په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١\٢٠١٢

راگه‌یاندنی کۆتایی کۆنفڕانسی له‌نده‌ن

له‌ دژی به‌ردباران و له‌ سێداره‌دان.

 

کۆنفرانسێک لە لەندەن لە ژێر دروشمی (نا بۆ بەردباران و لەسێدارەدان) ڕۆژی شەممە رێکەوتی (١٤\١\٢٠١٢) لەھۆڵی ئەمنستی ئینتەرناشیۆناڵ لە لەندەنی پایتەختی بریتانیا بە بەشداری زیاتر لە سەد کەسایەتی و چالاکوانی ژنانی کورد لە پارچەکانی کوردستان و کەسایەتی بەریتانی چالاک لە بواری ژنان دەستی بەکارەکانی کرد و ئێوارەی ھەمان رۆژ کۆتایی پێھات.

ئەم کۆنفرانسە لەلایەن ھەریەک لە رێکخراوی جیھانی ژنانی ئازاد و رێکخراوی ئازادی ژن لە عێراق - نوێنەرایەتی دەرەوە و رێکخراوی ژنانی رۆژ، ڕێکخرابوو وە کارەکانی دابەشکرابوو بەسەر دوو پانێلدا. زۆر بابەتی گرنگ خرانەڕوو، ھەریەکە لە پرسەکانی لەسێدارەدان و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و لەسێدارەدانی ژنان خرانەڕوو. ئامادەبووان گفتوگۆی چڕوپڕیان لەبارەوە کرد.

پانێلی یەکەم لەلایەن خانمی پارێزەر و چالاکوانی مافی ژنان خاتو ئەیلام گویلەرەوە بەڕێوە برا.

لە پانێلی یەکەمی کۆنفرانسدا ھەریەک لە نوێنەری ئەمنستی ئەنتەرناسیۆناڵ و جێگری بەڕێوبەری پرۆگرامی رێکخراوەکە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا خاتوو (ئان ھاریسن) وتارێکی لەبارەی لەسێدارەدان و بەردبارانی ژنان لە ئێران و ناوچەکە خستەڕوو و ئامارێکی رێکخراوەکەیانی لەو بارەیەوە خستەڕوو. (ھۆزان مەحموود) یەکێک لە ڕێکخەرانی کۆنفڕانس و نوێنەری ڕێکخراوی ئازادی ژن لە عێراق-دەرەوەی وڵات. لە وتارەکەیدا باسی لە توندڕەوی ئاینی و پلە دوو بوونی ژنان لە سایەی ئەو وڵاتانەی ئیسلامیان کردووەتە سەرچاوەی یاساکان کرد .. ھۆزان لەوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر پرسی بە زۆر بەشوودانی کچانی خوار تەمەنی ١٦ ساڵی بەتایبەتی لە ئێران و عەرەبستانی سعودیەدا وباسی ئامارێکی کرد کە تەنیا لە ئێراندا ٨٠٠ ھەزار کچی خوار تەمەنی ١٦ ساڵ خراونەتە ناو پرۆسەی ھاوسەرگیرییەوە کە ئەمە چەندین گرفتی کۆمەڵایەتی و دەروونی بۆ ئەو کچانە درووستدەکات. لە وتارەکەیدا نموونەی دۆسیەی دوعا ھێنایەوە، کە لەسایەی بوونی ھەژموونی کلتووری و ئاینیی لەلایەن کۆمەڵگەی باوک سالاریی یەوە بەردباران کرا وە.‌ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە توندڕەویی ئاینی رێگە بەھاوسەرگیری نێوان پێکھاتە ئاینییەکان نادات و رێگەیەکی دیکەش لەبەردەم ژناندا نییە بۆ ئەوەی لەدەرەوەی ژیانی ھاوسەری بژین و تەنیا رێگە شووکردنە، کە ئەمە خۆی ستەمێکی دیکەیە لە ژنان دەکرێت، چونکە مەرج نییە، ھەموو کەسێک ئارەزووی ئەوە بکات ژیانی ھاوسەری پێکبھێنێت . چالاکوانی ژنی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان (باوان خەلیفە) لە وتارێکدا رەوشی ژنانی لەرۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران خستەبەر باس و باسی بەردبارانکردن و لەسێدارەدانی ژنانی کرد لە سایەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا و باسی تاوانەکانی ئەو رژێمەی بەرامبەر بە ژنانی کورد بە تایبەت خستەڕوو.


چالاکوانی ژنی کورد لە باکووری کوردستان رۆژنامەنوس لە رۆژنامەی ئۆزگور پۆلیتیکا (مێرال جیجێک) وتارێکی لەبارەی پێگەی ژن لەسیستەمی باوکسالاری و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لەتورکیا پێشکەشکرد. هه‌وره‌ها باسی له‌ کار و که‌مپینه‌کانی کرد بۆ ناساندنی کوشتاری ژنان-فیمیساید وه‌کوو تاوانێکی نێو ده‌وڵه‌تی. ماوه‌ی سه‌عاتێک ته‌رخان کرا بۆ پرسیار و وه‌ڵام له‌گه‌ڵ ئاماده‌بوان. پانێلی دووه‌م پاشنێوه‌ڕۆ ده‌ستی پێکردو له‌ لایه‌ن ئایشه‌ تێکاگاج ئه‌ندامی ڕێکخراوی ژنانی رۆژ برا به‌ڕێوه‌.


له‌ پانێلی دوهه‌مدا چالاکوانی ژنی کورد لە باکووری کوردستان و پەرلەمانتاری کورد لەفراکسیۆنی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (سەباحەت تونجەل) وتارێکی لەبارەی خەباتی ژنان بۆ دیموکراتیزەکردنی رۆژهەڵاتی ناوین و بەدیهێنانی ئەلتەرناتیڤێک له‌ دژی سیستەمی باوکسالاری خستەڕوو. هەروەها باسی لە گرنگی خەباتی ژنانی کورد کرد بۆ بەگژداچوونەوەی ستەمی نەتەوایەتی ده‌وڵه‌تی تورکیا و لەهەمان کاتدا ستەمی کۆمەڵگەی باوکسالاری دژ بە ژنان. و روونیکردەوە، کە ژنانی کورد لە باکووری کوردستان توانیویانە لەهەردوو بەرەی خەباتەکەیان چ بەرامبەر بە ستەمی نەتەوەیی، چ بەرامبەر بە ستەمی رەگەزپه‌رستی. وه‌ توانیویانه‌ دەستکەوتی گرنگ بەدەستبهێنن. لە وتارەکەیدا (سەباحەت تونجەل)ئاماژه‌ی به‌ گرنگی خه‌باتی ژنان دا که‌ ژنانی کورد تەنیا دژی پیاوسالاری و ستەمی ده‌وڵه‌تی تورکیا ناجەنگن، بەڵکو بەرەنگاری ستەمی پیاوسالاری کۆمەڵگەی کوردیش بوونەتەوە و لەهەموو ناوچە کوردییەکان ئەنجومەنی ژنان پێکهێنراوە به‌و هیوایه‌ی گۆڕانکاری گرنگ به‌ده‌ست بێنن. وتاربێژی دوهه‌م ، نوێنەری رێکخراوی جیهانی ژنانی ئازاد- ئەڵمانیا (ئاننا کریستین کۆوارسچ) لەوتارێکدا باسی لە رۆڵی کەمپینی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەدژی لەسێدارەدان و بەردباران کرد. هه‌روه‌ها باسی کارو چالاکی گرنگی ژنانی باکوردی کوردستانی کرد له‌ دژی کوشتار و چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان. دواتر چالاکوانی ژنی باشووری کوردستان (شۆخان فەرەج) لەوتارێکدا باسی لە کۆمەڵێک کێشەی ژنان لە هەرێمی کوردستان کرد و تیشکی خستە سەر رەوشی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئاینیی هەرێم و گرفتەکانی ژنانی کورد. له‌ کۆتایی ئه‌م پانێله‌دا سه‌عاتێک کات ته‌رخان کرا بۆ پرسیار و وه‌ڵام. لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا راسپاردەی کۆنفرانس ئامادە کران و لەلایەن یه‌کێک له‌ ڕێکخه‌رانی کۆنفرانسه‌وه‌ (هۆزان مەحموود) خوێندرانەوە .
 


رێکخراوی جیهانی ژنانی ئازاد

رێکخراوی ئازادی ژن له‌ عێراق - نوێنه‌رایه‌تی ده‌ره‌وه‌

رێکخراوی ژنانی رۆژ

ماڵپه‌ڕی هۆزان مه‌حمود

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک