په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٨\٢٠١٠

رادیۆ، وەک بەشێکى گرنکى میدیا.


شاخەوان برایم عەبدوڵا


رادیۆ، وەک بەشێکى گرنگ و کاریگەرى میدیاى بیستراو لە ڕابردوودا ئەو پێگە کاریگەرو گرنگە بووە لە گەیاندنى هەواڵ و زانیارییەکانى نێو کۆمەڵگەى کوردستانى و لەسەردەمى شۆڕشى شاخیشدا تارادەیەکى باش کاریگەرى پۆزەتیڤى هەبووە لە گەیاندنى هەواڵ و زانیاری و چالاکییەکانى شۆڕش و پێشمەرگەى کوردستان و هاندەرێکى سەرەکیش بووە بۆ کۆکردنەوەى جەماوەر لەدەورى بزوتنەوەى ڕزگاریخوزاى کوردستاندا.


حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان، لەڕێگەى رادیۆکانەوە، زۆرترین پەیام و کارو چالاکییەکانى خۆیان بەهاوڵاتیانى کوردستان دەگەیاند بۆ ئەوەى جەماوەریان لێ ئاگاداربێتەوەو هۆکارێکیش بووە بۆ جەنگى دەروونى بەرانبەر رژێمى بەعس کە بەدرێژایی مێژووى خۆى، دژى بەهەر جموجۆڵ و بزوتنەوەیەکى ئازادیخوازانەى کوردو رۆڵەکانى کوردستان بووە.


دواى ڕاپەڕین و بەتایبەتیش دوا بەدواى ئازادکردنى عێراق، شەپۆلێکى توندو خێرای تەکنەلۆژیاو میدیا جۆراوجۆرەکان هاتنە نێو مەیدانى کارکردنەوەو رۆژانەش ژمارەى رۆژنامەنووس و دەزگەى جۆراوجۆرى میدیا لە کوردستاندا رووى لەزیادبووندایەو تارادەیەکى زۆر باشیش بەهۆى ئەو ئازادییەى کە لە هەرێمى کوردستاندا بۆ ئازادى ڕادەربڕین و میدیا بەگشتى ڕەخساوە، دەتوانن مومارەسەى پیشەیی خۆیان بکەن و ڕووماڵى هەواڵ و زانیارییەکان بکەن بەبێ ئەوەى بەربەستێکى ئەوتۆ بخرێتە بەردەم کارکردنیان لە گواستنەوەو گەیاندنى زانیارییەکان بۆ بەردەم ڕاى گشتى کوردستانى و جیهانى.


لەگەڵ ئەو شەپۆلە توندەى میدیاى کوردستانیدا، بە گوتەى هەندێ لە شارەزایانى میدیاو گوێگرانى رادیۆ و رۆشنبیرانى کوردستان، رادیۆ جۆرە پاشەکشەیەکى بەخۆیەوە دیوەو ئەو بۆشایەى کە رادیۆ دروستى کردووە، میدیاى دیکە جێگەى گرتۆتەوەو بۆشاییەکەیان پڕکردۆتەوە، وەکو کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان و رۆژنامەو گۆڤارو ماڵپەڕە رۆژنامەوانییەکان.


بێگومان هەر یەک لەم جۆرە میدیایانەش کاریگەرى خۆیان بەسەر رادیۆوە هەبووەو لە هەموو وڵاتێکیشدا ئەم کاریگەرییانە هەستپێکراوەو ئێستاکەش لە کوردستاندا بەڕادەیەکى بەرچاو ئەم حاڵەتە بوونى هەیە. بەڵام دەبێ ئەمەش لەبیر نەکەین کە هێشتاکە لە هەرێمى کوردستاندا، رادیۆ کاریگەرى خۆى ماوەو رۆژانە تارادەیەکى باش خەڵکى لەڕێگەى رادیۆوە گوێبیستى هەواڵ و زانیارییەکانى رۆژ دەبێت و ئەمەش هۆکارگەلێکى زۆرى لە پشتەوەیەو دەکرێت هەر یەک لەم هۆکارانەى کە بوونەتە هۆى مانەوەى رادیۆ لەتەک ئەو شەپۆلە توندەى میدیاى جۆراوجۆر لێکۆڵینەوەى جیددى لەبارەوە بکرێت و ڕەنگە بەنووسینى تەنیا وتارێکى لەم شێوەیە، نەتواندرێت تەواوى لایەنە باش و خراپەکانى رادیۆ باس بکرێت.


کاتێک باس لە خێرایی لە گواستنەوەى هەواڵ و زانیارییەکان دەکەین، پێویستە ئەوەمان لەبەر چاو بێت کە خێرایی لە گەیاندن و گواستنەوەى هەواڵ و زانیارییەکان، یەکێکە لە بنەما هەرە گرنگەکانى هەر جۆرە میدیایەک، چونکە میدیا ئەوکاتە پێشکەوتن بەخۆیەوە دەبینێت، کاتێک لەپاڵ ڕاستگۆیی و بێلایەنى و دروستیدا، بە خێرایی ڕووماڵى زانیارییەکان بکات و بەزووترین کات بۆ جەماوەرى بگوازێتەوە وەک خۆى کە هەیەو بێ ئەوەى لایەنگیرى تێدابکرێت و دەستکارى زانیارییەکان بکرێت بۆ بەرژەوەندى تایبەتى و سیاسى.


مەبەستمان لە خێرایی گەیاندنى پەیام لە رادیۆدا، زیاتر ئەوەیە هەرکە رووداوێک روودەدات و بەمەبەستى ڕووماڵکردنى زانیارییەکان لەسەر رووداوەکە، رۆژنامەنووسانى کەناڵ و دەزگە جۆراو جۆرەکانى میدیا، بەخێرایی روو لە شوێنى رووداوەکە دەکەن و دەستدەکەن بە گواستنەوەى هەواڵەکە. لەم کاتەدا ئەوەى تێبینى دەکرێت، هەواڵەکە زووتر یاخود خێراتر لەڕێگەى رادیۆوە ڕادەگەیەنرێت، وەک لەچاو جۆرەکانى دیکەى میدیاوە، ئەمەش بەهۆى ئەوەوەیە کە رادیۆ کەمتر رووداوەکە مۆنتاژ دەکات و تایپکردنى بابەتەکە لە چاو میدیاى نووسراودا تارادەیەکى زۆر کەمترەو دیزاینى ناوێت و هەروەها پێویست ناکات روو لە چاپخانە بکات و چاوەڕوانى چاپکردنى رۆژنامەکە یاخود گۆڤارەکە بکرێت.


دەربارەى تەلەفزیۆنیش، ئەوەیە کە پێویستە پەیامنێرى تەلەفزیۆنەکە بگەڕێتەوە بۆ نووسینگەى سەرەکى، تاوەکو کردارى مۆنتاژو هەندێ کاری دیکە بۆ هەواڵەکە بکرێت و ئینجا پەخش بکرێت. بەڵام بەپێچەوانەى پەیامنێرى رۆژنامەو کەناڵەکانى تەلەفزیۆنەوە، پەیامنێرى رادیۆ هەر هەمان کات و بەخێرایی دەتوانێت لەڕێگەى ئامێرەکانى پەیوەندیکردنەوە بەنووسینگەى سەرەکییەوە، تەواوى زانیارییەکان بگەیەنێت و ئەوانیش ڕاستەوخۆو دواى چەند خولەکێک بۆ هاوڵاتیانى بەیان بکەن و چاوەڕێى هەواڵى زیاتریش بن بەهۆى مانەوەى پەیامنێرەکە لە شوێنى رووداوەکەو ناردنى زانیارى زیاتر و پوختتر بەمەبەستى ئاگادارکردنەوەى هاوڵاتیان لە رووداوەکەو چۆنیەتى روودانى.


یەکێکى دیکەش لە هۆکارەکانى مانەوەى رادیۆ لە سەردەمى تەکنەلۆژیاو پێشکەوتنى میدیادا، یاخود پۆزەتیڤى رادیۆ، بوونى رادیۆیە لە نێو ئۆتۆمبێل. رەنگە ئێستاکە هەندێ کەس بپرسن رادیۆ چ پەیوەندیەکى بە ئۆتۆمبێلەوە هەیە، بەڵام لە راستیدا یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانى مانەوەى رادیۆ، بوونى ئامێرى رادیۆیە لە نێو ئۆتۆمبێلداو بەکارهێنانییەتى لەلایەن شۆفێرانەوە وەکو پێویستییەکى سەرەکى و سەلامەتى لە کاتى لێخوڕینى ئۆتۆمبێلدا.


ئەمەش بەهۆى جەنجاڵى شارەکان و دوورى ڕێگەکان و سەلامەتى لەکاتى لێخوڕینى ئۆتۆمبێلدا، بەکارهێنانى رادیۆ سەلامەتترین و باشترین هۆکارە بۆ وەرگرتنى زانیارى و هەواڵە جۆراوجۆرەکانى رۆژ، ئەمەش بەهۆى ئەوەى کە گوێگرتن لە رادیۆ لەکاتى لێخوڕینى ئۆتۆمبێلدا، رووداوو کارەساتى لێناکەوێتەوەو شۆفێر بەوپەڕى سەلامەتى و ئیسراحەتەوە دەتوانێت لەڕێگەى رادیۆءە گوێبیستى زانیارى و هەواڵ و .... بێت کە لەم کاتەدا هیچ یەکێک لە هۆکارە هەرە پێشکەوتووەکانى دیکەى میدیا، جگە لە رادیۆ ناتوانێت ئەم جۆرە زانیارییانە بە شۆفێرەکە بگەیەنێت، چونکە نەدەتوانێت رۆژنامە بخوێنێتەوەو نە بۆشى دەکرێت سەیرى سەتەلایت بکات و ئینتەرنێت بەکاربهێنێت بەهۆى رووداوى هاتووچۆوە. کەواتە لەم کاتەدا تاکە هۆکارى پۆزەتیڤ سوود وەرگرتنە لە رادیۆ بۆ مەبەستى دانەبڕان لە رەوتى رووداوو گۆڕانکارییە گرنگەکانى کۆمەڵگە کە پێویستە هەر تاکێکى کۆمەڵگە لێیان هوشیار بێتەوە، چونکە هەر یەک لە ئێمە بەشێکى گرنگى کۆمەڵگەین و هەر گۆڕانکارییەک یاخود هەر رووداوێک راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندى بە تاکەکانى کۆمەڵگەوە هەیەو فەرامۆشکردنى خۆى لە خۆیدا هەست نەکردنە بە بوونى خۆت وەک تاکێکى گرنگ لەنێو کۆمەڵگەدا.


یەکێک لە هۆکارەکانى وەرگرتنى زانیارى، بوونى خوێندەواری و پرۆسەى خوێندنەوەیە، ئەویش لە ڕێگەى خوێندنەوەى کتێب و گۆڤارو رۆژنامەو...تاد، بە مەبەستى ئاگاداربوون و شارەزایی لە رووداوو پێشهاتەکانى کۆمەڵگەو دروستبوونى مرۆڤێکى هوشیارو رۆشنبیرو سوودمەند بۆ کۆمەڵگەکەى.


بۆیە ئەوکاتە رادیۆ بۆ کەسێکى نەخوێندەوار، ئەو بۆشایانە پڕ دەکاتەوەو یەکێک دەبێت لە هۆکارو سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ وەرگرتنى و زانیاری و ئاگاداربوون لە ڕەوشى کۆمەڵگەکەى لە زۆر رووەوەو بەتایبەتیش بۆ شۆفێران و سەرنشینانى ئۆتۆمبێل.


راستە کەناڵەکانى تەلەفزیۆنیش، لە پاڵ رادیۆدا دەبنە هۆى گواستنەوەى هەواڵ و زانیارییەکان، بەتایبەت بۆ کەسانى نابینا، بەڵام لەرووى سایکۆلۆژییەوە کەسى نابینا، زیاتر چێژ لە گوێگرتن لە رادیۆ وەردەگرێت، وەک لە تەلەفزیۆن، ئەمەش بەهۆى ئەوەى کە هەستدەکات تەلەفزیۆن لە هەمان کاتدا وێنەى جووڵاوى لەگەڵدایەو ڕەنگە ئەو وێنە جووڵاوە زۆر جار نووسینیشى لەگەڵدابێت، وەکو تەواوکەرى دەستەواژەو گوتارەکانی سەر شاشە، بۆیە لەم کاتەدا کەسى نابینا، بەتەواوى لە پەیامەکان ناگات و هەست بەئاڵۆزى بیرکردنەوەو هەڵچوونى دەروونى دەکات، بەهۆى ئەوەى کە ناتوانێت بەشدار بێت لە پرۆسەى سەیرکردن و بینینى وێنە جووڵاوەکان و هەروەها بیرکەوتنەوەى لەوەى کە ئەو کەسێکى نابینایەو هەست بەکەمئەندامى خۆى دەکات لەکاتى دانیشتنیدا لەبەردەم تەلەفزیۆن.


ڕەنگە هەمان کەسى نابینا، کاتێک گوێ لە رادیۆ دەگرێت، کەمتر هەست بە کەمئەندامى خۆى بکات و باشتر لە پەیامەکە دەگات، چونکە تەواوى هەستەوەرییەکانى لاى رادیۆکەیەو کەمتر هەستەوەرەکانى پەرت و بڵاو دەبێتەوە، لەبەر ئەوەى گوێگرتن لە رادیۆ یاخود رادیۆ، وێنەى جووڵاوى لەگەڵدانییەو کەسى نابینا، ئەو هەستەى لادروست نابێت کە لە هەمانکاتدا لەبەردەم وێنەیەکى جووڵاودا دانیشتووەو ناتوانێت بەشداری بکات لە پرۆسەى بینیندا.


بەدیوێکى دیکەشەوە، رادیۆ تێچووى بەکارهێنانى، لە چاو جۆرەکانى ترى میدیادا کەمترە، چونکە ئامێرەکانى وەکو تەلەفزیۆن و سەتەلایت و کڕین و گەڕان بە دواى رۆژنامەو گۆڤارو کتێب و بەکارهێنانى ئینتەرنێت، بەبەراورد لەگەڵ ئەمانەدا، تێچووى زۆر کەمترەو تارادەیەکى زۆر باش دەتواندرێت بەئاسانى دەستەبەر بکرێـت، بەتایبەت لەم وڵاتانەى کە کێشەى کارەبایان هەیە، چونکە تەلەفزیۆن و ئامێرەکانى دیکەى وەکو ئینتەرنێت و سەتەلایت و ... بەبێ کارەبا کار ناکەن و نرخیان لە بازاڕدا لەچاو رادیۆ زۆر زیاترەو ئەمەش بۆ خەڵکانى هەژار کاریگەرى و سوودى زۆرى هەیە.


بەدڵنیاییەوە لە هەرێمى کوردستاندا ئەم حاڵەتە یاخود بەهۆى کەمدەرامەتى تاکەکانى کوردەوە، لەدواى راپەڕین، خەڵکى زۆر بەئاسانى نەیاندەتوانى تەلەفزیۆن بکڕن و ئاستى خوێندەوارى و کارى رۆژنامەوانى بەبەراورد لەگەڵ هەنووکەى کوردستاندا، زۆر جیاوازى هەبووەو هەربۆیەش ئەوکاتە رادیۆ یەکێک بوو لە هۆکارە هەرە گرنگەکانى راگەیاندن و گوێگرێکى بێشوومارى هەبووەو لە قۆناغى زێڕین دابووە بەبەراورد لەگەڵ ئێستاکەدا کە رۆژانە دەزگەى جۆراوجۆرى میدیا دادەمەزرێن.


ئەگەرچى بەهۆى زۆربوونى تەکنەلۆژیاو هۆکارەکانى دیکەى میدیاو بەرزبوونەوەى ئاستى خوێندەوارى و رۆشنبیرى تاکەکانى کورد، رادیۆ تارادەیەک پاشەکشەى کردووە، بەڵام هێشتاکەش گوێگرى تایبەتى خۆى ماوەو پێموانییە هەروا بەسانایی رادیۆ بەمزووانە پاشەکشەى تەواو بکات، ئەمەش بەهۆى هەندێ لەو هۆکارانەى کە لەسەرەوە بەکورتى ئاماژەیان بۆ کراو بەدڵنیاییەوە هۆکارگەلێکى تریش ماون، ڕەنگە من نەپرژابمەتە سەریان و قسەم لەبارەیانەوە نەکردبێت، ئەمەش بەهۆى ئەوەى کە لە وتارێکى لەم جۆرەدا، ناکرێت تەواوى لایەنەکان ئاوڕیان لێ بدرێتەوە، بەڵکو مەبەستى نووسینى ئەم وتارە زیاتر وەبیرهێنانەوەى چین و توێژەکانى کوردە لە گرنگى رادیۆ وەکو بەشێکى کاریگەر لە میدیاى بیستراو کە بە بۆچوونى من ڕەوشى میدیاى هەر وڵاتێک بێ بایەخدان بەرادیۆ لە قەیراندا دەبێت و پێویستى بە لێوردبوونەوە هەیەو دەبێ هەوڵى ڕزگارکردنى میدیا بدرێت لەم قەیرانەى کە بەهۆى بۆشایی رادیۆوە تێیى کەوتووە.


پێویستە گۆڕینى میکانیزمى ئیشکردنى رادیۆکانى کوردستان بایەخیان پێبدرێت و لەم شێوازە تەقلیدیەى ئیشکردن دووربخرێنەوە کە جگە لە زیان گەیاندن بە گرنگى رادیۆ هیچ سوودێکى ئەوتۆى نییە، ئەوەى کە رادیۆ لە پاشەکشەوە دەخاتەوە نێو مەیدانى ئیشکردن و کاریگەرییەوە وەک بەشێکى گرنگى میدیا، بایەخدانى رادیۆکانە بە تازەترین هەواڵ و بەدواداچوونى زیاتر و پێشکەشکردنى زانیارى جۆراوجۆرو دروستکردنى متمانە لە لاى گوێگرو هەروەها نزیکبوونەوە لە هاوڵاتیان و دەرخستنى کەموکوڕى و ئاگادارکردنەوەى ڕەوشى خەڵکى بۆ بەردەم لایەنى دەسەڵاتدار، بەمەبەستى خزمەتکردن و بۆ باشترکردنى رەوشى کۆمەڵگە لەرووى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و سیاسى و خزمەتگوزارى... ئەوکاتە رادیۆ وەکو بەشێکى گرنگى میدیا پێگەى خۆى بەرزدەکاتەوەو وەک میدیایەکى گرنگى کۆمەڵگەى کوردستانى لەپاڵ تەواوى جۆرە میدیاکانى دیکەوە لێى دەڕوانرێت و وەک سەرچاوەیەکى گرنگ سوودى لێوەردەگیرێت لەلایەن تاکەکانى کۆمەڵگەوە.
 

ماڵپه‌ڕی شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا