قیڕه‌قیڕی مه‌لا.
عامر سابیر نێچیرڤان بارزانی شایانی دادگایی‌کردن و زیندانیکردنه نه‌ک دکتۆرای فه‌خری.
له ١٧/٥/٢٠٠٨ نێچیرڤان بارزانی له وته‌که‌یدا له زانکۆی (واشنتن ئاند جیفرسن) وتی: (ئێمه له هه‌رێمی کوردستان بایه‌خده‌ده‌ین به مافه‌کانی ئافره‌ت و پشتگیری لێده‌که‌ین).
هه‌ر له ١٧/٥/٢٠٠٨ ڕۆژنامه‌ی (Independent) ی له‌نده‌نی نووسیبووی: (ته‌نها له ماوه‌ی شه‌ش مانگدا 255 ژن له کوردستاندا کوژراون و سوتێنراون به‌هۆی نامووسپه‌رستییه‌وه)، وه نووسیبووی:(که ژماره‌ی واقیعی زۆر له‌م ڕێژه‌یه به‌رزتره).
وه دوو ڕۆژ پێش مه‌راسیمی وه‌رگرتنی دکتۆراکه‌ی نێچیرڤان، له ڕۆژنامه‌کانی کوردستاندا بڵاوکرایه‌وه که ته‌نها له ماوه‌ی ده ڕۆژدا، چوارده ژن کوژراون له کوردستاندا.
نێچیرڤان بارزانی به‌م درۆ گه‌ورانه‌ی ئینکاری له‌و کوشتارگایه‌ی ژنان ده‌کات، بۆیه تا ئێستا قسه بریقه‌داره‌کانی، کوشتنی ژنێکیان که‌م نه‌کردۆته‌وه.
میدیاکانی سه‌ر به پارتی نووسییان: (ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی دکتۆرای شانازی له خزمه‌تگوزاری گشتیدا وه‌رگرتووه)،دکتۆرای خزمه‌تگوزاری گشتی له کاتێکدایه که خه‌ڵکی کوردستان به هۆی نه‌بوونی ئاوی پاکی خواردنه‌وه‌وه تووشی کۆلێرا بووه، له شه‌و و ڕۆژێکدا ته‌نها چه‌ند سه‌عاتێک کاره‌با هه‌یه، نه‌بوونی شوێنی نیشته‌جێبوون و کرێخانووی له ڕاده‌به‌ده‌ر گران به مووچه‌ی که‌مه‌وه موشکیله‌ی گه‌وره‌ی خه‌ڵکه، خه‌ڵک به هۆی نه‌بوونی غاز و نه‌وت و به‌نزینه‌وه ئه‌ناڵێنێ، جاده‌ی شه‌ق شه‌ق و ڕێگاوبانی چاڵو‌چۆڵ سه‌ره‌ڕای جه‌رده‌یی بێپه‌رده‌ی ده‌سه‌ڵاتداران، وه به‌هۆی نه‌بوونی قانونێکی شارستانی و دادگایه‌کی کارا و سه‌ربه‌خۆه‌وه، ته‌نها له ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌دا له بازاڕی شاری هه‌ولێردا ٢٩ شه‌ڕه چه‌قۆ و ده‌ڕنافیز و تێڵا و تفه‌نگ ڕووده‌دات.
جه‌مال عه‌بدووڵا (وته‌بێژی سه‌رۆکی حکومه‌ت) له هه‌فته‌نامه‌ی هه‌رێمی کوردستان، ژماره ٤٦٢(٢٠/٥/٢٠٠٨) دا ئه‌نووسێ: ( زانکۆی واشنتن ئاند جیفرسن، ده‌زگایه‌کی ئه‌کادیمی بێلایه‌نه که دکتۆرای فه‌خری داوه به نێچیرڤان بارزانی).
به‌ڵام فه‌لاح مسته‌فا (وته‌بێژی حکومه‌تی هه‌رێم) له خه‌باتی ژماره ٢٨٥٣ له ١٩/٥/٢٠٠٨ (به عه‌کسی جه‌ماله‌وه ڕاستیه‌که‌ی درکاندبوو) وه نووسیبووی: ( وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا، پاڵپشتی ئه‌و بڕوانامه‌یه بووه که دراوه به نێچیرڤان)
ئه‌مریکا که شکستی خواردووه له عێراقدا، به‌رده‌وام به‌بێ به‌رانبه‌ر هه‌موو داواکارییه‌کانی خۆی سه‌پاندووه به‌سه‌ر سه‌رانی دوواکه‌وتووی ناسیۆنالیزمی کوردا ، له به‌رانبه‌ر هێڕشه‌کانی تورکیادا بێده‌نگه و پشتیوانی لێده‌کات، له‌م ساڵی هه‌ڵبژاردنه‌دا پێویستی به سه‌رۆک خێڵی وه‌ک بارزانی هه‌یه، تا پیشانی خه‌ڵکی بدات که له عێراق هێشتا نفوزیان هه‌یه. له رێگه‌ی پێدانی دکتۆرایه‌کی کارتۆنییه‌وه، دڵی سه‌رۆک خێڵێک خۆشده‌کات، به‌ڵام داوا به‌رحه‌قه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان ئیهمال ده‌کات.
مه‌لای ساخته‌چی:
* له ساڵی ٢٠٠٥دا، مه‌سعود بارزانی ئه‌و دوو ملیۆن واژۆیه‌ی خه‌ڵکی کوردستانی فه‌رامۆش کرد، که داوای جیابوونه‌وه و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆیان ئه‌کرد.
* له ١٢/٦/٢٠٠٥، ئه‌و شه‌ش هه‌زار واژۆیه‌ی فه‌رامۆش کرد که له لایه‌ن عومه‌ر فارسی کوردستان نێته‌وه درابوو به مه‌سعود بارزانی.
* پارساڵ ئه‌و چه‌ندین هه‌زار واژۆیه‌ی هۆزان مه‌حمود بۆ لابردنی ماده‌ی ٧ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان دایه بارزانی، ئه‌ویش فه‌رامۆش کرا.
چه‌ندین ساڵه خه‌ڵکی کوردستان به خۆپیشاندان و به نووسین، به ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی هه‌ر رۆژه، داواکاری به‌رزئه‌که‌نه‌وه و داوای ئاو و کاره‌با وسوته‌مه‌نی و نان و ئازادی و نه‌هێشتنی کوشتنی ژنان و نه‌مانی جه‌رده‌یی ئه‌که‌ن، مه‌سعود بارزانی نه‌ک گوێیان لێناگرێت، به‌ڵکو به‌ر گولله‌یان ئه‌دات.
به‌ڵام که چه‌ند مه‌لایه‌کی ته‌زویرچی، له ٧/٥/٢٠٠٨ به‌ناوی ٤٧٤ که‌س له هاوپیشه‌کانیانه‌وه، یاداشتێک ئه‌ده‌ن به مه‌سعود بارزانی (که دواتر ئاشکرا بوو چه‌ندین مه‌لا له‌وانه‌ی ناویان له لیسته‌که‌دا بوو ڕایانگه‌یاند که ئاگاداری ناوه‌ڕۆکی یاداشته‌که نه‌بوون و واژۆشیان نه‌کردووه)، به‌ڵام مه‌سعود بارزانی یه‌کسه‌ر گوێیان لێده‌گرێت و له‌سه‌ر پێشنیاری ئه‌وان له ٢٧/٥/٢٠٠٨ بڕیاری پێکهێنانی لیژنه‌یه‌ک ئه‌دات بۆ به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی زیاتری ئازادی ڕاده‌ربڕین.
مه‌سعود بارزانی ئه‌گه‌ر سه‌رۆکی هه‌رێم بێت و سه‌رۆک خێڵ نه‌بێت، ئه‌گه‌ر دیموکرات بێت و عه‌شایه‌ر نه‌بێت، ئه‌گه‌ر شتێکی تازه‌ی پێبێت و کۆنه‌په‌رست نه‌بێت، ئه‌وا ئه‌بوایه لیژنه‌یه‌کی پێکبهێنایه بۆ لێکۆڵینه‌وه و دادگایی‌کردنی مه‌لا سه‌ید سه‌فا (وتارخوێنی مزگه‌وتی مه‌لا مه‌حمود له شاری هه‌ولێر) که فه‌توا ئه‌دات و ئه‌قیڕێنێ بۆ پانکردنه‌وه‌ی سه‌ری ئارام ڕه‌شید له وتاری رۆژی هه‌ینی ١٦/٥/٢٠٠٨ له کاتێکدا کتێبه‌که‌ی ئارام ڕه‌شید (جه‌هاله‌تی ئیسلام و دنیای هاوچه‌رخ) به‌رزده‌کاته‌وه و به ئاماده‌بووانی مزگه‌وت ئه‌ڵێت: (خوایه له ته‌پڵی سه‌ری ئارام ڕه‌شیدی بده‌ی). مه‌سعود بارزانی ئه‌بوایه به‌و مه‌لا ڕیش هه‌مه‌جۆرانه‌ی بگوتایه که کوردستان، ئه‌فغانستان نییه.
مه‌سعود بارزانی بیر و ڕه‌فتاری په‌روه‌رده‌ی خێڵ و کۆنه‌په‌رستی ئیسلامییه، ئه‌م قیڕه‌قیڕ و هاتوهاواره‌ی مه‌لا کۆنه‌په‌رست و به‌کرێگیراوانه‌ی کوردستان چه‌نده خه‌ته‌ره له سه‌ر ڕوناکی له کوردستاندا، به‌ده‌نگه‌وه چوونه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی و بڕیاری پێکهێنانی لیژنه‌که‌ی له‌سه‌ر داخوازی مه‌لا، زۆر خه‌ته‌رتره له قیڕه‌قیڕی مه‌لاکان. مه‌سعود بارزانی به‌م کاره‌ی ڕیسواییه‌کی گه‌وره‌ی تری زیاد کرده سه‌ر مێژووی ڕه‌شی خۆی و حیزبه‌که‌ی له دژی خه‌ڵکی کوردستان.
وه‌ڵامی فه‌ره‌نسی و وه‌ڵامی کوردی.
له ناوه‌ڕاستی مانگی پێنج‌دا ڕادیۆی BBC پرسیاری له پارێزه‌رێکی فه‌ره‌نسی کرد، که تا ئێستا له دادگای نێوده‌وڵه‌تیدا بووه به پارێزه‌ری زۆر له تاوانبارانی گه‌وره‌ی دنیا. له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا که ئایا ئاماده‌یه ببێت به پارێزه‌ری به‌رگریکه‌ر له هتله‌ر به‌و هه‌موو تاوانه‌یه‌وه که کردوویه‌تی ئه‌گه‌ر بمایه تا ئێستا،پارێزه‌ره‌که له وه‌ڵامێکی جوان‌دا به‌بێئه‌وه‌ی ناوی هتله‌ر بهێنێ وتی: ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر (جۆرج بوش)یش له دادگادا بێت و داوام لێبکات ببمه پارێزه‌ری ئاماده‌م به‌رگری لێبکه‌م)
مه‌سعود بارزانیش چه‌ند مانگ له‌مه‌وپێش له ته‌له‌فزیۆنی SBS ی ئوسترالی له به‌رنامه‌ی (Cutting Edge) که تایبه‌ت بوو له سه‌ر کوردستانی عێراق، له وه‌ڵامی پرسیاری : ئایا ئه‌ڵێت چی له سه‌ر ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی بڵاوبوونه‌ته‌وه که له کوردستاندا گه‌نده‌ڵی زۆره و خۆتان خاوه‌نی دوو بلیۆن دۆلارن، مه‌سعود بارزانی به‌بێئه‌وه‌ی باسی دوو بلیۆن دۆلار بکات، پاش که‌مێک ڕامان و چاو ئه‌بڵه‌ق بوون وتی: منیش ئه‌ڵێم له کوردستاندا که‌موکوڕیمان زۆره و گه‌نده‌ڵی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌بێت هه‌وڵبده‌ین چاره‌سه‌ریان بکه‌ین.
وه‌ڵامی برووسکه‌که‌ی کوردستان نێت.
له یادی پێنجه‌مین ساڵه‌ی ڕوخانی به‌عسدا له ٩/٤/٢٠٠٨ کاک عومه‌ر فارس، به‌رپرسی کوردستان نێت، پێش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ کوردستان، نامه‌یه‌کی کراوه بۆ مه‌سعود بارزانی ئه‌نێرێت، داوای لێده‌کات هه‌رچی زووتر جیابوونه‌وه بکات و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان ڕاگه‌یه‌نێت و واز له به‌ستنه‌وه‌ی چاره‌نووسی خه‌ڵکی کوردستان به عێراقه‌وه بهێنێ.
ئه‌م داواکارییه‌ی به‌رپرسی کوردستان نێت، له‌و سه‌رۆک خێڵه‌ی که نه‌ک به ده‌نگ و هه‌ڵبژاردنی خه‌ڵکی کوردستان، به‌ڵکو به ڕێکه‌وتنی ئه‌و (پارتی و یه‌کێتیی) یه‌ی که خه‌ڵکی کوردستان ئه‌ڕوتێننه‌وه، بووه به سه‌رۆکی به‌شێک له کوردستانی عێراق. ئه‌م داواکارییه، خۆشخه‌یاڵانه و چاوه‌ڕوانییه‌کی نه‌شیاوه، که وابزانیت مه‌سعود بارزانی ماتریاڵی ئه‌م داواکاریه‌یه و ئه‌یه‌وێت و ئه‌توانێت به‌دیبهێنێ.
له پاش شه‌ش ڕۆژ، وه‌ڵامی نامه‌که‌ی کاک عومه‌ر ئه‌درێته‌وه به ئیمزای (سکرتێری ڕۆژنامه‌نووسی سه‌رۆک بارزانی) که ته‌نانه‌ت ناوی خۆشی نه‌داوه له نامه‌که، به‌ڵام کوردستان نێت که ئه‌م وه‌ڵامه بڵاوده‌کاته‌وه له سه‌ره‌وه‌ی ئه‌نووسێت (وه‌ڵامی به‌ڕێز سه‌رۆکی کوردستان بۆ عومه‌ر فارس، به‌رپرسی کوردستان نێت)، هه‌رچه‌نده ئه‌و نامه‌یه‌ی (سکرتێری ڕۆژنامه‌نووسی مه‌سعود بارزانی) هیچی تازه‌ی تیانه‌بوو، هه‌ر هه‌مان ئه‌و پاساوه پوچانه‌یه که له چه‌ندین ساڵی ڕابردوودا به خه‌ڵکی کوردستانی ئه‌ڵین، به‌ڵام له لای کاک عومه‌ر زۆر گرنگ بوو، وه چه‌ندین ڕۆژ له سه‌ره‌وه‌ی ماڵپه‌ڕه‌که‌ی داینابوو.
8/6/2008
|