٢٨\١\٢٠١٠ قۆناغی دوای له‌سێداره‌دانی تاوانبار عه‌لی کیمیاویی.
هیدایه‌ت مه‌لاعه‌لی
بۆ هه‌موومان ئاشکرایه که ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی به‌عس چه‌نده دژی مرۆڤ و چه‌نده تاوانکارانه ئه‌م کۆمه‌ڵکوژییه‌ی له هه‌ڵه‌بجه ئه‌نجامدا بۆیه پێموایه زۆر گرنگ نییه له‌م ڕووه‌وه قسه‌بکه‌ین ، ئه‌وه‌ی ئێستا گرنگه هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بکرێت ئه‌وه‌یه‌که کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه له‌ناو ئه‌و گه‌مه سیاسیانه ده‌ربهێنرێت که ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی کوردستان هه‌میشه وه‌ک کارتێک به‌کای ده‌هێنێت ، کێشه‌ی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه کێشه‌ی ناسنامه‌یه‌کی مرۆییه ، ئه‌و ناسنامه‌یه‌ی لێیسهنراوهتهوهو به‌رده‌وام وه‌ک هۆکارێک له‌فریودان و قایم کردنی پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا به‌کارده‌هێنرێت ، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان کاره‌ساتی کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌و قوربانیه‌کانی کردۆته ئه‌و داشی دامهیهی که یاریه‌که‌ی تێدا ده‌باته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی قوربانیه‌کان زه‌ڕه‌یه‌ک له ئازاره‌کانیان که‌مبێته‌وه ، خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه 18 ساڵه ده‌ستی ده‌سیتان پێده‌کرێت ، قۆناغ به قۆناغ یاری به چاره‌نووس و مرۆیی بوونیان ده‌کرێت ، هه‌ر قۆناغه‌و له‌ناو وههم و ته‌پوتۆزی به‌ڵێن و به‌یانی له‌ئه‌مڕۆ باشتریان دهرخواد ده‌درێت ، به‌ڵێنه‌کان له‌ناو وه‌ره‌قه و فایل و دالتاکاندا جێگایان نابێته‌وه ، سه‌ردان و به‌شان و باڵادا هه‌ڵدان کۆتایی نایه‌ت ، سوێند به گۆڕ و خاک و خۆڵی هه‌ڵه‌بجه بوار به هیچ سوێندێکیتر ناهێڵێته‌وه ، خه‌ڵک کۆئهکرێتهوهو له‌ناو هاواری ئێمه نوێنهرتانین گوێت لهههناسهش نابێت ، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه هیچی به‌کرده‌وه ناکاته هه‌ناسه‌یه‌کی فێنک بۆ به‌رکه‌وتوویه‌کی چه‌کی کیمیاوی و ناکاته له‌شێکی ساغ بۆ منداڵێکی تازه له‌دایکبووی هه‌ڵه‌بجه . قۆناغی ئه‌وه‌ی هه‌موو داواکاریه‌کان ڕووبه‌ڕووی به‌عس بکرێته‌وه کۆتایی هات ، قۆناغی ساوایی و ناسکۆڵه‌ی حکومه‌ت کۆتایی هات ، قۆناغی شه‌ڕی په‌رله‌مانی شه‌رعی و په‌رله‌مانی ناشه‌رعی کۆتایی هات ، قۆناغی هه‌ڕه‌شه‌ی وڵاتانی خۆشه‌ویست و چاوچنۆکی دراوسێ کۆتایی هات ، قۆناغی نه‌مانی به‌عس و مه‌ترسی داگیرکردنه‌وه کۆتایی هات ، قۆناغی دوو ئیداره‌ی نه‌ماو گورگ و مه‌ڕ پێکه‌وه ئاو ده‌خۆنه‌وه ، هه‌موو ئه‌مانه وه‌سیله‌یه‌ک بوون به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن که‌یسی هه‌ڵه‌بجه وه‌ک که‌یسێکی خۆشده‌ست لهململانیه سیاسیه‌کان و سه‌رکووتی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک به‌کاربهێنن و چاره‌سه‌ره ڕیشهیهکانی کێشه‌ی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه قۆناغه‌و قۆناغی پێبکه‌ن .
له‌دوای ڕوخانی ڕژێمی ڕه‌شی به‌عس هه‌ڵه‌بجه یه‌که‌م ویستگهبوو که کۆڵن پاوه‌ڵ و بریمه‌ر و تاڵه‌بانی و به‌رزانی و جه‌عفه‌ری و عه‌لاوی زۆر به‌خێرای خۆیان گه‌یانده شار ، بۆ هه‌ڵبژاردن پێش هه‌ر جێگایه‌ک به‌رهه‌م ساڵح خۆی کرد بهشاراو بهڵێنیدا که ئه‌و نوێنه‌ری خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه بێت ، تاریق هاشمی پێش ئه‌وه‌ی ئیتیفاقیه سیاسیه‌که‌ی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی و پارتی بکات هاته هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌رزه‌نشتی ده‌سه‌ڵاتی کوردی کرد ، کریستۆڤه‌ر هێڵ باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکا له عێراق ڕۆژی 25/1/2010 وه‌ک هاوکاره‌کانی به‌خێرای خۆی گه‌یانده هه‌ڵه‌بجه ، هه‌موو ئه‌مانه یاری و چاوبه‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانن له خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌و ڕایکردنی قۆناغه‌کانی قایم کردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه .
یه‌کێک له‌و قۆناغانه‌ی که ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان له‌دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسه‌وه به‌رده‌وام نانی لێده‌خوات و فریووی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ی پێ ده‌دات مه‌سه‌له‌ی دادگایی کردنی تاوانباران و هێنانی تاوانبار عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیده بۆ هه‌ڵه‌بجه‌و له سێداره‌دانیه‌تی له‌به‌ر چاوی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه ، به‌و حیسابه‌ی ئه‌م کاره ئاو ئه‌کات به‌سه‌ر ئاگری نه‌هامه‌تی و سه‌دان کێشه‌ی ئێستای خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌دا ، به‌ڵام کاتێک عه‌لی کیمیاوی له سێداره‌درا به‌رهه‌م ساڵحی به‌ڵێنده‌ر فریای فاتیحایهکیش نه‌که‌وت ، 25/1/2010 قۆناغی پێش له‌سێداره‌دانی عه‌لی کیمیاوی کۆتایی هات ، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه هه‌ردوولایان له‌به‌رده‌م قۆناغی دوای له سێداره‌دانی عه‌لی کیمیاویدان ، هه‌رله‌ئێستاوه ده‌سه‌ڵاتداران خه‌ریکن له‌ڕێگای ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنه‌وه به‌ئاهه‌نگ و بروسکه‌ی پیرۆزبای خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌و کوردستان سه‌رمه‌ست ده‌که‌ن و سه‌ره‌تای قۆناغێکی تازه ده‌ست پێده‌که‌ن ، به‌ڵام خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه ئه‌بێت مل به‌م یاری قۆناغ قۆناغه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران نه‌دات و هه‌وڵه‌کانیان بۆ گێڕانه‌وه‌ی مرۆیی بوونیان ڕێکخراو فراوان بکه‌نه‌وه ، ناڕه‌زایه‌تی و ده‌نگی حه‌قخوازانه‌یان به‌رزتر بکه‌نه‌وه ، مرۆیی بوونی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه به‌مانای دهرهاتنیانه له‌ناو یارییه‌کانی ده‌سه‌ڵات ، به‌مانای سه‌یرکردنی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌یه وه‌ک مرۆڤ نه‌ک وه‌ک وه‌سیله‌و ئامرازی جێبه‌جێبوونی مه‌رامه‌کانی ده‌سه‌ڵات ، مرۆیی بوونی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه به‌مانای ته‌ندروستی باش و باری ده‌روونی گونجاو ، به‌مانای ژیانی سهردهمانهو ئیراده‌ی ئازاد ، به‌مانای ئاو کاره‌با و شه‌قام ، به‌مانای جێگای نیشته‌جێبوون و پاک و خاوێنی ، به‌مانای به‌یانیه‌کی ته‌ندروست بۆ مناڵان و کۆرپه‌کانی سکی دایکان.
|