٨\٢\٢٠١٢
قەرەیڵان:
ئەوانەی دەڵێن پهکهکه ھەڕەشەی لێکردووین بە دوای
مشەخۆرییەوەن.
ئا: دیاری محهمهد
ئەندامی
کۆنسەی بەڕێوەبەری KCK موراد قەرەیڵان
دەڵێ:" ھەندێک کەس ھەڵدەستن و دەڵێن (پهکهکه ھەڕەشەی لێکردووین)
دەیانەوێ بەم رەنگە مووشەخۆری بکەن. ئێمە ھەڕەشە لە کەس ناکەین, ئەو
کەسانەی باس لەو شتانە دەکەن, لەچوارچێوەی پرۆژەکانی دەوڵەتدا
ھەڵدەسووڕێن".
سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکانی کوردستان KCK
موراد قەرەیڵان بۆ تەلەفزیۆنی نەورۆز دوا و رۆژەڤە ھەنووکەییەکانی
ھەڵسەنگاند. قەرەیڵان ئاخاوتنەکەیدا باسی تێکۆشانی فەرمانداری گەریلا
ڤیان سۆران (لەیلا والی حسێن)ی کرد کە لە ساڵی ٢٠٠٦ بە ئامانجی
شەرمەزارکردنی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی و گۆشەگیری سەختی سەر رێبەر ئاپۆ
ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا, لەم بارەیەوە قەرەیڵان گوتی:" لەو کاتەدا
ھەڤاڵ ڤیان بە چالاکییەکەی پەیامێکی دا و پەیامەکەشی گەیشتە ئامانج,
بەڵام ھەرچۆنێک بێت باببێت خۆ سووتاندن کارێکی راست نییە".
پێویستە ھەر لاوێکی کورد نامەکەی ڤیان سۆران بخوێنێتەوە.
قەرەیڵان لەبارەی تێکۆشانی ڤیان سۆرانەوە گوتی"پێویستە ھەر لاوێکی کورد
سەر لەنوێ نامەکەی ھەڤاڵ ڤیان بخوێنێتەوە. بۆ ھەڤاڵان و دەوروبەر
باوەڕییەکی بەھێزی دروست کردبوو, ئەمەش بووە بناخەیەکی سەرەکی کە لە
ساڵی ٢٠٠٣ و لە پێکھێنانی جڤاتی کۆنگرەی گەلدا ببێتە ئەندامی
بەڕێوەبەرایەتی کۆنگرەی گەل, ئەو کاتە تەمەنی ٢٢ ساڵ بوو. لە ژیانی
خۆیدا فیدارییەکی گەورەی کرد, خەباتێکی زۆر پیرۆزی ئەنجامدا,
باوەڕییەکی بەھێزی بە ھەڤاڵانی ھەبوو. لە ساڵی ٢٠٠٤ دا لەناو
بزووتنەوەکەماندا ھەندێک ئاڵۆزی روویاندا کە چەند کەسێک دەیانویست
گۆڕانکاری پێچەوانە لە ناو بزووتنەوەکەدا دروست بکەن, لەو کاتەشدا ڤیان
سۆران خاوەنی ھەڵوێستێکی بە پرەنسیپانە بوو, تێکۆشانی ھەڤاڵ ڤیان
لەبەرامبەر بە ھێڵی خیانەتکار, تێکۆشانێکی پتەو بوو. ھەر لەو ساڵەدا
کۆمیتەی سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی پهکهکه دروست بوو کە لە ١٢ ئەندام
پێکھابوون, یەکێک لەوانە ھەڤاڵ ڤیان بوو, لەو تەمەنی لاوێتییەیدا لەناو
کۆمیتەکەدا جێگەیەکی گرنگی ھەبوو, دواتر لەناو ریزەکانی یەکێتی ژنانی
ئازاد YJA- STAR و
HPG دا جێگەی گرت.".
چالاکی خۆ سووتاندن پەسەند ناکرێ.
موراد قەرەیڵان لەبارەی چالاکی خۆسووتاندنەوە ھۆشیاری دا و گوتی:" لەو
کاتەدا ھەڤاڵ ڤیان لە چالاکییەکەی پەیامێکی دا و پەیامەکەشی گەیشتە
ئامانج, بەڵام لەدوای ئەو سووتاندنە, خۆسووتاند کارێکی راست نییە,
دەمەوێ لە ساڵیادی چالاکییەکەی ھەڤاڵ ڤیاندا بە ئاشکرا بڵێم, بەھۆی
نزیکبوونەوەی ١٥ی شوباتەوە و قورستربوونی گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ,
لەکاتێکی وەھادا پێویستە لاوانی کورد خۆیان نەسووتێنن. پێویستە ئەم
گەلەکۆمەی نێو دەوڵەتییە بشکێنن, لە جیاتی ئەوە پێویستە بەشداری بکات,
واتا بەشداری سەرھەڵدانەکان ببێت, بەشداری تێکۆشانی گەریلا و کۆمەڵگا
ببێت. پێویستە خۆیان بەپرسیار ببینن, کۆتایی بە ژیانی خۆیان نەھێنن,
پێویستە ھەر لاوێک وەکو ئاگر تێبکۆشن, نەک ئاگر لەجەستەی خۆیان بەربدەن,
ئەمە کارێکی راست نییە, پێویستە خۆیان نەسووتێنن, با لەناو ریزەکانی
گەریلا و لاواندا تێکۆشان بەھێز بکەن.".
ئەوانەی دەڵێن پهکهکه ھەڕەشەی لێکردووین بەدوای مشەخۆری کەوتوون.
قەرەیڵان وەھا ئاماژە بەو بابەتە دەدات:" کۆمەڵێک کەس ھەن دەیانەوێ
ئێمە ناویان ببەین و رەخنەیان بکەین و دواتر بچن مشەخۆری بکەن و بڵێن
پهکهکه ھەڕەشەی لێکردووین, دەی رێگەمان پێ بدەن؛ دەیانەوێ بەمشێوەیە
بگەنە ئامانجەکانیان, ماوەیەک پێش ئێستاش قسەم کرد, ناوی کەسم نەگوت,
بەڵام ھەندێ کەس گرتیانە سەر خۆیان."
قەرەیڵان دەستنیشانی کرد کە ئێستاکە تێکۆشانی ئازادی کوردستان لە
قۆناخی گرنگدایە و وەھا ئاماژەی پێکرد:" تێکۆشانی ئازادی کوردستان
گەیشتۆتە قۆناخێکی زۆر گرنگەوە, لەلایەنی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و
کۆمەڵایەتی و لە ھەموو لایەکەوە لەدژی داگیرکاری دەوڵەتی تورک لەناو
تێکۆشانداین, ئێمە باش دەزانین کە بە پێشەنگایەتی ئاکهپه و جەماعەتی
گولەن بە رێبازی نوێ لەبەرامبەر بە ئێمە شەڕ دەکەن و دەیانەوێ
دەستوپێوەند بۆ خۆیان دروست بکەن و تێکۆشانی ئازادی کوردان لاواز بکەن,
ھەوڵی لەو شێوەیەیان ھەیە, ئێمە دەمانەوێ کەس نەکەوێتە ناو ئەو
تەڵەکەبازی و پیلانگێڕییانەوە, چونکە لە مێژووی کوردیشدا دوژمن ھەمیشە
بەم رێبازە سەرھەڵدان و راپەڕینەکانی گەلی کوردی سەرکوت کردووە, ئێستاش
دەیانەوێ پیلانگێڕییەکی وەھا جێبەجێ بکەن, پێویستە ھەموو کەس و لایەنێک
لەبەرامبەر ئەمەدا ھۆشیار بن, پێویستە کەس وەڵامی ئەوانە نەداتەوە." .
ھەروەھا وتیشی :"ئێمە نامانەوێت وەڵامیان بدەینەوە و ئەوانە موخاتەبی
ئێمە نین, پهکهکه دەیەوێ یەکێتی گەلی کورد دروست بکە , پهکهکه
دەیەوێت رێکخستنە کوردییەکان لەسەر بناخەی نەتەوەیی یەک بن, پهکهکه
تا کۆتا رێزدارە لەبەرامبەر بیر و ھزری جیاواز, لە ھەڵبژاردنەکەی ١٢ی
ئەیلولی ساڵی رابردوودا بینرا, دەیان گوت پهکهکه تەحەمولی تێڕوانینی
جیاواز ناکات, ھەڕەشە لە دژبەرەکانی دەکات, ئەوە راست نییە و درۆیە.
ھەڵدەستن بە ھەموو شێوەیەک تاوانبارمان دەکەن, کاتێک وەڵامیان
دەدەینەوە, دەڵێن پهکهکه ھەڕەشەی لێکردووین, کێ ھەڕەشەی لێکردووی.
ئەوانە ھەموو درۆن و دەیانەوێ لەسەر ئەو سیاسەت بکەن. نامانەوێ زۆر
درێژە بەو باسە بدەین. ئێستاکە لە قۆناخێکی گرنگداین. بەپێویستی
دەزانین و داواکارین بەتایبەتیش سیاسەتمەدارانی کورد, رۆشنبیر و کوردی
سەربەخۆ بە چاکی لە حەقیقەتەکان بڕوانن. دەوڵەت ھەل و دەرفەتێکی گەورەی
ھەیە, بە دەیان رۆژنامە و کەناڵی راگەیاندنی ھەیە, پارەیان ھەیە, ھەموو
شتێک پێچەوانە دەکەنەوە, شتی نەبوو بە بوو نیشان دەدەن. پێویستە سەرجەم
جەماوەری نیشتمانپەروەرمان لەبەرامبەر بەو کردار و سیاسەتانەی دەوڵەتی
تورک بەگشتی یەک بن, ئێمە بەھیچ شێوەیەک گوشارمان نەخستۆتە سەر کەس.".
٣٠٠ کەس بوین ١٠ کەس ماونەتەوە, ٣ جار برینداربووم.
قەرەیڵان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دەستپێکردنی بە تێکۆشان و دەڵێت:"کاتێک
دەرکەوتین و چوینە لوبنان و لای فەڵەستینییەکان ژمارەمان بەلانی کەم
٣٠٠ کەس بوو, ئەوکاتە ھەل و مەرج زۆر زەحمەت بوو, پێویستی تێکۆشانێکی
زۆر گەورە لە ئارادابوو. گەڕاینەوە بۆ وڵات, ھەڤاڵانمان مەزڵوم دۆغان,
کەمال پیر, فەرھاد قورتای لە زینداندا بەرخۆدانیان دەکرد و ئێمەش لە
شاخ, ئێستاکە لەو ٣٠٠ ھەڤاڵە تەنیا ١٠ کەس ماوینەتەوە, ھەندێک کەس
خیانەتیان کرد و دەزانرێن, بەڵام ئەوانی تر ھەموو شەھیدبوون, ھەموو
ھەڤاڵانمان ھاتنە گۆڕەپانی شەڕەوە, بە سەرۆکایەتیشەوە چەندین جار بە
رێکەوت رزگاربووین, بۆ نموونە من سێ جار بریندار بووم ئەو ١٠ ھەڤاڵەی
تر زۆر بەیان چەند جارێک بریندار بوون و بە بارودۆخی زۆر سەخت و
زەحمەتدا دەرباز بوون.".
٢٠ ھەزار شەھیدمان ھەیە.
ھەروەھا وتیشی "حاڵی حازر لەو بەڵگانەشدا کە ئێستاکە لەتورکیادان
بەفەرمی نووسراوە کە تانسۆ چیلەر بۆ تیرۆرکردنی رێبەر ئاپۆ لە مانگی
گوڵان ١٩٩٦ لە شام، بڕی ٥٠ ملیۆن دۆلاری خەرجکرد، ئایا ئێمە کێین ؟.
ئێمە فیدیی ئەم وڵاتەین، دەمانەوێ ئەم وڵاتە ئازاد بکەین، گیانی خۆمان
فیدا کردووە، ئایا ئێستا شتێکی شەخسیمان ھەیە؟ نەخێر. ٢٠ ھەزار
شەھیدمان ھەیە، تەنیا لە ساڵی رابردوودا ٢٠٠ ھەڤاڵمان شەھید بوون،
نزیکەی ٦ کەس ئەندامی بەڕێوەبەرین، ئیتر ئاشکرا بووە کە پهکهکه
بزووتنەوەی فیداییانە".
خۆمان بۆ ئەم گەلە فیدا دەکەین.
