''قسە
هەزارە و، هەر یەکێکیشی بە کارە''.
کوردستان پێویستیی بە گۆڕینی ژێرخانی پێکهاتە و
رەوتی دەسەڵاتە.

جەمال نەبەز
کەسانێک کە بە دوای بابەتی مێژووی رامیاریی وکۆمەڵگەی کوردستاندا
دەگەڕێن و، بە هۆشیاری و ویژدانەوە لێی هوردەبنەوە، دەزانن رەخنەی من
لە هەڵسوکەوت وبیروبۆچوونی ئەو کۆمەڵ وحیزبە کوردیزمانانەی خۆیان
کردووە بە دەمڕاستی کورد، زۆر کۆنە ولە پەنجا سالیش کۆنترە. لەم
بارەشەوە، چ بە دەنگ وچ بە نووسین، گەلێک باس ولێکۆڵینەوەم بە کوردی و
چەند زمانێکی دی تۆمار کردووە، کە هێندێکیان چاپکراون وهێندێکیشیان بە
ڕووی ئینتەرنێتەوە هەن. وا لێرەدا هەوڵدەدەم لایەنێکی تایبەتیی تێبینی
وسەرنجەکانم بە کورتی بخمەوە بەرچاو:
هەر لە دوای تەواوبوونی جەنگی دووەمی جیهانییەوە و، پاش رووخانی کۆماری
کوردستان، بە فرتوفێڵێکی نێونەتەوەیی، کە لەوەدا ئەمریکا وفەرەنسا
وبەریتانیا وسۆڤێیت، هەر یەکەیان بە جۆرێک، بەشدارییان تێداکرد. ئەوجا،
لە سێدارەدانی قازی محەممەد و، هەڵاتنی مەلا مستەفای بارزانی بۆ سۆڤێیت
و، دەستبەسەریی شێخ مەحمود لە گوندی داریکەلی و زیندانیکردنی ئاپۆ
عوسمان سەبری لە سووریا و، نەبوونی سەرکردەیەکی رێسایی وا لە
کوردستاندا، کە بتوانێ درێژە بە ڕێبەریی بزووتنەوەی کوردایەتی بدا،
بۆشاییەکی رامیاری لێکەوتەوە و، بوو بە هۆی ئەوەی سەرکردەیەتیی
بزووتنەوەکە بکەوێتە دەست چینی هوردەبۆرژوای خوێندەواری شارنشینی کورد،
کە ئەم چینە بێهێزە، ئەو جەماوەرە چڕوپڕە و، ئەو رێزە بەرزەی لە
نێوگەلدا نەبوو، کە سەرکردەیەتیی رێسایی هەیبوو. بێجگە لەوەش،
هوردەبۆرژوای کورد، پەروەردەی ئەو قوتابخانە "سەردەمییانە" بوو کە
داگیرکەرانی عەرەب وفارس وترک، بە چاولێکەریی ئەوروپاییەکان، بەڵام
نەزانانە، لە پێتەختەکانی خۆیان و، بە ژمارەیەکی کەمیش، لە
شارەگەورەکانی کوردستاندا کردبوویانەوە وخوێندنەکانیش، بە زمانەکانی
وان بوون. ئەمە لە کاتێکدا، کە سەرکردەرێساییەکانی کورد، بە زۆری، لە
نێو گوندەکانی کوردستاندا گەورەبووبوون و، خوێندەوارییەکانیشیان لە لای
ئەو مامۆستا کوردانە بوو کە لە مزگەوتەکانی کوردستاندا وانەیان بە
کوردی وبێ مزوپاداش، دەگوتەوە و، قوتابییەکانییان بە گەورە فەرمانی،
واتە رێزگرتن لە باوک و دایک وبراگەورە ومرۆڤی گەورە، کە بە مەی
دواییان دەگوت "خواپێداو" پەروەردە دەکرد. بە کورتی: چینی رێسایی (کلاسیک)
و چینی هوردەبۆرژوای خوێندەوار، دوو جۆرە کولتووری جیاوازیان هەبوو. لێ
چینی هوردەبۆرژوا وحیزبەکانی، لە بەر کەمی خۆی، چ بە ژمارە و چ بە هێز
و چ بە رۆشنبیری، پێڕەوەیی چینی رێسایی دەکرد ولە خزمەتی ئەم چینە دا
بوو. بەڵام کە بۆشاییەکە لە ڕێبەریدا هاتەکایە، هوردەبۆرژوا لە بەر ئەم
لاوازییە چەندایەتی وچۆنایەتییە، و لە ڕێی پێوەندییەوە بە هوردەبۆرژوای
عەرەب وفارس وترک، کە زۆربەیان روویان لە کۆمۆنیزمی سۆڤێیتی کردبوو،
ناچار بوو ببێتە پاشکۆی هوردەبورژوای عەرەب وفارس وترک و، مارکسیزمی
سۆڤێیتی وزۆڕناژەنیی بێ بەرامبەر بۆ رژێمی سۆڤێت، بکاتە سەرمەشقی
بیرۆکەی خۆی وبە هۆی ئەوەشەوە، لافی سەرکردەیەتیی "چینی کرێکار
وجۆتکاری کوردستان" لێبدا و، درۆشمی بنچینەیی سەرکردەیەتیی رێسایی، کە
بریتی بوو لە سەربەخۆیی کوردستان، بگۆڕێ بە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان
ودێمۆکراتی بۆ ئەو دەولەتەی پارچە کوردستانەکە بەستراوە پێوەی. شان بە
شانی ئەمەو، بۆ رازیکردنی دڵی عەرەب وترک وفارسەکان و، بە تایبەتی
چەپییەکانیان، هوردەبۆرژوای کورد کەوتە چەپڵەلێدان بۆ یەکێتیی خاکی
کوردستان ودەوڵەتە داگیرکەرەکان وبرایەتیی درۆزنەی کورد وگەلانی ئەو
دەوڵەتانە و، بەو پەڕی توندوتێژییەوە دژی سەربەخۆییی کوردستان وەستا و،
ئەمەشی، وەک داگیرکەرانی عەرەب وترک وفارس، بە "جیابوونەوەخوازی"
و"شۆڤێنیزم" دەدایە قەلەم. لەو کاتەشەوە و هەتا ئێستە، گەلێک شەڕ و
بەیەکدادانی نێو خۆیی لە نێو ئەم حیزبەکوردزمانانەدا، لە سەر
وەدەستهێنانی ئەوەی پێیاندەگوت "پێشڕەوی" وهێنانە سەرکاری گوایە "چینی
پرۆلیتاریا"، روویاندا و، ژمارەیەکی بەرچاویش بوونە قوربانی، کە دوایی
ئەم کوردکوژییەیان نێونا "شەڕی براکوژی"!. هەموو تێکڕژانێکی
چەکدارانەشیان لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستان بۆ ئۆتۆنۆمی ومافی کولتووری،
هەروەها وتووێژ و "پەیمانبەستن" و"هەڤالبەندێتی" یان لە گەڵ ئەو
داگیرکەرانە و، سەرلەنوێ تێهەڵچوونەوە لە شەڕ، هەمووی بێ پرسوڕای گەل
وبێ گوێگرتن لە راوێژ و ئامۆژگاریی کەسانی خێرخواز و کارزان پێکهێنران
و، هەمووشی بە شکست وئەنفال وراگواستن و دەربەدەری و گەلکوژیی لە کورد
وماڵوێرانیی خەلکی کوردستان کۆتاییان هات و هیچ سەرکەوتنێکی بە دەست
نەهێنا. دەبێ لێرەدا ئەوەش بێژم کە حیزبەکانی هوردەبۆرژوای کورد،
ئەگەرچی پاش هەرەسهێنانی رژێمی سۆڤێت و"بلۆکی رۆژهەڵات"، بە خشکەیی،
ماڵی خۆیان گواستەوە کەمپی ئەمریکا وبەرەی سەرمایەداری، کە لەوەپێش بە
نەحلەتیان دەکردن، لێ لە رێکار وجۆری کارگێڕی وهەڵسوکەوتدا، هەر لە سەر
سەنترالیزمی ستالینێتی مانەوە.
گرنگ لێرەدا ئەوەیە بگوترێ، لە پاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە وتا ئەوڕۆ،
چەند دەرفەتێکی گونجاو بۆ کورد هەلکەوتن، وەک کودەتای قاسم لە عێراق
(1958) و، شۆرشی گەلانی ئێران ورووخانی رژێمی شا (1979) و، جەنگی
هەشتسالەی عێراق وئێران (1980-1988)و، بە نرخترین هەلیش، رووخانی رژێمی
سەددام وهەرەسهێنانی دەولەتی عێراق بوو لە بێخ و بنەوە و بە لەشکر
وپۆلیس وتەواوی دەزگە و دوکانە داپلۆسێنەکەیەوە. بەڵام با بزانین
هوردەبۆرژوای کورد لەم دەرفەتە ژیارییانەدا چ کارە بوو؟
ئەز وەک مرۆڤێک کە لەو سەردەمانەدا ژیاوم وئاگام لە بارودۆخەکانی ئەو
دەرفەتانە هەیە، دڵنیام کە حیزبەکوردزمانەکانی هوردەبۆرژوا، نەک هەر
نەیانتوانی سووت لەو دەرفەتانە وەربگرن وبەس، بەلکو لە ماوەی ئەو
دەرفەتانەدا کارێکیان کرد کە لە باتی کەلک وەرگرتن، زیانی زۆر گەورەش
بە کورد گەیشت، بۆ وێنە: لە سەردەمی قاسمدا (1958-1963) حیزبی
کوردزمانی ئەو سەردەمەی عێراق، بەرامبەر بەندێکی دەستووری کاتی کە
کوردی بە "هاوبەش" دانا بوو لە عێراقدا و، عێراقیش بە "بەشێک لە
نەتەوەی عەرەب" واتە: کوردی بە عەرەب دابووە قەلەم، هاتن چارەنووسی
کوردیان بە قاسمەوە بەست و، قاسمیان گەیاندە ئاسمان و، نێویاننا "کاکە
کەریم". کە "کاکە کەریم" یشیان کاری نەما پێیان و، کەوتە شەڕفرۆشتن بە
کورد، ئەو بزووتنەوە چەکدارییە پەیدابوو کە دوایی بوو بە شۆرشی ئەیلوول
ولە 1961ەوە تا ساڵی حەفتا 1970 درێژەیکێشا. بەڵام لە 1964ەوە تا 1970،
تاقمێک هوردەبۆرژوای خوێندەواری کوردزمانی عێراقچی، لە سەرکردایەتیی
شۆرش جیابوونەوە و، بە چەک ویارمەتیی رژێمی عێراق، شەڕی پێشمەرگەیان
کرد، هەتا مەلا مستەفای بارزانی ناچار ما "رێکەوتنی مارت" (1970) لە
گەل حکومەتی ملهۆڕ ودیکتاتۆری بەعس ئیمزا بکات. کاربەدەستانی شۆرش کە
زۆربەیان سەر بە چینی هوردەبۆرژوا بوون وئێستەش هێندێکیان لە تەمەنی
پیری وکەفتەکاریشدا، هەر دەسەلاتدارن، نابەرپرسیارانە، چوار ساڵ کاتیان
دا بە بەعسیەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنامەکەو، بێ بەرنامە کەوتنە
چاوەڕوانی، تا دەرفەت بەسەرچوو. بەعس، لەو ماوەیەدا خۆی بە تەواوی لە
نێوەوە و دەرەوەی ولات کۆکردەوە و، کە لە مارتی 1974دا شەڕ بە هیوای
پشتگیریی شای ئێران هەڵگیرسایەوە، ئەوە بوو، ئەنجامەکەی پەیمانی
جەزائیری لێکەوتەوە و، شۆرش لە شەو ورۆژێکدا ئاشبەتالی پێکرا. هەموو
هەوڵدانێکی کاژیک بۆ پشت نەبەستن بە شای ئێران وباوەرنەکردن بە بەعس،
گوێ نەگیرالێی.
خوێنەرەوە دەتوانێ مێژووی شۆرشی ئەیلوول لەو سەمینارەدا تەماشا بکات کە
لە ساڵی 1971 دا بەزمانی ئەلمانی بۆ کورد ودۆستانی کورد لە بەرلین
گرتوومە و، وەرگێڕانە کوردییەکەشی دوو جار چاپکراوە و، لە ئینتەرنێتی "کوردبوون"
و کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان" یش دا راگیراوە، لە ژێر سەر نێوی "کوردستان
وشۆرشەکەی"و لە 332 لاپەڕەدا.
دەرفەتی شۆرشی گەلانی ئێرانیش هەر بەو جۆرە لە دەستدرا. لەو ماوەیەدا
شەڕ لە نێوان حیزبە کوردزمانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، بۆ وێنە:
کۆمەڵەی زەحمەتکێشان وحیزبی دێمۆکرات هەلگیرسا و، تای تەرازووی کوردی،
لای رژێمی خومەینی لاسەنگ کرد. هیچ مافێک بە کورد رەوا نە بینراو، کە
جەنگی ئێران وعێراقیش پاش ماوەیەکی کورت کڵپەی سەند، حیزبە
کوردزمانەکانی باشوور بوونە هەڤالبەندی بێ بەرامبەری رژێمی خومەینی و،
حیزبەکانی رۆژهەلاتیش بوونە هەڤالبەندی بێ بەرامبەری رژێمی سەددام
وکەوتنە گیانی یەک و، یەکێتیش چەند جارێک ئەم بەرو ئەو بەری کرد و،
ئەنجامەکەشی بە ئەنفالکردن لە کورد و بە کارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی
کورد و راگواستنی کورد وبە عەرەباندنی باشووری کوردستان و، لەو لاشەوە
بە سەرکوتکردنی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بڕایەوە.
خۆ ئەگەر حیزبە کوردزمانەکانی هەردوولا، لە شەڕدا بێلایەن بوەستانایە و
لە باتی لە یەککوژی، لە نێوخۆیاندا هاو ئاهەنگییەکیان هەبوایە، ئەوا
نەک هەر زیان بە کورد نە دەگەیشت، بەلکو لەوانەشبوو کەڵکی پێبگات.
خوێنەرەوە دەتوانێ سەرنجێکی ئەو سەمینارە بدات کە لە ساڵی 1988 دا وپێش
راوەستانی جەنگی ئێران وعێراق لە سوێد گرتوومە وتا ئێستە دوو جار
چاپکراوە، لە 1989 دا لە سوێد و لە 2008 دا لە هەولێر، لە ژێر سەرنێوی
"ئێستە و پاشەڕۆژی نەتەوەی کورد لە بەڕگری ئاگری جەنگی ئێران وعێراقدا"
تابزانرێ ئەو پێشبینییانە، هەموویان راست دەرچوون یان نا.
بە نرخترین وهەلکەوتووترین دەرفەت بۆ کورد لە سەتسالی رابوردوودا،
پەلاماری ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی بوو بۆ سەر عێراق ورووکردنە کوردیان
بە ناچاری وداماوی، کە ئەمەم لە رۆژی پەلامارەوە وهەتا ئێستە، چەند جار
خستووەتە بەردەم سەرکردە وکاربەدەستانی حیزبە کوردزمانەکان ورای گشتیی
کوردستان. بۆ سووتوەرگرتن لەو هەلە و لە کاتی خۆیدا، چۆنکە ئەو دەرفەتە
بەڵگەی خستە دەست کورد ورێی ئاواڵەکردەوە بۆیان، کە خۆیان لە بە زۆر
کردنە عێراقی رزگار بکەن، یان هیچ نەبێ کێشەکەیان بهێننە سنوورێکی
نێونەتەوەییەوە. بەڵام حیزبەکوردزمانەکان، باشووری کوردستانیان، بە
دەنگی خەلکەکە خۆیان و، بە چەپڵە ڕێزان، جارەکی دی بە عێراقەوە بەستەوە.
لێرەدا هەر حیزبەکان گوناهبارنین، جەماوەرەکەش گوناەبارە.
پارتی ویەکێتی، کە پاش راپەڕینی جەماوەریی بە هاری 1991 و ئەوجا
گەلڕەوە ملوێنییەکە، کە بوو بە هۆی دامەزراندنی "نەوای ئارام" بە
بریاری کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتووەکان، توانییان زۆر بە هەزاران دەسەڵات
بکەوێتە دەستیان و، خەلکەکەش لە دڵپاکی و سادەیی خۆیانەوە و، ولە داخی
ئەو هەموو تیرۆرەی کە لە بەعسییەکان دیبوویان، دەنگیاندا دابۆیان و،
باوەریان بە بەڵێنەکانیان کرد. بەڵام ئەوان هەر لەسەر رێ وشوێنی کۆنی
خۆیان رۆیشتن و پاش ماوەیەکی کورت لە هاتنەکایەی حکوومەتێکی نێوچەیی،
لە سەر دەسەڵاتی تاقانە ودەسکەوتی پارە، کەوتنەوە گیانی یەک وشەڕی
خۆکوژی. هەر لەو کاتەشدا پشیپشیکردن بۆ ئەو عەرەبانەی کە گوایە دژی
رژێمی سەددام بوون و، وەک پەنابەر لە ئێران وسووریا وئەردەن وئەوروپا
و"نەوای ئارام" دەژیان و، هیچ جۆرە دەسەڵاتێکیان نە بوو. لە نێو
ئەوانەشدا، کەسانێک هەبوون، کە کۆنە بەعسیی تاوانبار وئەنفالچی و،
تۆرانیی سەر بە رژێمی ترک و، سیخوڕی ئێران بوون و، لە نێو عێراقدا هیچ
هێزێکیان نە بوو. لە کاتێکدا حیزبەکوردزمانەکان لەم ماوەیەدا (1992 تا
2003) واتە یانزە ساڵی رەبەق، لە سێ ستانی باشووری کوردستاندا
فەرمانڕەوا بوون، بەڵام ئەوان هەر لە سەر عێراقچێتی وخۆکوژی درێژەیان
بەرامیاریی خۆیان دا و، لە ئەنجامی ئەمەوە قاتوقڕی وبرسێتی روویکردە
خەلکی ئەو سێ ستانە و، خەلکەکەش ناچارمان شتومەکی نێوماڵ وجلک وبەرگی
خۆیان بفرۆشن تا لە برساندا نەمرن و، ژمارەیەکی زۆریش رێی هات
ونەهاتیان گرتە بەر و ولاتیان بەجێهێشت و، خۆ ئەگەر پرۆژەی "نان بە
نەوت" نەبوایە، رەنگە هەر خۆیان ولا یەنگرەکانیان لەو سێ ستانەدا
بمانایەوە.
لێرەدا دەبێ ئەوە بێژین، رەنگە حیزبە کوردزمانەکانی عێراق بۆ رۆیشتن لە
سەر رەوشی عێراقچێتی وباسی فیدرالی لە سەردەمی پێش هەرەسهێنانی دەوڵەتی
عێراقدا، هێندێک بیانوویان هەبووبێ، چۆنکە ئەو دەمە عێراق دەوڵەتێک بوو،
حکوومەتێکی دانپێدانراوی هەبوو، لەشکرێکی زۆر بە هێز وپۆلیس وئاسایشێکی
تۆقێنەری هەبوو، هەروەها پێوەندیی دیبلۆماسیی لە گەڵ گەلێک ولاتی
جیهانی هەبوو، بەڵام کە دەوڵەتی عێراق بەجارێ رووخا وداتەپی، ئەوا ئەو
بیانووانە نەمان و، دامەزراندنەوەی عێراق، بە خۆی ولەشکر و پۆلیس
وپێوەندیی دیبلۆماسیی نێونەتەوەیی وکردنەوەی بە ئەندامی کۆگەی عەرەب لە
لایەن ئەم دوو حیزبە کوردزمانەوە، لە خۆکوژی، واتە کورد کوژی بەولاوە،
چ مانایەکی دیکە دەگەیەنێ، ئەوە نەبێ کە ئەمانە گەلێک لە عەرەبەکانی
عێراق، عێراقیترن؟ ئەو جا کەوایە و بەڕێز مام جەلال هاتنەکایەی دەوڵەتی
کورد بە "خەون وخەیال"ی هۆزانان وبیرۆکەی "رەگەزپەرەستان" دەزانێ، ئێدی
ئەم حیزبە کوردزمانانە، بۆ چی وشەی کوردستان لە خۆیان ناکەنەوە ویەکسەر
بە نێوی عێراقەوە کارناکەن؟ بۆ ئەوەی ئەو دەمە، میلیشا شیعە وسوننەکان
کە بوونەتە "لەشکری عێراق"، وێنەکەی مام جەلال لە جلەولا دانەگرن
وسووکایەتیش بە ئەندامانی حیزبەکەی نەکەن؟. خۆ ئەگەر کورد مافی ئەوەی
هەیە، وەک هەر نەتەوەیەکی دی، سەربەخۆێیی ودەوڵەتی هەبێ، بەڵام ئەو
مافە لە بارودۆخی نەگونجاوی ئێستەدا جێبەجێنەکرێ، وەک کاک مەسعوود
بارزانی لە 28/8/2008دا بە رۆژنامەی "الشرق الاوسگ" دەبێژێ، جا ئێستە،
دەبێ ئەو پرسیارە لە بەڕێزی بکرێ، ئایا لەم پێنج ساڵەی دواییدا و، لەم
دەرفەتە مەزنەدا، چ ئامادەکارییەک کرا بۆ هێنانە دی بارودۆخێکی وا
گونجاو کە ئەو دەوڵەتە لە دامەزراندن نێزیکبکرێتەوە؟ ئایا
دامەزراندنەوەی دەوڵەتی عێراق ولەشکری عێراق، لە سەرەتاوە بە دوو لیوای
پێشمەرگە، وەک کاک مەسعوود خۆی گوتی و، بەو کوڵ دڵە، لە بەر خاتری
دروستبوونی دەوڵەتی کورد بوو؟ باشە، کە کاک مەسعوود لەو وتووێژەدا
حکوومەتی عێراق بە حکوومەتێکی "بێ بەڵێن وتۆتالیتێروتاکڕەو" دەزانێ
و،پلەی بابەکر زیباری وەک سەرۆک سوپای عێراق، بە پلەیەک بۆ "رواڵەت"
دادەنێ، ئەوە چۆنە کە کاک مەسعوود ئەمە چەند ساڵە پشتی ئەو حکومەتەی
گرتووە و، پاشان، ئایا هەر پارتی ویەکێتی نە بوون کە نووری مالیکی یان
هێنانە سەرکار؟ ئایا بەڕێزی، تازە مالیکی وحکوومەتەکەی ناسیوە؟ بە
ڕاستی زۆر سەیرە، لە لایەکەوە پارتی ویەکێتی خۆیان بە بەشێک لە
حکوومەتی عێراق دەدەنە قەلەم و، بەڕێز دوکتۆر بەرهەرم ساڵح، جێگری
سەرەکوەزیرانی عێراق، نووری مالیکی یە، کە چی بۆ چارەسەری گیروگرۆی
ئێستەی خانەقین، د. بەرهەم ساڵح، وەک ئەندامی شاندی کورد،
دەستنیشاندەکرێ بۆ وتووێژ لە گەڵ حکوومەتی عێراق، واتە حکوومەتی عێراق
لە گەڵ حکومەتی عێراق وتوێژدەکات!!
سەیر ئەوەیە، د. بەرهەم ساڵح دان بەوەدا دەنی کە دەیانتوانی لە ساڵی
2003 دا کەرکووک، وەک کاریکراو (امر واقع)، بخەنەوە سەر هەرێمی
کوردستان، بەڵام خۆیان نەیانویستووە ئەو کارە بکەن. ئەم قسەی د. بەرهەم
راستی راستە، بەڵام ئایا ئەو هەڵوێستە هەڵوێستێکی نیشتمانپەروەرانە بوو،
یان بە هەڵەچوون بوو لە وەدا وئایا ئامادەن بەر پرسیارێتیی ئەو هەڵەیە
بگرنە ئەستۆی خۆیان؟
ئەم دەستدرێژییەی حکوومەتی عێراق بۆ سەر کوردستان وهەڵویستی
پەرلەمانتارانی شیعە وسوننە لە دژی کورد و، دوو زمانی ورۆڵی دژ بە
کوردی ئەمریکا لەمەدا، شتێکی نوێبابەت و سەیروسەمەرە وچاوەڕواننەکراو
نەبوو، چۆنکە، ساڵانێکە ئەم رۆژانە دەهێنمە بەر چاوی حیزبە
کوردزمانەکان وگوێی نادەنێ. ئێستەش ئەگەر خۆمان نەخاپێنین، دەبێ هەموو
لایەک دان بەوەدا بنێن کە دەسەڵاتی حیزبە کوردزمانەکان، نەک هەر
نەیتوانیوە، سادەترین پێویستی رۆژانەی خەلک وەک: ئاووکارڤا ودەرمان
وسووتەمەنی وپۆستە وکار، دابین بکات و، نەک هەر نەیتوانیوەگوندەکان
وبەرهەمی کشتوکاڵی وئاژەڵی بژێنێتەوە و، نەک هەر ئەوەی سەرەڕای
هەڕاجکردنی سامانی نەوتی کوردستان، نەیتوانیوە، قانوونی نەوت وگاز بە
پەسەندکردن بگەیەنێ، نەک هەر ئەوەی نەیتوانیوە کێشەی پێشمەرگە ونێوچە
داگیرکراوەکانی کوردستان بە لایەکدا بخا. نەک هەر نەیتوانیوە رێ لە
ژنکوژی بگرێ، بەلکو کوردی تووشی رەوشێکی زۆر مەترسیدار کردووە و، هەر
یەک رێگە ماوەتەوە بۆ بەرەنگاربوونی ئەو کارەساتەی چاوەڕوانی خەلکی
کوردستان دەکات، ئەوەش بریاردانی بێ گرێوگۆڵی هەردوو حیزبەکەیە، بە
کشانەوە لە دەسەڵات و رێدان بە کۆمیتەیەکی بێلایەن کە بۆ چەندمانگێکی
کەم دەسەڵات بگرێتە دەست، بۆ ئەوەی گشتپرسییەکی ئازاد بەڕێوەببا لە هەر
سێ ستانەکە ونێوچە داگیرکراوەکانی باشووردا و، خۆ ئەگەر خەلک بریاری
جیابوونەوەیان دا لە عێراق، ئەوا لە ڕێی پەرلەمانێکی هەڵبژێردراوەوە،
لە کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتووەکان داوا بکەن، هێزێک بنێرێ بۆ کەوتنە نێوان
باشووری کوردستان وعیراقەوە و، حکوومەتێکی کوردستانیی کاتیش
دەستنیشانبکرێ کە بنجی گەندەلی وژنکوژی وحیزبحزبێنە وخزمخزمێنە
وکەسپەرستی لە بیخەوە دەربهێنێ و، سیستەمێکی دێمۆکراسیی کراوە بخاتە
سەرپێ، ئەو حکوومەتە، چۆنکە لە سفرەوە دەستپێدەکات ولە گەڵ هیچ لایەنێک
دەروێستی (التزام)ی نییە، دەتوانێ سیاسەتێکی نوێ ببا بەڕێوە، لە ڕێی
چالاککردنی دەوری جەماوەر ودامەزراندنی لەشکری ناحیزبی دیسیپلینداری
کوردستانییەوە. کورد گوتوویانە قسە هەزارە وهەر یەکێکێشی بەکارە. ئەم
رێیە نەک هەر خەلکی کوردستان دەپارێزێ، بەلکو بە تەواوی لە بەرژەوەندیی
پارتی ویەکێتیشە، هەر چەند دەزانم، خۆیان ئەوڕۆ هەست بە ڕاستیی ئەم
پێشنیازە ناکەن، چۆنکە ئەوتا پاش پێنج ساڵ وپاش ئەوەی عێراقیان سەر لە
نوێ دامەزراندووەتەوە، تازە تێدەگەن کە حکوومەتی عێراق ئەوان بە بەشدار
نازانێ، بەلکو بە فەرمانبەری پچووک.
پشتبەستن بە پەیماننامەی نێوان ئەمریکا وعێراق وهەوڵدان بۆ ئەوەی بەپێی
مەرج، چەک بە عێراق بفرۆشێ، یان ساویلکانە دڵخۆشکردن بە هاتنە سەرکاری
دێمۆکراتیەکان لە ئەمریکا، پوولێک ناهێنێ. عێراق ساڵی سەت ملیارد دۆلار
بۆدجەی هەیە ودەتوانێ لە لایەکی دی چەک بکرێ. دەولەتەکانی دراوسێش
ئامادەن بە خوڕایی چەک بە عێراق بدەن بۆ کوشتنی کورد. لەشکری عێراقیش
چۆنکە میلیشیاییە، رۆژێک دێ کودەتایەک روودەدا وسەردەمی سەددام ورۆلی
جاشایەتی لە کوردستاندا دەگەڕێتەوە. لە بەر ئەوە دەبێ ئەو رووداوە
پێشگیریی لێبکرێ. خەفوور مەخمووری باش بۆی چووە کە دەبێژێ: ئەو شەڕە
هەر دەقەومێ، بەڵام زوو بکرێ لە درەنگ باشترە. کاکە خەفوور با دڵنیابێ،
ئەو شەڕە کە روویدا. بەم دەسەڵاتەی ئێستا نابرێتەوە.
ئەلمانیا
9/9/2008
www.jemalnebez.com
|