردووەو وا چاوم کز و کزتر دەبێ و روحم ماندوو و کاتژمێرەکانم تاڵتر!


(...): هەندێ کەس هەیە لە نووسینەکانت قەڵسدەبن.


- با هەر قەڵس و قەڵستر ببن و سەریان دای لەبەرد، من بە هەر چوار گیرفانی خاڵییەوە هەر درێژە بە گۆرانییەکانم دەدەم تا سەردانە هەمیشەییەکەم لە ماڵەکەی خدری زیندە!


برادەرە غەریبەکەم: غەریبی ناو وەڵات قووڵتر و گرانترە لە غەریبی مرۆڤ لە"دوورە وەڵاتان"... ئەمە چارەنووسمانە و دەبێ قبووڵی بکەین: بە چرنووک و ددان وهاوار بەرگری لە ماف هیواکانمان بکەین و هیچ رێگایەکی تر نییە....هیوا لەدەستدان، مەرگێکی زەردە!


چ رسواییەکە بایەخ بە بەعسی و موخابه‌رات و هەندێ شێخ بدەن و دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی ئەم جۆرە خێزانانە پشتگوێ بخرێ...ئایا ئەوە شێتی و نەزانی نییە لە جەنابی عالیتان؟!