په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٣\٢٠١٣

راپەڕین؛ ھوشیاربوونەوەی جەماوەر بوو بە تواناییەکانی خۆی و

لێدانی مۆری ناپێویستبوون بوو لە تابووتی بزاڤی سی ساڵەی چەکداریی.


ھەژێن


ڕاپەڕینی جەماوەریی ئازاری ١٩٩١، بێوینەترین ساتی یەکگرتنی ھێزی جەماوەریی کۆمەڵگە بوو لە مێژووی ھەرێمی کوردستان (کوردستانی باشوور/ کوردستانی داگیرکراوی عێراق)دا. ئەوەی کە بزووتنەوەی چەکداری بەدرێژایی سی (٣٠) ساڵ سازش و پێشلەشکری ڕژێمەکانی عیراق و ئێران و جەنگی نێوخۆیی و ماڵوێرانیدا نەیتوانی ئەنجامیبدات، ڕاپەڕین لە ماوەی چەند ڕۆژدا توانی بە ھێزی یەکگرتوو و سەربەخۆی جەماوەریی، ھێزەکانی ڕژێمی بەعس لە کوردستان ڕابمالێت و دەرگەی سنووری ئێران و تورکیە و سوریە بۆ گەڕانەوەی بزووتنەوەی چەکداری پەنابەر لەو وڵاتانە، ئاوەڵا بکات و بیانگێڕێتەوە کوردستان. بەڵام ئەوان وەک حازرخۆری سفرەدڕ، یەکەمین کار کە پێیھەستان، ھێڕش بوو بۆ سەر رێکخستنە ھوشیارانە و خۆخۆیی و سەربەخۆکانی جەماوەر (شوراکان) و ڕەشەکوژی ژنان و پاشەکشێ لەبەرامبەر ھێڕشی بەعس و پاشان سازش و گفتوگۆ بوو لەتەک جەلادانی کۆمەڵدا.

دەسەڵاتدارانی ھەرێم یا وردتر بڵێین (ینک) و (پدک) ھەردەم لە بیست و دوو ساڵی ڕابوردوودا و ئەورۆکەش لە ھەوڵی ئەودابوون و ھەن، کە ئەو مێژووە بشێوێنن و ڕاپەڕینی جەماوەریی و یەکگرتن و ڕێکخستنە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین لە ھۆشی جەماوەردا بسڕنەوە و بۆ ئەنجامدانی وەھا کارێک ھەر لە یەکەمین ڕۆژانی پاش سەرکەوتنی ڕاپەڕین بەسەر ڕژێمی بەعسدا، کەوتنە خۆسەپاندن و پاشەکشێکردن بە خەڵک و ھەروەھا لە یەکەمین ساڵیادی ڕاپەڕینەوە، کەوتنە چێکردنی ئەفسانەگەلی ئاوا، کە ڕاپەڕین بەرھەمی بزاڤی چەکدارییەوە و بە دنەدان و بانگەوازی ئەوان (ئەوانی پەنابەر لە ئوردووگەکانی ''قرارگاە رمضان و خاطم الانبیاﺀ''* و ''مساکن البرزە''**) ڕوویداوە.

ڕاپەڕین، وێرای تێکشکانی لە پیلانێکی سێ لایەنەی حازرخۆرانی سفرەدڕ و ڕژێمی بەعس و گڵۆپی سەوزنیشاندانی لەشکری ھاوپەیمانان بۆ ڕژێمی بەعس و پاشەکشێ و ھەڵھاتنی ھێزەکانی بەرەی کوردستانی وەک پیشمەرجی گفتوگۆ و دانیشتنی حکومەتی بەعس لەتەکیان، ھێشتاکە کۆمەلێک ئەزموونی لە ھۆشی نەوەی ڕاپەڕیندا جێگیرکردووە و تاکو ئێستاش ھەر ناڕەزایەتییەک و ھەر خۆپیشاندانێک، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ سروش لە لایەنە پۆزەتیڤەکانی ڕاپەڕین وەردەگرێتەوە و ڕاپەڕین پلەیەکی مێژووییە لە خۆھوشیاری چین و توێژە بندەستەکانی کۆمەڵگەدا، بۆیە گەڕانەوە و سڕینەوەی ئەستەمە و لەنێوبردنی ئەو ھوشیارییە تەنیا بە لەنێوبردنی مێژوو مەیسەردەبێت، ئەمەش ئەستەمە، چونکە لە توانای ھیچ ھێزێکیدا نییە و نابێت.

ڕاستە ڕاپەڕین بەواتا شۊڕشگێڕانەکەی؛ ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ڕامیاریی و لەنێوبردنی بنەما ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی ستەم و جیاوازی چینایەتی، سەرکەوتنی بەدەستنەھێنا، بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو بوو، کە ئەوەی سێ دەھە بزاڤی چەکداری ماڵوێرانگەر و تێکدەری پێکھاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە نەیتوانی ئەنجامیبدات، ڕاپەڕینی سەربەخۆی جەماوەریی لە سێ ڕۆژدا ئەنجامی دا. ھەروەھا ئەوەی کە ڕاپەڕین نەیتوانی واوەتر لە ڕاماڵینی لەشکری داگیرکەر لە کوردستاندا بڕوات، ھۆکاری خۆیی دەرەکی ھەبوو؛ لەوانە خۆشباوەڕیی خەڵک بە ناسیونالیزم وەک ڕزگارکەری تاک لە ستەمی نەتەوایەتی، جێکەوتبوونی سوونەتی بزاڤی چەکداری و نامۆبوونی جەماوەر بە خەباتی کۆمەڵایەتی، قورسایی و ماندوویی جەماوەر لەدەست جەنگ و ئابلۆقەی ئابووریی و ماڵوێرانی و ئاوارەیی ھەم جۆرە، سێبەرکردنی جەنگی کەنداو بەسەر داھاتووی نادیاری عیراق و نزمی ئاستی خۆھوشیاریی تاک لەو سەردەمەدا و خۆشباوەڕیی بە پارتە ڕامیارییەکان لەژێر کارایی ستەم و ھەڵاواردنی نەتەوەییدا.. وەک دەبینین ھەندێک لەم ھۆکارانە وەک لە زۆربەی ڕاپەڕینەکانی ھەنووکەی وڵاتانی عەرەبی و جیھاندا بوون و دەبنە ھۆی واوەترنەچوونی جەماوەری ڕاپەڕیو لە ئاستی یا لە سنووری ھوشیاریی پارتایەتی، کە تێدا باوەڕبوونی تاک بە ھەموو توانایەکی خۆیی و کارایی و بەھێزی یەکگرتنی جڤاکی و ڕۆڵی چارەنووسسازانەی خەباتی سەربەخۆی جەماوەریی چین و توێژە ژێردەستەکان، دەکوژرێت و دەیکاتە پاشکۆ و بوونێکی نادەربەست و داماو و چاوەڕێی پارتی باش و سەرۆکی باش و دەوڵەتی باش، واتە ژیان لە بەھەشتی ئەفسانەکاندا.

لە بارێکی ئاوادا ڕاپەڕین داچڵەکان و بەخۆداھاتنەوەی تاکە لەو خەوە قورسەی کە چەندین دەھە و پارت و دەستەبژێرە ڕامیارکان، لە رێگەیەوە تاک بە ھێز و تواناییەکانی خۆی نامۆدەکەن و بەوە گۆشیدەکەن، کە بڕیاردان و ئاراستەکردنی گۆڕین و ڕاپەڕین و شۆڕش کاری ھەموو کەسێک نییە و پێویست نییە تاک لەو بارەوە خۆی ماندووبکات و کارێکی ئاوا تەنیا کەسانی ئەکادێمی، ڕامیار و شارەزای تیئۆرییە ڕامیارییەکان توانای ئەنجامدانیان ھەیە.

بەڵێ لە وەھا بارێکدا قسەکردن لە تێکشکانی ڕاپەڕین ھەم ناکەتوارییە و ھەم بێویژدانی و شێواندنی ڕاستی ڕووداوەکانە. ڕاستە کەسانێک دێن و دەیانەوێت ڕاستی چۆنیەتی ڕووداوەکان بنووسنەوە و بڵێنەوە، بەڵام بەداخەوە لەبەرئەوەی کە ئامانج لە کارەکەیان تێگەییشتن لە خودی سروشتی ڕاپەڕین و چۆنیەتی پێگەییشتن و ھەڵکشانی خۆھوشیاری ڕاپەڕینی جەماوەر نییە و نایانەوێت گەڕانەوەی متمانەبەخۆبوون و دەستبەکاربوونی تاکە یەکگرتووەکان لە ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی جەماوەردا، بە ھەند وەربگرن و تەنیا کۆشش بۆ زاقکردنەوەی ڕۆڵی گروپە ڕامیارییەکەیان یا کەسیی خۆیان لە بەرامبەر ھەوڵی شێوێنەرانەی دەسەڵات و پارتەکان و دەستەبژێری بەرتەریخواز، دەکەن، بۆیە ھەوڵەکان سنووری ململانێی ڕامیاریی گروپەکان لەسەر ئەوەی کێ ڕابەربووە و کێ مافی شوانەیی جەماوەری ھەیە، تێپەڕناکات و تاک لە بەشداری و ھاتنەوەمەیدان دووردەخاتەوە و بەجۆرێکی دیکە دەیکاتەوە پاشکۆی دسەڵاتخوازییەکی دیکە..

لێرەدا من بەتەما نیم مێژوو بنووسمەوە یا ھەڵسەنگاندن لەسەر سەرکەوتن و تێکشکانی ڕاپەڕین بکەم، لە شوێنی دیکەدا بەپێی توانا و دەرکی خۆم لەو بارەوە بۆچوونی خۆمم دەربڕێوە، بەڵام ئەوەی کە دەمەوێت لێرەدا قسەی لەسەر بکەم، دەنگۆیەکە یا ھەوڵ و سیناریۆیەکە، کە ئەم ساڵ دەیەوێت دوابزماری سەرکەوتنی دەسەڵات لە تابووتی مراندنی ڕاپەڕینی جەماوەری لە ھۆشی تاکدا بدات و لێرەوە مێژووییەکی شێوانیراو بنووسێتەوە و بەوە ھەم تایتلی ئەکادێمی و ھەم پاداشتی ڕامیاریی و ئابووریی مسۆگەربکات، ئەوەش ھەوڵی دەستەبژێری بەناو ڕۆشنبیری کوردە، کە بێجگە لە دەستی شاراوەی دەسەڵات، ھیچ ڕۆلێکی دیکە ناگێڕێت و نەیگێڕاوە. ئەم ڕۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و تەنانەت لە سایتی بەشی کوردی ڕادیۆ ئەمەریکاشدا ئەم دەنگۆکانە دەخوێنینەوە؛یادکردنەوەی ڕاپەڕین پێویست نییە، یادکردنەوەی کیمیابارانی ھەڵەبجە و ئەنفال پێویست نییە، یادکردنەوەی جەنگ و کوشتاری نێوخۆیی پێویست نییە، … تد، بەڵام ئەم دەنگۆیانە ھیچ قسەیەکیان لەسەر یادی لەدایکبوون و مردنی سەرانی پارتەکان و سەرۆککۆمارەکان و دامەزراندنی پارتەکان و شانازییە خوێناوییە ڕامیارییەکان، نییە و وەک بڤەیەک ناتوانن خۆیان لەو باسانە بدەن، لە بەرامبەردا دەیانەوێت ئەم ساڵ بە ساردکردنەوەی خەڵک لە ساڵیادی ڕاپەڕین و کیمیاباران و ئەنفال و جەنگی نێوخۆیی، گوڵی خاترجەمی لە یەخەی پارتەکان و دەسەڵاتداران بدەن و لەوە خاترجەمیان بکەن، کە چیدیکە ڕاپەڕین خاڵێک نییە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ئەزموونەکان، چیدیکە پارتەکانی بزاڤی چەکداری ناسیونالیزمی کورد خەمی ھەڵدانەوەی پەڕەی ھاوبەشییان لەتەک سوپای پاسداران لە ھێرش بۆ سەر ھەڵەبجە و زەمینەخۆشکردنیان بۆ ئەنفال نەبێت، چیدیکە پەڕەی شەرمەزاریی سەردەمی جەنگی نێوخۆیی بە ڕوویاندا ھەڵنادرێتەوە، چیدیکە تاکی ھۆش و ئاوەزسڕاوە، لە ساڵیادی ئەو سەرکەوتن و شکستانەدا توانای دەربڕینی دەنگی ناڕەزایەتی بە ڕووی دەسەڵات و سیستەمە دژە مرۆییەکەی نیئۆلیبرالیزم لە کوردستاندا نییە و دەسەڵاتداران بە ھاوبەشی دەستەبژێری چەواشەکەر، دەتوانن بەری فریودانی جەماوەر بخۆن و بێترس لەسەر تەختی دەسەڵات، درێژە بە مشەخۆرییان بدەن!

بەداخەوە بێجگە لە ھەوڵی دەسەڵات بۆ شێواندنی ئەو مێژووە، چەند دەستەی دیکە ھەن کە بەجۆرێک ھەوڵیان بۆشێواندنی شۆڕشگێڕیی جەماوەر لە ڕاپەڕیندا، داوە یا دەدەن، لەوانە:


دەستەی یەکەم، گروپە چەپەکان. ئەم دەستەیە بە ھەموو ڕێکخراوەکانی ئەو کاتییەوە، چ وەک ڕێکخراو و چ وەک تاکەکەس، لەپێش ڕاپەڕین و لە ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١دا بەشداری چالاکانەیان کردووە و ھەبووە و تەنانەت لە بەرگریکردنیشدا لەبەرامبەر گەڕانەوە و ھێڕشی ڕژێمی بەعسدا قوربانی بەرچاویان داوە. بەڵام بەداخەوە وێڕای بەشداری چالاکانەیان لە ڕاپەرینی ئازاری ١٩٩١ و ڕاپەڕینی دووەمی ھەمان ساڵدا، دواتر لەسەر بنەمای پەرتووکگرتنەوەی چەند چەپێکی ئێرانی دوور لە کەتوار، کەوتنە سەرکۆنەی ڕاپەڕین و بە دابەزاندنی خەون و ئاواتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری یاخیبوو لە ستەمی ڕژێمی بەعس تا ئاستی ھەڵچوونێکی تاڵانگەرانە، لەنێوەندی خودی پاشڕەوانیان لە کوردستان و لەنێوەندی خوێنەری فارسی زماندا وێنەیەکی قێزەونیان بەسەر ڕاپەڕینی سەربەخۆی جەماوەریی کوردستانیان بڕی.

