په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٧\٢٠٢٢

راگەیاندنی یەکەمین کۆنفرانسی رێکخراوی ''ئازادیی دەربڕین''.

 


بنچینەی دروستبوونی رێکخراوی ''ئازادیی دەربڕین'' دەگەڕێتەوە بۆ دوو ساڵ و دوو مانگ لەمەوبەر، سەرەتا بە کۆمەڵێک کاری چالاکوانیی سەبارەت بە ئازادیی رۆژنامەگەریی و ئازادییەکانی دەربڕین دەستیپێکرد، بە تێپەڕینی چوار مانگ لە کارکردن بە بڕیاردان لەسەر کارنامە و پەیڕەوێک بە ناوی ''ناوەندی کاری ئازادیی رۆژنامەگەریی''ەوە خۆی راگەیاند، پاشان لە رێکەوتی ٢٤\١\٢٠٢١ بە هەموارکردنی کارنامە و پەیڕەوەکەی کە رەنگدانەوەی هزر و ئامانجەکانی بێ هەروا بە پێی بەرفراوانبوون و گەشەکردنی لە رووی کردەییەوە بە گۆڕینی ناوەکەی بۆ ''ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین'' وەک رێکخراوێکی فەرمیی دەستبەکار بوو، ئیدی پاش ساڵ و نیوێک لە دامەزراندن و کارکردنی چڕوپڕ بە دەنگی کۆی ئەندامان و لایەنگرانی بە پێویست زاندرا کۆنفرانسێک ببەستێ، ئەوەبوو لە بەرواری ٦-٨\٦\٢٠٢٢ بە بەشداریی زۆربەی هەرە زۆری هاوڕێیان یەکەمین کۆنفرانسی خۆی وەک کۆنفرانسی دامەزراندن ئەنجامدا. لێرەدا تەنیا خاڵە سەرەکییەکانی ئەو رووداوە گرنگەی رێکخراوەکەمان دەخەینەڕوو:


لە دەسپێکی بەشی یەکەمدا کۆنفرانسەکە بە خوێندنەوەی هەردوو راپۆرتی گشتیی و راپۆرتی دارایی دەستی بە کارەکانی خۆی کرد، هەر لەو بەشەدا بە پێداچوونەوەیەکی تێروپڕ و گشتگیر بە کاروبارەکانی رابردووی رێکخراوەکەمان زۆرێک لە هاوڕێیان بە کۆمەڵێک گفتوگۆی سوودبەخش و ئامانجدار بەشدارییان کرد.


لە بەشی دووەمی کۆنفرانسەکە بڕگە بە بڕگەی کارنامە و پەیڕەوی رێکخراوەکە خرانە بەر شیکردنەوە و تاوتوێی پێویستیان لە بارەوە کرا، پاش گفتوگۆیەکی زۆر لەسەریان بە پێی تێڕوانین و پێشنیارگەلێک بێجگە لەوەی ناوی رێکخراوەکەمان لە ''ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین''ەوە کورتکرایەوە بۆ ''ئازادیی دەربڕین'' کۆمەڵێک خاڵ بە دەنگی زۆرینە هەموارکران و بڕیاریش درا سەرجەمی بڕگە و مادەکانی بە مەبەستی رزگارکردنیان لە ئاڵۆزیی و ئاسانکاریی پتر بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتنیان بە شێوەیەکی کورت و پوخت دابڕێژدرێنەوە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا ''شێوازی رێکخرابوون''مان کە تەواو پێچەوانەی رێکخراوبوونی قووچەکییانەی فەرهەنگی پارتیایەتییە - وەک ئەوەی کە هەموو رێکخراوەکانی کوردستان لەسەر ئەو بنچینەیە دامەزراون - زۆر راشکاوانە وەک رێکخراوێکی ئاسۆیی کە بە شێوازی هەرەوەزیی و کاری بەکۆمەڵ بەڕێوەدەچێ جەختی لەسەر کرایەوە و بە شێوەیەکی رۆشنتر داڕێژدرایەوە.


هەر لە هەمان بەشی دووەمدا بڕیاردرا لە ماوەیەکی کورتدا دەستەی سەرپەرشتیی لە هەڵبژاردنێکی گشتییدا هەڵببژێرردرێتەوە کە هەمووان تێیدا بەوپەڕی ئازادییەوە و بی هیچ جیاوازییەک مافی خۆبەربژێکردن و هەڵبژاردنی هەر هاوڕێیەکیان هەیە بە خۆشیانەوە، هەر بەو پێیەش کە رێکخراوەکەمان بە پێچەوانەی رێکخراوە قووچەکییەکان هیچ پلە و پایەیەکی تێدا نییە.. ئەو جۆرە هەڵبژاردنەی دەستەی سەرپەرشتیی کە دەستەیەکی جێبەجێکەرە نەک بڕیاردەر و بەڕێوەبەر.. بە پێداگرییەوە جەختی لەسەر کرایەوە و بە تەواویی چەسپێندرا.


تەواوی بەشی سێیەمی کۆنفراسەکە بۆ کاری کردەیی داهاتووی رێکخراوەکەمان تەرخانکرا، پاش ئەوەی هەڵسەنگاندنێک بۆ کار و پڕۆژەکانی رابردوو ئەنجامدرا و لایەنە نەرێنییەکانیان دەستنیشان کران.. هەندێک رێنمایی بۆ چارەسەری هەڵە و کەموکوڕییەکان خرانەڕوو.. هاوکاتیش بڕیاردرا بە ئامانجی دەستکەوتی پتر و باشتر درێژە بە کارە سەرکەوتووەکان و لایەنە ئەرێنییەکانیان بدرێ. لە کۆتایی ئەو بەشەدا بە پێشنیارکردنی کۆمەڵێک کار و پڕۆژەی تازە بۆ داهاتوو بە نەخشەکار و شێوازی جێبەجێکردنیانەوە هەندێک بڕیار و راسپارەی پێویست وەرگیران.


لە بەشی چوارەمدا کە دوا بەشی کۆنفرانسەکە بوو سەرجەم ئەو ئەنجامانەی کە بە رێکەوتن و دەنگی زۆرینەی ئامادەبووان وەدەستهاتن وەک بڕیار و راسپاردە و رێنماییەکانی کۆنفرانس خوێندرانەوە، بۆ هەر یەکێکیشیان کە پێویست بوو لێژنەی تایبەتی بۆ دروستکرا یان رێوشوێنێکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی خرایەڕوو.


سەرئەنجام لە کۆتاییدا کۆنفرانسەکە بێ هیچ گیروگرفتێک و بە رای سەرجەم ئامادەبووان سەرکەوتنێکی زۆر باشی وەدەستهێنا.. ئیدی بە جەختکردنەوە لەسەر کۆششکردن لە پێناو وەدەستهێنانی سەرجەم ئازادییەکان زۆر بە گەرموگوڕییەوە دەستخۆشییان لە یەک کرد و بە دڵ و دەرونێکی ئاسوودەوە کۆتاییان پێهێنا.

 


رێکخراوی ئازادیی دەربڕین
١٦\٦\٢٠٢٢

rojnamen@yahoo.com

https://www.facebook.com/AzadiyDerbirin

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک