په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١\٢٠١٣

قەیرانی سوریا، دیارنەبوونی کۆتایی تونێلەکە!


نوری بەشیر      


ڕۆژ دوای ڕۆژ قەیرانی سوریا لەئاستی ناوخۆو نێودەوڵەتیدا قوڵترو گەورەتر دەبێتەوەو کارەساتی ئینسانی زیاتریش بەدوای خۆیدا دێنێ. ھاوکات تادێت شەمەنەفەری ھەوڵەجیھانی وناوچەییەکان بۆ چارەسەری کێشەی سوریا، لەتاریکی تونێلدا جێدەمێنێ. ھۆکاری سەرەکی ئەم دۆخەش بەربەستو تەنگانەیەکی سیاسیە کەڕووبەڕووی ستراتێژێک بۆتەوە کەئەمریکاو ڕۆژئاواو کەمپی ھاوپەیمانیان لەوڵاتانی ناوچەکە، بۆ بەلاڕیدابردنی شۆڕشی خەڵک بەدەستیانەوەگرت. ھەوڵەکانی ئەم دوایانەی ئەخزەر ئیبراھیـی لەڕاستای دۆزینەوەی "ڕیگاچارەی سیاسی" ودورخستنەوەی ڕێگای سەربازی، جگەلەوەی ئیدعای ھەموو لایەنەکان لەبارەی ئەوەوە کە"مافی خەڵکی سوریایە چارەنوسی خۆیان دیاریبکەن" پوچو بێناوەڕۆک دەکات، ھاوکات نیشانەی ئاستەنگیەکی گەورەیە لەبەردەم چونەپێشەوەی ستراتژی ئەمریکاو ڕۆژئاوا لەبەلاداخستنی قەیرانی سوریادا. ئەمەوێرای ئەوەی کەھەموو لایەنەکانی ئەم قەیرانە کاتێک باس لەڕۆڵی "خەڵکی سوریا" دەکەن دەیانەوێت لەپشت بەرنامەی "دەورەی گواستنەوەی دەسەڵات" لەدوای ڕوخانی ئەسەدەوە، ھەر لایەنە ‌بەرژەوەندیەکانی خۆی تێدا مسۆگەر بکرێ، لەولاشەوە ئەوەھەر خەڵکی سوریایە کەبێئیرادە ‌کراوەو ڕۆژانەش دەبێ قوربانی خۆی بدات.

ئاخرین ھەوڵەکانی جنێف لەرۆژی ھەینی ١١/١/٢٠٠٣ کەکۆبونەوەی داخراوی ‌نێوان ئەخزەر ئیبراھیمی نوێنەری ‌نەتەوەیەگرتوەکان و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا؛ میخائیل بوغدانوف و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا؛ ولیەم بێرنز، بێئەنجام مایەوەو ئیبراھیمی دانیناوە ‌بەو راستیەدا کەچی رۆژی شەممە ‌بەدوای ئەم کۆبونەوەیەدا روسیا لەچوارچێوەیەکدا کەبۆ وتارەکەی بەشار ئەسەد توافقیان لەسەرکردبوو قسەلەسەر دەستپێکردنی دەورەی گواستنەوەی دەسەڵات دەکات، بەڵام ئەم کۆبونەوەیەو چ قسەکانی بەشار ئەسەد، رێگاچارە بۆ کێشەکانی ئێستا دوردەخاتەوە کەماڵوێرانی زیاتر بۆ خەڵکی سوریا دێنێتەدی.

ھەموو ئەم ھەوڵانەی ئیبراھیمی لەچوارچێوەی سیاسەتێکدایە کەئەمریکاو نەتەوە یەیەکگرتوەکان خستویانەتە ‌دەستورەوە لەپەیوەند بەچارەسەری کێشەی سوریاو ئێستا ئەم نوێنەرە تایبەتەی ‌نەتەوە یەگرتوەکان و کۆمکاری عەرەبی، دەوری رازیکردن یان تەوافق دەبینێ لەنێوان ئەمریکاو روسیادا بۆ نزیک کەوتنەوە ‌لەرێگاچارەیەک، کەئەگەر تا دەورەی پێشوو ئەمریکا دەیویست کێشەکانی سوریا یەکلایەنە چارەسەر بکات کەلەچوارچێوەی تەرح و سیاسەتی خۆیدا بێت، ئەوا بەگۆڕانی ھاوکێشەکانی ناو سوریا و بەتایبەت چەندین پارچەیی ئۆپۆزسیۆن و ھەڵکشانی دەوری ئیسلامی سیاسی سەر بەقاعیدە، ئاستەنگێکی گەورەو ڕەوتی چونەپێشەوەی سیاسەتەکانی ‌ئەمریکاو خودی ڕوسیاو ولاتانی ناوچەکەشی ئاڵۆزتر کردوەو بەناچار دەبێ دانیشتن بکەن و بیرێک لەداھاتوی نفوزیان بکەنەوە لەدەوڵەتی دوای بەشاردا لەسوریا.

ھەلومەرجێکی نائینسانی ناوخۆی سوریاو دانپیانانی جیھانی و نەتەوەیەکگرتوەکانیش بەکوژرانی شەست ھەزار کەس زیاتر تا ئاخری ٢٠١٢ بەبێ بریندارو ئاوارەبوونی خەڵک لەشوێن وجێگای خۆی بۆ ولاتانی دراوسێ و برسێتی و سەرماوسۆڵەی زستانی و سەختی ژیان لەنەبونی خۆراک و دەرمان و گرانی رادەبەدەر، کەکارەساتی ئینسانی زیاتری لێدەکەویتەوە، ھاوکات بەدرێژەکیشانی ھەلومەرجەکە، ریزەکانی ئۆپۆزسیۆن بەپێچەوانەی خواستی ئەمریکاو غەربەوە ‌تادێت کەلێنی زیاتری تێدەکەوێت و لەبەرژەوەندی ئیسلامیەکاندا دەشکێتەوە، ئۆپۆزسیۆنێک کەئەمریکاو غەرب دڵیان پێخۆش بوو، لەدەرەوەی سوریاو ئۆپۆزسیۆنێک کەلەناوەوە لەھەڵکشاندایە، ئیسلامیە ‌توندرەوەکانی سەر بەقاعیدەن، کەلەھێزەکانی بەرەی نەسرە، کەتیبەی ئەحرار، تەلیعەی ئیسلامیدا خۆی دەبینێتەوەو نفوزیان روو لەسەرو لەبەرامبەر ھیزەکانی سوریادا وەک ئۆپۆزسیۆنی ئەسڵی دەردەکەون و ھێزی ئەمانە ‌لەدەوری دیمەشق و حەڵەب کەدوو ناوچەی گرنگی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدە پێشرەوی دەکەن، ئەوەتا ھەر ئێستا پێشرەویەکانی ھێزەکانی سوپای ئازاد کەھێزەکانی بەرەی نەسرەو کەتیبەی ئەحرارو تەلیعەی ئیسلامی و چەند کەتیبەی کە، وەبەدوای گرتنی مەتاری تەفتەنازدا کەگەورەترین مەتاری سوریایە ‌لەباکوری دیمەشق بەژمارەیەکی زۆری تەیارەو چەک و تەقەمەنی و دەستگیرکردنی سەربازو ئەفسەرەوە لەژێر دەستی ھێزەکانی بەشار پاکراوەتەوەو ئێستا پێشرەوی بۆگرتنی مەتارەکانی کوێرس و مەنگ دەکرێت. ھاوکات درێژەکیشانی ئەم ھەلومەرجی شەڕو کوشتارو سەرگەردانیەی سوریا دەخالەتی ولاتانی ناوچەکە زیاتر دەکەن بۆ راکیشانی ھێزی خۆیان بۆ ناو سوریا و ھەتا سازدانی ھێزی جۆراوجۆری ئیسلامی و قەومی سەربەخۆیان، ئاخرین ھەوڵەکان ئێستا لەژێرکاریگەری و دەخالەتی دەسەڵاتی ئیخوانی ئیسلامیەکانی میسردا، باڵێکی ئیسلامی تازەی ئیخوان لەسوریا خەریکی خۆسازدانەوەن و حزبی تازەی بەناوی ئیخوانەکانەوەو بۆ دەسەڵات بەرنامەدادەنێن، کەلەبەرامبەر بەرەی نەسرەی سەر بەقاعیدەدا شانسی زیاتریان دەبێت لەلایەن ئەمریکاو غەرب و ولاتانی ناچەکەوە.

ئەم ھەلومەرجەفرسەتی زیاتری بۆ دەخالەتی روسیاو ئێران لەسوریادا فەراھەم کردوە، ھەر بەھۆی ئەم ھەلومەرجەوە ھێزەکانی بەشار ئەسەد لەھەندێ ناوچەی داگیرکراو پێشرەویان کردوتەوە، ئەمەش بەوتارەکەی ھەفتەی پیشووی بەشار ئەسەدەوە ‌دیاربوو، کەپێش قسەکانی راوێژی لەگەڵ ھەریەکە ‌لەروسیاو ئێراندا کردوەو رێگاکەی ئەوە لەبەرژەوەندی بوو کەووتی، وەدانیشتنەکانی ئەمریکاو روسیا بەھاوبەشی ئیبراھیمی ئەو راستیەی دەورو نەخشی روو لەسەری ئیسلامی سەلەفی لەسوریا کەترسی بۆ ھەموویان دروستکردوە، دەردەخات، کەئەم دانیشتنانەو پشتگیری قسەکانی بەشار ئەسەدو دانیشنەکان بەقازانجی دەخالەتی زیاتری روسیایە ‌لەبەرامبەر رەقیبەکەی ئەمریکادا، ئەگەرچی ئەمریکا بەجیا لەھێنانی کەشتی جەنگی بۆلێواری دەریای سپی لەسوریاو دانانی سەواریخی پاتریۆت و یارمەتی مادی ھێزی ئیتلافی سوپای ئازاد، خەریکی سازدانی لیستی تاوانکاری سەرانی دەسەلاتی بەشار ئەسەدو دەستبەسەراگرتنی سامانی حکومەتی سوریایە لەبانکە جیھانیەکاندا، وەلەلایەکی ترەوە ئەمریکا دەیەوێت بەدرێژەکیشانی ئەم وەزعەی سوریا کەھەموو سورن لەسەر رۆشتنی بەشار، بەڵام دەوری ئیسلامی سیاسی کەمکەنەوە، لەبەر ئەوەی بۆ ھەموویان تەنھا رۆشتنی بەشار و ئاڵوگۆری دەسەڵات کافی نیەکە ‌سورن، بەڵکو قسەلەسەر دەسەڵاتی دوای ئەسەدە کەکەمترین دەردی سەریان بۆ دروستبکات، کەلەئێستادا نیگەرانی بۆ دروستکردون.. لەھاوکێشەیەکی ئاوا ولەدۆخێکی ئاوادا، نادیاری داھاتووی سوریا بەگیرکردنی شەمەنەفەریک دەچیت لەنیو تاریکی تونێلێکدا کەھێشتا ڕۆشنایی ئەوسەری دیار نەبێت.

 

ماڵپه‌ڕی نوری به‌شیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک