په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٩\٢٠١٥

راکردن لە پاشاگەردانیی و گەڕان بە شوێن یۆتۆپیادا.


ستار محەمەد قادر   


گەنجان ئێستا بەشوێنی سەر زەمێنێکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بیکەن بەنیشتیمان و تێیدا درێژە بەژیان بدەن، ئەوان لێرە خۆیان وەکو بوونەوەرێکی نامۆ ھەژمار دەکەن، بۆیە تاکە خەونیان لەوەدا دەبیننەوە لێرە را بکەن، لەو دۆزەخە دەربچن کە لەدەرەنجامی ململانێی حزبی و کۆمەڵگەیەکی سەقەت و پاشا گەردانی ئایدیاکانەوە بەرجەستە بووە.


دەسەڵاتی کوردی لەماوەی بیست و سێ ساڵی رابردوودا لەبەرنامەیدا نەبووەو نەیویستووە ئیستیسماری تواناکانی گەنجان بخاتە نێو ئەجێندای حکومەتەوەو بیخاتە خزمەتی بەنیشتیمانکردنی کوردستان لەزیھنی ھاوڵاتییاندا، ئەم دەسەڵاتە حزبیە بەردەوام کاری لەسەر ئەوە کردووە گەنجان تەنھا لەڕێی ئۆرگانەکانی حزبەوە ھەست بەبوونی خۆیان بکەن و ھێزو توانایان بۆ خزمەتکردنی ئایدیای حزب و بەحزبی کردنی زیاتری کۆمەڵگە خەرج بکەن.


ئەگەر ئەم دیدە بۆ سەردەمی دوای راپەڕین، کەدەتوانین بەسەردەمی ترۆپکی ململانێکان ناوزەد بکەین، کەدەەرەنجام بەریەککەوتنی کۆمەڵایەتی و ھەڵوەشاندنەوەی بونیادو شیرازەی ئاشتی و پێکەوە ژیانی لێکەوتەوە، ئەوا بۆ ئێستا جگە لەبارگرژی دەروونی و بێزاری لای تاک بەتاکی کۆمەڵگە ھیچ شتێکی دیکەی لێ ناکەوێتەوە.


ئەوەی شایانی ئەوەیە قسەی لەسەر بکەین و لەسەری رابوەستین، ئەو پاشا گەردانیەیە کە بازاڕی حزبەکان وەکو دەسکەوتی نیشتیمانی دەیانەوێت بەخەڵکی بیفرۆشنەوە، میدیاکان کە گوزارشت لەدیدی ھێزە سیاسیەکان دەکەن، تەنھا لەخەمی سەرخستنی ئەجێندای خۆیاندان، بێ ئەوەی ئەوە لێک بدەنەوە، کەدەبێت رەوشی ژیان و گوزەرانی خەڵکی لەبەر چاو بگرن و بەخۆیاندا بچنەوە کە فەزای ھەرێمی کوردستان لەدیدی کۆمەڵانی خەڵکیەوە بووە بە فەوزارو خەڵکی بەتایبەتیش گەنجان لەوە زیاتر ناتوانن بەدیار چیرۆکی گوێی ئاگردانی ئەوانەوە حەزو خەونەکانیان بکەن بەقوربانی ئەو وەعدو بەڵێنانەی ئەوان کە لەماوەیەکی کەمی دیاریکراودا بوون بەبڵقی سەر ئاو.


ئێستا خەڵکی بەرەو کۆچ دەکەن و ئەو وڵاتە یان نیشتیمانەی خۆیان بەجێدەھێڵن و رێگەی ھات و نەھات دەگرنە بەر بەشوێنی یۆتۆپیایەکدا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی دوور لەموزایەداتی حزبی و بازاڕی سیاسیەکان وەکو ھاوڵاتیەکی خاوەن مافی ئاسایی ژیان بگووزەرێنن!


حزبەکان تەنھا سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەجێندای خۆیانن و بەلایانەوە ئەوە شتێکی ئاساییە سەرباری قەیرانی ئابووریی و گرانی بازاڕو نەبوونی ھەلی کارو دامەزراندن، خەڵکی چۆن بیر دەکەنەوەو بێزار دەبن یان سەری خۆی ھەڵدەگرن، وەچش وەجەھەنم، گرنگ ئەوەیە ئەوە بەفیعلی بۆ خەڵکی بسەلمێنن، کە دەبێت مەحکومی دوو مژار ببن، ئەگەر بەتەمای ژیانن؟ ژیانێک ئارام و ئاسوودەو شکۆیان پارێزراو بێت؟


ئەوا لەم پانتاییە کە بەپاشا گەردانی بارگاویەو شتێک نیە نێوی مافی ھاوڵاتیبوون بێت، بێ ئومێد ببن و ئەگەر دەتوانن رۆژێک زووتر سەری خۆیان ھەڵبگرن و بەجێیبھێڵن، ئەگەریش راھاتوون و بەلایانەوە ئاساییە بەرگەی ھەموو پێدراوەکانی ئەقڵی سیاسی و دوونیا بینی ئەم حزبانە بگرن؟ ئەوا با دابنیشن و بەدیار بەرنامەی کاری حزبەکانەوە سەر بنێنەوە!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک