په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١٢\٢٠١١

ته‌وه‌ری ''ئایه‌ په‌رله‌مانی کوردستان سه‌رسه‌خت و لامله‌ یان کارتۆنییه‌ یان ئاسایی و له‌باره‌؟''.

 

رابەر رەشید:

پەرلەمانی کوردستان پەرلەمانێکی حیزبییە و جگە لە خواستی خودی بەرپرسانی حیزبەکانیان بەولاوە، گوێ بە هیچ پرۆژە و راوبۆچوونێکی جەماوەری گەل نادەن و ئامادەش نین گوێی لێبگرن.

سازدانی: ئه‌مڕۆ


بەڕێزان لە تەوەری "ئایه‌ پەرلەمانی کوردستان سەرسەخت و لاملە، یان کارتۆنییە، یان ئاسایی و لەبارە؟
 

وێڕای سڵاو و رێزی بێپایانم، بە هیوای سەرکەوتنی هەنگاوە پیرۆز و پڕ لە دڵسۆزییە نەتەوایەتییەکانتان.
 

بەڕێزان: من لە نامەیەکی پێشووتریش رای تایبەتی خۆمم، سەبارەت بەم پرسە دەربڕی، هەرچەندە ئێستا ناوەڕۆک و دەقی نامەکەم لەیاد نەماوە، بەڵام پوختەکەی ئەوەبوو کە " وا باشترە بە زمانی لۆژیک مامەڵە لەگەڵ پرسەکەو رەوتی رووداوەکاندا بکەین و هەوڵی ورووژاندنی هەستی ئەوانە نەدەین کە بە وشەو دەستەواژەی تا رادەیەک توندوتیژ نیگەران دەبن و لەجیاتی هاوکاریکردن و هاتنە سەرخەت، بە رقدا دەچن و لەوانەیە دژایەتی هەنگاوەکانیش بکەن".

بەهەرحاڵ، من لە ئێستاشدا هەر هەمان بۆچوونم هەیە کە: بێگومانم لەوەی کە چ پەرلەمانی کوردستان، وەکو پێکهاتەو چ خودی پەرلەمانتارانیش وەکو تاک، وابەستەو دەروێشی حیزبەکانیانن و بەدەر لە فەرمان و ئامۆژگاری و رێنمایی حیزبەکانیان، ناتوانن هەنگاوێک ئەولاتری بەرپێی خۆیان ببینن، خۆئەگەر بشیبینن، ئەوا بوێری ئەوەیان تێدا نییە جوولەی بۆ بکەن، کەواتە دیسان بە دڵنیاییەوە، پەرلەمانی کوردستان پەرلەمانێکی حیزبییە و جگە لە خواستی خودی بەرپرسانی حیزبەکانیان بەولاوە، گوێ بە هیچ پرۆژە و راوبۆچوونێکی جەماوەری گەل نادەن و ئامادەش نین گوێی لێبگرن. ئەوەی دەیڵێم، نە زێدەڕۆییەو نە رستەی شۆڕشگێڕانەی بەرهەڵستکارانەو بریقەداریشە، بەڵکو واقیعێکی حاشا هەڵنەگرە، نەک پێکهاتەی پەرلەمانی ئێستا، بەڵکو لە یەکەم پێکهاتەی پەرلەمانی کوردستانەوە، هەروایەو هەرواش دەبێت، تاکو حیزب بڕیار بەدەستی یەکەم و کۆتایی بێت.

دەکرێ لە جیاتی دەستەواژەی سەرسەخت و لامل، دەستەواژەی دیکە بەکاربهێنرێت، وەکو پەرلەمانێکی حیزبی و گوێنەدەر بە خواستی جەماوەر، چونکە دەستەواژەی، یان زاراوەی "سەرسەخت" بە تێگەیشتنی من بۆ کەسێک، یان لایەنێکی شۆڕشگێڕ دێت، نەک پێچەوانەکەی. کەواتە بۆ جارێکی دیکەش بە دڵنیاییەوە: پەرلەمانی کوردستان، خۆتان وتەنی"هەر لە بنەڕەتەوە بە هیچ جۆرێک پابەست نییە بە گەل"، هەرکاتێکیش حیزبەکانیان بکەونە مەترسییەوە، هەزارجار گەل و نەتەوەو پیرۆزییەکانیشی دەکەنە قوربان، بە پەرلەمان و حکومەتیشەوە، وەکو لە شەڕی نێوانیاندا بە چاوی خۆمان بینیمان و تاڵاوەکەیشیمان چەشت. بۆیە هەمدیسان بە دڵنیاییەوە، بە بۆچوونی من پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانێکی تەندروست نییە، چونکە سیاسەت و بۆچوون و هەڵوێستەکانی خودی حیزبەکان تەندروست نین، ئیدی چۆن ئەندامە دانراوەکانیان لە شوێنێکی وەکو پەرلەمان خاوەن ئیرادەو بڕیاری خۆیان دەبن؟!. قەتیش پێموانییە بەم هەڵوێست و ئاراستەیەی ئێستاکە، پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانێکی ئاسایی و لەبار بێ، ئەویش لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە کە ئاماژەم پێدان.

سەبارەت بەوەی کە هەڵوێستی خەڵکی کوردستان، بەرامبەر پەرلەمانی کوردستان، دەبێ چۆن بێ؟. بۆ ئەمەیان دەڵێم: لەبەرئەوەی هەتا ئێستا خەڵکی کوردستان، خاوەن ئیرادەی خۆیان نین و زۆرینە پابەندی بڕیارو بەرژەوەندیی حیزبەکانیان و لەناو حیزبەکانیشدا بنەماڵەکانن، بۆیە ئەوەی لە ناو خەڵکی کوردستاندا دەمێنێتەوە کەمینەیەکی کەمن، هەروەکو ئەو کەمپینەی کە بەناوی "کەمپینی هەڵمەتی راپرسی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان"مان کرد، تەنها ئەو ژمارە کەمە واژۆیان لەسەر کەمپینەکە کرد، کە ئەوەیان جێگای داخ و نیگەرانییەکی زۆربوو، چونکە ئەو ژمارەیە بۆ راپرسییەکی وا چارەنووسساز، ژمارەیەکی زۆر کەمە، هەرچەندە بەلای خودی خۆمەوە، راوبۆچوونی یەک مرۆڤیش سەنگی خۆی هەیە، بەڵام چی لە بەناو پەرلەمانێک بکەم کە خۆتان وتەنی: ئەندامەکانی وەکو بەردی شەترەنج لەلایەن حیزبەکانیانەوە جوولەیان پێبکرێت!!

وەکو کەسێکی واقیعبین راشکاوانە دەڵێم: تا ئێستاشی لەگەڵدابێ، بڕیار بڕیاری حیزبەکانە، نەک خەڵکی کوردستان، چونکە تا ئێستا نە هیچ کەس و لایەنێک و نە هەتا رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیش توانای دروستکردنی "رای گشتی"یان نییە، هەر گەلێکیش هێزێکی جەماوەری لەناخیدا نەبوو، بتوانێ رای گشتی دروست بکات، کەواتە خاوەنی خۆی نییەو ناشتوانێت لە رووبەڕوونەوەی رووداو و پێشهاتەکاندا بڕیاری یەکلاییکەرەوەی هەبێت و هێزەکانی دیکەش بیخەنە نێو کایەی حیسابەکانی خۆیانەوە. بۆیە پێموایە هۆشیارکردنەوەی بەردەوام و زیاتری خەڵکی کوردستان و تێگەیاندن و تێگەیشتنیان لە هەقیقەتی حیزبەکان، مەرجی هەرە لەپێشی هەڵوێستەکانی ئاییندەی خەڵکی کوردستانە، لە هەمبەر پرسە چارەنووسسازەکان.

ئەوەش ناشارمەوە کە خەڵکێک بە فیتووی حیزبێکی تاسەر مۆخ کۆنەپەرست و دوژمن بە دۆزی کوردی وەکو یەکگرتووی ئیسلامی بکەوێتە هەلەکە سەماو زۆرێک لە بەناو رۆشنبیرەکانیش کاتی خۆیان بۆ تاوانبارکردنی هێزو خەڵکی دیکە تەرخان بکەن و بیانەوێ پاساو بۆ سووتاندنی شوێنی مەیفرۆشی و شێلان و بارەگا و نازانم چی و چی بهێننەوە، هێشتا ئەو خەڵکە زۆری ماوە بە هۆش و مێشک و رەوشت لە کۆتوبەندی حیزبایەتی رزگاریان بێت و ببنە خاوەن بڕیاری خۆیان.


بەڕێزانم: ئێمە با واقیعییانە بیر بکەینەوەو فێڵ لە خۆمان نەکەین، من کە خۆم یەکێک بووم لە ئەندامانی ئەو لیژنەیەی کە واژۆکانیان گەیاندە پەرلەمانی کوردستان، هەتا لەکاتی بردنی واژۆکانیش، تۆزقاڵێک باوەڕم بەوە نەبوو کە پەرلەمانی کوردستان بە ئەرێنی وەڵاممان بداتەوەو رێز لە واژۆکانمان بگرێت، بەڵام بەشداریکردنم لەو ئەرکە، ئەنجامدانی ئەرکێکی رەوشتییانەی نەتەوایەتییانە بوو و لەو گۆشەنیگایەوە سەرچاوەی گرتبوو کە "کردە پەشیمان بم، نەک نەکردە پەشیمان"، چونکە من وەکو خۆم رێز لە راوبۆچوونی تاکە کەسێکیش دەگرم، ئەگەر بۆچوونەکەی دژی بۆچوونی منیش بێت. من وەکو خۆم بڕوای تەواوم بە سەربەخۆیی کوردستان و سەربەخۆیی پەرلەمان و حکومەت و سەرجەم کایەو جومگە هەستیارەکانیان هەیەو تا سەر ئێسقانیش نەفرەت لە سیاسەتی تەسکی حیزبایەتی و بەرژەوەندخوازی دەکەم و هەر لەو پێناوەشدا باجی زۆرم داوە، بەڵام بۆ پێکهێنانی کەمپین و خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین دژی داگیرکەرانی کوردستان و هەتا خودی حیزبە بەرژەوەندخوازەکانیش چ بە نووسین و چ بە کردار هەڵوێستم هەبووەو بەردەوامیش دەبم لەسەری و لەو هەنگاوانەشمدا منەت بەسەر کەسیشەوە ناکەم، چونکە بڕوای تەواوم بەوە هەیە کە ئەوە راپەڕاندن و ئەنجامدانی سادەترین ئەرکی سەرشانمە، وەکو مرۆڤێکی کورد. هیواداریشم ئەم قسانەم بە رەشبینی و کۆڵدان و خۆبەدەستەوەدان بە ئەمری واقیعی ئێستای باشووری کوردستان لێکنەدرێتەوە، چونکە پێچەوانەکەی راستە، بەڵام ئەوەی دەیڵێم: زۆر واقیعیانە و راشکاوانەیە و هەرچییەک و هەرچەندێکیش بکەین و بکۆشین، هێشتا بە لای منەوە هیچمان نەکردووە و نابێ کۆڵ بدەین و خۆمان بەدەستەوە بدەین. بۆیە وەڵام نەدانەوەی پەرلەمانی کوردستانیش بەو داخوازییە رەوایەی ئەو ژمارە کەسە دڵسۆزە کوردستانییە، بەلامەوە شتێکی ئاساییە و هەر ئەوەش لە پەرلەمانێک چاوەڕوان دەکرێت کە تا ئێستا جگە لە کارنامە (ئەجێندا)ی حیزبایەتی بەولاوە، هەنگاوێک بەلای پرسە نەتەوایەتییەکانەوە نەچووەو ئەوەی سەرۆکی حیزب و دیوەخانی حیزب دەیڵێ، ئەوانیش هەر ئەوەندە دەڵێن و هیچیتر.

دووبارە رێزو خۆشەویستیم پەسند بکەن و ئامادەی هەموو کارێکی نەتەوایەتییانەشم کە بزانم شوێن دەگرێت و بایی نووکە دەرزییەک دەچێتە خانەی سەرکەوتنی پرسی کوردەوە.

هەر بۆ زانیاریشتان، من ئێستا ئەندامی "کەمپینی بەرگری نەتەوەییم" کە لە چالاکی نواندن بەردەوامە و لە کۆمەڵە کەسایەتییەکی رۆشنبیر و رۆژنامەنووس و هونەرمەندی هەر چوار پارچەکەی کوردستان پێکهاتوون.


بەهیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامتان...

کەرکوک - پردێ
ماڵپەڕی رابەر رەشید

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک