په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٢\٢٠١٥

قوتابخانە شیعرییەکانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم لە ئەمەریکا.


نووسین و ئامادەکردنی: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

- بەشی دووەم -

شاعیرانی بیت یان گروپی نەوەی بیت.


گروپی شیعریی بیت لەدەیەی چلەکانی سەدەی ڕابردوو لە شاری نیویۆرک و کەنارەکانی خۆرئاوا سەریهەڵدا، بەڵام لە دەیەی پەنجاکاندا شاری سانفرانسیسکۆ بوو بە ناوەندی ئەو بزووتنەوە شیعرییە. دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم شاعیرانی چەپ وەک ئاڵن کینسبێرگ و گرەی سنایدەر و لۆرەنس فێرلینگتی و گریگۆری کۆرسۆ کەوتنە ڕەخنەگرتن لە کلتووور و سیاسەتی باوی ئەو سەردەمە. ئیتر ئەو شاعیرانە وەکو نەوەی بیت ناسران و ناوبانگیان پەیدا کرد.

 


ئاڵن گیتسبێرگ و جاک کیراوک ١٩٥٥


شاعیرانی بیت خوازیاری ئاڵوگۆر بوون لە هۆشیاری و بەربەرەکانێی ئەدەبی تەقلیدی. نەگونجانی کۆمەڵایەتی و رەادیسیۆنی ئەدەبی ناوەڕۆکی جەنگی شاعیرانی بیتی پێکدەهێنا. شاعیرانی بیت زۆر لەنزیکەوە تێکەڵاوی بزووتنەوەی ڕێنیسانسی سانفرانسیسکۆ بوون وەکو کێنس ڕۆکسرۆس و ڕۆبەرت دنکان. چەقی قورسایی کارکردنی شاعیرانی بیت بریتی بوو لە دژایەتیکردنی پەیڕەوی نەریتی کۆمەڵایەتی و ترادیسیۆنی ئەدەبیی. لەنێو ئەم گروپە لە شاعیران مادەی هۆشبەر و وڕێنەکەریان بەکار دەهێنا تا بگەنە بەرزترین ئاستی ئاگایی وەک ڕامان(تەئەمول)کردن و ئەلتەرناتیڤی سێکسگەرایی و ئایینی ڕۆژهەڵاتی.

لۆرەنس فێرلینگتیی تواناکانی دەخاتە گەڕ و دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوە دادەمەزرێنێ. لەناوەڕاستی دەیەی پەنجاکانی سەدەی بیستەم ئاڵن گینسبێرگ کتێبی "لووراندن و شیعرەکانی تر" بڵاو دەکاتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٥٦ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی "ستی لایتس" ی لۆرەنس فێرلینگتیی بدرێتە دادگا بەبیانووی بڵاوکردنەوەی ناپەسندییەوە. ئەم دەزگایە سەرباری بڵاوکردنەوەی زنجیرەی شیعری گیرفان، لۆرەنس فێرلینگتیی کتێبفرۆشی ستی لایتسی لە شاری سانفرانسیسکۆی دامەزراند کە تا ئەمڕۆش دەرگاکەی بە ڕووی خوێنەراندا ئاواڵایە. کتێبفرۆشی ستی لایتس جێگایەکی گرنگی لە مێژووی نەوەی بیت و شاعیرانی بیتدا هەیە.


نووسەرانی گروپی نەوەی بیت لە ناوەڕاستی دەیەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو لە شاری نیویۆرک دیداریان دەبێ. فیگەرە ناسراوەکانی ئەم گروپە شیعرییە جگە لە ولیەم س، بوروه هەموویان لەگەڵ فیگەرەکانی ڕینیسانسی سانفرانسیسکۆ یەک دەگرن و دەچنە نێو بزووتنەوەی شیعری ڕێنیسانسی سانفرانسیسکۆ. لەدەیەی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو ڕەگەزەکانی پەلهاویشتن و پان و پۆڕبوونەوەی ئەم ڕەوتە شیعرییە خۆی لە ئاوێتەبوون لەگەڵ هیپییەکاندا بینییەوە.

 


شاعیران کاڕڵ سۆڵۆمۆن و پاتییسمیس و ئاڵن گئنئسبێرگ و ولیەم س. بورۆس. کتێبفرۆشی گۆتام شاری نیویۆرک ساڵی ١٩٧٧


شوێنی سەرهەڵدانی گروپی نەوەی بیت زانکۆی کۆڵۆمبیا بوو لە ئەمەریکا. یەکی لە ڕەفتارە سەیر و سەمەرەکانی ئەم گروپە بەتایبەتی ولیەم س، بوروه ڕەفتاری تاوانکارانەی ئەنجامدەدا وەک دزی و بەکارهێنانی مادەی سڕکەر. ساڵی ١٩٤٩ پۆلیس ئاڵن کینسبێرگ لەسەر دزین دەستگیر دەکا و کارڵ سۆلۆمۆن ئەوەندەی کەسێکی ناشاز بوو ئەوەندە شێت نەبووە. گروپی نەوەی بیت دوای زانکۆی کۆڵۆمبیا و گۆڕەپانی تایمز، گرین ڤلج بووە شوێنی چالاکی و نمایشی بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکان. شاعیرانی بیت لەڕوخسارە هەرە دیارەکانی گرین ڤلج بوون لەدەیەی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو. دوای ئەم جێگایانە سانفرانسیسکۆ و پاسیفیک نۆرس وێست دەبێتە جێگای چالاکییان.
 


بیتنیک ساڵی ١٩٥٩


شاعیرانی بیت جگە لەوەی کاری ناقۆڵا و ناشازیان کردووە لەهەمان کاتیشدا هاوڕەگەزبازیش جێگەی خۆی هەبووە لەناو ئەم گروپە. کاریگەرییەکانی سەر شاعیرانی بیت سەرباری ڕۆمانسیزمی ولیەم بلەیک، بریتین لە کاریگەری هەریەک لە هێنری دەیڤد تۆریو و ڕاڵف واڵدۆ ئیمرسن و هێرمان مێرڤیڵد و واڵت وایتمان و ئیدگار ئاڵن پۆ و ئیمیلی دیکنسن و جاک بلاک. سوریالیزمی فەرەنسی و شاعیرانی مۆدێرنی وەک لویس فێردیناند و ئەزرا پاوەند و ولیەم کارلۆس ولیەمز و هیڵدا دولیتڵ جێ دەستی کاریگەرییان بەسەر شاعیرانی بیتەوە دیارە بەتایبەت گرەی سنایدەر و ئاڵن گینسبێرگ. دەستەواژەی نەوەی بیت لەساڵی ١٩٤٨ لەلایەن کێراوکەوە بەکار هێنرا، بەڵام دەستەواژەی بیتلینک “Beatnik” یان ڕۆشنبیریی بیت لە ساڵی ١٩٥٨ لە وتارێکدا هێرب کەین بەکاری هێناوە. هێرب هات پاشگری "نیک" ی رووسی بۆ وشەی بیت زیاد کرد. گروپی بیتنیک هەر تەنها لەئاستێکی بەرتەسکدا نەمایەوە بەڵکو پەلی بۆ ناو بوارەکانی شانۆ و فیلم و ئەنیمەیشن هاویشت و ئەو قوتابخانەیە چەندین کتێبی بەچاپ گەیاند و مۆزەخانەیەکی تایبەت بەو گروپەش لەلایەن جیری و ئستێڵلا سیمینۆ لە ساڵی ٢٠٠٣ لە کالیفۆڕنیا هاتە دامەزراندن. بوونی پەیوەندییەکی نەپچڕاوە و بەهێز لە دەیەی چلەکان و پەنجاکان و شەستەکان لە نێوان شاعیرانی بیت و قوتابخانەی شیعریی نیویۆرک هەبووە. شاعیران گریگۆری گۆرسۆ و ئاڵن گینسبێرگ و ئەمیری بەراکا و جاک کیراوک و ولیەم س بوروس و دایان دی پریما و دایان واکۆسکی و ئانا وٶلدمان و تولی گوتفێربێرگ و ئید ساندەرس و نوریس ئێمبری و کۆمەڵێ تر کە خوێندکاری زانکۆی کۆڵۆمبیا بوون لەوانە شاعیران کۆوچ و ئاشبێری و ئاڵن و کیروک بوون.

