په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١١\٢٠١٣

''قبوڵى کەین یان قبوڵى نەکەین''،
هێزى یاسا یاخود یاساى هێز.

سەباح تاهیر     


ئەو کاتەى یاسا بەرقەر دەبێت، یاسا دەبێتە ئەو چەترە کە هەموان لە سایەیدا دەحەسێینەوە. چونکە یاسا ئەم فەروە گەرم و گوڕەیە کە ئارامى دەبەخشێتە مرۆڤەکان بە بێ جیاوازى. بە پێچەوانەش یاساى هێز یان بە واتایەکیتر یاساى دارستان جگە لە رەشبینى و دڕک و داڵ شتێکى دیکەى لێ نایەتە بەرهەم و ماڵوێرانیشى لەدوایە...


کورد ئەزموونى زۆر و زەوەندى هەیە لە یاساى هێز هەرچى نەهامەتى ئەو دونیایە هەیە چێشتویەتى بە یاساى هێز یاخود وەک دەڵێن یاساى دارستان، هەر لە سەردەستى داگیرکەرانەوە تا دەگاتە شەڕى براکوژى و ناوەخۆیى، کە ئەمەى دواییشیان چى واى کەمتر بەم میللەتە ستەم دیدەیە نەکردوە.. بۆیە تەنها بیرکردنەوە لەم یاسایە تاوانە چجاى پیادەکردنى!!


دوا جار پێدەچێت بزووتنەوەەى گۆڕانیش هاتبێتە سەر ئەو بڕیارەى کە بە یاساى هێز مامەڵە بکات، دەستبەردارى هێزى یاسا بێت. رەنگە ئەم بزووتنەوەەیە گەیشتبێتە ئەو قەناعەتەى کە ئاسان نییە هێزى یاسا لەم وڵاتە بەرقەرار بێت، وەک لە کۆنفرانسەکەى ئەم بزووتنەوەەیە دەردەکەوێت، تەواو بێومێدى و رەشبینى لە وتەکانى نەوشیروان مستەفا ى رێکخەرى ئەم بزووتنەوەەیە دیارە، دووریش نییە ئەم رەشبینیە بە هۆکارى ئەو سیناریۆیانەى کە لە پشتى پەردەو مەتبەخەکانى وڵاتانى هاوسێ بەڕێوە دەچێت پەیامێکى فەرامۆشکردنیان پێگەیشتبێت لە کابینەى داهاتووى حکومەتى هەرێمى کوردستان. یاخود دواکەوتنى یان دواخستنى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى هەرێم کە ئەم بزووتنەوەەیە پێیوایە براوەى دەبێت هیچ نەبێت لەگەڵ هاوپەیمانەکانى لە ئۆپزیسیۆن، و پشت بەستن بە ئەنجامى سێ هەڵبژاردنى رابردوو (٢٠٠٩ - ٢٠١٠ - ٢٠١٣) بە تایبەتى لە پارێزگاى سلێمانى.


گۆڕان لەو باوەڕدایە دواکەوتن نییە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پاریزگاکان بەڵکو دواخستنە لە لایەن دەسەڵاتەوە یاخود یەکێتى و پارتى. بۆیە هاتۆتە ئەو قەناعەتە کە یاسا لەم هەرێمە هێزى خۆى لە دەستداوە، رەنگە ئەوە واى کردبێت ئەم بزووتنەوەەیە بیر یان پەنا بۆ یاساى هێز ببات.


لە کۆنفرانسەکەدا کە پەخشى ئاسمانیی کرا لە رێگاى کەناڵى ئاسمانى کەى ئێن ئێنى سەر بەم بزووتنەوەەیە، رێکخەرى گشتى بزووتنەوەەى گۆڕان بە راشکاویی ئەم پرسیارە دەوروژێنێ هەڵبژاردن بە ئەنقەست دوا دەخرێت گۆڕان لە سێ هەڵبژاردنى رابردوو لە سلێمانى زۆرینەیە ئایا قبوڵى بکەین ( کەمینە حکوم بکات) یاخود نا.. ئەم دەستەواژەیە هێندە سادە و ساکار نییە و زۆر بە وردیی دەریبڕیوە سەرۆکى ئەم بزووتنەوەەیە وەک عەرەب گوتەنى (زلە لیسان) نییە، دەشڵێت ئەگەر قبوڵى نەکەین چی بکەین. ئێستا ئێمە لەبەردەم چەمکێکى کۆنى یاساى هێزداین، کە بزووتنەوەەى گۆڕان خەریکە سەر لەنوێ پەناى بۆ ببات ئەگەر لەدیوە مەدەنییەکە دەرچێت...


بەر لە هەموو شتێک سەرەڕاى هەر بیانوویەک لەسەر ئەم یاسا و گەمە سیاسیانەى لە هەرێم هەیە، بزووتنەوەەى گۆڕان نابێت ئەو راستیە لە یاد بکات کە سەرەڕاى هەموو کەموکورتییەکان ئەو زۆرینەى بزووتنەوەەى گۆڕان کە باسى دەکات زادەى ئەم واقیعەى هەرێمە نەک شتێکیتر، بزووتنەوەەى گۆڕان باس لە گۆڕینى ئەم واقیعە دەکات بە شێوەیەکى مەدەنیانە و سیاسیانە هەر هەنگاوێک بە پێچەوانەى ئەوە، چارەنووسى هێزى یاسا و تەنانەت بزووتنەوەەکەش دەخاتە بەر هەڕەشەوە...


ئەگەر مەسەلەکە دواکەوتن بێت کە دەسەڵات باسى لێوە دەکات یاخود دواخستن بێت کە بزووتنەوەەى گۆڕان بانگەشەى دەکات، لە هەردوو باردا ناتوانرێت بۆ ماوەیەکى نادیار ئەم پرسە درێژە بکێشێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نابێت هەنگاوێک بهاوێژرێت کە بیانوو بداتە ئەوانەى مەبەستیانە درێژە بە دۆخى دوورکەوتنە لە پرنسیپەکانى دیموکراسى بدرێت یا هێندەى تر سستى بکات، چونکە لۆژیک و عەقڵ لەگەڵ هێزى یاسا دایە نەک یاساى هێز، کە یاساى دارستانە...

 


ماڵپه‌ڕی سەباح تاهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک