په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٨\٢٠٢٠

راگەیاندنی دامەزرانی ''نێوەندی کاری ئازادیی رۆژنامەگەریی''.

 


هێشتا پرسی ئازادیی دەربڕین هەر لە گوزارشتکردن و دەربڕینی سادە و ساکاری ژیانی رۆژانەوە تا دەگاتە ئازادیی رۆژنامەگەریی کێشەیەکی چارەسەرنەکراوی سەرەکییە لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدارنەوە لە سەرجەم وڵاتانی جیهان و بە ئاستگەلێکی جیاواز و بە شێوازی جۆراوجۆرەوە، تا ئەو سیستەمە دژە ئازادییە ملهوڕەی ئێستای جیهانیش بمێنێ کە لەسەر بنچینەی وەبەرهێنانی سەرمایەداریی و وەدەستخستنی قازانجی زۆری ئابووریی لە رێی قووڵکردنەوەی جیاوازییە چینایەتییەکان و وەکاربردنی پایەداریی دین و دەستپێوەگرتنی نێرسالاریی و دابونەریتە داڕزیوەکان و ئەفسانەگەلی سەرووی کەتواری ژیان و گوزەرانی چین و توێژە چەوساوەکان دامەزرێندراوە و داسەپێندراوە.. خەبات و تێکۆشانی خەڵکی سەرکوتکراو کە زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵن هەر درێژەی دەبێ تا ئەو دەمەی کە ئازادیی دەربڕین بە گشت جۆرەکانیەوە وەک مژارێک بوونی نامێنێ لە نێوان مرۆڤەکان.

هەڵبەتە کوردستانیش وەک هەر سەرزەمینێکی دیکەی جیهان رووبەڕووی هەمان کێشە بۆتەوە.. سەرەڕای ئەوەش سەرکوتکردنی ئازادیی دەربڕین بە هۆی داگیرکاریی و پێشێلکردنی مافە نەتەوەییەکان و نەبوونی سەربەخۆیی نیشتیمانیی بە جۆرێک قووڵکراوەتەوە کە نەک هەر وڵاتە داگیرکەرەکانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا سادەترین و سەرەتاییترین ئازادیی بە خەڵکی ئەو نیشتیمانە بە رەوا نابینن.. بەڵکە سەرجەم پارتیەکانی کوردستانیش چ ئەوانەی دەسەڵاتێکی سنوورداری لاواز و لەرزۆکیان هەیە چ ئەوانەشی کە تا ئێستا لە بەرەی بەرهەڵستکاریی دان و بانگەشەی ماف و ئازادییەکان دەکەن هەر یەکەیان بە ئاستێک و جۆر و شێوازی خۆی دژ بە ئازادیی دەربڕینی خەڵک دەوەستنەوە.. تەنانەت لە باشووری کوردستان هەر لە سەرەتاوە تا ئێستاکە تێکڕای چاپەمەنیی و دەزگە بینراو و بیستراوەکانی پەخشکردنیش لە لایەن پارتیەکانەوە بۆ پیاوانی خۆیان قۆرخکراون و بە هیچ جۆر و شێوەیەکیش ژنان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و هەر توێژێکی کۆمەڵایەتی کە ئەوان لە روانگەی رەگەزپەرستانە و جوداکارییانەی خۆیان بە ناتەواو و نەگونجاویان دەزانن لە نێو کۆمەڵ ناتوانن ئازادانە خۆیان دەرببڕن و نەخشی راستەقینە و سەربەخۆییانەی خۆیانی تێدا بنوێنن بەڵکە تەنیا بۆ جوانکاریی و رازاندنەوەی دەزگەکانیان بەکاریاندەهێنن.. ئەوە بێجگە لەوەی چەندین دەزگەی دەرباری وەک ''سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان''یان بۆ راگەیاندنکار و نووسەرە ملکەچەکانی خۆیان دامەزراندوە!

جا ئێمە وەک دەستەیەکی هەڵبژێردراو لە نێوان نزیکەی ١٠٠ کەسێک لە ئازادییخوازان لە رۆژنامەنووسان و نووسەران و هونەرمەندان و خەڵکانی دیکە لە پیشە جۆراوجۆرەکان لە کوردستان و لە نێو رەوەندی کوردستانیی لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا.. هەر لەو روانگانەی سەرەوە و بە هەستکردنمان بە ئەرکی سەرشانمان لە سەرەتادا بە ئەنجامدانی هەڵمەتێک دەستمانپێکرد کە ئامانجی دروستکردنی یەکگرتنێک بوو لە پێناو قووڵکردنەوە و چەسپاندنی ئازادیی رۆژنامەگەریی و سەرجەم ئازادییەکانی دیکەی دەربڕین، ئیدی پاش بەستنی زنجیرە کۆبوونەوەیەکی چڕوپڕ لە چەند مانگی رابردوودا لە ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٠ بە پەسندکردنی (کارنامە و پەیڕەو)ێک کە رەنگدانەوەی شیوازی کار و نێوەرۆکی ئامانجەکانمانە ئەو رێکخراوەیەمان بە ناوی ''نێوەندی کاری ئازادیی رۆژنامەگەریی'' راگەیاند، تکایە لەو بەستەرەدا بیبینن: www.emrro.com/kpnkar.htm


ئێستا هەر کەسێکی ئازادییخواز دەتوانێ بە مەبەستی هاوکارییکردن و بوونەئەندام لەو رێکخراوەیە بە یەکێک لەو هۆیانەی خوارەوە پەیوەندییمان پێوە بکا تا بە پێی توانەیەکانی خۆی لە سەرخستنی ئەو پڕۆژەیەدا بەشداریی بکا:
ئیمەیل:
rojnamen@yahoo.com
تەلەفۆن:
٠٠٤٤٧٧٤٥٩٦٥٠٨٨
لاپەرەی فەیسبووک: ئازادیی رۆژنامەگەریی:
Azadiy Rojnamegeriy


دەستەی سەرپەرشتیی
نێوەندی کاری ئازادیی رۆژنامەگەریی
٨\٨\٢٠٢٠

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک