٢٥\٨\٢٠١٧
راگەیاندنی
رێکخراوەکان بە بۆنەی رۆژی دادپەروەریی لە کوردستان.
٢١ی ئابی ٢٠٠٦ بۆ پرسی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی جینۆساید لە کوردستان
و بنەماڵەی قوربانیان و خەڵکی کوردستان و دادپەروەری بە گشتی رۆژێکی
گرنگ بوو, رۆژی دەسپێکی دادگاییکردنی تاوانبارانی جینۆساید بوو لە
کوردستان, کە یەکەمجار بوو لە مێژووی ئەم گەلە کەسانێکی تۆمەتبار بە
تاوانی گەورە بچنە بەردەم دادگا لەو پایتەختەی کە بڕیاری
کۆمەڵکوژییەکەی لێوە دەرچووە, دادگاکە لە ٢١-٨-٢٠٠٦ بە دادگاییکردنی
تۆمەتبارانی پرۆسەی کەیسی ئەنفال دەستی پێکرد, دادگاکە ھەرچەندە
ناوخۆیی بوو و پڕ بوو لە کەماسی , بە پێی پێوەرەکانی رێکخراوەکانی مافی
مرۆڤ , وەلێ زۆر بڕیاری گرنگی دا , ٤ کەیسی کۆمەڵکوژی خەڵکی کوردستانی
بە جینۆساید ناساند, بەڵام مەخابن بڕیارەکانی دادگا لە دادگاییکردنی
تاوانباران بە تایبەت تاوانبارانی ئەنفال لە کوردستان نەک جێ بە جێ
نەکران , بگرە پارتە سیاسییەکان بە شێوازی جۆراو جۆر دەیانپارێزن و
ھەندێک جار دەسەڵاتداران پۆستی گرنگیشیان پێ دەدەن, تەنانەت لە حکومەتی
ناوەندی و شاری بەغداش کە بڕیاری دەستگیرکردنەکەیانی لێوە دەرچووە,
ئەمەش وایکردووە لە سەنگ و گرنگی بڕیارەکانی دادگا کەمبکاتەوە,ئێمە لە
رۆژی دادپەروەری لە کوردستان (٢١-٨) داواکارین :
١- تەواوی ئەوانەی ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال و کەیسەکانی
دیکەدا ھاتووە, بە زوترین کات دەستگیر بکرێن و دادگای بکرێن, وە لە
کوردستان وەک تۆمەتباری ھەڵاتوو لە دادگا مامەڵەیان لە گەڵدا بکرێت,
ئەوانەشی تاوانیان کردووە و ناویان لە لیستەکەدا نەھاتووە بەھەر
ھۆکارێکەوە بێت , لە درێژەی دادگایی کەیسی ئەنفال بانگی دادگا بکرێن ,
بۆ ئەوەی ھیچکام لە تاوانباران لە سزا رزگاریان نەبێت.
٢- ھاوکات لیستی ناوەەکانیان بدرێتە پۆلیسی ئینتەرپول , بۆ ئەوەی
ھەڵاتووەکانیان لە وڵاتانی دەرەوە بگرترێن و دادگایی بکرێن, ئەمەش
دەبێتە دەستکەوتێکی پڕ بەھاو بۆ ناساندنی جینۆساید لە ئاستی جیھانی.
٣- لە وڵاتێکدا رۆژی دادپەروەری ناچەسپێت کە یاسا سەروەر نەبێت و
دەزگای دادوەری و رێکخراوی مافی مرۆڤی بەھێز و دەزگای تایبەتمەندی
بەھێزی چاودێریکەر نەبێت, پێویستە ھەمووان ملکەچی یاسا بن و تاوانباران
لە سزا رزگاریان نەبێت بەرامبەر ئەو تاوانە زەقانەی لە رابردوودا
ئەنجامیان داوە, بە تایبەتیش تاوانبارانی تاوانە نێودەوڵەتییە
گەورەکانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.
رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید
تۆڕی رێکخراوە کوردستانییەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی (٣٥٤رێکخراو)
تۆڕی رێکخراوە کوردستانییەکان لە پێناو قەدەغەکردنی چەکی
ناوکی(١٠٤رێکخراو)
رێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی چەکی کۆکوژ لە کوردستان
٢٠\٨\٢٠١٧
cankurdistan@yahoo.com
|