١٦\١٠\٢٠١٣
قسه‌یه‌کی رەوا له
باره‌ی ئیسلامییه‌کانه‌وه.

شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا
راستییه‌ک هه‌یه پێویسته هه‌مووان بیزانین له باره‌ی ئیسلامییه‌کانه‌وه
که ئه‌وان به پێچه‌وانه‌ی حیزبه به ناو عه‌لمانی و چه‌پ و
ناسیۆنالیسته‌کانه‌وه پابه‌ندن به باوه‌ڕی خۆیان که سه‌رچاوه‌که‌ی
له ئایینه‌وه وه‌رده‌گرن و ئایین ده‌خه‌نه خزمه‌ت سیاسه‌تی خۆیان،
چه‌پ و ناسیۆنالیست و شیوعی و عه‌لمانییه‌کان چ له‌سه‌ر ئاستی حیزب و چ
له‌سه‌ر ئاستی تاک له بۆنه‌و مه‌راسیمه ئایینییه‌کاندا موجامه‌له‌ی
مه‌لا و دامه‌زراوه دیینییه‌کان ده‌که‌ن، له‌بری ئه‌وه‌ی موماره‌سه‌ی
فیکری خۆیان بکه‌ن و شوناسی راسته‌قینه‌یان ئاشکرا بکه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه
سه‌رچاوه‌ی گرتووه نایانه‌وێت جه‌ماوه‌ری ئایینی زویر بکه‌ن و ئه‌مه‌ش
به یه‌کێک له سیاسه‌تکردنه شه‌رمن و فاشیله‌کان هه‌ژمار ده‌کرێت و
جۆرێک له تاکی دووفاق له‌سه‌ر ئاستی ئه‌ندام و لایه‌نگران و تاکه‌کانی
کۆمه‌ڵگه به‌رهه‌م دێنن.
به‌پێچه‌وانه‌وه ئیسلامییه‌کان له یه‌ک بۆنه‌دا که شوناشی عه‌لمانی
یاخود رۆژئاواییانه‌ی پێوه دیاربێت به‌شداری ناکه‌ن و بگره دژیشی ده‌وه‌ستنه‌وه
به‌و بیانووه‌ی له‌گه‌ڵ دیینی ئیسلام نایه‌ته‌وه، چونکه ئه‌وان به
جه‌ماوه‌ری خۆیان گوتووه دیین سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی باوه‌ڕ و
ئیشکردنیانه‌و سیاسه‌ت ده‌که‌ن له پێناو دییندا. هه‌رچه‌ند سیاسه‌تکردنیان
بۆ مه‌رامی ده‌سه‌ڵاته نه‌ک دیین، به‌ڵام ئه‌وان له‌سه‌ر ئاستی
میدیاییدا پابه‌ندن به‌و خاڵه‌ی بۆته شوناسییان که ئه‌ویش دیین و
کولتووری ئیسلامییه‌و به ئاشکرا له میدیاکانیانه‌وه چه‌ند باره‌ی ده‌که‌نه‌وه
ئیشی سه‌ره‌کیان بۆ زیندووکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامییه‌و باکیشیان
به‌وه نه‌بووه ده‌که‌ونه به‌رده‌م ره‌خنه‌ی نه‌یاره عه‌لمانی و
ناسیۆنالیست و چه‌په‌کانه‌وه. هه‌ڵنه‌ستانه‌وه له به‌رده‌م مارشی ئه‌ی
ره‌قیب و دژایه‌تی سه‌ری ساڵی زایینی و هێرشکردنه سه‌ر رۆشنبیران به
ناوی داکۆکی له دیین و کولتوری ئیسلامی و ته‌رخانکردنی ته‌واوی به‌رنامه
رادیۆیی و ته‌له‌فزیۆنییه‌کانیان بۆ کولتووری ئایینی به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه
ئه‌و گروپانه به جیاواز له حیزبه غه‌یره ئیسلامییه‌کان سیاسه‌ت ده‌که‌ن.
خاڵی لاوازی حیزبه غه‌یره ئیسلامییه‌کان ئه‌وه‌یه پابه‌ندنین به په‌یڕه‌و
و پرۆگرامی مه‌ده‌نیانه‌ی خۆیانه‌وه و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و به‌رنامه
سیاسی و دیموکراسیانه‌ی ئاماژه‌ی بۆ ده‌که‌ن سیاسه‌ت ده‌که‌ن، واته ئه‌گه‌ر
شیوعییه‌کان بزانن به هۆی بانگدانی مه‌لایه‌که‌وه له که‌ناڵه‌که‌یاندا
١٠٠٠ ده‌نگی زیاتر ده‌هێنن بۆی هه‌یه مه‌لایه‌ک بهێننه سه‌ر شاشه و
بیکه‌نه مزگه‌وت، پارتی له ماوه‌ی رابردوودا له رێگه‌ی مه‌لا به‌شیره‌وه
که‌وته به‌ره‌یه‌که‌وه که به کۆنه‌په‌رست ئه‌و حیزبه‌یان له قه‌ڵه‌مدا،
چونکه مه‌لا به‌شیر خه‌ریکی ده‌رکردنی یاسایه‌ک بوو دژی ئازادی قسه‌کردن
بوو، ده‌بوایه پارتی له‌و پرسه بێده‌نگ نه‌بێت، مه‌رج نییه ئه‌وه
سیاسه‌تی پارتی بووبێت، به‌ڵام بێده‌نگی له پرسێکی وادا خستییه به‌رده‌م
پرسیاره‌وه، یه‌کێتی و شۆسیالیست به‌ده‌رنین له موجامه‌له‌ی شوناسه
ئایینییه‌کان و به‌رده‌وام له که‌ناڵه‌کانیانه‌وه کاره‌کته‌ری مه‌لا
باس له خورافیات ده‌کات و له شاشه‌ی که‌ی ئێن ئێنیشه‌وه که ئۆرگانی
سه‌ره‌کی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه کاره‌کته‌ری مه‌لای کۆنه‌په‌رست دژ به
لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار فه‌توای جیهادی ده‌رکرد و رۆشنبیره‌کانی ناو
گۆڕانیش له دوای مه‌لایه‌که‌وه بانگیاندا، ئه‌مه له کاتێکدایه که
زۆرێک له‌وانه‌ی چوونه‌ته ناو گۆڕانه‌وه خه‌ونی چه‌پ بوون و عه‌لمانی
بوونی شوناسی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه وای کردووه به لێشاو بچنه ناو
بزوتنه‌وه‌یه‌کی له‌م شێوه‌یه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستاکه له ناو
گۆڕان ده‌گوزه‌رێت پێمان ده‌ڵێت ئه‌و هێزه‌س موجامه‌له‌ی دامه‌زراوه
ئایینیه‌کان و کاره‌کته‌ری مه‌لای کۆنه‌په‌رست ده‌کات بۆ زیادکردنی ده‌نگه‌کانی.
ماڵپه‌ڕی
شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا
|