قوتابخانەی شیعریی نیویۆرک.


قوتابخانەی نیویۆرک کەلە دەروبەری دەیەی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لە شاری نیویۆرک دەستی پێکرد، پێکهاتبوو لە شاعیران و نووسەران و سەماکاران و مۆسیقار و شێوەکاران. شاعیرانی ئەم قوتابخانەیە بریتیبوون لە جان ئاشبێری و باربەرە گەست و کێنس کوۆچ و فرانک ئۆ هارا. ئەم قوتابخانەیە بە توندی لەژێر کاریگەری سوریالیزم و مۆدێرنیزم بوو. شیعرەکانی ئەم قوتابخانە شیعرییە جیددی بەڵام گاڵتەئامێز بوون. هەوڵیان دەدا هەستی شاریی ئاوێتەی کارەکانیان بکەن. هونەری دەربڕینی ئەبستراکت کاریگەری هەبوو بەسەر ئەم قوتابخانە شیعرییە. شاعیرانی ئەم قوتابخانە شیعرییە لە پەیوەندییەکی توند و بەهێزدابوون لەگەڵ هونەرمەندە ئەبستراکتەکان لەوانە جاکسن پۆڵۆک و ویلیم دیکونینگ و مارک ڕۆسکۆ و ڕۆبەرت مازەروێڵ. نەوەی دووەمی قوتابخانەی نیویۆرک لە دەیەی شەستەکانی سەدەی بیستەم هاتنە پێشەوە بریتیبوون لە تێد بێریگان و ڕۆن پاجێت و ئانا وٶلدمان و جۆ برەینارد. هەروەها شێوەکارانیش بریتیبوون لە هارتیگان و جەین فرێلیچەر و مایکڵ گۆڵدبێرگ و لەری ڕیڤەرس. ئەم هونەرمەند و شاعیرانەش کەوتنە ژێر کاریگەری هونەری ئەبستراکتی تەعبیری و بەرهەمەکانیان ئاوێتەبوون بە گاڵتەئامێزی و ڕوحی هاریکاری. ئەم قوتابخانەیە لە ناوەندی شاری نیویۆرکەوە دەستی پێکرد و گەشەی کرد پەیوەندی بە پرۆژەی شیعریی کڵێسای ساینت مارکەوە هەبوو، ئەو ڕێکخراوە شیعرییەی کە لە ناوەڕاستی دەیەی شەستەکانی سەدەی بیستەم هاتە دامەزراندن.
 


هەندێ لە شاعیرانی قوتابخانەی نیویۆرک


قوتابخانەی شیعریی نیویۆرک تا ئەمڕۆش بەردەوام کاریگەری بەسەر نووسەرانەوە هەیە.ئەو کتێبانەی لەم دواییانە چاپ و بڵاوکرانەوە وەکو کتێبەکانی هەریەک لە دانیاڵ کەین و دەیڤد لێهمان لەڕووی مێژووییەوە بایەخدارن باس لە گرنگی و بایەخی ئەو قوتابخانە شیعرییە دەکەن کە زیاتر لە نیو سەدەیە خوێنەری خۆی لەدەست نەداوە.

 


هونەرمەند جاکسن پۆڵۆک لەکاتی وێنە کێشاندا


سەرئەنجام لە ودبوونەوە لەو گروپ و قوتابخانە شیعرییانەی نیوەی دووەم یان ناوەڕاستی سەدەی بیستەم دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە دەکرێ لە چەند خاڵێکدا چڕیان بکەینەوە:


یەک: ئەم ڕێڕەو و گروپ و قوتابخانە شیعرییانە وەک یاخبوون لە ڕێڕەوی باو و خۆجیاکردنەوە لەو ڕێڕەوە هاتوونەتە بوون.
دوو: وەک وەڵامگۆیەک بە کاولکاری کۆمەڵگەی ئینسانی و بێهیوایی بە دواڕۆژ بەرهەمەکانیان خستۆتە بەر دیدە و بڵاویان کردۆتەوە،
سێ: بەگشتی لە ژێر کارتێکردنی ڕەوتی سوریالیزم و مۆدێرنیزمی ئەوروپی بوون،
چوار: ئەم قوتابخانانە لە لێکهەڵپێکران و پەیوەندی بەهێزدا بوونە لەگەڵ یەکتر و ورد ئایاگان لە ئامانج و بەرنامەی یەکتر هەبووە و تەنانەت هەندێ لە شاعیران لەناو زیاتر لە دوو قوتابخانە چالاکبوونە.
پێنج: کاتی سەرهەڵدانی ئەم قوتابخانە شیعرییانە و تەمەنیان هەمووی لەنێوان سێ دەیەدا بووە. دەیەی چلەکان و پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی بیستەم.
شەش: هیچ کام لەم قوتابخانانە بەتەنها قوتابخانەی شیعریی نەبوونە، بەڵکو قوتابخانەی هونەریش بوون و گەلێ لە هونەرمەندان تێیدا بەشدار و چالاک بوونە.
حەوت: دواخاڵیش ئەوەیە کە بەرهەم و چالاکی هونەری و ئەدەبی ئەم قوتابخانانە توانیویەتی ڕوحی هونەر و شیعریی ئەمریکیی بەهێز بکات و شیعریی ئەمریکیی لەسەر دەستی شاعیرانی ئەم قوتابخانانە گەیشتە ئەم ئاستە لە گەشەکردن و بەرەوپێشچوون.
_____________________________
چەند تێبینییەک:
١- فیستیڤاڵی لەیک ئیدن Lake Eden Arts Festival: ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە هەوڵدەدات لە ڕێگەی فیستیڤاڵێکی هونەرییەوە کلتوورەکان لێک نزیک بکاتەوە و دۆستایەتی نێوان مرۆڤەکان پەرە پێبدات. ئەم فیستیڤاڵە لەساڵی ١٩٩٥ ەوە بووە بە ساڵی دووجار. لە بلاک ماونتین لە کارۆلینای باکوور دێتە سازکردن. ئەم فیستیڤاڵە لە دەیەی پەنجاکانەوە تا ئەمڕۆ بەردەوام ساز دەکرێ.
٢- بلاک ماونتین ڕیڤیوو Black mountain Review: گۆڤاری شاعیرانی پێشڕەوی قوتابخانەی کۆلێژی بلاک ماونتێن بوو کە لە دەیەی پەنجاکاندا ئەو شاعیرانە شیعر و نوسینەکاناین تیدا بڵاو دەکردەوە. زۆربەی شاعیرانی قوتابخانەی بلاک ماونتێن بەرهەمەکانیان لە گۆڤاری ئۆریجن لە نێوان ساڵانی ١٩٥١ – ١٩٥٦ دا بڵاو دەکردەوە، بەڵام ئەو گۆڤارە تینوێتی ئەو شاعیرانەی نەدەشکان، بۆیە هەریەک لە ڕۆبەرت کریلی و چاڕڵس ئۆڵسن دەستیان کرد بە دەرکردنی بلاک ماونتین ڕیڤیوو لە نیوان ساڵانی ١٩٥٤ – ١٩٥٧. ئەم گۆڤارە بەرهەمی زۆربەی ئەو شاعیرە لاوانەی بڵاو دەکردەوە کە دوایی بوون بە سیایەکی ناسراوی شیعری ئەمریکی.
٣- کتێبفرۆشی و دەزگای چاپی ستی لایتس City Lights: شوێنێکی سەربەخۆ کە شوێنی کتێبفرۆشتن و چاپکردنی کتێب بوو لە شاری سانفرانسیسکۆ لە ئەمەریکا. ئەم شوێنە لە ساڵی ١٩٥٣ لەسەر دەستی شاعیر لۆرەنس فێرلێنگتیی هاتە دامەزراندن. ستی لایتس بەڕاستی جێگایەکی سەربەخۆ بوو و خوێنەر و عاشقانی کتێب لە سەرتاسەری ئەمەریکاو جیهان دەهاتن بۆ ئەو کتێبفرۆشە و سەریان لێدەدا. ئەم کتێبفرۆشە تا دێت پەلوپۆ دەهاوێت و گورەتر دەبێتەوە و ئێستا ساڵانە نزیک بە دوو سەد کتێب چاپ دەکات. ئەم ئاوێتەبوونەی چاپکردنی کتێب و فرۆشتنی ئەزموونێکی جوان و دەوڵەمەندە بۆ هەموو خۆشەویستانی کتێب لە سانفرانسیسکۆ و ئەمەریکا.
٤- ڕێبازی بۆهەیمیی Bohemianisim: لە بنەڕەتدا لە هاوڵاتی بۆهەیمی کۆماری چیکەوە هاتووە و بەڵام لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم لە وڵاتی فەرەنسا بە مانایەکی دی بڵاو بۆوە و کە ئەو نووسەر و هونەرمەندانە دەگرێتەوە کە نەریتی ژیانێکی سەیر دەگرنەبەر ئیتر ئەو نەریتە ئاگایانە بیت یان بێئاگایانە. دەستەواژەی بۆهەیمی لەمڕۆدا بەو نووسەر و هونەرمەندانە کە لایەنگری بیرکردنەوەیەکی ئازاد و ڕەهای بێمەرجن و ڕەنگدانەوەی ئەو بیرکردنەوەیەن لە بەرهەمەکانیاندا. ئەم بۆهەیمیانە لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتدا نامۆی بە داب و نەریتی باوی کۆمەڵگە. بۆهەیمی کەسێکە هەمیشە تەنیا و هەژار،بایەخ بە ڕەونەق و جلوبەرگی قەشەنگ نادات و بەردەوام سەرقاڵی هونەرەکەیەتی. باریس خاکی بە پیت بوو بۆ لەدایکبوونی ئەم ڕێڕەوە سەربەستەی ئەدەب و هونەر. تەنانەت گەلێ نووسەری بورژووازی وەک ڤیکتۆر هیگۆ و هینری موجیە بۆهەیمیەت بە شاری پاریسەوە دەبەستنەوە. واتە بۆ ئەوەی بۆهەیمی بیت دەبی پاریسی بیت یان خەڵکی پاریس بیت. بەڵام ئەم بزووتنەوەیە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم لە پاریس ون بوو و لە گەلێ شوێنی تری جیهان و بە زمانی غەیری فەرەنسی سەریهەڵدا وەکو بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئەمەریکا.
٥- هیپیی Hippie: هیپیی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی لە بنچینەدا بزووتنەوەیەکی لاوانە لەنێو قوتابیاندا و بەتایبەتی قوتابیانی زانکۆ لە ناوەڕاستی دەیەی شەستەکانی سەدەی بیستەم لە ئەمەریکا سەریهەڵدا. وشەی هیپیی بۆ وەسفی بیتنیکس بەکات دەهێنرا. نەوەی بیت هیپیی بەکار هێنا. هیپییەکان گوێیان لە مۆسیقای وڕێنەکردن دەگرت و شۆڕشی سێکسیان بەلاوە پەسند بوو و مادەی سڕکەریان بەکار دەهێنا. دواتر لە دەیەی حەفتاکانی سەدەی بیستەم ئەم دیاردەیە لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بڵاو بۆوە. ماهیەتی ئەم بزووتنەوەیە دژ بەهەموو بەهایەکی سەرمایەدارییە. هیپیی بوون دیاردەی نارازیبوون و یاخیبوونە لە بەڕێوەبەرانی کۆمەڵگە و بایەخدان بە جلوبەرگ و بەرژەوەندی مادی و فەرهەنگی بەسەرچوو. لایەنگرانی ئەم بزووتنەوەیە داواکاری جیهانێک بوون پڕاوپڕ بێت لە ئازادی و یەکسانی و خۆشەویستی و ئاسایش. هەروەها پەیڕەوکەرانی ئەم بزووتنەوەیە بەوە دەناسرانەوە قژیان درێژ دەکرد و جلی شپڕێویان لەبەر دەکرد وەک گوزارشێک لە نزیکبوونیان لە شروشتەوە. هیپیی شوێنی ژیانی تایبەتی نییە و بەردەوام لە گەڕان و سوڕاندایە و ئەوەندەش پارەی پێویستە کە بژێت. ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژگار ئەمانیش بەرەو نەمان چوون بەڵام لایەنگرانی ئەم بزووتنەوەیە هەوڵیاندا لە چەندین گروپدا درێژە بە هەناسەی هیپیی بدەن وەک گروپی ژینگەپارێزی و گروپی دژی ئەتۆم و گروپی پشتیوانی لە جیهانی سێیەم و گراپی دژایەتیکردنی جیهانگیریی و گروپی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و جەنگ.
٦- بیتینک Beatnik: بە واتا عەرەبییەکەی یانی (شاژ). بەو شێوازە کڵێشەییە نەگۆرە دەوترێ کە ببووە ڕوخساری زۆربەی نووسەران و هونەرمەندانی نەوەی بیت کە لە دەیەی پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی بیستەم. دەستەواژەی بیتلینک “Beatnik” یان ڕۆشنبیریی بیت لە ساڵی ١٩٥٨ لە وتارێکدا هێربەرت یوجین کەین بەکاری هێناوە. هێربەرت هات پاشگری "نیک" ی رووسی بۆ وشەی بیت زیاد کرد. گروپی بیتنیک هەر تەنها لەئاستێکی بەرتەسکدا نەمایەوە بەڵکو پەلی بۆ ناو بوارەکانی شانۆ و فیلم و ئەنیمەیشن هاویشت و ئەو قوتابخانەیە چەندین کتێبی بەچاپ گەیاند. ئاستی گەشەی ئەم گروپە هەر بە وڵاتی ئەمەریکاوە نەوەستاوە، بەڵکو پەلی هاویشتووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و باشووری ئاسیا. ئەندامانی بیتینک لە شێوازی بەرگ پۆشین و تا دەگاتە بیرکردنەوە لە جیهان و پێداویستییەکانی ژیان خاوەن جۆرێک لە بیرکردەنوەی تایبەت بوونە. ئەم گروپە هیچ پەیوەندییەکیان بە کۆمۆنیزمەوە نەبووە بەڵام دژی دونیای سەرمایەداری بوون و مەیلیان بەلای لایەنگری سیاسەتی لیبڕاڵدا هەبووە.
٧- ویستم لەگەڵ ئەم تێبینیانەدا کورتەیەک لە ژیاننامەی ئەو شاعیر و نووسەرانەی لەم وتارەدا ناویان هاتووە دابنێم، بەڵام بینیم نووسینەکە زیاد لە پێویست درێژ دەبێتەوە و بێتام دەبێت. بۆیە ئەم کارەم بۆ خوێنەر بەجێهێشت تا ئەگەر خۆی ئارەزووی زانینی زانیاری لەسەر هەر کەسێک هەبوو دەتوانی گووگڵی بکات.

_____________________________
سەرچاوەکان:

١- عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ) خانمەکەی نێو ئەم شیعرە ئەنسۆلۆژیای شیعری بیانیی کتێب ئامادە بۆ چاپ.
٢- شیعری هاوچەرخ دکتۆر سکانلۆن وانەی ئینگلیزی ٣٧١ پایزی ٢٠١٠ دەربارەی شاعیرانی بلاک ماونتێن.
http://copof10.umwblogs.org/multimedia-rpt-list/black-mountain-poets
٣- کورتە ڕێنماییەک سەبارەت بە قوتابخانەی بلاک ماونتێن.
http://www.poets.org/viewmedia.php/prmMID/5648
٤- دەربارەی کۆڵیژی بلاک ماونتین.
http://www.ibiblio.org/bmc/bmcaboutbmc.html
٥- کورتە ڕێنماییەک سەبارەت بە شاعیرانی بیت.
http://www.poets.org/poetsorg/text/brief-guide-beat-poets
٦- کورتە ڕێنماییەک سەبارەت بە شاعیرانی گروپی ڕێنیسانسی سانفرانسیسکۆ.
http://www.poets.org/poetsorg/text/brief-guide-san-francisco-renaissance
٧- کورتە ڕێنماییەک سەبارەت بە شاعیرانی قوتابخانەی نیویۆرک.
http://www.poets.org/poetsorg/text/brief-guide-new-york-school

_____________________________

بەشی یەکەم: www.emrro.com/qutabxaneshihriyekan1.htm

 

ناوەڕاستی ٢٠١٤ - ڤانکۆڤەر - کەنەدا

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک