١٣\١١\٢٠٢٠
قەیرانی موسوڵمانان لە خۆرئاوادا.

ئامادەکردن و وەرگێڕانی:
هەورامان عەلی
کاتێك سەرەكکۆماری فەرەنسا گووتی " ئیسلام لە هەموو شوێنێکی جیهاندا لە
قەیراندایە" جیهانی ئیسلامی کاردانەوەیەکی تونیدی نیشاندا. بەڵام ئایا
ماکرۆن یەکەم کەسە بەم سەرەنجامە گەیشتبێت ؟ ئایا ئەمە ڕاستیەك نیە کە
پێویستە هەموو موسڵمانێك هەڵوێستەیەکی ڕاستەقینەی لەسەر بکات؟ بڕیارە
تاکەی جیهانی ئیسلامی و بەربژێرە سیاسی و ئەکادیمیەکانی خۆیان لەو
ڕاستیە تاڵە گێل بکەن؟!
لە دنیای ئەمڕۆدا موسوڵمانان نەك هەر لە وڵاتانی خۆیاندا نوقمی کێشەی
جۆراوجۆری سیاسی، ئابوری ، کۆمەڵایەتی، فکری، ژیاری و حوکمڕانین ،
بەڵکە بونەتە هۆکاری بڵاوبونەوەی تیرۆر و نائارامی لە جیهاندا. زیاتر
لە ٩٠٪ ئاوارە و پەنابەرانی جیهان، موسوڵمان پێکی دەهێنن. ٩٥٪ ئەو
پەنابەرانەش کە ناتوانن لەنیشتمانی تازەدا جێبکەون و پابەندی یاسا و
نەریتی کۆمەڵگە و دەوڵەتی پەنادەربن ، ڕەوەندی موسوڵمانانە. کاتێکیش
کەسێك ڕاستگۆیانە واقعیەتەکانیان بۆ باس دەکات ، بە تیرۆر و ژاوەژاوی
بایکۆد وەڵامی دەدەنەوە.
ئەحمەد عەسید شاعیر و نوسەر و بیرمەندی مەغریبی یەکێکە لەو بیرمەندانەی
ڕاسگۆیانە دەست دەخاتە سەر برینەکانی جیهانی ئیسلامی و لە سەر ئەو
هەرایەی ئیسلامیەکان لە دژی ووتەکانی ماکرۆن بەرپایانکرد، لە لاپەڕەی
فەیسبوکی خۆیدا ،کرۆکی کێشەکانی موسوڵمانانی نیشتەجێی ئەوروپا بە گشتی
و فەرەنسای بە تایبەتی ، خستوەتە ڕوو. ئەو نوسیویەتی:*
- چیدی ئیسلام لە چوارچێوەی شارستانیەتی خۆرئاوادا، ئیسلامی میللی ،
نەریتی و سۆفیانە نیە ، وەك ئەوەی لە وڵاتانی ئیسلامیدا هەیە. ئەم جۆرە
ئیسلامە لەسەردەمی جیهانگیریدا، بەشێکە لە زنجیرەی هەڵمەتە کۆنەکانی
ئیسلام ( غزەوات) بۆ وڵاتانی کافر. هەڵبەتە لە جیاتی ئەسپ و شمشێر و
ڕمەکانی جاران ، ئەمڕۆ چەکەکانی ئەم هەڵمەتە ، تۆڕێکی فراوان و
درێژخایەنی کۆمەك و پارەی داهاتی نەوتی وڵاتانی عەرەبیە.
- چیدی مزگەوت لە وڵاتانی خۆرئاوادا ، شوێنی پەرستن و جیبەجێ کردنی
سروتە ئاینیەکان نیە، بەڵکە پەناگایەکە بۆ پاراستنی شوناس وپاكکردنەوەی
ئایدۆلۆژیانەی موسولمانان لە دژی دەوڵەتی پەنادەر.
- ئیمامی مزگەوت لە جیاتی ڕێکخەر و بەڕێوەبەری پەرستن و نوێژ، بووەتە
ڕابەر و ڕێنوێنیکەری سیاسی. لە ڕاستیدا پێشنوێژی مزگەوتەکانی خۆرئاوا،
کادری سیاسی ڕەوت و بزوتنەوە سیاسیە ئیسلامیەکانن.
- ڕەوەندی موسوڵمان وەك کۆمەڵێك بە تێگەیشتنە ئاینیە ئیسلامیەکەی، خۆی
لە دەوڵەت و پڕۆژەکانی جیادەکاتەوە و دەبێتە باوەشێکی نانیشتمانی
ڕاستەقینەی موسوڵمانان لە پەراوێزی دەوڵەت و دامەزراوەکانیدا. ئەمە وا
لە موسوڵمانان دەکات پابەندی هیچ پێوەر ( نەریتێکی کۆمار) نەبن، چونکە
نەریتی خۆیان هەیە. کاتێکیش دەوڵەت هەوڵدەدات وەك هەر هاوڵاتیەکی
ئاسایی، نەریت و یاساکانی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت، ئەوان نەك هەر ملی
پێنادەن ، بەڵکە بە ڕەگەزپەرست و " ئیسلامی فۆبیا" تاوانباری دەکەن!
- بەمجۆرە ڕەوەندی موسوڵمانان توشی دوو جۆر لە نامۆبوون دەبن: نامۆبوون
لە نیشتمان و کولتور و ئاینی بنەرەتی خۆیان و نامۆبوون لە کۆمەڵگە و
دەوڵەتی پەنادەر.
- کەش و هەوای گشتی شارە خۆرئاواییەکان بۆ موسوڵمانان ، پڕە لە
توندوتیژی ڕۆژانە! جۆری جل لەبەرکردنی خەڵکی، بوونی بەهێزی ژن لەو
کەشوهەوا گشتیەدا، مۆسیقا و سەما، وێنە و پەیکەری ڕووت، بوونی
قاوەخانەی تێکەڵ، باڕ ، دیسکۆ و یانەکانی شەوان ، بونی سەگ و باقی
ئاژەڵە ماڵیەکان لەو کەش و هەوا گشتیەدا.... هتد . هەموو ئەمانە هەستی
موسوڵمانان دەڕوشێنێت و توشی بەریەكکەوتنێکی دژواریان دەکات. ئاخر
موسوڵمان هیچ یەکێك لەو بەهرانەی نیە ، نە مۆسیقا و نە پەیکەرتاشین و
وێنەکێشان و نە زانستێک تا کێبڕکێ ئەوانی پێ بکات. هاوکات ئەو ڕقی لە
سەگە و بە چاوێکی سوکیشەوە دەڕوانێتە ژن و ڕۆڵی لە ژیانی گشتیدا! ئەو
پێیوایە ئاین تاکە شوناسی ڕاستەقینەیەتی. هەر بۆیە لە کاردانەوەیدا
نوێژ دێنێتە سەر شەقامەکان و هەندێك جار ڕێگەی هاتوچۆی ئوتومبێلەکانیش
دەگرێت! بەمجۆرە دەیەوێت هێرشی پێچەوانە دەستپێبکات و تۆڵەی خۆی لەو
کۆمەڵگەیە بکاتەوە کە هەموو ڕۆژێك پێچەوانەی باوەڕەکانی ئەم،
دەجوڵێنەوە!
- بەڵام تاکی موسوڵمانی نیشتەجێی ئەوروپا، بەتوندی دەست دەگرێ بە
دەسکەوتە مادیەکانەوە، بۆیە پێویستی بە " کافرەکان"ە ، بەڵام بەبێ
ئەوەی دان بە جوامێری ئەوان و سەرکەوتویی ئەزمون و جۆری ڕێکخستنی
ژیانیان، بنێت. هەربۆیە نەوەیەکی زۆر دەخاتەوە، تا بە وەرگرتنی پارەی
منداڵەکانی بتوانێت بێ ئەوەی کارێك بکات و بەرهەمێکی هەبێت ، زۆرترین
کات لە مزگەوتدا بەسەر بەرێت.
- تاکی موسوڵمان هاوڵاتیانی ناموسڵمانی کۆمەڵگە بە خەڵکێکی نامۆ بەخۆی
دەزانیت، وەك دوژمن چاویان لێدەکات. بۆیە بۆیگرنگە منداڵەکانی تێکەڵاوی
منداڵەکانیان نەبن ، هاتوچۆیی شوێنەکانیان نەکەن ، بەمجۆرە خۆی لەو
کۆمەڵگەیە دادەبڕێت و لەنێو گەڕەکە موسوڵمان نشینەکاندا خۆی و
خێزانەکەی قەتیس دەکات.
- لای موسوڵمانان خوێندن و پەروەردە لە قوتابخانەکانی وڵاتانی
خۆرئاوایدا، هۆکارێکی مەترسیدارە لە سەر شوناسی منداڵی موسوڵمان! هەر
بۆیە منداڵەکانیان ڕاپێچی مزگەوتەکان دەکەن تا وتاربێژە " ئیخوان و
وەهابیەکان " بەناوی فێرکردنی قورئان و زمانی عەرەبیەوە، مێشکیان قانگ
بدەن. هەرزوو دەردەکەوێت کە منداڵەکان ناتوانن بە ئاسانی فێری ڕێزمانی
عەرەبی ببن ، بەڵام بە ئاسانی تێگەیشتن و توندڕەوی ئاینی وەردەگرن.
- خێزانە موسوڵمانەکان تەماشای ڕاگەیاندنی دەوڵەتە خۆرئاوایەکان ناکەن
، بەڵکە ڕۆژ تا ئێوارە بەدیار کەناڵە ئاسمانیە خێڵەکیەکانی نەوتی
کەنداوەوە دادەنیشن. ئەو کەناڵانەی کەبە سادەترین شیواز وێنەی
ئاینداریەکی خێلەکی و دەشتەکی کە پێچەوانەی ژیانی هاوڵاتیە لە دەوڵەتی
مۆدرێندا، نیشان دەدەن.
- لای موسوڵمانان نیشتەجێبوون و جێکەوتن لە کۆمەڵگەی خۆرئاوایدا ،
مەترسیەکە دەبێتە هۆی لەدەستدانی شوناس ، شوناسێك کە تەنیا بە دژایەتی
کردنی نەریت و یاساکانی دەوڵەت و کۆمەڵگەی پەنادەر ، دەمێنێتەوە.
دەرەنجامی ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی نەوەکانی ڕەوەندی موسوڵمان ، ئاستی
بەرهەمهێنان و داهێنانیان لە چاو بەش و پێکهاتەکانی ئەو کۆمەڵگەیەدا ،
لە خواری خوارەوەبێت.
- بێ گومان ئەم پێناسەیە بۆ هەموو ڕەوەندی موسوڵمانی دەوڵەتانی خۆرئاوا
دروست نیە، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان ئەو جۆرە کێشانەیان هەیە. ئەمە
هۆکاری ڕاستەقینەی ئەو دەستەواژانەن لە جۆری " جوداخواز " و " دابڕانی
ئیسلامی" کە سەرۆکی فەرەنسا لە وتارەکەیدا، ئاماژەی پێکردن.
_______________________________________________
*
https://www.facebook.com/ahmed3assed/photos/a.1374224725968462/3580158162041763
ماڵپهڕی ههورامان عهلی
|