په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٣\٢٠١١

قەسابەکانی ھەرێم لەشی کوردستان لەت لەت ده‌کەن.


زمکان عەزیز   


لە خوارووی ئەفریکا و ئەفریکاییەکان پێش بیست و یەک ساڵ خۆپێشاندانێکی سەرتاسەریان سازدا بۆ گۆڕینی یاسا و دەستوور و ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ئەوسای خوارووی ئەفریکا و حوکومەتەکەی دێکلێکیش بۆ پەرەوازە کردنی شاڵاوی خۆپیشاندەران درێغی نەکرد لە کوتەک و فیشەک و ئاگر باران لەگەڵ ئەوەشدا ڕژێم چەند ھەوڵیدا بۆ دووبەرەکی و ئاژاوەنانەوە و شەڕی خێڵەکی کەچی نەیتوانی ھەنگاوێک ئەو ھەڵمەتە بۆ دواوە بگێڕێتەوە و تەنھا چەکێکی کوشندەش کە ئەفریکاییەکان بەکاریان ئەھێنا سەما و پێکەنین و گۆرانی بوو لەبری گۆرانی خەڵک ڕژێم فیشەکی پێوەئەنان و لەبری سەمای خەڵک ڕژێم کوتەکی ئەوەشاند ھەڵمەتی خۆپیشاندەران لەگەڵ سەما و گۆرانیە کلتوریەکاندا تووڕەبونی ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ئەوەندەیتر ئاڵسکاند بوو بەوھیمەتەش ماندێلا لە دوای بیست ساڵی بەندیخانە وەک خۆرێکی ڕەش لە ناو ئاپۆرەی گۆرانی و سمتە سەمای خۆپیشاندەراندا پریشکی ئەدایەوە .

کوردستان شوناس و ناسنامەیەکی جیھانی نیە تا وەک ووڵاتێکی سنوردار ناسرا بێت و خاوەنی سنور و یاسا و دەستوری خۆی بێت تا ئێستاش تۆسقاڵێک لە خەونی تاکی کورد بەدینەھاتووە کەچی دەسەڵاتی کوردی بە کوتەک و فیشەک بەر بە خۆپیشاندەران ئەگرن و پێیان ئەڵێن ئەو خەونەی ئەوان بۆ خەڵکیان بەدیھێناوە با نەشێوێت و خۆ ئەگەر شێواش ئۆباڵ بە ئەستۆی خۆتان ھەرگیز نایبیننەوە .

دەسەڵاتی ئێستای کورد کوردستانیان بچوک کردۆتەوە بۆ ھەرێم و لەوەش بچوکترھەرێم بووەتە سێ پارێزگا و ئەو دڵ و قودسەی لای ھەردوو پارتی دەسەڵاتدار کێشەیەکی مێژوویی و شەڕی کورد کوژیان لەسەر ئەکرد خواوڕاسان ھۆڵەکەیان چۆڵ کرد و کلیلەکەشیان فرۆشت تەنھا بە گفتێک خەڵکی کوردیان ڕاگرتووە تا ئەو کاتەی لە گەمەی قومارەکەدا وەرەقی ژمارە سەد و چلی دەستوری عێراقی ڕائەکێشرێت کە دەسەڵاتی کورد ھەمیشە پێی دۆڕاوە و وەرەقەکەی بۆدەرنایەت ئەگەرچی لە سەردەمی ڕژێمەکانی پێش ئەواندا کەرکوک بە شارێکی کوردی ناسرا بوو سەدام حسەین یەکێک بوو لەو بەڵگانەی کە کەرکوکی زیاتر عەرەباوی ئەکرد و شەڕیشی لە نێوان تورکمان و کوردا ھەڵئەگیرساند .

شەڕی خێڵەکی نێوان ھەردوو خێڵی ئۆتو و توتسی لە ڕوواندا بە پلانی سەرۆکی پێشووی ئەو ووڵاتە ھابیاریمانا ھەڵگیرسا و لە ماوەی شەش ھەفتە زیاتر لە یەک ملیۆن مرۆڤ مرد ئەو شەڕە شەڕی گۆڕان بوو شەڕی جوڵانی چەقینی حوکم بوو شەڕی زانین بۆ لابردنی نەزانین و شەڕی نان و شەڕی گەندەڵی و شەڕی مەزھەب مەزھەبی خێڵ بوو .

دەسەڵاتی کوردیش لە شەڕی خێڵ و رەگەزایەتی قورستری دۆزیوەتەوە و کردوویەتی بە شەڕی ناوچەگەری بەتایبەتی شەڕی پارێزگاکان ھەروەک چۆن لە پارێزگای سلێمانیدا ھێزی پاراستن و بەرگری سەر بە دەسەڵات ھەیە و بە بێ ھیچ متمانەیەکیان بەو ھێزە و بێباکانە ھێزێکی سەربازی وەک زێرەڤانی دەنێرێتە سەر خەڵکی خۆپیشاندەر کە ئەو ھێزە سەربە ناوچەیەکی تایبەتیە و ھێزێکە لەسەر قوتی خەڵک ئەژی و ھەنوکە وەک ھێزێکی کوردستان ساغ نەبووەتەوە نەک ھەر ئەوە بەڵکو وەک ملیشیایەک تەنھا بۆ پاراستنی ماڵێک دامەزراوە . سەرلێشێواوی دەسەڵاتی کورد گەشتۆتە ئەوەی کە ئەو ھەرێمە بچوکەش لەت بکەن و پێیانوابێت تاکی کورد لە لەتەکەی تریدا یان لە ناوچەکانی تردا بە ھەمان بیر و بۆچوونی ئەوان بۆ بشێویەکان ئەڕوانن و دوورن لە ئایدیای گۆڕان و پشتگیرن لە سستێم و دەسەڵاتی خێڵ ھەموو دەزانین دەسەڵات لەوە تێپەڕی کردووە و دڵنیایە و چاک چاک ئەزانێت لە دڵی ھەر تاکێک لە خەڵکی ئەو ناوچانەی کە ئەوان بە خەمڵیوی ئەزانن تسونامیەک ھەیە و شەپۆلەکەشی بەڕێوەیە .

دەسەڵاتی کوردی لە پەرلەمان و حوکومەت و سەرۆکایەتی ھەرێم پێکھاتووە و ئەم سێ ئیدارە بچوکەی ناو دەسەڵاتە شپرزەکەی ئێستای عێراق لە عەقڵی دەسەڵاتی ھەرێمدا بە خەون و دەسکەوتە گەورەکانی خۆی ئەزانێت بۆ تاکی کورد و بەومانایەش بە خەڵکی کوردی ئەفرۆشنەوە کە بێ ئەوان خەونێکی ھەرگیز نەبینراوە و ئەوان بە دیان ھێناوە بۆیان وەک ئەوەی بە ئاشکرا تاکی کورد لەو خەونە گێل کەن کە بەھێز و توانا و خوێنی سەربازێکی ئەمەریکی خەونە بزڕکاوەکەی ئەوانیش ھاتۆتە دی . ھەموومان دەزانین بەر لەم دەسکەوتانە ھەردوو بەرەی دەسەڵاتی کوردی لە شارەکان و ئەو دیو سنورەکانی تورکیا و ئێران و سوریا پەرەوازە بوبوون .

سەرۆکی ھەرێم دووجار لەسەر خوێن و نانی خەڵک ئەبێتەوە بە سەرۆکی پارتەکەی خۆی . یەکەم بە ناوی ھەڵبژاردنەکانی خەڵکی کوردستان و لە ڕێی سەرۆکایەتی ھەرێمەوە کە تەنھا پارت و نفوسی پارتەکەی ئەپارێزێت وقاچ و باڵی پارتەکەشی پانتر و درێژتر ئەکاتەوە بەسەر ئەو خەڵکە ھەڵبژێردەرانەشی کە پارتەکەی سەرۆکیان نەخواستووە و نایانەوێت . دووەم بە ناوی کۆنگرەی پارت و ئەندامانی ھەردوو مەکتەبی پارتەکەی کە بیانەوێت و نەیانەوێت ھەر ئەو سەرۆکە و لە مافی خەڵکیش ئەپچڕێت بۆ ئەندامانی پارت . پەرلەمانیش دەسەڵاتێکی تری سەرۆکە و ئەوی سەرۆک ئەیڵێت پەرلەمانتارانیش کە زۆرینەی دەسەڵاتن سوێند بە ڕیشی مەردانەی سەرۆک ئەخۆن . حوکومەت یاریەکی تری ئەو دەسەڵاتەیە و لە ژێر ناوی کاندیدی پارتێکی تر یان پارتی ھاوپەیمان کە دەزوولەی دەست و قاچی سەرۆکی حوکومەتەکەی لە دەست سەرۆکی ھەرێمدایە و بە ئارەزوی خۆی گەمەی پێئەکات .

 

ماڵپه‌ڕی زمکان عه‌زیز

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک