په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١١\٢٠١١

قەیرانی نەبوونی پابه‌ندبوون؟!


ستار محەمەد قادر  


بە هۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە جا چ خودیی بێ و چ بابه‌تیی هەست بەوە دەکرێ مەسەلەی پابه‌ندبوون بۆ شتێک بە نێوی نەتەوەو نیشتیمانەوە لە ژینگەی سیاسی و به‌ڕێوه‌به‌ریی کوردستاندا رۆژ لە دوای رۆژ لە مێشکی تاکەکاندا زیاتر بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوا، تەنانەت ئەگەر کەسێک خاوەنی ئەو گیانه‌ش بێ، هەندێک بە دیدێک لێی دەڕوانن وەکو ئەوەی چه‌وت تێگه‌یشتبێ؟!


ماوەیەک بەر لە ئێستا بە دیداری دۆستێکم شاد بووم کە بۆ ماوەیەک دەڕوات لە هەندەران لە وڵاتی دانیمارک دەژێت، دوای چاکوخۆشیی پرسین، سەرنجی هەبوو لەسەر پرۆسەی نووسین لە کوردستاندا، بە بۆ چوونی ئەو ئەگەر کەسێک زانیاری دیکۆمینتداری هەبێت هەوڵ بدات لە رێی نێتەوە پەیوەندی بە یوئێن و ئەو شوێنانەوە بکات باشترە لەوەی کاتی خۆی لە گەڵ نووسیندا بە فیڕۆ بدات، ئەوا جگە لە خەڵات میوانداریشی دەکەن و پووڵی چاکیش وەچنگ دەخات؟! بەڕای ئەو نووسین لەم وڵاتەی ئێمەدا خزمەت بە کەس ناکاو پێویست بەوەیش ناکات کەس خزمەت بکەیت، لە نێو قسەو تێبینییه‌کانی ئەوەم خوێندەوە ئەوەی ئێمە ساڵانێکە کاری بۆ دەکەین، درۆیە، حیزب و سیاسەت و سەرکردەو ئاڵاو تێکۆشان و هەرچی رموزمان هەیە درۆن؟! بە راستی کاتێک گوێم لە سەرنجەکانی بوو تووشی سه‌رسوڕمان بووم، بەڵام لێیم پرسی: تۆ چۆن ئەو مافە بە خۆت دەدەیت بەو شێوەیە قسە لە سەر ژیانی ئێمە بکەیت، ئایا جەنابتان دەتوانن بێڕێزی بەرانبەر بە ئاڵاو سه‌روه‌ریی دانیمارک بکەن، دەتوانن سەر پێچی یاساو رێسای ئەو وڵاتە بکەن، ئەگەر جەنابتان تاکێکی ناپابه‌ندن بۆ وڵاتی دانیمارک و لەوەیش واوەترن بۆ کوردستان، ئەوا باش ئەوە بزانن، ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین ئەو شتانەی ئێوە بە درۆی دەزانن، ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین بە حەقیقەت بیانسەلمێنین راستن؟!


بەڵێ دۆستێکم چیرۆکێکی زۆر پێچەوانەی ئەوەی سەرەوەی بۆ گێڕامەوە، بە حوکمی ئەوەی ماوەیەک قایمقامێکی لێهاتووی یەکێک لە شارۆچکەکانی ناوچە دابڕاوەکان بووە، خەڵکێکی بیانی زۆری ناسیوە، رۆژێک یەکێک لەو کەسایەتیە بیانیانەی وا وەکو رۆژنامەوانێک ناسیبووی، داوای ئەوەی لێکردووە، هاوڕێیەتی بکات بۆ گەشتێک بە نێو شاری هەولێرو سلێمانیدا، ئەویش بە رێزەوە دڵی ناشکێنێ و بە خۆشحاڵیەوە قبووڵی دەکات، کاتێک دەبینێت کابرای بیانی جۆرێک پرسیار ئاراستەی ئەو خەڵکە دەکات، ئەوەندەی لە کاری کابرایەکی هەواڵگری دەچێت، بە پرسیاری میدیا کارێک ناچێت، بۆیە لەو کابرا بینییه‌ دەپرسێت، جەنابتان کار بۆ دەزگایەکی هەواڵگری دەکەن یان میدیا کارن، کابرای بیانیش لەوە دڵنیای دەکاتەوە میدیا کارە، پاش ماوەی دوو ساڵێک لە هەواڵەکان گوێبیستی نێوی ئەو کابرا بینییه‌ دەبێت کراوە بە بەرپرسی دەزگای هەواڵگری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ئەم لە لای خۆیەوە تووشی سەر سوڕمان دەبێت، بۆیە بۆ ئیمایڵەکەی ئەم رستەیە وەکو گلەییەک دەنووسێت: ها هیزە چیم پێت گووت، گومانەکەم لە شوێنی خۆی بوو، بۆ درۆت لە گەڵم کرد؟! لە وەڵامدا ئەویش ئەم رستەیەی بۆ دەنووسێت: " ئێمە بەم شێوەیە خزمەتی وڵاتەکەمان دەکەین، ئومێدەوارم ئێوەیش بە هەمان شێوە لە خزمەتی وڵاتەکاندا ببن "؟!


کابرایەکی بە تەمەن، کاتی خۆی کۆلیژی یاسا تەواو دەکاو وەکو مافناسک لە فەرمانگەکانی دەوڵەتدا کار دەکات، ساڵی حەفتاو یەک بۆ کڕینی شمەک وەکو لێژنەی کڕینی مینا بۆ یابان دەڕۆن، یەک دوو فەرمانبەر هاوگه‌شتی دەبن و یەکەم جاریان دەبێت گەشت بۆ یابان دەکەن، ئەو لەوە ئاگاداریان دەکاتەوە، لە هەر هۆتێلێک دا دەبەزن دەبێت دەستیان بە ئاوەوە بێت، چونکە وەکو وڵاتی عێراق نییه‌، نەکەن بێ رێزیی بەرانبەر بە ئاو بکەن، لە بەر ئەوەی لە یابان حکومەت نییه‌، بەڵکو هەر کەسێک بۆ خۆی حکومەتێکە؟! یەکێک لە هاوەڵەکانی گوێ بە ئامۆژگاریەکانی نادات، بەیانی خەریکی ریش تاشین دەبێت، خزمەتگوزاری هۆتێلەکە خواردن دەهێنێت، دەبینێت کابرای میوان خەریکی ریش تاشینەو بە ئارەزووی خۆی ئاوی بەرداوەتەوە، لێی تووڕە دەبێ و پێیدەڵێت ئەو ئاوە بگرە، دەزانیت ئەو ئاوە چۆن دێت وا تۆ بە خۆڕایی بەرتداوەتەوە، دەزانیت لە سەر دەوڵەت تێچووی چەندە، ئێرە عێراق نییه‌ تا بە ئارەزووی خۆت تەسەرووفات بە ئاوەوە بکەیت، نانەکەت بخۆو دەبێت ئەم هۆتێلە بەجێبهێڵیت؟!


بەڵێ ئەگەر بمانەوێت قسە لەسەر پابه‌ندبوون بکەین، پێویسمان بەوە دەبێت دەیەها چیرۆکی هاو شێوەی ئەوانەی سەرەوە بکەین بە هەوێنی نووسینەکانمان، چونکە دەبێت لێکۆڵینەوەی ووردیان لەسەر بکەین، بۆ ئەوەی لەوە بگەین بۆ لە وڵاتی یابان و زۆرێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکان هەر تاکە کەسێک خۆی ئەوەندە بە بەرپرسیار دەزانێت بە بارتەقای حکومەت خەمی ئەو وڵاتە لە کۆڵی دەنێت، ئەو هۆکارنەیش چین وا لە تاکەکانی ئێمە دەکات لە ئاستی بەرپرسیارێتی راستەقینەدا خۆیان دەدزنەوە؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک