٤\١٢\٢٠٢٤
قەیوم، میراتی کۆلۆنیالیزم و دیکتاتۆریەت.
ئەرسەلان مەحمود
لە تورکیای ئەمڕۆدا، سیستەمی قەیوم* بووەتە یەکێک لە گەورەترین
کێشەکانی بەردەم پێکەوە ژیان و پرۆسەی دیموکراسی و مافە مەدەنییەکان.
ئەم سیستەمە، کە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان، لە
سەردەمی حوکمڕانی ئەردۆغان و پارتی دادوگەشەپێداندا (AKP) گەیشتووەتە
لوتکەی بەکارهێنانی، بەتایبەت دژ بە سەرۆک شارەوانییە کوردەکان.
حکومەتی تورکیا، بە پاساوی یاسای دژە تیرۆر و یاسای شارەوانییەکان،
دەسەڵات و مافی ئەوە بەخۆ ئەدات کە هەر کاتێک بیەوێت سەرۆکە
هەڵبژێردراوەکانی شارەوانییەکان لابدات و لە جێگەیاندا کەسانێکی
دەستنیشانکراو دابنێت. ئەم کەسانە، کە پێیان دەوترێت قەیوم، ڕاستەوخۆ
لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دیاری دەکرێن و هیچ پەیوەندییەکیان بە ویستی
دەنگدەران و پرۆسەی دیموکراسییەوە نییە.
ئەم پراکتیسە جگە لە کاریگەری قووڵی دەرونی لەسەر کۆمەڵگەی کوردی
بەگشتی و کوردانی باکور بەتایبەتی. لە ڕووی ئابووریشەوە، زیانی گەورە
لەو شار و شوێنانەدا ئەدات کە قەیوم دەکرێن، زۆربەی ئەو پڕۆژە گرنگانەی
کە لەلایەن شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانەوە دەستیان پێکراوە یان بڕیار
بووە دەستان پێبکرێ، لە دوای قەیوم ڕێک ڕادەگیرێن یان ئاراستەکەیان
دەگۆڕدرێت و بودجەی تەرخانکراوی ئەو شارەوانیانە دەخرێتە خزمەت
بەرژەوەندی حزبی دەسەڵاتدار، یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی
گەندەڵییەکانیش لەم وڵاتەدا هۆکارەکەی ئەمەیە.
بێگومان کاریگەرییە خراپەکانی قەیوم هەر بەوەندە کۆتایی نایەت، لە ڕووی
کۆمەڵایەتی و کولتورییەوە، سیستەمی قەیوم بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی
کەلێنی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ئەوەی ئیستا پێیدەوترێ کۆمەڵگە
تورکیا. زمانی کوردی لە دامەزراوە گشتییەکاندا سنووردار کراوە، ناوی
شوێنە مێژووییەکان دەگۆڕدرێن و چالاکییە کولتورییەکان ڕووبەڕووی
قەدەغەکردن دەبنەوە.
هەڵبەتە ئامانجی سەرەکی ئەردۆغان و پارتەکەی لەم سیاسەتە، لاوازکردنی
دەسەڵاتی پارتە کوردییەکانە بەتایبەت DEM party. لە ڕێگەی دانانی
قەیومەوە، حکومەت دەیەوێت کۆنترۆڵی تەواوی سەرچاوە ئابووری و
سیاسییەکانی ناوچە کوردنشینەکان بکات و لەم ڕێگەیەوە پێگەی پارتی
دادوگەشەپێدان بەهێز بکات.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوە مافمرۆییەکان،
بەردەوام ڕەخنە لەم سیاسەتە دەگرن. یەکێتی ئەوروپا چەندین جار هەڕەشەی
سزای ئابووری کردووە و داوای گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیستەمی سیاسی
تورکیا دەکات. هەروەها، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڕاپۆرتە
ساڵانەکانیاندا ئاماژە بە پێشێلکردنی مافە دیموکراتی و مەدەنییەکان
دەکەن، بەڵام ئەردۆ و پارتەکەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دوژمنکارەنەتر ئەم
سیاستە ناڕەوایە پەیڕەو دەکات.
سیستەمی قەیوم تەنها ئامرازێکی یاسایی نییە، بەڵکو بەشێکە لە
ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد و سەپاندنی سیاسەتی
تورکاندن. ئەم سیستەمە نەک تەنها مافە دیموکراتییەکان پێشێل دەکات،
بەڵکو هەڕەشەیە لە سەر بنەماکانی پێکەوەژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە
تورکیا.
_______________________________________________
* قەیوم: وشەیەکی عەرەبییە کە بە مانای "سەرپەرشتیار" یان "بەڕێوەبەر"
دێت. لە کۆنتێکستی سیاسی تورکیادا، ئەم دەستەواژەیە ئاماژەیە بۆ ئەو
کەسانەی کە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە دادەنرێن بۆ جێگرتنەوەی
بەرپرسە هەڵبژێردراوەکان، بەتایبەت سەرۆک شارەوانییە کوردەکان.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|