١\٥\٢٠١٣
ڕامان.

پشکۆ نەجمەدین
((بۆ تۆ! کە ئێستایش
چاوەکانت، ڕەنگی هەنگوینیان لێ دەڕژێ و هەناسەت بۆنی وەنەوشە.. بۆ تۆ))
نە دەتوانم بیرێک لە تۆ بکەمەوە،
نە لە شیعر،
نە لە سبەینێی ئەم شەوە،
خۆیشم هەر هیچ..
لە ژاوەژاوی شەوگاردا:
گیانم لەبەر سامی جەستەی بیرکردنەوە هەڵدەلەرزێت
بیرم تەنها لە قووڵاییی بیرکردنەوە ڕادەمێنێت
تۆیش لە چاوی تێڕاماندا سەوز دەبیت.
شەوان پرچی ئەستێرانت دەهۆنییەوە و
بەیانیانیش بە دەستێکی پڕ لە هەتاو
لە ملی ڕۆژت دەئاڵاند..
گەر تۆ نەبای
ڕۆژەکانیش وەکو تەنیایی تاریک و
وەک نامۆیی بێ دڵ دەبوون.
سەرت: شەپۆلی بەکڵپەی خەونەکانت.
ڕۆحت: ئارام وەک شنەبا و
ناخت: باخچەی ئەو گوڵانەی بە تارای تەم داپۆشرابوون.
ئێستە لە کوێی؟
ڕنەگبێ نهۆ لە سێبەری دارەوەنێکی هەڵچوودا
لە جێلەلەی کۆچەڵەی ئەو یادەوەرییانە بڕوانیت
کە تەرزەی مەرگ دایشۆریون..
ڕەنگبێ ئێستا
سواری سەرکۆڵی ئەسپێ بیت،
زینی: گوڵدۆزبێ بە گومان،
یاڵی: هەڵژنراو لە بۆنی پەلکەزێڕینەی خوێنی خۆت،
چوارپەل: لە ڕەنگی ونبوون و
ناڵەکانی: زاخاودراو بە تەمتومان.
ئەی تۆ کەنگێ سەری ئەسپت
بەرەو شەوی شاری دڵم وەردەگێڕی؟
تۆ کەی دێیت و کڵپەی سەرت
لە بوونمدا جێ دەهێڵی؟
لەسەر مەرزی فەنابووندا چاوەڕێتم،
تۆ کەی ڤیزەم بۆ دەهێنی؟
١٩٩٧
pshkonecmadin@gmail.com
|