پاش ئەو دەربڕێنانەی قسەگەرانی فراکسیۆنی کۆمونیزمی کارگەریی نێو پارتی کۆمونیستی ئێران و درێژەدانیان بەو پاگەندە ژەھراوییانە پاش جیابوونەوەی ئەو فراکسیۆنە و خۆڕێکخستنی لە نێو پارتی کۆمونیزمی کارگری ئێراندا، تاسەردەمی یەکەمین جیابوونەوە لەو پارتە، کە نووسەری وتارەکە یەکێک بوو لە جیابووەکان، ئەو پارتە و پاشڕەوانی لە ھەرێمی کوردستاندا پێداگرییان لەسەر ئەو بۆچوونە نادروست و دوژمنکارانەیە دەکرد، بەڵام کاتێک کە بە کردەوە لە بەشداریکردنیان لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی پارێزگەی سلێمانیدا، بۆیان دەرکەوت، کە نە ھێزی سێەمی نێو پاگەندەکانی خۆیانن و لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان ڕەخنەی بێبنەمای ئەو ھێڵە ڕامیارییە لەبیردەکات، ناچار پاشتر بەلای ڕاپەڕین و سەربەخۆیی کوردستان و ڕیفراندۆم و کۆمەلێک ھەوڵی بێسەرەنجامدا بایاندایەوە و لەو کاتەوە باجی پێداگرییان لەسەر ئەو لێکدانەوە نادروست و بێبنەماییەیان دەدەن و زۆرجار لەژێر فشاردا لەتەک خۆیاندا دەکەونە ناکۆکی؛ کاتێک کە دەیانەوێت خۆیان بکەنە پاڵەوانی ڕاپەڕین، ناچار وێنە و ئەلبوومەکانی ڕاپەڕین دەھێننەوە پێشەوە، بەڵام ھیچ کات لەو کاتەوەی کەوتوونەتە بانگەوازی جیابوونەوەی کوردستان و ڕیفراندۆم، بوێری ئەوەیان لەخۆیان نیشاننەداوە ڕەخنە لە ڕابوردووی خۆیان بەرامبەر ڕاپەڕین بگرن، ھەم دەست بەو ڕەخنەوە دەگرن و ھەم شانازی بە بەشداربوونیان لە ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١دا دەکەن. ئەم ھەڵویستە دوو جەمسەرییەیان لەبەردەم پرسیارێکی ئاوەزگیرانەدا دایاندەنێت، کە ھەموو ساڵێک لە ساڵیادی ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١دا لە ھۆشی خوێنەردا قوتدەبێتەوە؛ ئەگەر ڕاپەڕین ھەڵچوونێکی تاڵانگەرانە بوو، ئیدی شانازی بەشداری ئەوان لە چیدایە؟ یا ئەگەر بەشدارییان بۆخۆیان مایەی شانازییانە، کەواتە بەبپێی لێکدانەوەکانی قسەگەرانی ھێڵە ڕامیارییەکەیان لەو کاتەدا، ئەوان بەشی شێریان لەو ھەڵچوونە تاڵانگەرییەدا بەردەکەوێت؟! ئەگەر بەشداری ئەوان، کارێکی شۆڕشگێرانە بووبێت، کەواتە ڕاپەڕینیش ھەڵچوونێکی شۆڕشگێرانە بووە، ئەگینا ناکرێت بەشداری دەستەیەک یا ڕەوتێک لە ڕاپەڕینێکدا کە یاخیبوونی تاڵانگەرانە بووبێت، بە کارێکی شۆرشگێڕانە بخوێندرێتەوە!!

دەستەی دووەم، ڕۆشنبیرانی گۆشەگیر و نائومێد، ئەم دەستەیە ھەر لە سەرەتاوە، لەبەرئەوەی کە تێگەیشتنێکی میکانیکانەی لە ڕاپەرێن و شۆڕش ھەیە، کاتێک ڕاپەڕین ناگاتە ئاستی دروشمە نەزۆکەکانی ئەوان، ئیتر ڕاپەڕین تەنیا لە گۆڕینی خودە بە جامەدانی و پۆستاڵ بە کڵاش و پۆشاکی سەربازی بە کەتافی کوردیدا کورتدەکاتەوە و ھیچ ئاڵوگوۆڕێکی کۆمەڵایەتی و ھیچ ئاستێکی ھوشیاریی و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی بەڕووی دەسەڵاتی بۆرجوازی کوردیدا ھاتووەتە سەرھەڵدان نابینێت. ئەمەش ڕەش و سپی خوێندنەوەی کۆمەڵگە و گۆرانەکانییەتی، ئەمە لە پەرتووک و ئایدیۆلۆجیاوە ڕوانینە بۆ ژیان و خەبات و گەشەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە. بەداخەوە پاش بیست و دوو ساڵ خەریکە ئەم دەنگانە دووبارە سەرھەڵدەدەنەوە و ناڕەزایەتی جەماوەریی بەو تەنکبینییە ئالوودەدەکەنەوە. ھەرچەندە کەسانی خاوەن ئەو بۆچوونە لە توڕەبوون و دڵسۆزییانەوە، ئەو دەستەواژە بێگیانانە بکەنە چەپکەگوڵی ساڵیادی ڕاپەڕین و بەبێ خۆماندووکردن لە تێگەییشتن لە ڕاپەڕین و سروستی سەرھەڵدانی و ئەگەری سەرکەوتن و ڕەھەندەکانی کارایی لەسەر ڕووداوەکانی دواتر، بەڵام دەربڕینەکانیان دەچنە خانەی ساردکردنەوەی خەڵک لە بڕوابەخۆبوون و ئەندێشەی ڕاپەڕین و ئەم دەستەیە لەوەدا ھاوبۆچوونی دەستەی سێیەمە، کە دەسەڵاتداریی میرایەتی ھەرێم، بە درێژە و سەرەنجامی ڕاپەڕین دادەنێت. بەڵام جیاوازی چاوەڕوانی ئەم دەستەیە لە چاوەڕوانی دەستەی سێیەم، ئەوەیە، کە ئەم دەستەیە بە پێچەوانەی چاوەڕوانی دەستەی سێیەمەوە، دەخوازێت کە ئەم سەرەنجامەی نەبووایە!

دەستەی سێیەم، دەستەبژێری ڕۆشنبیری بەرتەریخواز، قسەگەرانی نیئۆلیبرالیزم لە ھەرێمی کوردستاندا، ئەم دەستەیە ھەر لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە تا ساڵانی ٩٣-١٩٩٤ و ھەروەھا لە سەردەمی ڕوخانی ڕژێمی بەعس بەملاوە، ھەوڵیانداوە مێژوو بە ئاراستەی لێکدانەوە بێبنەما و پوچەکانی خۆیان بشوێنێنن و تێنەگەییشتنی خۆیان لە ڕاپەڕین و سەربەخۆیی جەماوەر، تیئۆریزە بکەن. ئەم دەستەیەش دەسەڵاتی ھەرێم وەک درێژە و سەرەنجامی ڕاپەڕین دەبینێت و ئەم سەرەنجامەش بە نیگەتیڤ نابینێت، تەنیا گلەیی ئەوەیە، کە دەسەڵاتداریی میرایەتی ھەرێم یا پارتە فەرمانڕەواکانی ھەرێم، لە ئاستی چاوەڕوانی ئەواندا نییە، واتە سیستەمی نوێنەرایەتی پارتەکان نەیتوانیوە بگاتە ئاستی سیستەمی نوێنەرایەتی پارتەکانی ئۆروپا و ئەمەریکا و ئوسترالیا و کەنەدا و لەولاشەوە نەیتوانیوە ببێتە دەوڵەت و لە عیراق جیابێتەوە، ھەڵبەتە ئەو گلەییانەیان لە سیستەمی چینایەتی ھەرێمی کوردستان، ھاوپێچی بەرتەری زیاتر و دەسەڵاتی زیاتر بۆ خودی خۆیان وەک دەستەبژێری ڕۆشنبیر و ژیری دەسەڵاتخوازە.

ئەم دەستەیە ھیچ کات لەسەر چینایەتیبوونی سیستەمەکە و نایەکسانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی تاکەکانی ھەرێم یا لەسەر بوونی زیندان و لەسێدارەدان و تایبەتیکردنەوەی کەرتە خزمەتگوزارییەکان و کارخانەکان، ڕەخنەی ئاراستەی دەسەڵاتداران و پارتەکان نەکردووە، بەڵکو ھەردەم خۆی وەک راوێژکاری دەسەڵات بۆ زیاتر چەسپاندنی ڕامیاریی و پلانە ئابوورییەکانی سیستەمی جیھانداگیرکەری نیئۆلیبرالیزم، نیشانداوە و لەو ڕوانگەیەشەوە گلەیی لە دەسەڵاتداران ھەبووە و پێیوابووە، کە دەسەڵاتداران نەیانتوانیوە باشتر خزمەت بە جێگیربوون و کۆمەڵایەتییبوونەوەی نەخشە ئابووریی و ڕامیارییەکانی نیئۆلیبرالیزم لە ھەرێمی کوردستاندا بکەن .

بە کورتی ھەر سێ باڵی دەسەڵاتخواز چ گروپە چەپەکان و چ ڕۆشنبیرانی گۆشەگیر و ھیوابڕاو و چ دەستەبژێری ڕۆشنبیری نێو میدیای دەسەڵات و میدیای بەناو ئەھلی، لە یەک خاڵی ھاوبەشدا یەکدەگرنەوە، ئەویش تیۆریزەکردنی ھەڵەلێکدانەوەی خۆیانە بۆ ڕاپەڕین و ڕەوت و پەرەسەندنی کۆمەلگە. ھەر سێ ڕەوت بەمەبەستی کایەکردن و گشتییکردنەوەی بەرژەوەندییەکانیان لە بۆشایی نەبوونی خۆھوشیاریی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری نارازییادا، چەمکەکانی شۆرش و ڕاپەڕین تێکەڵوپێکەڵدەکەن و لەوێوە ڕەخنە و گلەیی لە شۆرشگێڕبوون و نەبوونی دەسەڵاتداران و سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی ڕاپەڕین دەگرن و دەکەن. بە واتایەکی دیکە، ئەوا لە خاڵێکەوە دەسپێدەکەن، کە بەخۆی ناڕۆشن و لنگەوقوچلێدانەوەیە بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین، ئەمە بێجگە لەوەی کە ھەر سێ باڵ پێداگریی ئایدیۆلۆجی و بڕوایی لەسەر پێویستبوونی پارت و دەسەڵاتی ڕامیاریی دەکەن و ھەوڵی ڕامیاریی و ئاڵوگۆڕی ڕواڵەتی یا جێگۆڕکێی دەسەڵاتداران بە شۆڕش ھەژماردەکەن و چ خۆیان و چ دەسەڵاتخوازانی دیکە بە شۆڕشگێڕ دەچوێنن.

ئەوان ھەوڵی پەردەپۆشکردنی ئەوە دەدەن، کە ڕاپەڕین لە کودەتای سەربازیی و ھەلپەرستی ڕامیاریی جیادەکاتەوە، کە سەربەخۆیی جەماوەرە لە بڕیاردان و نەخشەکاری پارت و ھەوڵی ڕامیاران بۆ بەدەسەڵاتگەییشتن و جێگرتنەوەی سەروەرانی پێشوو. ھەر ئەم خاڵەشە کە ھەرسێ دەستە دەسەڵاتخوازەکە لە ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ توڕەدەکات و بەرەو سووکایەتی و جنێودان و شێواندنی ڕاستیی ڕاپەڕین ھاندەدات. لە ڕاپەڕیندا جەماوەر بە ھەموو چین و توێژە ژێردەستە نەدارەکانەوە بە ھەموو ئاستە جیاوازەکانیان لە ھوشیاریی شۆڕشگێڕانەدا و بە ھەموو خەونەکانیانەوە، بەشداریدەکەن و قوربانی بۆ دەدەن و ھیوای خۆیان بە سەرکەوتنییەوە گرێدەدەن. ھەر بۆیە سەرکەوتنی تەواوەتی ھەر ڕاپەڕێنێک بە ئاستی خۆھوشیاریی ئەو چین و توێژە ژێردەست و نەدارانەوە پەیوەستە، کە دەبنە مۆتۆری خرۆشانی و سووتەمەنی کلپەسەندنی و چەندێک تاکەکانی جەماوەری ڕاپەڕیو توانبێتیان خۆڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و ئابووریی (ناڕامیاریی) سەربەخۆ و خۆھوشیاریی شۆڕشگێڕانە و خۆئامادەییان بۆ ڕێکخستنەوەی ئازادیخوازانەی کۆمەڵگە لە ڕەوتی خەباتی پێش ڕاپەڕیندا ئامادەسازی بکەن و بیانکەنە یەکە پێکھێنەرەکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و سوونەتێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتوورریی خۆیاندا، سەرکەوتن و بەدیھاتنی زۆرێک لە ئاواتەکانی ئەو جەماوەرە ڕاپەڕیوە، مسۆگەرە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەوە چەندێک تاکەکانی ئەو چین و توێژانە وابەستەی گروپە ڕامیارییەکان و چاوەڕوانی سەرۆکی باش و پارتی باش و میرایەتی باش بن وەک ھاتنی "ئیمامی زەمان"، ئەوا شکست و ھەڵگەڕانەوەی سەرەنجامەکانی ڕاپەڕین لە بەرژەوەندی دەسەڵاتخوازان و ئاسانڕێکخستنەوەی سیستەمی قوچکەیی چینایەتی تەواو دەبێت، چونکە نەبوونی ئامادەیی خۆدەستبەکاربوونی جەماوەریی بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکانی ژیانی ڕۆژانەی لەسەر بنەمای یەکێتی فیدرالیستییانەی ڕێکخراوە سەربەخۆ جەماوەرییەکان و پێکھێنانی بەرێوەبەرایەتی ئازادانەی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای بناخەییبوونی ڕۆڵی ڕێکخراوە ئابووریی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکانی بەرھەمھێنەرانی کۆمەلگە، ڕێگە بۆ چێکردنەوەی ئاسانی سیستەمی تێکشکاوی قوچکەیی چینایەتی و ڕێکخستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ڕۆڵی ڕێکخراوە ڕامیاریی و سەربازییەکانی دەسەڵاتخوزان، خۆشدەکات .

وەک لە زۆر شوێن و کاتی دیکەدا بۆچوونی خۆمم لەم بارەوە بەڕۆشنی دەربڕیوە، شۆڕش ڕووداوێکی کاتیی و پلانی ڕامیاریی پارتەکان و پلانی سەربازیی جەنەرالەکان نییە، شۆڕش پرۆسێسێکی مێژوویی درێژخایەنە و لە بەرەبەیانی ژیان و سەرھەڵدانی کۆمەڵگەی چینایەتیدا وەک ناچارییەک تاکی ژێردەست پەنای بۆ بردووە و ھەر بەناچاریش لەپێناو گەییشتن بە کۆمەڵگەی ئازاد و یەکسان و دادپەروەردا درێژەی پێدەدات و تاوەکو سیستەم و سەروەریی چینایەتی چ کۆیلایەتی و چ فیئۆداڵی و چە سەرمایەداری لە شێوەی پاشایەتی و کۆماری و تاکپارتی و چ لە شێوە دێمکراسییە پارلەمانیییەکەیدا بوونی ھەبێت، بەناچاریی شۆڕش وەک بەرەنگاریی ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان و دادپەروەییخوازان بەڕووی چەوسانەوەدا بەردەوام دەبێت، بەڵام وەک وتم ڕاپەڕین تەنیا خاڵێک و ڕووداوێکی دیاریکراوی نێو ئەو پرۆسێسە مێژووییەیە و دەتوانین بە خاڵی بەرجەستە و یاخیبوونی پەرەسەندووی بەرنگارییە چینایەتییەکە ناوی بەرین، ئیدی ئەو ڕاپەڕینە دژی سەروەری ھەر شێوەیەک لە میرایەتی و ھەر جۆرێک لە دەوڵەت بێت، ھیچ لە کڕۆکە چینایەتییەکەی ناگۆڕێت و سەربەخۆییشی لە ھەوڵ و پیلانی دەسەڵاتخوازان و ململانێی نێوان باڵەکانی چینی مشەخۆر، بە خۆھوشیاریی جەماوەر و سنووربەندیی ئازادیخوازانەی تاکە ڕاپەڕیوەکان لەتەک ڕێکخستنی ڕامیاریی دەسەڵاتخوازاندا، پەیوەستە!

ھەر لەسەر ئەو بنەمایە لەتێڕوانینی مندا، ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ پلەیەکە لە ھەڵکشانی خۆھوشیاریی شۆرشگێڕانە و دەستپێکی گەڕانەوەی متمانەبەخۆبوون بۆ جەماوەر و بەبێ ڕاپەڕین ھیچ تاکێکی کۆمەڵگە بەو ئاستە لە ھوشیاریی ئەوڕۆکەیی نەدەگەییشت و ھەروا ئەستەمیش بوو، لە وەھا بارێکدا کۆمەڵگە بەبێ کاردانەوە بەرامبەر ڕووداوەکان دەستەوئەژنۆ دابنیشێت، چونکە بڕیاری ڕاپەڕینی جەماوەریی بڕیارێکی سەرەڕۆیانە و سەرشێتانەی کۆمەڵەکەسێک نییە، بەڵکو پێگەیین و کەڵەکەبوونی وانەکانی خەبات و ئەزموونگیریی جەماوەرە لە شکستەکانی. باشترین نموونەش ئەزمووونگیریی لە شکستی چەند جارەی بزاڤی چەکداری کە بێجگە لە زیندان و سێدارە و ڕاگواستنی گوندەکان و کیمیاران و ئەنفال و وێرانی ژینگە و ھەڵوەشاندنەوە و تێکدانی ڕیز و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و جێگرتنەوەیان بە ڕکەبەرایەتی و ململانێی ڕامیاریی و جەنگی میلیشییایی و خێڵەکی نێوان سەرانی پارتەکان، ھیچی دیکەی بۆ کۆمەڵگەی کوردستان بەرھەمنەھێنا و تا ھەنووکەش ئەو کاراییە نیگەتیڤە ڕامیاریی و میلیشیایانە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا ڕەنگدەدەنەوە و لە ساڵی ١٩٦١ تا ئەمڕۆکە نەوە لە دوای نەوە، باجی خۆشباوەڕیی کاتیمان بەو ڕەوت و ئاراستە ڕامیارییانە دەدەین!

بەبۆچوونی من ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ بەرەنجامی ھەڵکشانی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و خۆھوشیاریی و ئازادیخوازیی تاکی چین و توێژە ژێردەستەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بوو، ھەر ئاوا کە ڕاپەڕینی کۆمونخوازەکانی پاریس و ڕاپەڕینی ١٩٠٥ و ١٩١٧ی ڕوسیە و ڕاپەڕینەوەی ٧ی ئاازاری١٩٢١ی دەریاوانانی کرۆنشتات و ١٩١٨- ١٩٢١ی جوتیارانی ئوکرانیا و ڕاپەڕینی ١٩٣٦ ئازادیخوازانی ئیسپانیا و ڕاپەڕینی ١٩٥٦ی ھەنگاریا و ١٩٧٩ی ئێران و پۆلۆنیا و ڕاپەڕینەکانی ئەوڕۆکەی یۆنان و باکووری ئەفەریکا و ولایەتەکانی ئەمەریکا، ڕاپەڕینی ئازادیخوازانە و سەربەخۆی جەماوەریی بوو، بریتی بوو لە ھەڵچوونی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر بەڕووی سیستەمی مشەخۆرانە و سەرووخەڵکیی سەروەریی کەمایەتیی بەعسییەکان و ئەوی کە لە دووتوێی پەرتووکانەوە ڕاپەڕینەکان دەخوێنێتەوە، بەدڵنیاییەوە بە سەرەنجامێک لە دەرەوەی کەتواری ڕووداوەکا دەگات و وەھا بە سەرەنجام گەییشتێک بۆ کەموکوڕی ڕاپەڕین و سەرنەکەوتنی ڕاپەڕێن ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ گیرۆدەبوونی بیرکردنەوە و تێڕوانینی ئەو کەسانە دەگەرێتەوە (داژەیەتگەرانی ڕاپەڕین) لە جاڵجاڵۊکەی تیئۆرییە ڕامیاییەکاندا، کە وەک مردوویەک ناتوانن لە ڕابوردوو ڕزگاریان ببێت.

لێرەدا وێڕای پێداگرتنەوەم لەسەر شۆڕشگێڕانەبوونی ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ وەک ھەموو ڕاپەڕینەکانی دیکەی مێژوو، لەسەر ئەوە پێداگریی دەکەمەوە، کە میرایەتی بۆرجوازی ھەرێم، بەرھەمی تێکشکاندنی ڕاپەڕین (نەک شکستخواردنی خۆیی) بوو و بەبێ تاکتیکی چۆڵکردنی بەرەکانی جەنگ و بڵاوکردنەوەی دەنگۆی گەڕانەوە ڕژێم و کۆڕەوی میلیشیای پارتەکان لەپێش جەماوەرەوە و تێکشکاندی بزووتنەوەی شورایی بەھەڕەشەی چەکداریی و پاگەندەی ژاراوی لە دژی لە ڕادیۆکانیانەوە و گفتوگۆی دێژخایەن لەتەک ڕژێمی بەعس و سازدانەوەی سیستەم و دەزگە سەروو خەڵکییەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس لەڕێگەی ڕەوایەتی پارلەمانییەوە، ئەستەم بوو ئاوا بە ئاسانی جەماوەری ڕاپەڕیو مەیدان بۆ حازرخۆرانی سفرەدڕ چۆڵبکات. بەڵێ ھەردەم سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانبەختکردووانی ڕاپەڕینەکانی ئازار و جونی ١٩٩١ دادەنەوێنم و خۆم بە سوپاسگوزاری گیانبەختکردیان دەزانم، کە لەپێناو ڕزگاربوونی ئێمە (تاکە زیندووەکانی کۆمەڵگە) لە دەسەڵاتی ڕژێمی داگیرکەری بەعس، دەستبەرداری ژیان و ئازیزانیان بوون.
_________________________________________
* ''قرارگاە رمضان و خاطم الانبیاﺀ'': دوو لقی یا دوو پێگەی سنوورنشینی سوپاسی پاسدارانی ئێران بوون، کە ھەموو پەیوەندییەکی پارتەکانی بەرەی کوردستانی لەتەک کۆماری ئیسلامی ئێران لەرێگەی ئەوو دوو لقەی سوپای پاسدارانەوە ئەنجامدەدران و ھەموو پشتیواییەکی لۆجیستیکی ئێران بۆ بەرەی کوردستانی لە بارەگاکانی ئەو دوو لقەوە وەردەگیران.
* ''مساکن البرزە'': گەڕەکێکی دیمەشق بوو، کە بنکە و بارگەی زۆرینەی پارت و کەسەکانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و بەرەی کوردستانی لەوێ کەوتبوون.


٦\٣\٢٠١٣
ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک