په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٦\٢٠١١

قسەکەی وەزیری کارەبا راست دەرنەچوو.


شاخەوان برایم عەبدوڵا


هەموومان بەر لە1/6ی ئەم مانگەدا لێدوانەکەی وەزیری کارەباو بەشێک لەستافی وەزارەتی کارەبامان گوێ لێبوو کە بەڵێنی ئەوەی بەهاوڵاتیاندا لەدوای 1/6وە رۆژانە 20 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی و 4کاتژمێریش کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان بەهاوڵاتیان دەدرێت. هەرچەندە سەرەتا من بەهیچ شێوەیەک بروام بەم قسەیە نەبوو، دڵنیابووم لەوەی قسەگەڵێکی ناراستن و ناکرێت هاوڵاتیان دڵخۆشبن بەهەواڵێکی درۆینەی لەم جۆرە، چونکە نزیکەی 20 ساڵە بەڵێنی لەم شێوەیە بەهاوڵاتیان دەدرێت و کەچی خەریکە بێ کارەبایی لەکوردستاندا ببێتە کولتوور و خەڵکی لەسەری رابێن، رەنگە وەزیری کارەباو حکومەتەکەی بەرهەم ساڵح بەم قسەیەی من دڵخۆشبن کە خەڵکی لەسەر بێ‌ کارەبایی رابێن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پێویستە بەرهەم ساڵح و وەزیری کارەبا ئەم راستییە بزانن کە ئەم راهاتنەش کۆتایی هەیەو لەدواییدا شەپۆڵێکی گەورەی نارەزایی بەدواوەیە، ئەمەیان حکومەت بێزار دەکات، رەنگە ئەم شەپۆڵی نارەزاییە بەم نزیکانە بێت، بۆیە ئەم قسانەی من پەیامێکەو پێویستە بەرهەم ساڵح وەک سەرۆکی حکومەت هەڵوەستەی لەسەر بکات و بگاتە ئەم قەناعەتەی کابینەکەی بەبەراورد لەگەڵ کابینەکەی نێچیرڤان بارزانی خەریکە شکست دەخوات، ئەمەش لە کاتێکدایە کەوا زۆرێک لە کێشەکانی بۆ چارەسەرکراوەو هاتۆتە سەر کۆمەڵێک پرۆژەی تەواونەکراو کە دەبوایە ئەو تەواویان بکا.


لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی کارەبا نەیتوانی کێشەی کارەبا چارە بکات، هەڕەشەی خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکانیش لەملاوە بووەستێت کە بەردەوام نیشتمانپەروەریمان بەسەرەوە دەکەن و دەڵێی بیریان چۆتەوە بوونەتە مافیاو لەسەر گیرفانی خەڵکی هەژارو نەداری ئەم وڵاتە بەدبەختە دەژیەن، کەچی نازانم بۆچی نیشتمانپەروەریمان بەسەرەوە دەکەن! سەیرتریش ئەوەیە هاوڵاتیان لەبەرانبەر ئەو هەڕەشەو پارەخواردنە ئاشکرایەی خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان هەڵوێست وەرناگرن و کارەبایەکەیان نابڕن، خۆ 3ــ4 کاتژمێر کارەبا دەدەن، ئەویش بەخراپترین کواڵێت و ئینجا مانگی دووجار بۆ پارە هەڵدەکوتنە سەر خەڵکی، ئەمەش گەندەڵییەکی دیکەی حکومەتەکەی دکتۆر بەرهەمە کە بەم شێوەیە لەهەرەشەو فرتوفێلەکانی مۆلیدە ئەهلییەکان بێدەنگەو ئەوانیش بەئارەزووی خۆیان هەست و شعوری خەڵکی دەشکێنن، خۆ ئەگەر سووکە گلەییەکیش بکەیت، پێت دەڵێن کارەباکەت ببڕە، راست دەکات، ئەو بێمنەتە، چونکە تاوەکو بینەقاقایان دەستیان لەگەل حکومەتدا تێکەڵکردووە هێز نییە بتوانێت ئەم دەستانە لێکدی جیابکاتەوە، سەیرتریش لەمانەی سەرەوە ئەگەر تواندرا کێشەی کارەبا چارە بکرێت، ئینجا دەبێت بەلێشاو خاوەن مۆلیدەو کرێکارە وەهمییەکانیان دابمەزرێنین، ئەمە پێشبنییەکەو بەدڵنیاییەوە دواتر دەبێت مانشێتی رۆژنامە کوردییەکان و لایەنە سیاسییەکانیش موزایەدەی سیاسی بەسەرەوە دەکەن و داوای دامەزراندنی ئەم کۆمەڵکە بازرگانە دەکەن کە لەمێژووی کوردستاندا ناشیرینترین مێژوویان هەیە(مەبەستم خاوەن مۆلیدەکانە)و دواتر وەک پاڵەوانی رۆژگارە تاریکەکانی کوردستان تەماشایان دەکرێت و کەس نییە بڵێ‌ ئێوە بازرگانیتان کردووەو رۆژگارێک فێڵتان لەخەڵکی رەشورووت کردووەو پارەی زیادەتان وەرگرتووەو دەبێ‌ دادگایی بکرێن.


وەزیری کارەبا قسەکەی راست دەرنەچوو، نەیتوانی بەڵێنەکەی بێنێتەدی، کوا 24 کاتژمێر کارەباکە؟ زوو دەمزانی قسەکانی راست نین و دڵخۆشی نەکردم، ئەو لە ژینگەیەکی دیکەوە قسە دەکات کە خۆی بەردەوام کارەبای هەیەو پێیوایە خەڵکی بڕوای پێدەکەن، دڵنیام خاوەن مۆلیدەکەی گەڕەکەکەیان پارەی لێ وەرناگرێت، چونکە لەئێستاکەدا هاوبەشی بازرگانێتی و لەداهاتووشدا فەرمانبەر و شارەزای کارەبا دەبێت لە وەزارەتەکەی.


ماڵپه‌ڕی شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا
 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک