٢۴\٥\٢٠١٠
رابەرانی ناڕەزایەتییهکانیش
پێویستە هەوڵەکانی خۆیان یەکخەن و ڕێکخەن.
- لە پەڕاوێزی کۆبوونەوەکەی
هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکیتی -

موزەفەر عەبدوڵا
دوای نزیک بە دوو هەفتەیەک و شەپۆڵێک لە ناڕەزایەتی دەیان هەزاری
جەماوەری لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان ، هەروەها نوسین و دەرکردنی
هەزاران بەیان و وتارو ڕاگەیاندنی جۆراوجۆر، لە دژی تیرۆری سەردەشت
عوسمان و تاوانبار کردنی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان، بە تایبەتی پارتی،
و فشار هینان بۆیان بۆ کەمترخەمی و پشتگوێخستنی داواکانی جەماوەر،
هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکیتی لە هەولیر کۆبونەوە بۆ تاوو توێ
کردنی بارودۆخەکەو یەکخستنی هەڵویستیان لەبەرامبەر ناڕەزایەتی یەکانی
جەماوەر .بە تایبەتی پارتی لەم کۆبونەوەیەدا توانی فشار بۆ یەکێتی
بێنێت تا هاوهەڵویستی کات بۆ رووبەروو بونەوەی لەگەڵ ناڕەزایەتی یەکانی
جەماوەرو هێوکردنەوەی بارودۆخەکە. هاوکاتیش یەکێتی لە ژیر لێوەوە
پاشگەز بونەوەی خۆی راگەیاند لەسەر دەکردنی ئەو بەیانەی کە پشتر
مەکتەبی سیاسی یەکیتی دەری کردبو لەسەر کوشتنی سەردەشت کە لەوێدا
بەرگری لە ئازادی سیاسی کردبوو. بەهەر حاڵ لە ڕوویەکەوە ئەم
هاوهەڵوێستی یە و یەک خستنی هەوڵەیان لە قسەکانی مەلا بەختیاری قسەکەری
مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەدەرکەوت بۆ بەرگری لە پارتی و دژی نوسینەکانی
سەردەشت عوسمان.هەڵبەت مەلا بەختیار بە نەفامی بێت یان نا، بەڵگەیەکی
زیاتری دایە دەست جەماوەر کە پارتی لە پشتی ئەو تیرۆرەوەیەوە، کە گوایە
سەردەشت تەعەدای ناموسی کردۆتە سەر بنەماڵەی بارزانی. ئەمە وێرای قسە
کۆنەپەرستەکانی تری لە دژی ئازادی سیاسی و مافە مەدەنی یەکانی تری
خەڵکی کوردستان.
بەڵام سەرەرای هەر ئەنجامگیری یەکی تر پێویستە ئێمە ئەو ئەنجامگیری یە
سیاسی و عەمەلی یە لەو کۆبونەوەیە بکەین کە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار
مەبەستی سەرەکیان ئەوەیە کە بەهەر شێویەک بێت، ئیتر بە چاووڕاو و دەستی
دەستی و تەفرە دان بێت،یاخود بە ترس و تۆقاندن و ڕێگەگرتن بێت ، بەر بە
توڕەیی و ناڕەزایەتی یە جۆراوجۆرەکانی جەماوەر بگرن و بارودۆخەکە هێور
کەنەوەو وەعدە وەعید بدەن بە خەڵکی کە گوایە دەسەڵاتداران وێرای ئەوەی
کوشتنی سەردەشتیان ئیدانە کردوەو دڵگرانن بەو کارە ،هاوکات ئەوان خۆیان
بە بەرپرس دەزانن لە دۆزینەوەی بکوژان ، بەڵام ئەم کارەش ئاوا ئاسان نی
یەو لە شەوو ڕۆژێکدا ناکرێت و لێژنەی تەحقیقی و دامودەزگا بەرپرسی و
پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپاردوە تا تاوانباران دەستگیر کەن و بدەنە دادگا.
دیارە ئەوە بۆ هەموو لایەک ڕۆشنە کە ئەم دوو حزبە ڕێکەوتنێکی ستراتیژی
لە نێوانیاندا هەیەو ئمزا کراوە کە دەبێت لەسەر هەر رووداوێک
هاوهەڵوێست بن. بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بە ڕووداوی بەم شێوەیەوە
هەیە کە جەماوەر وا لێدەکات بڕژێنە سەر شەقامو نارەزایەتی دەربڕن و
کوردستان و جهان ئاگادار کەنەوە.
بۆیە ئیتر دەبێت ئەم خاڵە کە زۆر گرینگە لە کۆبونەوەکەیان بۆ ئێمە رۆشن
بێت ئەوانە کۆبونەوەیان نەکردوە تا بکوژان و تاوانباران بدۆزنەوەو
بەرگری لە ئازادی سیاسی و ڕۆژنامەنوسی و شتی لەو جۆرە بکەن، بەڵکو
مەبەستی یەکەمی ئەم کۆبونەوەیە وەک ئاماژەمان پێدا تەنهاو تەنها
یەکخستنی هەڵوێست و هاوکاری یەکترە بۆ ڕووبەرووبونەوەی نارەزایەتی
یەکانی جەماوەرو کپ کردنەوەی بەهەر نرخێک بووە. تەنانەت ئەگەر بە ڕشتنی
خوێنی دەیان و بگرە سەدانی وەک سەردەشتیش بێت. جا ئەم هاوهەڵویستی و
هەشەو گوڕەشانە لە بەیانەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی و ناوەندی ڕاگەیاندنی
پارتی و بەیانەکەی ڕۆژنامەی خەبات و تەنانەت پەیامەکەی مەسعود
بارزانیشدا هاتبون ،وێرای وەعدە و وەعد دان باس کردن لە ناسکی بارودۆخ
و سود وەرگرتنی دوژمنانی گەلی کوردو کوردستان ،هاوکات هەڕەشەی خۆیانیش
بەیان کردبوو لە جەماوەری ناڕازی و چەتە و باندە چەکدارە ملیشیایی
یەکانیان ئاگادار کردۆتەوە بۆ ڕووبەڕوونەوەی جەماوەر.
جا وەختیک ئەوانە ئاوا بە ئاشکرا هەڵوێستیان یەک دەخەن لە هەموو
ڕوویەکەوە، سەرەڕای هەر جیاوازی یەکی سیاسییان، ئەوە پێویستە ڕابەرانی
ناڕەزایەتی یە جەماوەری یەکانیش، ئیتر ڕۆژنامەنوسان ،رۆشنبیران ،
نوسەران ،بەرگریکارانی مافی مرۆڤ و ئازادی سیاسی یەکان، یان رابەران و
لێپرسراوانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بن یان ڕابەران و
هەڵسوڕاوانی حزبی بن بە جیاوازی بیرورایان و بە بێ هیچ ڕاڕایی و دوو
دڵی و سڵەمینەوەیەک لە ترس و تۆقاندن و هەرەشەو تەفرە دان بە ناسکی
وەزع و پێک هێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوەو بە دوادا چون و هەوڵدان بۆ
دەستگیر کردن و دادگایی کردنی تاوانباران، پێویستە هەڵوێستی یان یەک
خەن وناڕەزایەتی یەکان ڕێکخراوتر و سەراسەری تر و توندوتۆڵتر کەنەوە تا
ئەو ڕادەیەی لەهەر کاتێک دا کە پێویست کات پلانی پێویست داڕێژن و
پیادەی بکەن.
بۆ نمونە پێویستە دەیان تۆڕی پەیوەندی جۆاروجۆر پێک بێنن و خواستەکان
ڕوون تر و ئاشکرا تر کەن تا ئەو ڕادەیەی لەهەر لەحەزیەکدا خۆپیشاندانی
سەراسەر یان مانگرتنی سەراسەری لەسەرتاسەری کوردستان و دەرەوە ڕابگەیەن.
