په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١\٢٠١٠

قەمچی، چەقۆ، سیغە و تەڵاق!


سەلام عەبدوڵا  


شەریعەی ئیسلامی بەهەردوو شاخەکەیەوە لەژێر ناوی زەواجی(موتعە، مسیار، عورفی، خوێن، کاسێت...هتد) بەرگی ئاینیان بەبەر نەک هەر سۆزانچێتی، بەڵکو بووە بەهۆی خۆکوشتن، لانەوازی، سەرگەردانی و گشت جۆرەکانی نەگبەتی بۆ ژنئافرەتان و منداڵەکانیان. وەحیدەو6منداڵەکانی(محەممەد، مریەم، دیانا، عەلی، سوهاد، جەمانە)یەکێکە لەو سەدان هەزار دایک و منداڵانە کە وەک وەحیدە بە وەحیدی دەمێننەوەو چ ئاسۆیەکی رووناک لەبەردەمیان دەرناکەوێ.


وەحیدە پاش تەڵاقدانی، کچ و کوڕە هەراشەکانی بەهۆی قوتابخانەوە لە بەغدا بەجێدەهێڵێ و وەک خۆی وتی: (دڵم بۆ بچوکەکان سوتاو نەمتوانی بەجێیان بهێڵم و لەگەل خۆم بۆ ماڵ باوکم گەڕاومەتەوە.


وەحیدە بەم شێوەیە باسی کارەساتەکەی کرد: هەر جارێک لە بەغداوە بۆ سەردانی ماڵی باوکم لە خانەقین هاتووم، مێردم لەگەل ژن یان کچێک سیغەی کردووە. ماوەی سێ ساڵە بە دزییەوە سیغەی لەگەل کچێک کردووە و لە جەژنی رەمەزانەوە بەفەرمی گواستییەوەو بە منیشی وت: تەڵاق، تەڵاق، تەڵاق!


پیاوان بە زۆری روویان لە سیغەکردن کردووەو ئەم دیاردەیە بووە بەهۆی وێرانکردنی زۆرێک لە هاوسەرو خێزانەکەکان.
کاتێ بەناچاری بۆ ماڵی باوکم گەڕامەوە، کوڕەکەم هاواری دەکرد(دایکە من قوتابخانەم ناوێ، تۆم دەوێت)و لەوساوەوە لەگەلمدا قسەناکات.
مێردەکەم بە درۆ پێی وتم: من هەر دەبێ ئەو کچە بهێنم، چونکە خرپم کردووەو کەسوکارەکەی پێدەزانن. ئەگەر نەیهێنم، من دەکوژن و کچەکەمان بۆ خۆیان دەبەن. ئایا تۆ ئەمەت پێ قبووڵە؟
لەدواییدا دەرکەوت پیاوەکەم درۆی کردووەو خانمە تازەکەی کچێنی مابوو!
رەفتاری باوکی منداڵەکان چۆن بوو؟


وەحیدە: پاش تێپەڕینی ماوەیەکی کورت لەسەر هاسەرگیریمان، کە توڕە دەبوو، بە قەمچی ماین لێدەدام و هەموو گیانمی کەو دەکرد یان چەقۆی لەملم توند دەکرد، بەڵام بۆ خاتری منداڵەکان، بۆ هیچ کەس باسیانم نەکرد. دایکی لەم بارەیەوە وتی: جارێکیان بەخۆم قاچمی بینی، چۆن ئەو دڕندەیە کەوی کردووە.


-هیچ شێوە پەیوەندییەک لەنێوانتان ماوە؟
وەحیدە: نەخێر، تەنانەت تەلەفۆن بۆ منداڵەکانیشی ناکات!
باری دارایی دایکوباوکی وەحیدە، لێژەو دوو ژوورە شڕەکەیان، کچەکەشیان بە دوو منداڵەوە هاتوونەتە سەریان و سەرباری ئەوەش دوو منداڵەکە لەو تەمەنە، پێویستیان بە خزمەتکردنی تایبەت هەیە.
برادەرێک پرسیاری کرد: باشە چی بکرێت بۆ ئەم جۆرە دایک و منداڵانە؟َ


لە وەڵامدا وتم: دەکرێ بیمەی کۆمەڵایەتیان بۆ دابین بکرێت، ئەوجا دایکەکە لەسەر ئارەزووی خۆی لە بەرنامەیەک بۆ راهێنان لەسەر کارو چالاکی بەشداری بکات و منداڵەکان بۆ باخچەی منداڵان بنێردرێن. بەڵام ئەم توانایانە لەبەردەست نین، بۆیە چارەنووسێکی رەش چاوەڕوانیان دەکات و لەدواییدا هەر حکومەت و نەریتە باوە نامرۆیی و کۆنەپەرەستەکان بەرپرسیارن لەبەرامبەر ئەم جۆرە کێشە کۆمەڵایەتییانە. ئایا حکومەتی کۆڕەکتیلیکۆم و ئاسیاسێل و قەڵەمڕەوی ئیمزاکردنی گرێبەستە نەوتییەکان و بازرگان و خاوەن سەرمایەو عەقاری ڤیلاو تەلارنشینەکان بەرژەوەندییان لەگەل چارەسەرکردنی ئەم کێشانە دێتەوە؟!