په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٢\٢٠١٢

قەرزی بچووک و پڕوپاگەندەی سیاسی و راگەیاندنی یەکێتی.


شاخەوان برایم عەبدوڵا  


دوای بڕیاری پێدانی قەرزی بچووک بەو هاوڵاتیانەی کە خاوەن پیشەیەکن یان بەنیازی دەستپێکردنی پیشەیەکن و بەهۆی نەبوونی دەستمایەوە یاخود "پارە" ناتوانن کارەکەیان ئەنجام بدەن، پێدانی ئەو قەرزەش کارێکی باشی حکومەتی هەرێمەو دەکرێت بەشێوەیەکی باشترو زیادکردنی پارەکەش ئەم قەرزە بەردەوام بێت.


ئەوەی منی نیگەران کردووە خەریکە پێدانی ئەو قەرزە وەک کارتێکی سیاسی لەلایەن دەزگە راگەیاندنەکانی یەکێتییەوە بەکاربهێنرێت بەو پێیەی گوایە کابینەی شەشەم کاری باش دەکات، هاوکات پێدانی ئەو پارەیە کارێکی باشە، بەڵام باسکردنی بەبەردەوامی و نیشاندانی هاوڵاتیان لە کەناڵەکانی یەکێتییەوە وەک منەتێک دیوێکی ناشیرینی وەرگرتووە، لەلایەکی تریشەوە ئەوەی من هەستم پێی کردووە، هەر چەند رۆژەو چەند کەسێک کە زۆرجار لە بیست کەس زیاتر تێپەر ناکەن سوودمەندی ئەو قەرزە دەبن و راستەوخۆ لە کەناڵەکانی یەکێتییەوە نیشانی هاوڵاتیان دەدرێن و چەند رۆژێکیش هەواڵەکە چەندبارە دەکرێتەوە، لەراستیدا خەریکە وەک پروپاگەندەیەکی لێ بکرێت بۆ زیادکردنی نفوسی حیزبی لەو ناوچانەی کە یەکێتی باڵانسی لەدەستداوە.


بەبۆچوونی من باسکردنی بەبەردەوامی و هەر جارەو پێدانی پارەکە بەچەند کەسێک کە دەکرێت بەجارێک رێژەیەکی یەکجار خەڵکی سوودمەند بکرێت بۆ ئەو سیاسەتە فاشیلەی یەکێتی و میدیاکەیەوە دەگرێتەوە کە مەغزای زیادکردنی نفوس و بەرژەوەندی کەسی و حیزبی لە پشتەوەیە، ئەم کارەش خەڵکانی بەویژدانی کوردستان باش هەستی پێدەکەن کە من لە بۆچوونەکەم راستگۆیانە دەدوێم، ئەمەش لە کاتێکدایە لەسەر بودجەی گشتییەو بودجەش هی تەواوی خەڵکی کوردستانەو لەلایەن حکومەتەوە کە ئەویش حکومەتی هەرێمی کوردستانە ئەم پارەیە دابین کراوە، کەچی لە دەزگە راگەیاندنەکانی یەکێتی بەبەردەوامی لەبری ناوی وەزارەتەکە ناوی وەزیرەکەو لەبری حکومەت ناوی کابینەی شەشەم و دکتۆر بەرهەم دێت، ئەمەش ئاشکرایە کە مەبەست سیاسەتکردنە بەپارەی خەڵکی بۆ بەرژەوەندی و یەکلایی کردنەوەو راستکردنەوەی شکستەکانی یەکێتییەوەیە کە لە سلێمانی بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و دروستبوونی گۆڕانەوە بۆ یەکێتی دروست بووەو بەمەش جەماوەری یەکێتی بەشێوەیەکی بەرچاو لە کورتی داوە.


ئەم قەرزە هی حکومەتەو دەکرێت بەشێوەیەکی خێرا بەهاوڵاتیان بدرێت و هێندەش لە کەناڵە حیزبییەکانەوە منەت بەسەر هاوڵاتیانەوە نەکرێت کە بە ئاشکرا دیارە رێکڵام بۆ وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و دکتۆر بەرهەم و دارودەستەکەی دەکرێت.

 

ماڵپه‌ڕی شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک