٢٦\٩\٢٠٢٢
راپەڕینی ئەمجارەی
خەڵکی ئێران.

زاھیر باھیر
هەڵچوون و هاتنە سەر شەقام و ڕاپەڕینی خۆبەخۆیانەی خەڵكی لە ئێراندا
ڕودواێکی سەیر و سەرسوڕهێنەر و ڕێکەوت نییە. ئەوەی مێژوی نزیکی ئێران
بزانێت ئەوە ڕەچاو دەکات کە لە قۆناخ و ساڵە جیاجیاکاندا ئەم
بەرەنگارییە خۆڕسکیانە بەتایبەت دوای هاتنەوەی شا و لابردنی دکتۆر
موصەودەق و ئیدارەکەی ، بەردەوام بوە جۆش و خرۆشی خەڵکی فشاری خۆیان
داناوە.
ئەوەشی کە پێی دەوترێت شۆڕشی ئیسلامی ساڵی ١٩٧٩ لەڕاستیدا " شۆڕش"ی
ئەوان نەبوو. ئیسلامییەکان بە چەند هۆکارێك بەری ئەو ڕاپەڕینەیان
چنییەوە و لەو کاتەوە بوونەتە خاوەندەسەڵات تاکو ئێستا. هۆکاری بوون
بەخاوەنی ڕاپەڕینەکە ئەو زەمینە لە بارە بوو کە ساڵەهایەکی دوور و درێژ
بوو کە خەڵکی لەژێر دەسەڵاتی شادا بێبەش بوون لە ئازادیی و نان و
دادوەری کۆمەڵایەتیی و نایەکسانێتی و زەبروزەنگی ساواك و سوپا و پۆلیسی
ئێران کە باڵی کێشابوو بەسەریانا. هەموو ئەمانە لای چەوساوەکانی
میللەتی ئێران بە هەمووییانەوە پەنگیان خواردبووە. ئەمانە بوونە هۆی
دەربڕینی ناڕەزایی و هاتنە سەر شەقام و پەلاماردانی پیاوانی دەوڵەت و
دامەزراوەکانی و هاوکاتیش زۆرێك لە کرێکاران لە شوێنی خۆیاندا خۆیان
ڕێکخست و مانگرتن و چالاکییان دەستپێکرد.
هەموو ئەمانە ئەو زەمینە لەبارە بوون کە ئاخوندەکان بە هاوکاری
ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و دەزگە سیخوڕییەکانیان گونجا و برەویان بە
بزوتنەوە ئیسلامییەکە دا تا هێنانەوەی خومەینی بە ناچاریی. ئەویش بە
قبوڵکردنی شەیتانی بچوك، کە باشترە لە شەیتانی گەورە ، یاخود ڕیگرتن لە
مەترسییەکی گەورە بە قووتکردنەوەی مەترسییەکی بچوك زۆر باشتر بوو.
دواتریش خولقاندنی جەنگێکی هەشت ساڵەی وێرانکەر و بکوژی ملیۆنەها لە
خەڵکی ئیرانی و عێراقی و کەمئەندامبوون و هەڵکەندنی ملیۆنەهای دیکە لە
جێ و ڕێی خۆیان و بەهێزکردنی ڕۆحی قەومی و دینی و مەزەهەبی بووە هۆی
دامرکاندنەوەی ناڕەزاییەکانی خەڵکی و سەرکزکردن و کپبوونەوەیان. هەر
ئاواش هەناردە کردنی قەیرانەکانی خودی ڕژێم و ناو خودی ئێران و کۆمەڵ.
هەموو ئەمانە بوونە هۆی سەقامگیربوونی دەسەڵاتی ئاخوندەکان و
بەردەوامبوونیان.
بەڕوودانی هەموو ئەوانەی سەرەوەش ئێران نەبووە ئاشی ئاوکەوتوو، نەبووە
سەرزەمینی ئاشتیی و ئازادیی. هەر دوای جەنگ ناڕازایی خەڵکی وردە وردە
دەرکەوتەوە بە تایبەت لە سەرەتای ئەم چەرخەدا. لە هەمویان گرنگتر و
بەهێزتر بزوتنەوەی سەوز [ گرین]ی ساڵی ٢٠٠٩ بوو. دواتریش خۆپیشاندان و
ناڕەزاییە گەورەکانی ساڵانیی ٢٠١٦ تا ٢٠١٩ لەسەر زیادبوونی نرخی
پیداویستییەکانی ژیان بەتایبەت نرخی وزە . ئەمەش وزەیەکی زیاتری بە
خەڵکی دا و لە پاڵیشیا تەکانێك بە دەوڵەت و لاوازبوونی.
هەموو ئەم چالاکی و ناڕەزاییانە لە ڕێگای پاسدار و پۆلیس و هێزی پۆلیسی
مەدەنییەوە توانرا زۆر بێ ڕەحمانە و خۆێناویانە تا ڕادەیەک
دامرکێنرێتەوە. هاتنی دەردی کۆرۆناش خەڵاتێك بوو بۆ دەسەڵات و
دەسەڵاتداران کە ڕێگرییەکی زۆری لە دەربڕنیی ناڕەزایی و گردبوونەوەی
خەڵکی کرد، بەڵام نەیتوانی چۆڕایی بە ناڕەزاییەکان و بزوتنی خەڵکی
بهێنێت. خەڵکی ئەوەندە پڕ و توڕەیە لە دەسەڵات بەو هۆکارانەی کە هەموان
دەیزانین وەك گرانیی ، نەبوونی کار و ئازادیی و چارەسەری تەندروستی،
دابەزینی بەهای تومەن و زەبر و زەنگ و سەرکوتکردن، نادادوەریی
کۆمەڵایەتیی، نایەکسانیی، بوونی ئێران وەکو بەندیخانەیەکی داخراو و
زۆری تر. هەموو ئەمانە هەمیشە هۆکارێك بوون بۆ تەقینەوەی خەڵکی و
هاندەرێك لە هاوبەشیکردنی دەرد و ئازاریان تاکو بە یەکەوە لە ڕێگای
خەباتەوە ساڕێژی بکەن دژ بە دەسەڵات و دەوڵەت.
ڕاپەڕینی ئەمجارەی خەڵکی ئێران کە زۆربەیان گەنجن و سەربەخۆن لە
حیزبەکان زیاتر لە ٥٠ شار و شارۆچەکەی ئێرانی لە ٣١ دەڤەردا گرتۆتەوە.
تا ئەمڕۆ ٥٠ کەس قوربانیی بوون، و نزیکەی ٦٠٠ کەس برینداربوون و بە
هەزاران کەسیش دەستبەسەر کراون.
کوژرانی دڕاندانەی عژینا ئەمینیع هۆکاری سەرەکی نەبووە و نییە بۆ
ڕاپەڕینی ئەم خەڵکە. کوژرانی ع ژیناع تەنها بیانوویەکە بۆ ڕاپەڕینی
خەڵکی بەڵام تایبەتمەندی و بایاخی گرنگی خۆی هەیە لە یەککەوتنی خەڵک و
تێپەڕاندنی سنوری نەتەوەیی و دینیی و مەزهەبی و ناوچەگەریی و تیرەگەریی.
خودی ئەمەش ئەوە دووپات دەکاتەوە کوشتنی کەسێك، کوشتنی هەموانە،
سەرکوتکردنی لایەنێك و ڕەگەزێك هی ئەوانی دیکەشە، یەکێتی چەوساوەکان و
سەرکوتکراوانیش لێرەدا ئەو پردە نەپساوەیە کە دەکرێت ئامانجی دوور و
نزیکی خەڵکی لەو وڵاتەدا بەدەستبهێنێت.
یەكێك لە خەسەڵەتەکانی ئیران ڕۆڵی کەم و کەمی هەژموونی حیزبە
سیاسییەکانە لەسەر خەڵکی و بزوتنەوەکەیان. بە واتایەکی دیکە حیزبە
سیاسییەکان ئایا بە هۆکاری لاوازی خۆیان بێت، یاخود هۆشیاری جەماوەر،
نەیانتوانیوە وەکو عێراق و باشوور خەڵکی بکەنە گوێ لەمستەی خۆیان و بە
فرمانی ئەوان هەڵچن و دامرکێنەوە . لە ئێستادا هیچ حیزبێکی ئێرانی لە
کورد و فارس و بەلوج و عەرەب و ئیتنکییەکانی دیکە نەیانتوانیوە
بزوتنەوەکەی ئەم چەند ڕۆژە بخەنە ژێر ئاراستەی خۆیان و کۆنترۆرڵی بکەن.
لەگەڵ ئەوەشی کە وتمان ئەوە نەبێ مەترسی ئەو حیزبانە بەسەر بچێت یاخود
دەستوەردانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی دەزگە سیخوڕیی و
تەنانەت هاوکاریکردنی حیزبەکانیشەوە ، ڕوونەدات.
وێڕای ئەو مەترسییانەش من لام گرنگە کە هاوپشتی و هاوکاری خۆمان لەگەڵ
ئەو خەڵکە ڕاپەڕیوە ڕابگەیەنین و ئومێدی سەرکەوتنیان بۆ بخوازین.
هاوکاتیش من وەکو خۆم لەوە بە ئاگام کە لە کاتێکدا خەڵکی نەتوانێت کە
خۆی لە شوێنی سەر کار و زانکۆ و گەڕەك و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکاندا
سەربەخۆوانە،، ئاسۆیانە ڕێکبخات و مانگرتنی سەرانسەری کرێکاران کە
شادەماری ئابووری ئێرانیان لە دەستدایە ڕوونەدات، زۆر نزیکە خەباتی ئەم
خەڵکە ڕاپەڕیوە بە گورگان خواردوو بدرێت و دەسەڵاتێکی ستەمکار بە
دانەیەکی دیکەی ستەمکار بگوڕریت . لەگەڵ ئەمەشدا هەڵتەکاندنی ڕژێمی
ئاخوندەکان زۆر گرنگە چونکە دەرگایەکیش لەسەر ڕاپەڕینی خەڵکانی عێراق
دەکاتەوە و حیزبە دینی و مەزهەبیەکان و حیزبە کوردییەکانیش لە عێراقدا
هەروەها ڕژێمی ئەسەد و حیزبوڵای لوبنان و حەماسی فەلەستییش زۆر لاواز
دەکات. هاوکاتیش کارایی نەرێنی خۆشی لەسەر دەوڵەتە فاشییەکەی تورکیاش
دادەنێت . هەموو ئەمانە خاڵی ئەرێیایەنەی سەرکەوتنی ڕاپەڕینەکەیە ئەمە
جگە لە گەڕانەوەی ڕۆحی بوێری و پشتبەستن و متمانە بەخۆکردن.
خاڵێکی دیکە لەم ڕاپەڕینەدا کە زەروورە پەنجەی لەسەر دابنرێت
ڕەتکردنەوە و پوکانەوەی پاگەندەی نەتەوەچییەکانی باشوورە کە گوایە ع
ژینا ئەمینیع لەبەرئەوەی کە کورد بووە ئەشکەنجە دراوە و کوژراوە، کە
ئەمە هیچ جۆرە ڕاستییەکی تێدا نیە. بوونی دەسەڵاتەکان لەسەر شەقام ، لە
خاڵێکی پشکنینیندا ، لە شوێنەکانی دیکەدا ئاوا کار ناکەن. زوڵمی زۆر و
سیاسەتی دەسەڵاتی ئاخوندەکان گشتگیرییە و تەجاوازی سنورەکانی قەومییەت
و ڕەگەز و ئیتنیکییەت تەنانەت مەزهەبییەتیشی کردووە دەکات.
سەرکەوتوو بێت خەباتی رەوای چەوساوانی ئێران.
ئازادیی بۆ ژنان و سەرکەوتن بۆ یەکێتی ژنان و پیاوانی چەوساوە.
نەنگی و تێشکان بۆ دەسەڵات و دەسەڵاتخوازن.
سەرکەوتوو بێت خەباتی لۆکاڵی و نێونەتەوەیی چەوساوەکان بۆ
هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی جەنگ و چەوساندنەوە و کاری کرێگرتە :
سەرمایەداریی.
٢٣\٩\٢٠٢٢
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|