په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٩\٢٠١٣

 قەسابخانەی پشتئاشان و بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی گۆڕان؟!


شەماڵ عادل سەلیم


کەژاڵ عەلی محەمەد ئەندامی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان‌ و کاندیدی لیستی گۆڕان لە پەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک بە توندی هێرش دەکاتە سەر شەهیدان و پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی عیراق لەپشت ئاشان و بە (جاش لەقەڵەمیان )دەدات وڕایدەگەێنێت (نەوشێروان مستەفا) بۆیە ئەو قەتلوعامەی کردووە چونکە ئەوان واتە شیوعیەکان (جاش ) بوون ....!!


جێگای ئاماژەییە کە ناوبراو دوور لەهەمووبەهایەکی ئینسانی و ئەخلاقی پاساوی بێ بنەما دەهێنێتەوەو پاکانە بۆ کۆمەڵکوژی پشت ئاشان و فەرهود کردنی بارەگاکانی حزبی شیوعی عیراقی دەکات و وەک ریکلامێک بۆ خۆیی و لیستەکەی بەکاری دەهێنێت و وەک سەروەرییەکیش بۆ نەوشێروان مستەفا لەقەلەمی دەداو، بەبێ رەچاوکردنی هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی و مرۆیی پێشمەرگە قارەمانەکانی حزبی شیوعیش بە( جاش) تۆمەتبار دەکات .......!!


بەڵێ بەرێز کەژاڵ عەلی .. هەرکاتێک کە بنەماوبەها ئەخلاقی و ئینسانیەکان هەرەس دێنن، ئیدی سەرەتای داتەپانی ویژدان و چەواشەکاری دەست پێدەکات ، رێک وەک ئەو ناڕاستیانەی کە جەنابت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بانگەشەی بۆ دەکەی و بە کەیف و ویستی خۆت تۆمەتی بێ بنەما و بێ نرخ دەبەخشیتەوە و خەلکی پێ چەواشە دەکەی ......!!


من وەک پێشمەرگەیەکی دێرینی حزبی شیوعی عیراق مافی خۆمە کە لە جەنابت بپرسم و بڵێم : ئەرێ ئەوبەڵگانە چین کە جاشایەتی وبەکرێگیراوی شیوعیەکان دەسەلمێنن ؟ ئایا قەسابخانەو قەتل وعامی پشتئاشان ..سەروەرییە بۆ نەوشێروان مستەفا و لیستی گۆران یان شەرمەزارییە ؟


من لە کەژاڵ عەلی دەپرسم و دەڵێم : ئایا لە سەردەمی شەری خۆکوژی کێ ببوە چاوساغی داگیرکەران و جاشایەتیانی بۆ دەکرد ؟ ئایا بەراست کوشتنی پێشمەرگە و فەرهودکردنی بارەگاکانی حزبی شیوعی لە پشتئاشان و قەڕناقە شانازییە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا یان شەرمەزاریی و سەرشۆڕییە ؟


بەرێز کەژاڵ عەلی ، نە تۆو ، نە نەوشێروان مستەفا و، نە لیستەکەتان ناتوانن ببنە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان ، چونکە ئەوەی مێژوو چەواشە بکات و شانازی بە دیل کوشتن و تاڵانکردنی بارەگای پێشمەرگە و بڕینی پەنجەی شەهیدەکان و شێواندنی تەرمە پیرۆزەکانیان بکات و بە سەروەری دایبنێت ،مەحاڵە و ناتوانی ببێتە ڕابەرو داهاتویەکی ڕەنگین بۆ خەلکی ئەوهەرێمە بێنازەی ئێمە دەستەبەربکات ..... !!


لەکۆتایدا هەرئەوەدە ماوە بڵێم .. گەر کەژاڵ عەلی بوێر بیت ..دەبێ دەست بەجێ ڕەخنە لەخۆی بگریت و دوای لێبوردنیش لەسەرجەم شەهیدە سەربەرزەکانی حزبی شیوعی عیراق و کەسوکاریان بکات کە نەوشێروان مستەفا بە ناهەق و بەغەدر شەهیدی کردن .... !!


بەڵێ بەرێز کەژاڵ عەلی ...پێویستە لەسەرت کە چی دی خەڵکی چەواشە نەکەی ...چونکە بەری خۆر بە بێژینگ ناگیرێت .... !!


هەولێر
ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک