٢۴\٣\٢٠١٠
راپەڕین و
هەڵبژاردن!

ستار محەمەد قادر
هەر چەندە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەم جارە، بوو بە هۆکاری ئەوەی پۆستی
شانازیی زێڕینترین تۆمار لە مێژووماندا، کە ئەویش ساڵیادی راپەڕینی
بەهاری نەوەدو یەکە، لە یادەوەریماندا بۆ خۆی قۆرخ بکات، بەڵام لە بەر
ئەوەی راپەڕین ئەو دەروازەیە بوو ئێمەی لە ژێر هەژموون و چەپۆکی
سیستمێکی دیکتاتۆریدا رزگار کردو ئەو شەرەفەی پێمان بەخشی کە لە گەڵ
دونیای دیمۆکراسیدا ئاوێزان ببین، لە بەر ئەوەی ئەگەر راپەڕین نەبوایە،
هەرگیز لە ساڵی نەوەدو دوودا بە بەهەشتی هەڵبژاردن شاد نە دەبووین،
بۆیە دەکرێت، هەڵبژاردنی ئەم جارە، راپەڕینێکی دیکە بێت، بەڵام لە
فۆرمێکی تردا!
راپەڕینی بەهاری نەوەدو یەک، راپەڕِینێک بوو دژی ستەمکاریی دوژمنێکی
سەر سەختی ئازادی، وە دەرنانی ئەو هێزە داپڵۆسێنەرەی بەعس بوو کە بۆ
ساڵانێکی زۆر دەڕۆیشت، لە شوێن ئاوەدانی، کوردستانی بە خولیای خەونە
گڵاوەکانییەوە، هێدی هێدی کاول دەکرد، بەعس هەمیشە لە شوێن ژیان، بە
مردن ئاشنای دەکردین!
بەعسیزم بە بەردەوامی لە رێی دەزگا داپڵۆسێنەرەکانییەوە ئیشیان لە سەر
ئەوە دەکرد، بە تۆپزی تێکەڵ بە ژیانمان ببن و هەر هەموومان لە نێو
ئایدۆلۆژیای بۆگەنی ئەو حزبە شوومەدا سیخناخ بکەن، ئەندامانی ئەو حزبە
هێندەی بە کارێزما بوونی سەرۆکەکەیان بارگاوی بوون، بە شێوەیەک زیهنیان
فۆرمات کرابوو، لەدونیا بینی و هەڵس و کەوتدا هێندەی هاوشێوەی رۆبۆت
بوون، هەرگیز لە ئینسان نە دەچوون!
سەددام بە شێوەیەک رایهێنا بوون، کە بەوە رازی ببن، خودی خۆی، لە شوێن
ئەوان بیر بکاتەوە، قسە بکات، بڕیار بدات، ببڕێت، بدڕێت، بکووژێت...
هتد، یەکێک لە دروشمە قێزەونەکانی بەعس، کە بەعسییەکان بە بێ شەرم و بە
شانازییەوە دووپاتیان دەکردەوە، کە گوزارشتی لە گشت بە قوربانی یەک و،
یەکیش تەنها بۆ خودی خۆی دەکرد، ئەو وتەیە بوو کە بە بەردەوامی لە
راگەیاندنەکانی بەعسەوە دەبیسترا " قال القائد، قال العراق" بوو، ئەو
وتەیە بەسە بۆ ئەوەی مرۆڤ بگات بە دەرەنجامی ئەوەی کە بێ دەنگی میللەتی
عێراق بوو بە هۆی چێکردنی چی فەزایەک، فەزایەک جگە لەوەی بوو بە هۆکاری
ئەوەی پێکهاتەی زیهنییەتی ئینسانی عێراقی لە مرۆڤێلێکی خاوەن ئیرادەوە
بۆ رۆبۆت، لە کاراکتەری تاکێکی قسە کەرەوە بۆ تاکێکی بێدەنگ، لە
خەڵکانێکی خاوەن ئیرادەوە بۆ پاسیڤ، لە چالاکیی و جووڵەوە بۆ حاڵەتی مت
بوون، بە گشتی لە رووناکییەوە بۆ دونیایەکی تژی لە تاریکیی بگۆڕێت،
بەڵکو کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ئەو بێ دەنگییەش بوو بە هۆکاری گۆڕینی
وێنەو بیرکردنەوەو تێڕوانینی دیکتاتۆرو بە شێوەیەک بەو شتانە سەرسامی
بکات، کە لە خەیاڵدانی خۆیدا راستن، تا لە دەرەنجامدا وای لێ بکات، لە
پێش چاوی جیهان، وێنەی لە مرۆڤەوە بگۆڕێت بۆ " هۆڤ" وەحش!
چونکە لە باشترین ژیواردا ئەوە ئاکاری مرۆڤێکی تەندرووست نییە ، بۆ
ماوەی سی و پێنج ساڵ تەنها لە پێناو ئەوەی لە پێش چاوی جیهان خۆی وەکو
پاڵەوانێکی نەتەوەیی نمایش بکات، گەمە بە ژێر خان و سەر خانی سەر تاپای
وڵاتێک بکات. ئەوە وەزیفەی سەرکردەیەکی تەندرووست نییە کە شەڕ بکات بە
تەواو کەری سیاسەت و لە شوێن نەخشە کێشان بۆ پێشکەوتن و ئاوەدانی، لە
شەڕێکی دۆڕاوەوە قەڵەمباز بکات بۆ شەڕێکی لەو واوە تر، لە سازشکردنی
زەوی ئاسمان و ئاوی وڵاتەکەیەوە، بۆ پەلاماردانی وڵاتێکی دراوسێ و
بیکات بە هەژدەهەمین پارێزگای وڵاتێک کە پارێزگاکانی خۆی بە هۆی
ملهوڕیی و سەر کێشی سەرۆکەکەیەوە هێدی هێدی روخساریان لە شارەوە بۆ
شارۆچکە، لە ئاوەدانییەوە بۆ شوێنێکی وێرانە و لە سیمای شارێلێکەوە کە
مرۆڤ هەست بە جووڵەی بەردەوامیان بکات، بۆ شوێنێلێکی راوێستاو، خاڵی لە
جووڵەیان لێدەهات؟! بەعس هەمیشە خوازیاری ئەوە بوو مرۆڤ دەسبەرداری
کەرەستەکانی ئەقڵی ببێ و بە بەردەوامی جگە لە شەڕە دۆڕاوەکانی، لە
هەوڵی گەشکردنی پشکۆی ئاگری جەنگێکی دیکەدا بوو، جەنگێک بە کاولکردنی
بونیاتی سیستمی پەروەردەو خوێندن دەستی پێ دەکرد، بە کووشتنی ئەقڵ لە
کەللە سەری مرۆڤەکاندا کۆتایی دەهات، سەرۆکی بەعس، خوازیاری ئەوە بوو
کەس توانای ئەوەی نەبێت بەراورد لە نێوان شانی راست و چەپ، و رەنگی رەش
و سپیدا بکات!
بۆیە ئەگەر خولیاو کەڵکەڵەی ئازادیی هەڵبژاردن لە نێوان سیستمی
دیکتاتۆریی و دیمۆکراسییەتدا نەبوایە بە ئەندێشەمان، هەرگیز بڕیارمان
نەدەدا لە دژی ستەمکاری رژێمێکی وەکو بەعس رابپەڕین، ئێمە بۆیە بەو
کارە هەستاین، تا لە دەروازەی راپەِینەوە بگەین بە خزمەتی ئازادیی و لە
ژێر سێبەری دیمۆکراسییەتدا هەڵبژاردن ئەنجام بدەین، ئازادییەک کە ئەو
بووارەمان بۆ فەراهەم بکات بە ئارەزووی خۆمان قسە بکەین، چونکە بەعس
تەنها خۆی قسەی دەکردو بە بێ ماسک ئەوەی دەدا بە گوێی سەرجەم میللەتیی
عێراقدا، وەکو ئەو پەندە عەرەبییەی کە دەڵێت " اذا ترید ارنب، اخذ ارنب،
واذا ترید غزال اخذ ارنب"!
شتێکی ئاشکرایە ئەمڕۆ لە ساڵیادی راپەڕیندا، بە دیداری هەڵبژاردن شاد
بووینەوە، راپەڕین و هەڵبژاردن بۆ ئێمە، دوو بۆنەن لە یەک وێنەدا،
راپەڕین بوو بە هۆکاری هێنانە ئارای زەمینەیەک کە بتوانین قسە بکەین،
بیر بکەینەوە، بڕیار بدەین، هەڵبژاردنیش ئەو ئامرازەیە کە لە رێیەوە
دەتوانین هەست بە بوونمان بکەین، هەڵبژاردن دەرگایەکی بۆ ئێمە خستە سەر
پشت، کە هەمیشە رژێمە دیکتاتۆرەکان لێی دەترسن، بۆیە بە هەموو هێزی
خۆیان دایدەخەن، بۆیە لە پێناو ئەوەی یادی راپەڕین لە یادەوەریماندا
بەرز رابگرین، دەبێت هەمیشە ئەو دەرگایە، بە کراوەیی بەجێبهێڵین، چونکە
لە کاتی داخستنیدا، دەبێت بۆ جارێکی دیکە بڕیاری ئەوە بدەین، رابپەڕین!
|