|
راپه‌ڕین په‌نجه‌ره‌یه‌ك به‌ره‌و ئاسۆ پڕۆسه‌یه‌ك له به‌رده‌وامی.
محه‌مه‌دی مشیر
جیاوازتر له هه‌موو به‌هاكان،به‌های ئازادی و شكاندنی بێده‌نگییه له راست هه‌موو شێوه‌كانی سته‌م و زۆرداری، جوانتر له هه‌موو خه‌مه‌كان خه‌می دابینكردنی نان و ژیانێكی ئاسووده‌یه بۆ مرۆڤ، لێ له‌وانه‌ش رندتر به‌رده‌وامی گیان و به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی راپه‌ڕینه، جوانتركردنی ئێستا و كاته‌كانی داهاتووه كه گیانی راپه‌ڕین ده‌یخوازێ و نابێ له بازگه‌ی هیچ قۆناغێكدا راوه‌ستێ.
كه‌نج و پیر، ئافره‌ت و پیاو،كرێكار و خوێندكار، جوتیار و ئه‌ندازیار، مێرمنداڵ و به‌ساڵاچووی ئه‌م نیشتمانه جاڕی ئازادییان رادێرا و گیانبه‌ختانه رژێمێكی سه‌رڕه‌قی دیكتاتۆری شۆڤینستیان له كوردستان وه‌ده‌رنا، هه‌مووان یه‌كده‌ست جه‌سته‌ی شه‌كه‌تی ئه‌م نیشتمانه‌یان له ژێرپۆستاڵی گڵاوی فاشسته‌كان رزگاركرد. خه‌ونێك ، ئه‌ركێك ، كه ساڵانێك بوو ختوكه‌ی بیر‌و خه‌یاڵی هه‌ر تاكێكی ئه‌م نیشتمانه‌ی ده‌دا، له ژانی له‌دایكبوونی منداڵێك پڕ ژانتر هاته‌دی، كۆرپه‌یه‌ك له‌دایك بوو ناویان نا(راپه‌ڕین)، راپه‌ڕین ئێستاكێ گه‌نجێكی شۆخه‌و له به‌هاری ئه‌مساڵه‌دا ده‌بێته هه‌ژده ساڵان. جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌ی كوردستان عاشقانه مه‌شخه‌ڵی راپه‌ڕینیان راده‌ستی حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی ئه‌م نیشتمانه‌كرد، به‌جێ گه‌یاندنی ئه‌م ئه‌ركه ده‌ره‌نجامی نه‌بوونی ئه‌زموون بێ هه‌ڵه و كه‌موكوڕی نه‌بوو، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش په‌نجه‌ره‌یه‌ك به‌ره‌و ئاسۆ كرایه‌وه. ئاسۆیه‌ك دایه‌نی هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانی ئێستایه، به‌ڵام له كه‌مترخه‌مییه‌كانی ئێستا دڵگرانه و له نه‌بوونیشی به پڕۆسێسێكی به‌رده‌وام دڵگرانتر.
له‌ماوه‌ی ئه‌و هه‌ژده ساڵه‌ی ته‌مه‌نی (راپه‌ڕین) دا چیمان كرد و چیمان نه‌كرد ؟
پرسیارێك به‌قه‌د هه‌موو پرسیاره‌كان قورس، به‌ڵام قورستریش له‌و وه‌ڵامه‌كه‌یه‌تی تا بزانین له‌كوێوه‌ی راپه‌ڕین وه‌ستاوین، ئایا راپه‌ڕین وه‌ك پڕۆسه‌ی گۆڕانی به‌رده‌وامی هه‌موو بواره‌كانی ژیان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كرا؟
له بواری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و بازرگانی وڵات‌دا كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی باشمان هه‌ڵێنا، به‌ڵام كه‌رتی ژیانزای كشتوكاڵمان فه‌رامۆش كرد، له زۆری پڕۆژه‌كاندا درێغیمان نه‌كرد، به‌ڵام له زۆر پڕۆژه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووین، سیمای زۆر شار و شارۆچكه‌مان جوانتركرد، به‌ڵام كه‌متر خه‌مخۆری پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێن و ئاینده‌ی لاوه‌كانمان بووین،ته‌لار و ئه‌پارتمانی جوان و پارك و شه‌قامی به‌رین و به‌رزه‌پردی زۆر هاتنه‌ئاراوه، به‌ڵام كه‌متر گه‌نده‌ڵه‌كان درانه دادگا، سیسته‌می په‌روه‌رده و خوێندنمان گۆڕی، به‌ڵام ئاستی زانستی خویندكاره‌كانمان جه‌رگ پاره‌پاره ده‌كات، ژماره‌ی كارمه‌ند و چه‌كهه‌ڵگرانی حزب و حكومه‌تمان زۆرتر كرد، به‌ڵام نه‌مانتوانی خه‌ڵكێكی به‌رهه‌مهێن دروست كه‌ین، گه‌لێ یاسای تازه‌مان داڕشت و كۆمه‌ڵێكی دیكه‌شمان به‌ره‌و باشتر هه‌مواركرد، به‌ڵام نه‌مانتوانی وه‌كو پێویست بنه‌ماكانی مه‌ده‌نیه‌ت بچه‌سپێنین و ئازادییه‌كان پێشێل نه‌كه‌ین، چووینه هه‌ڵبژاردن و ده‌نگمان دا، به‌ڵام هێشتا له گه‌ڵ یه‌كتردا دیموكراسی نین، به ویستی خۆمان له پڕۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراقی (نوێ) دا به‌شداربووین، به‌ڵام ئه‌وانیش به ویستی خۆیان به‌ره‌و پته‌وكردنه‌وه‌ی مه‌ركه‌ز هه‌نگاو ده‌نێن،بۆ ره‌وایه‌تیدان به فیدڕالیزم و مافی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان دیالۆگمان له گه‌ڵ زۆر لایه‌ندا كرد، به‌ڵام كه‌م لایه‌نمان پێ ئیقناع كرا، كێشه‌ی رێژه‌یه‌كی باشی كرێنشینانمان چاره‌سه‌ركرد، به‌ڵام هۆكاری ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی خێرای كه‌سانێكی زۆری به‌رپرس و بازرگان و كۆمپانیاچیمان فه‌رامۆشكرد، له زۆری و بۆری ژماره‌ی رۆژنامه و گۆڤار و چاپه‌مه‌نییه‌كاندا درێغیمان نه‌كرد، به‌ڵام زیندانی كردن و لێدانی رۆژنامه‌نووسه‌كانمان هه‌ر ته‌رك نه‌كرد، وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كانمان داهێنا، به‌ڵام تا ئێستاش وه‌كو پێویست خزمه‌تیانمان نه‌كرد.... چیمان كرد و چیمان نه‌كرد؟
ئه‌و پرسیاره‌ی پێویسته له هه‌ر ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كمان له رابردووی ئه‌و هه‌ژده ساڵه‌دا له خۆمانی بپرسین، تا ناشرینییه‌كان نه‌هێڵین و جوانییه‌كانیش جوانتر بكه‌ین، به‌مه‌ش نه‌بێ ئه‌و به‌هایه ماددی و مه‌عنه‌وییه‌ی راپه‌ڕین ئامانجی بوو نایه‌ته‌دی و نابینه خودان مرۆڤگه‌لێكی سه‌ربه‌ست و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئازاد و ته‌ندروست.
muhammad_mushir@yahoo.com
|