قەرەیڵان لەسەر ناوی پهکهکه دەڵێت "لەپێناو ژیانێکی بە شەرف بۆ
گەلەکەمان ئێمە خۆمان فیدا دەکەین. پهکهکه دەسەڵاتداری ناوێ،
لەبەرنامەی پهکهکهدا دەسەڵات نییە، پهکهکه ناکەوێتە دوای ژیانێکی
شەخستی و تایبەتەوە، ئەوەی ئێمە تەنیا خزمەتە، خزمەتی ئازادی،
دیموکراسی، یەکسانی، برایەتی گەلان، خزمەتی ژیانێکی ئازاد دەکات. با
ھەموو کەسێک بزانێت تێکۆشانی ئازادی کوردان سەردەکەوێت. گەلەکەمان باش
ئاگاداری رەوش و پەیوەندی نێوان ئاکهپه و گولەن و کردار و
بەرنامەکانیانە، دۆزی گەلی کورد دۆزێکی گەورەیە، لەدژی ئەم دۆزە
گەورەیەی کورد ھەوڵدان و پیلانی جۆربەجۆر ھەن، تا ئێستا سەرنەکەوتوون و
سەریش ناکەون.".
پێویستە گەلی کورد یەکێتی خۆی دروست بکا.
ھەروەھا وتی"ئێستاکە رۆژھەڵاتی ناوین سەر لەنوێ دیزاین دەکرێتەوە، لە
ھەر چوار پارچەی کوردستان قۆناخی گرنگ لە ئارادایە، لێرەوە حەز دەکەم
سڵاوی خۆم بگەیەنمە گەلی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان، لە ھەموو لایەک
پێویستی بە یەکێتی ھەیە، خەباتی کوردان لە رۆژھەڵاتی کوردستان ھەیە،
پژاک ئاگربەستی راگەیاندبوو، ھیوادارین ئەم ئگربەستە لە لایەن ھەردوو
لاوە درێژەی پێبدرێت، گەلی کورد لەو پارچەیەی کوردستاندا خۆی بەرێکخستن
بکات. ئێستاکە یەکێتی پێویستە، بۆ ھەر چوارپارچەی کوردستان پێویستە. لە
رۆژئاوای کوردستانیش بە ھەمان شێوە، بۆ ئەوەی کورد بەتوانێ لە
رۆژھەڵاتی ناویندا خاوەنی ھەڵوێستێکی یەک پارچە بێت پێویستە ھاودەنگی و
یەکێتی کوردان دروست بێت. پێویستە ئەنجومەنی خۆیان دروست بکەن و خاوەنی
ھەندێ شتی نەتەوەیی بن".
ئەمریکا ھات و رۆشت بەڵام کێشەی کوردی چارەسەر نەکرد.
لەلێدوانەکەیدا قەرەیڵان سەرنجی راکێشایە سەر ئەو چەواشەکارییانەی کە
پهکهکه بە ئەنجامدانی توندوتیژی تاوانبار دەکەن و دەڵێن گوایە
ئەمریکا و تورکیا کێشەی کورد چارەسەر دەکەن و گوتی:" ئێستاکە دەڵێن پهکهکه
توندوتیژی پەیڕەو دەکات، ئەوان دەیانەوێ ئێمە بە توندوتیژی لەنێو ببەن،
پهکهکه دەیەوێ بە رێگەی ئاشتییانە کێشەی کورد چارەسەر بکات، بۆ
چارەسەری ئاشتی و سیاسییانەی کێشەی کورد پێویستە ئەوان دەست لە
گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی بەردەن. نەک دەیانەوێ کێشەی کورد چارەسەر بکەن
بەڵکو دەیانەوێ ئیرادەی ئازاد و ھێڵی سەربەخۆی کورد پێشێل بکەن.
دەیانەوێ بە پێی فکر و بەگوێرەی خۆیان ئەم مەسەلەیە بنرخێنن. ئەوان
بەنیازی چارەسەری نین، ھەڵوێستی ئەوانمان لە باشوری کوردستان دیت،
ئەمریکا ھاتە ئێراق، لە ئێراق بوو بە دەسەڵات، مەسەلەی کوردی بەتەواوی
چارەسەر نەکرد و چوو، ئێستا کێشەی کەرکوک و شوێنەکانی دیکە کێشەی زۆر
جددین، ئەمەش سەلمێنەری ھەبوونی زھنییەتی نکۆڵکردنە لە کورد".
diaryzana@ymail.com
|