تا ئەو جیگەیەی دەسەڵات ناچار دەرکرێت یان تاوانبارانی ڕاستەقینە
بدۆزریتەوە و ئاشکرا بکرێت و دادگایی بکرین. یان ئەگەر خۆیان ،یانی
پارتی دەستی لەم تاوانەدا هەبووە ئەوە دان بەتاوانەکەیان بنین و
تاوانباران ئاشکراو بکرین و دادگایی بکرین .تەنانەت پیویستە هەموو
ئەوانەش کە بەهەر پلەیەک کەمترخەم بوونە لەوەی ئەو ڕوداوە ئاوا بە
ئاسانی ڕوو بدات بەرەو رووی لێپرسینەوە بکرینەوە. بۆ نمونە بەرێوەبەری
ئاسایش و راگری کۆلیژەکەی سەردەشت و ئەو چەکدارو پاسەوانانەی کە چاوپان
لە ڕفاندنی سەردەشت بوە تا وەزیری ناوخۆ . ئەوە جگە لەوەی چاودێران لە
ئاستی ناوەوەو دەرەوەی کوردستان بروایان وایە کە هەموو شواهد و
موشاهەداتە واقعی یەکان و خۆ نواندنەکانی سەرانی پارتی و قسەکانی مەلا
بەختیار ،بەڵگەی ئەوەن و ئەوە دەسەلمێنن کە پاراستن و مەسرور بارزانی
دەستی لەو کارەپرتاوانەدایە. جا لە کەشف بوونی ئەمەشدا پێویستە هەموو
ئەوانە ئاشکرا بکرێن و بدرێنە دادگا.
واقعییەت ئەوەیە کە هەر کاتێک و لەهەر شوێنێکی ئەم جهانە هەر تاوانێکی
بچوک یان گەورە گەر دەسەڵات یان هێزی سیاسی لە پشتی یەوە بێت ئەوە
هەرگیز بە ئاسانی ئاشکرا نابیت و بە پێی یاسا و لە چوار چێوەی پرۆسەی
یاسایی دا ئاشکرا نابیت ،بە تایبەتی یاسایەک وەک ئەوەی لە سایەی
دەسەڵاتی ئەم حزبانەدا بونی هەبێت. کەشف کردنی تاوانبارانی لەم جۆرە
پەرچە کردارو هەماهەنگی سەراسەری زۆر جدی و عەمەلی لە رابەرانی سیاسی و
جەماوەری ئازادیخواز دەخوازێت.
حاڵی حازر لە زۆر شوێن لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان لە نێوان شارەکان و
نێوان تۆڕە جۆراوجۆرەکان جۆرێک لە هاوکاری و هاوهەوڵی و جۆرێک لە
ڕێکخستن هەیە بۆ ئەنجام دانی ناڕەزایەتی یەکان. بەڵام پێویستە ئەمانە
بگاتە ڕادەی یەک هەڵویستی و هەماهەنگی و هاوکاری و ڕیکخستنی باڵا وەک
چۆن هەردوو حزبەکە لە ئاستی سەرەوە دادەنیشن و هەڵوێستیان یەک دەخەن .
دیارە لە پرۆسەی پێشەوە چونی کارەکان لە ئاستی سەراسەری ڕەنگە داخوازی
یەکانیش بگۆرێن و بگاتە ڕادەی ئەوەی داخوزای وازهینانی بەرپرسە
بەرزەکانیش، هەتا دەگاتە مەسعود بارزانیش بەرزکریتەوە.کە هەر ئیستا لە
نوسین و وتاری جۆراوجۆر ئەم خواستە بەرزکراوەتەوە. تەنانەت ڕەنگە
بارودۆخێک بێتە پێشەوە ئیتر ببێتە ڕووبەڕوی بوونەوەی یەکجاری جەماوەری
ئازادیخواز و دەسەڵاتی سیاسی پارتی و یەکیتی و جۆرێک لە ڕاپەڕین لە دژی
دەسەڵاتی گەندەڵ و دژی ئازادی یەکانی جەماوەر.
پێویستە ئەوەمان لا ڕۆشن بێت کە هیچ خواست و دروشم و تەنانەت تیۆری
یەکیش چەند بەرهەق و ڕاستیش بێت لە خۆڕا تەحقیق نابیت ئەگەر نەگۆردێت
بۆ بزوتنەوەیەکی توندو تۆڵی ڕێکخراوی جەماوەری بەرفراوان و سەراسەری .
وە ئەمە یەک یاسای دیالەکتیکی و مۆتیڤی کۆمەڵگای هاوچەرخە.
23\5\2010
ماڵپهڕی موزهفهر عهبدوڵا
|