١٨\٥\٢٠١٣
قۆناغی رزگاریی و
پرسی دیموکراتی؟!

ستار محەمەد قادر
بێ گومان زۆر بەکارهێنانی زاراوەی دیمۆکراسیەت بەبێ پراکتیزەکردنی زۆر
جار کارەساتی لێدەکەوێتەوە، ئەمڕۆ میدیا رۆڵێکی کاریگەرو بەرچاو دەگێڕێ
لە ئاراستەکردنی چارەنووسی میللەتاندا، بە تایبەتیش بۆ ئێمە لە هەرێمی
کوردستان کە هەموو پارتە کوردیەکان لە رێی کۆمەڵێک کەناڵەوە کار بۆ
جێگیرکردنی پێگەی خۆیان دەکەن، یەکهەڵوێستی کوردیش بەم دواییانە لە
بەرانبەر ناوەند، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ هەژموونی ئیمپراتۆریەتی میدیا،
شۆڕشی تەکنۆلۆژیا لە زۆر رووەوە ئێمەی خستووەتە ژێر کاریگەری خۆیەوەو
هێندێک جار بەشێوەیەکی باش ئاراستەمان دەکات، چەمکی یەکهەڵوێستی ئەگەر
رەنگدانەوەی ئەرێنی نەبێت لە بەرانبەر تەماشاکردنی ئەویترداو متمانە
درووست نەکات، هیچ نیە جگە لە مامەڵەی رۆژو کڕین و فرۆشتن بە پرسە
نەتەوایەتی و نیشتیمانیەکانەوە؟!
بە حەقیقەت من زۆر لەوە نیگەرانم حەزی کورسی و دەسەڵات بە سیمای
هەڵوێستی پارتە کوردیەکانەوە خەریکە بەشێوەیەک لە خشتەمان دەبات،
لەشوێن ئەوەی بەرگری لە مافە رەواکانی گەلەکەمان بکەین، ئەگەر جیاوازی
سەردەم نەبوایە دەکەوتینە سەوداوەو سازشمان لەسەر زۆر شت دەکرد، هەر
هەموومان لەسەر ئەوە هاوڕاین ئێمەی کورد تا ئێستا خاوەنی قەوارەیەکی
سەربەخۆ نین، ناوچە داگیرکراوەکان یان کێشە لەسەرەکان یانیش دەرەوەی
سنووری ئیداریی هەرێمی کوردستان حاڵی حازر لە قوڕگی گورگدایەو کورد بەم
فۆڕمەی ئێستایەوە لە توانایدا نیە ببێت بە فاکتەری هێزو پەرچەمی
دەستوور بە پەنجەکانی دابهێنێت؟!
بەر لە چەند ساڵێک هاواری ئەوەمان دەکرد سەرکردایەتی کورد بەر لەوەی بۆ
درووستکردنەوەی عێراق بە پەرۆش بێت، دەبێت ماڵی خۆی رێک بخات، راستە
ئێمە تەجاوزی هێندێک حاڵەتمان کردووە، بەڵام هەڵوێستەکان تەڵخ و نا
روونن و تابعی شەخسی و بەرژەوەندی حزبی بە ئاشکرا بە رووخساریانەوە
دەخوێنرێتەوە!
بەراستی دۆزی کورد خەریکە دەبێت بە مەتەڵ و بێ بەها دەکرێت لە پرسی
گەلێک؟! ئاخر خۆ کورد گوزارشت لە تاکە کەسێک ناکات، تا پۆلێنی بکەین بۆ
سەر ئەو شەش جۆرە لە مرۆڤ کە دکتۆر ئیبراهیم فەقێ لە گەشتەکەیدا بۆ نێو
وڵاتان بۆی روون بووەتەوە، چۆن دەکرێت ئێمە ئیدیعای مافی گەلێک بکەین و
نەزانین بۆ سیاسەت دەکەین و لە پێناو چیشدا خەباتمان کردووە؟! ئایا
دەکرێت لە دەلاقەی گیرفان و ماشێنی جام رەش و مێزی بێ بەهای خواردن و
خواردنەوەوە لە چارەنووسی گەلێک بنواڕین و بەردەوامیش گلەیی و گازندە
بکەین؟! یان ئێمە لە جۆری دووەمین دەزانین چیمان دەوێت، بەڵام
میکانیزمی گەیشتن بە ویستەکانمان نادۆزینەوە، یان چاوەنواڕی لایەنێکی
بەهێز دەکەین بۆ ئەوەی دەستمان بگرێت لەبەر ئەوەی ئێمە زۆر کۆڵەوارین؟!
یان ئێمە دەزانین چیمان دەوێ و دەشزانین چۆن بەرجەستەی بکەین لە
واقیعدا، لێ باوەڕمان بە خۆمان نیەو لە دڵە راوکێداین، بەڵێ رەنگە ئێمە
ئەمەیان بین، ناو لە شتێک دەنێین، لێ بە ناوەڕۆکێکی جیاوازەوە، بڕیارێک
دەدەین، بەڵام جێبەجێی ناکەین، ئەمە ئەو مەرگەساتەیە وا هەموو کاتێک
دەمانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر؟! یان دەزانین چیمان دەوێ و چۆن پێی
دەگەین و باوەڕیشمان بە هێزو توانامان هەیە، بەڵام دەوروبەر کارمان
تێدەکاو ناتوانین خواستەکانمان دیفاکتۆ بکەین؟!
من بە یەقینەوە ئەوە دەڵێم: کورد دەزانێت چی دەوێ و زەمینەیش بۆ
وەدیهێنانی خواستەکانی رەخساوەو تا ئەندازەیەکیش سەرکەوتووین، بەڵام
کەمالیاتی دونیاو پۆست و پلەو پایە تووشی حاڵەتی دۆگما بوونی کردووین و
لە خۆ بایین، بۆیە دوای ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان ناکەوین؟!
دکتۆر ئیبراهیم باس لە جۆری شەشەم دەکاو دەڵێ دەزانێت چی دەوێ و چۆنیش
پراکتیزەی دەکات، گوێ لە خەڵک دەگرێ و لە هیچ وێستگەیەکی سەرکەوتن
راناوەستێ و کات بە هەدەر نادات، پشت بە خواو خۆی دەبەستێ و سەرکەوتن
دوای سەرکەوتن وەدەست دەهێنێت!
بەداخێکی زۆرەوە ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسەتی هەرێمی کوردستان
دەیخوێنینەوە، راستە قۆناغی گواستنەوە پڕو کارتێکراوە بە کۆمەڵێک
ئیشکالیات، بەڵام ئەمەش بە مانای ئەوە نایات هەموو پرسەکان بۆ کایەی
سیاسەتکردن و بە سیاسیی کردنی کایەکان کورت بکرێتەوە، ئەگەر قۆناغی
رزگاری بریتی بێت لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و خاوەنی هەڵوێست و پلان و
بڕیاری یەکلایی کەرەوەو ئەجێندای خۆمان نەبین، کەواتا ئەو
دیمۆکراسیەتەیش وا هەموو لایەک ئیدیعای بۆ دەکات، جگە لە جەبری رۆژ،
ناکرێت هیچ جۆرە خوێندنەوەیەکی دیکەی بۆ بکەین! سەرکردەی پارتە
کوردیەکان دەبێت باش ئەوە بزانن: قۆناغی رزگاری و پرسی دیمۆکراتی دوو
رووی دراوێکن، یان پێکەوە گەشە دەکەن، یانیش دەبن بە بڵقی سەر ئاو؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|