په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١٠\٢٠١٠

قوتابخانە و زانکۆکان پاشکۆی مزگەوت و بارەگاکان نین...!
- لە پێشوازیی دەسپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە کوردستان -


موزەفەر عەبدوڵا


ڕۆژی 15 -9 زیاتر لە ملیۆنو نیویک قوتابی لە سەراسەری کوردستان، لە ساواخانەو قوتابخانە بنەرەتیی و ئامادەیی و پەیمانگەو زانکۆکان دەرگای خوێندن و پەروەردە کردنی زانستی یان ، وەک زۆربەی ووڵاتەکانی تر بۆ کرایەوە، تا بە ھیواو ئومیدی ساڵیکی نۆێی خوێندن و فێربوون و پەروەرد بوون، بە زانست و پەروەردەیەکی ،بە ڕاستی و بابەتیانەو زانستی ھاوچەرخو، لە کەشیکی ئازادو کراوەو ریفاھدا دەسپێبکەنەوە.


دیارە لەگەڵ قوتابیانیش بە دەیان ھەزار مامۆستاو فەرمانبەرو کرێکاری بەشە خزمەتگوزارییەکانی ئەو مەیدانەش بە شێوەیەکی بەردەوامتر و ڕێکو پێکتر ،ڕۆژانە ڕوو دەکەنە سەر کارەکانیان بە ئومێدی پەیداکردنو درێژە پێدانی سەرچاوەی بژێوی و گوزەرانیان،بێ گومان ھەموو ئەمانەش لە سایەی دەسەڵاتی کۆمەڵێ دەستەو تاقمی چەکداری ملیشیایی قەومی -عەشیرەتی و دینی - ئیسلامی سەرکوتگەرو مرۆڤ کوژو تیرۆریستدا.


ھەڵبەت ئەم ڕووداو پرۆسەیە لە دوای 3 مانگ پشووی ھاوین دێت کە زۆربەی ھەرە زۆری قوتابیان و مامۆستایان دەبو ئەو ماوەی پشوو دانە وەک چەندین ووڵات، بە تایبەتی ھەندیک ووڵاتی ڕۆژئاوا ،لە کەشێکی پڕ لە گەشتو گوزارو سەیران و بۆنەی تری پڕ لە خۆشی وشادی و خۆشەویستی و شەیدایی بگوزەرێنن تا توانایی و ئامادەیی یە ھزری و جەستەیی و گیانی یەکانیان بۆ پەروەردەبوونو پەروەردەکردن، فێربوون و فیرکردن و زانست وەرگرتن و زانست دان و داھێنان و...ھتد زیاتر ئامادە بێت.


بەڵام بە داخەوە، ئەمە بۆ زۆربەی ھەرە زۆری قوتابیان و مامۆستایان تەنھا خەونو خەیاڵ بوو ئێستا کە دەگەڕێنەوە بۆ قۆتابخانەو زانکۆکان دەبێت وەک پشووی ھاوینەکە لە پاڵ خوێندندا ڕۆژانە یان ھەفتانە کاتێک دابنێنن بۆ کار کردن بۆ بەردوام بوونی ژیانیان.لەملایشەوە کەمایەتی یەکی کەمی خاوەن دەسەڵاتی سیاسی و سەرمایەداران ،لە مەیدانی بازرگانی و پیشەسازی و موڵکداری و دەیان مەدانی تر، بە دزی و گەندەڵی و ڕیشوەخۆری و فرت و فێڵ و ...ھتد ژیانی فیرعەونانەو ئەسیادەکانی سەردەمی ڕۆمانەکانیان بۆ خۆیان و مناڵ و خێزانەکانیان بنیاد ناوەو لە کام فێرگەو زانکۆ و کۆلیژی بەرزو بەناوبانگ و تایبەتە لە کوردستان و ئەوروپا و ئەمریکا دەخوێنن و رادەبوێرن و تەنانەت زوربەی بەرپرسە حزبی یەکان و ئەندامانی خێزانەکانیان بە زەبری دۆلارو بێ ھیچ خۆماندوو کردنێک شەھادەکانیان وەردەگرن.


ئەم واقعیەتە ئەمڕۆ بۆ ھەر قوتابی و مامۆستاو چاودێریک ڕۆشنە، کە سیستەمی خوێندن لە سەراسەری دونیا ڕەنگ دانەوەو ئاوێنەی ئەو سیستەمە سیاسی یەیە کە لە ووڵاتدا بەرێوە دەچێت. ھەرچەندە سیستەمو دەسەڵاتی سیاسی سیکیویلارو مۆدێرن و ئازاد و کراوە بیت ،و ماف و ئازادی یە فەردی و مەدەنی و ئازادی یە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری یەکان دابینو دەستەبەر بێت، ئەوەندە توانایی یە ھزری و جەستەیی یە خەللاقەکانی قوتابیان و تەنانەت مامۆستایانیش بەرزتر دەبێتەوە.جا ئەگەر ئەو ھیواو ئاواتەی کە مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژوو کارو خەباتی بو دەکات بێتەدی ،کە خۆی لە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی تەواودا ،لە ھەمو ئاستێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا، دەبینێتەوە، ئەوە داھێنان و دۆزینەوەکان لە ھەمو مەیدانەکانی زانست و زانین زۆر سەرسوڕھێنەر تر دەبن.


بەڵام ساڵبەساڵ ھەمومان بە گشتی ، قوتابیان و مامۆستایان بە تایبەتی، بە گۆشتو ئێسکەوە ھەست دەکەین ئەوە نزیک بە دوو دەیەیە لە کوردستان چ ھێزیکی دژی خوێندن و فێرکردنی سیکیولارو مۆدێرن و زانست و زانین باڵی کێشاوە. ساواخانەو قوتابخانەو پەیمانگاکان و و زانکۆکانیان کردۆتە پاشکویی مزگەتەکان و بارەگای حزبە دەسەڵاتدارەکان بە قەومی _ عەشیرەتی و دینی- ئیسلامی یەوە. ئایدۆلۆژیاو بیروباوەری سیاسی وبەناو رۆشنبیری و کەلتوری دواکەوتوانەیان سایەی کردوە بەسەریاندا. سەرەڕای کارو تیکۆشانی سەدان و ھەزاران مامۆستای پسپۆر و ماندوو نەناس و دڵسۆزو خاوەن نەزعەی ئینسانی بۆ دەستڕاگەییشتن وداڕشتن و پیادەکردنی سیستەمیکی کەم تازۆر سیکویلارو و مۆدێرن، بەڵام ھەمیشە لە لایەن ئەو ھێزە دژە سیکیولارو مۆدێرنانەوە راستەو خۆ و ناراستەوخۆ و لە لایەن بەرپرسە حزبی یەکانەوە، چ بە ھۆی ڕێکخراوەکانی مامۆستایان و قوتابیانەوە بەربەرەکانی دەکرێن. لەم بارەوە نمونەی ھەوڵەکانی وەزیری خویندنی باڵا بۆ لانی کەمی ڕیفۆرمی مۆدێرنانە لەو سیستەمە ،ھەر وەک ھەواڵەکان ئاماژەی پێ دەدەن ، بەسە بۆ ئەم واقعیەتە ،بەڵام ھەمیشە ھەزارو یەک ڕێگری بۆ دروست دەکەن.جا ئەم نمونەیە ئەو ڕاستی یە دەردەخات کە بە بێ وەرچەرخانی ڕیشەیی لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی دا ھەرگیز گوڕانی ڕیشەییش لە سیستەمی خۆێندن و فیرکردندا ممکن و مەیسەر نابێت.


بێ گومان گرینگ ترین و گەورەترین ھەنگاو لە ڕێگای ئەو وەرچەرخان و ئاڵوگۆرەش جیا کردنەوەی دین و ھەر ئایدۆلۆژیایەکە ،کە مایەی جوداسازی یە لە نێوان مرۆڤەکاندا لەسەر بنەمای جنسی و قەمی و عەشیرەتی و فکری و سیاسی و ھەر جیاوازی یەکی تر.ھەر وەک چۆن لە بنەمادا زانست و زانیاری وھونەر و ئەدەب و فەلسەفە داھینانی مرۆڤ و ئاکامی کارو ھەڵسوکەوت تاقی کرنەوەو ئەزمونو بیرکرنەوەو خەیاڵ و ئەندێشەی مرۆڤەکانەو ،نابێت ھیچ ڕێگری و قەیدو بەندێکی سیاسی لەبەردەم کار چالاکی و بیرکرنەوەو ئەندێشەو پرسیاری مرۆڤدا دابنرێت ئاواش دەبێت سیستەمی بەرێوەبردن لە ھەمو ڕوویەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری یەوە مرۆڤ بکات بە بنەما و سەنتەر.بەڵام لە چەرخی ئەمڕۆداو لە کراوەترین دەوڵەتەکاندا، ئەوانەی پێیان دەڵێن کۆمەڵگاو دەسەڵاتە زۆر مەدەنی و دیموکراتی یەکانیش لە ڕۆژئاواش کە زۆرێک لە مافەکانی مرۆڤ پارێزراوە بەڵام ھێشتا ئەوانەش سەرەڕای ھەر بانگشەیەکیان لەم بارەیەوە ھەر مرۆڤیان لەسەر بنەمایەکی مرۆڤایەتی یانەی تەواو ئازادو یەکسان ورنەگرتووە بەڵکو لە چوارچێوەی تاکی ھاووڵاتی پێناسەیان کردوەو مافاکانیان بو دیاری کردوە. ئەمەش دیارە ئاکام و کاریگەری ململانێی چینەکانو ناکۆکی یە ھەمەلایەنەکانی چینەکانە کە لە دەوری موڵکداری تایبەتی دەخولێنەوەو ئەمەش جیاوازی لە مافاکاندا بەدوای خۆیاندا دێنێت.


ھەڵبەت لە کوردستانیشدا دەسەڵات زۆر پروپاگاندەی ئەوە دەکات کە مەدەنی و دیموکراسین و مافەکانی مرۆڤ لە سایەیاندا پارێزراوەو دەیانەوی بەم قسە بریقەدارانە کە ئەمرۆ باویەتی ڕای گشتی بخەڵەتێنن و ناڕەزایەتی خەڵکی ئازادیخواز کپ کەنەوە.بەڵام سیاسەت و کردوەکانیان ڕۆژانە بە دەیان جار دەریدەخات کە ئەوانە پروپاگەندەی پوچن بۆ قوتابیان و مامۆستایان و خەڵکی.


کردەوەکانی دەسەڵاتداران ھەر لەوەی کە بە زۆر ئیسلام و ئایدیۆلۆژیاو سیاسەتی حزبە دواکەوتوەکانیان سپاندوە بەسەر مامۆستایان و قوتابیان و ھەزار شورتو شروتیان داناوە بۆ وەرگرتنی قوتابی وەرگرتنی مامۆستایان بە تایبەتی وەرگرتنتان بۆ خویندنی باڵا و چونەدەرەوەی ووڵات و گواستنەوەی مامۆستایان لە نێوان شارو لادی لەسەر ئینتیمای حزبی و واسیتەو واسیتەکاری. ھەروەھا گرینگی و کۆمەکی ھەمەلایەنەی لە رادەبەدەر بە خوێندنگاو زانکۆ تایبەتی و ئەھلی یەکان لە پێناوی سەرانی دەسەڵات خۆیان و مناڵەکانیان، تا دەگاتە سەپاندنی سیاسەتی ڕێکخراوەکانیان ،وەک مامۆستایان و قوتابی و خوێندکارانی پارتی یەکێتی و خۆ سەپاندن و لاف لێدانی بەرپرسەکانی ئەم رێکخراوانە بەسەر قوتابیان و مامۆستایان و گەندەڵی سەرسسورھێنەر لەناویاندا وەک لوشکردنی 60 ملێۆن دینار لە لقی یەکێتی قوتابیانی سۆران لەم مانگەدا. ئەوە جگە لە جیاوازی یەکی ئاشکراو خەیاڵی لە ڕووی پێگەو ئاستی ئابووری و کۆمەلایەتی یەوە ئەمانە، ھەموی وای کردوە کە ڕۆژانە نارازایەتی یان شەپۆڵ بدات بە شێوەی جۆراوجۆر لە شارو شارۆچکەکان وتەنانت لادێکانیش.ئیتر ناڕەزایەتی یەکان مەرج نی یە ھەر لەسەر سەرکوتی سیاسی ئەم حزبانە بوبێت بو ئەم دوو توێژەی کۆمەڵگا یانی قوتابیان و مامۆستایان .بەڵکو لەسەر دەیان داواو خواستی تر بوونە وەک کەمی بینای قوتابخانەو زۆری و ئاپۆرەیی قوتابیان لە پۆلێکداو و کەمی مامۆستا، بە تایبەتی لە لادێکانداو .یان زۆر جار مناڵان نەچوونەتە دەوام لەبەر نەبوونی مامۆستاو بینای قوتابخانەو،ھەروەھا گرفتی نەدانی دەرماڵەو نارێکوپێکی و بێ پرەنسیپی لە دانی موچەی مامۆستایان. وەک ئەو ڕووداوەی کە لەم مانگەدا لەبەردەم بانک لە سلێمانی لە کاتی وەرگرتنی موچەی مامۆستایان رووی دا .کە پۆلیس کەوتنە دارکاری چەند مامۆستا و، ئەمانەش بوە ھۆی نارازایەتی دەربرین لە ڕێگای دەرکردنی بەیان لە لایەن ڕێکخراوی مامۆستایانی سەردەمەوە. ھەتا دەگاتە دەیان گیروگرفتی تری قوتابیان و مامۆستایان کە ناکرێت لێرەدا بە تەواوی ئاماژەی پێ بدرێت.


ئەمانە ھەمووی وەک دەڵێن مشتێکن لە خەروارێک لە گیرو گرفتەکانی ڕۆژانەی قوتابیان و مامۆستایان.ئەوە لێرەدا من ناچمە سەر کێشەو گیروگرفتی دەیان و سەدان و ھەزاران فەرمانبەرو کرێکاری خزمەتگوزاری و کاسبکارانی فرۆشگای قوتابخانەکان و...ھتد


بەڵام ھەروەک بۆ زۆربەمان ڕۆشنە کە قوتابیان، بە تایبەتی لە قۆناغەکانی ئامادەیی و پەیمانگەو زانکۆکان،ھەمیشەو بە درێژایی مێژوو توێژێکی گرینگی کۆمەڵایەتی بوونە کە لایەنگرێکی جدی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و سیکیولاریزم و مودێرنیزم بوونە. دیارە ئەمەش بە بروای من راستەوخۆ پەیوەندی ھەیە بە پێگەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسین و ھاوکات سایە کردنی زانست و زانیاری کاریگەری ھەیە لەسەر دیدو بۆچوون و لێکدانەوەو لێکۆلینەوەیان بۆ دیاردەو ڕووداوەکانی کۆمەڵگاو سروشت . ئەوە جگە لەوەی ھەمیشە نەوەی نوێ و تازە ھەڵچوو و لاوو گەنج پڕ شۆرو شەوق و ئامادە باشن و بگرە زۆر جار دەبن بە توخمی چالاک لە ھەر گۆڕان و وەرچەرخانێکدا ... ھتد .جا ھەر ئەم پێگەیەشیان وای کردوە کە ھەمیشە لە پاڵ چینی کرێکارو بزوتنەوەی کرێکاری بە گشتی و بزوتنەوەی سۆسیالیستی وکۆمۆنیستی ڕابوەستن و ھەڵسوراوان و رابەرانی زۆریان لێ سەرھەڵبدات و چارەنوسیان لەگەڵ بزوتنەوە ئەسڵی یەکە،یانی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی گرێ بخوات .ھەر بۆ نمونە کاریگەری ئەم توێژە لە دەیەکانی کۆتایی شەستی سەدەی رابردوو لە ئەوروپا، کە لە فەرەنسەوە سەریھەلدا لە ئایاری 1968 لە مێژوودا زۆر ئاشکراو دیارە.تەنانەت ئەمرۆ لە ووڵاتێکی وەک ئێرانی ژێر سایەی کۆماری ئیسلامی تیرۆریست لە نارەزایەتی یەکانی دژی رژێم قوتابیان ڕۆڵی بەرچاوو سەرەکیان ھەیە تیایداو زانکۆکان بونەتەیەکیک لەکوانووی بزوتنەوەی شۆڕشگێری.


ھەر لەم روەشەوە بووە ھەمیشە دەسەڵاتی سیاسی بە پیی ماھییەتی چینایەتیان ھەمیشە لەسەرەتاوە لە ھەوڵی ئەوەدابوونە کە ئەم توێژە بکەنە ئامرازی دەستی خۆیان.لەمبارەوە ئەم دوو دەیەیەی کە جیھان بە گشتی زۆر بە لای ڕاستدا وەرچەرخا بینیمان و تا ڕادەیەک ئێستاش دەبیینین چۆن بزووتنەوەی ناسیونالستی و ئیسلامی سیاسی ھەوڵی داوە قوتابیان بکاتە ژێر سایەی ئاسۆکانی خۆیانەوەو ھەروەک سەرانی ئەو حزبانە دەڵێن بیانکەنە سەرە نێزە بۆ ئامانجە کۆنەپەرستەکانیان و ناوەندەکانی خوێندنگاو فێرگەکان بکەنە مەڵبەندی ھەڵسوڕانی خۆیان ،ھەروەک چۆن لە زۆربەی دەیەکانی سەدەی بیست لە زۆربەی ووڵاتانی جھان لەوانە کوردستانیش قوتابخانە ئامادەیی و پەیمانگاکان و زانکۆکان ببونە مەڵبەندی گەشەی بیرو بۆچون و بزوتنەوەی چەپ و مارکسیستی.


جا ئێستاش کە چەند ڕۆژێکە دەرگای قوتابخانەو پەیمانگەو زانکۆکان کراوەتەوە بەڕوویاندا پێویستە لەسەر قوتابیان و مامۆستایان ،ھەروەھا لەسەر ھەموو ئەو فەرمانبەرو کرێکارە خزمەتگوزاریانەی لەو مەیدانە کار دەکەن، ھەروەک چۆن خۆیان بۆ خویندن و فێربوون و وانە وتنەوەو کارکردن ئامادە کردوە، ئاواش ئامادە بن بۆ ئەوەی لەمساڵیش، بەھۆی مانەوەی ھەمان دەسەڵاتی جیاوازیسازو سەرکوتگەرو دواکەوتووی عەشیرەگەرو ئیسلامی یە وە،ئامادە بن بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دەسەڵاتداران و ھاوپەیمانەکانیان و، رێگە نەدەن سیاسەتەکانیان بسەپێنن بەسەریاندا .بە تایبەتی لە ڕێگای ڕێکخراوە بەناو جەماوەری یەکانیانەوە .وە سەرەڕای ھەوڵدان بۆ فەراھەم کردنی خواستەکانیان، چ لە رووی دابین کردنی ھەمو پێویستی یەکانی خوێندن و فێرکردنی ھاوچەخ و پێویستی یە دارایی یەکان و فنی یەکان و خانوو بەرەو بەشی ناووخۆیی لەبارو دەیان خواستی تر ،ھاوکات خەبات بکەن و ناڕەزایی دەرببڕن لەبەرامبەر زاڵ کردنی فەزای کۆنەپەرستی ئیسلامی و قەومی عەشیرەتی ھەردوو حزبی ملیشیایی پارتی و یەکێتی .ھەروەھا بە گرینگی زانینو لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە لانی کەمی ھیچ داواو خواستێک مەیسەر نابێت ئەگەر بە ڕادەی پێویست خۆیان ڕێکخراو نەکەن.وە لە پاڵ بە گرینگ دانانی ھەر خواستێکی کۆمەڵایەتی و ئابوری، بەرزکردنەوەی ئاڵای بەدی ھێنانی سیستەمێکی سیکیویلاو و مۆدێرن زۆر زۆر گرینگە تا ڕێگا بگیرێت لەوەی کە چەندین ساڵە قوتابخانەو زانکۆیان کردوە بە پاشکوی مزگەوت و بارەگاو بەزۆر سەپاندنی وانەی ئیسلام و رێورەسم و کەلتورەکانی و ھەروەھا بەزۆر سەپاندنی سیاسەتی حزبەکانیان و برەودان وسەپاندنی کەلچەرو دابونەریتی جوداسازی جنسی و قەومی –عەشیرەتی و دواکەوتوانە.


1\10\2010

ماڵپه‌ڕی موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا