راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆکی ''پاک'' سه‌باره‌ت به ده‌سدرێژییه‌کانی ئێران بۆ سه‌ر خاکی باشوری کوردستان.
له هه‌فته‌ی رابردووه‌وه، هێزه‌کانی سوپای پاسدارانی کۆماری داگیرکه‌ری ئێران، ده‌ستیان داوه‌ته‌وه به تۆپبارانکردنی ناوچه و ئاوه‌دانییه سنوورییه‌کانی باشووری کوردستان.
له ئاکامی ئه‌م ده‌سدرێژییانه‌دا، زیانێکی ماددی زۆر به‌ر دانیشتوانی به‌ر رهێڵه‌ی تۆپبارانه‌کان که‌وتووه؛ خه‌له و خه‌رمان و ره‌ز و و باخه‌کانیان سووتاون وخۆشیان ناچار به چۆڵکردنی ماڵ و حاڵیان بوون.
ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کانی ترکیا و ئێران و سووریا چاویان له حاند ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی کورد هه‌ڵنایه و دڵیان به ئاسایش و هێمنی و ئاوه‌دانکردنه‌وه له‌و هه‌رێمه و په‌ره‌سه‌ندنه سیاسیی و دیپلۆماسییه‌کان و گه‌شه و چالاکییه ئابووری و بازرگانییه‌کانی ته‌نگه.
پیلانه‌کانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه به‌شێوه‌یه‌کی گشتی و تۆپبارانکردن و به‌زاندنی سنووری باشوری کوردستان به تایبه‌تی، دژ به هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورده و ده‌بێ له لایان هه‌مو رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مانه‌وه ته‌س بدرێته‌وه. هه‌ڵوێستی لێبڕاوانه‌ی حکومه‌تی کوردستان له لایه‌ک و په‌ره‌پێدانی خه‌بات و تێکۆشانی رزگاریخوازیی پارچه بنده‌سته‌کانی کوردستان، هه‌ر کام فاکته‌رێکن بۆ کورتکردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سدرێژییانه.
باشووری کوردستان و ده‌سکه‌وته‌کانی موڵکی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کوردن و به هه‌موو کورد ده‌پارێزرێن. مانه‌وه و سه‌قامگیریی ئه‌م قه‌واره سیاسیه‌ش له درێژخایه‌ندا به‌نده به ئازادیی پارچه‌کانی دیکه‌ی نیشتمان و راماڵینی داگیرکه‌ران له‌و به‌شانه و وه‌ده‌سهێنانی سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی ته‌واو و به ده‌وڵه‌تبوون.
پارتی ئازادیی کوردستان هێرش و ده‌سدرێژییه‌کانی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری ئیران دژ به خاک و خه‌لکی باشوری کوردستان به توندی مه‌حکووم ده‌کاو له گه‌ڵ هاونیشتمانانی به‌رپه‌لامار که‌وتوو و خه‌ساره‌ت دیتووی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه هاوخه‌میی ده‌رده‌بڕێ. هه‌ر له‌و کاته‌شدا داوا له حکوومه‌تی عێراقی فیدراڵ ده‌کا ئه‌و بێده‌نگییه‌ی له حاست ئه‌و کرده‌وانه ره‌چاوی کردوه بشکێنێ و ئه‌رکی خۆی له به‌رگری له سه‌روه‌ریی سیاسیی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌جێبێنێ. پارتی ئازادیی کوردستان داوا له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌کا سه‌باره‌ت به‌م لاسارییانه‌ی کۆماری ئیسلامی هه‌ڵوێستی شیاو بنوێنێ . هه‌ر وه‌ها به ئه‌رکی هێزه فره ره‌گه‌زه‌کانی ده‌زانێ که به‌رپه‌رچی ده‌سبه‌جێی ئه‌و یاخییگه‌رییانه‌ی کۆماری تێرۆریستیی ئێران بده‌نه‌وه و نه‌یخه‌نه به‌ر هیج سات و سه‌ودایه‌کی سیاسیی.
پارتی ئازادیی کوردستان له به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ده‌سدرێژی هه‌ر داگیرکه‌رێک له ته‌نیشت سه‌رۆکایه‌تی سیاسیی باشووری کوردستان داده‌مه‌زرێ و هێزی پێشمه‌رگه‌ی شانبه‌شانی هێزه‌کانی باشووری کوردستان ئاماده‌ی به‌رگری له خاک و نه‌ته‌وه و ده‌سکه‌ته‌کانی ده‌بێ.
عه‌لی قازی محه‌مه‌د سه‌رۆکی پارتی ئازادیی کوردستان 5 جۆزه‌رادنی 2707 25 مای 2008
|