په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١٠\٢٠١٥

راگەیاندنی''دەستەی سەرپەرشتیاری نارەزایەتییەکانی خەڵك''.

 


هاوڵاتیانی کوردستان ئاگادارن کە ماوەی هەفتەیەکە کارمەندان و فەرمانبەران‌ لە خەستەخانە و فەرمانگەکان ‌و مامۆستایان دەستیان بە مانگرتن و پەناگیریی و بایکۆتکردنی دەوام و خۆپیشاندان کردوە لە دژی دواخستنی مووچەکانیان بۆماوەی نزیك بە (٤) مانگ. ئەم نارەزایەتییانە بە شێوازی مەدەنی و جەماوەریی بەڕێوە دەچن ‌و سەرباری گوشار و رێگرییەکانی دەسەڵات بە تایبەت لە هەولێر و دهۆك، بەرەو ئەوە دەچوو کە هەولێر و دهۆکیش بگرێتەوە.


بەڵام بە داخەوە خەمساردیی و بێدەربەستیی حکومەتی بنکە فراوان لە وەڵام دانەوەی خواستی جەماوەری نارازی لە لایەك و هەوڵەکانی لایەنە سیاسییە ناکۆکەکانی ناو حکومەتی هەرێم بۆ شكاندنەوەی کێشەکان بە سەر یەکتر دا و خۆدەربازکردن لە بەرپرسیارێتی لەلایەکی دیکەوە‌ زەمینەی بۆ ئەوە رەخساند کە نارەزایەتیەکانی خەڵك لە هەندێ شارو شارۆچکە بە ئاقارێکی دیکەدا بڕوات‌و ئاراستەی نارەزایەتیەکان لە حکومەتی هەرێمەوە بگۆڕێت بۆ حیزبەکانی ناوحکومەت. لە ئاکامی ئەوەشەوە بەداخەوە چەندین خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستدا یان برینداربوون و زەمینەی دروستبوونی توندوتیژی لە ناو نارەزایەتیەکانی خەڵکدا زیاتر کرد.


ئێمە وەکو "دەستەی سەرپەرشتیاری نارەزایەتییەکانی خەڵك " ئازادی خۆپیشاندان و مانگرتن و پەناگیریی ‌و هەموو شێوازێکی نارەزایەتی دەربڕین بە مافی سەرەتایی خەڵك دەزانین، هەر جۆرە تەقەکردن و کردەوەیەکی سەرکوتگەرانە لە دژی هاوڵاتیان بە توندیی مەحکوم دەکەین و داواکارین کە تەقەکەران بدرێنە دادگا، هاوکات بانگەوازی هاوڵاتیانی نارازی کوردستان و بە تایبەتی گەنجان دەکەین کە خۆیان بپارێزن لە هەندێ کردەوەی توندوتیژیی و بیانوو نەدەنە دەست دەسەڵات بۆ تەقەکردن لە خۆپیشاندەران. داواکارین کە بە شێوازی مەدەنی و جەماوەری درێژە بە مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی خۆیان بدەن و لەپاڵ دایك ‌و باوك و خوشك و براکانیان کە هەر ئێستا لە فەرمانگە و دامەزراوەکان و لە زانکۆ و قوتابخانەکاندا خەریکی مانگرتن و خۆپیشاندانن، راوەستن و پشتیوانیان بکەن.

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک