٢٥\٣\٢٠١٢
راپەڕین؛
وێستگەیەک بۆ بەخۆداچوونەوە؟!

ستار محەمەد قادر
لە ئابی ١٩٩٠ دا سوپای عێراق پەلاماری وڵاتێکی عەرەبی ھاو ئایین و ھاو
زمانی دراوسێی داو دوای داگیرکردنی لە نۆی ھەمان مانگدا بە بڕیارێکی
ئەنجومەنی گاڵتە جاڕی بەعس وڵاتی داگیر کراوی کوێتی کرد بە نۆزدەھەمین
پارێزگای عێراق، دوای ئەوەی ھەموو ھەوڵە دپلۆماسیەکان لە پێناو
کشانەوەی لە کوێت بە رێی ئاشتی بە بوونبەست گەیشتن، ئیجماعێکی نێو
دەوڵەتی درووست بوو بۆ ئەوەی بە یارمەتی ھێز کۆتایی بە پرۆسەی
داگیرکردنی کوێت بھێنرێت، بەڵێ دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩١ سوپای عێراق لە
شەڕی کەنداوی یەکەم " گەردەلوولی بیایان" نەیتوانی بەرگری لە خۆی بکاو
لە بەرەکانی شەڕ ھەڵاتن، زەمینەیەک لە باکورو باشوری عێراق رەخسا بۆ
ئەوەی خەڵکی دژ بە زوڵم و ستەمی بێ ئەندازەی بەعس رابپەڕن، لە ھەرێمی
کوردستاندا بەر لە بیست و یەک ساڵ شارۆچکەی رانیە کرا بە دەروازەی
راپەڕین و لە ماوەی چەند رۆژێکدا ھەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستان بە
شاری کەرکوکیشەوە ئازاد کران، ھێندەی نەما بوو ئاسۆی راپەڕین سەر تاپای
عێراق بگرێتەوەو بۆ ھەتا ھەتایی تارمایی بەعس لەم وڵاتەدا بڕەوێنێتەوە،
کاتێک خەریک بوو ئەستێرەی ئازادی لە ئاسمانی عێراقدا ھەڵدەھات،
ھاوکێشەکان گۆڕانیان بە سەردا ھات و بوون بە ھۆکاری ئەوەی راپەڕینی
میللەتی عێراق جوانە مەرگ بکرێ و بە قوربانی حازری بکرێت!
ئەو گۆڕانکاریە کتو پڕەی سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ئەو
کات لە رێی راگەیاندنەکانەوە گوێبسیتی دەبووین، گورزێکی کەمەر شکێنی
ئاڕاستەی خەڵکی راپەڕیو کردو راپەڕینی سنووردار کرد، چونکە دەرگای بۆ
بەعس خستە سەر پشت بۆ ئەوەی وەکو پیشەی ھەمیشەیی بە ئاگرو ئاسن وەڵامی
خەڵکی راپەڕیو لە باشورو باکوری عێراق بداتەوە؟!
ئەم سیاسەتە لەو کاتەدا ئیستیسنای تێدا نەبوو، بەرانبەر بە ئێمەی
کوردیش ھەمان سیاسەت پیادە کرا، بەڵام کۆڕەوی خەڵکی قارەمانی کوردستان
توانی ھاوکێشەکە ئاوەژوو بکاتەوەو ببێت بە فاکتەری ئەوەی لە دەرەوەی
سیاسەت و سیاسەتکردن بۆ یەکەمین جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە رێی زومی
کامێراکانەوە بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان ئاوڕ لە میللەتێکی پەراوێز
خراوی مێژوو بدرێتەوەو بە یارمەتی درووستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنی
پارێزگاری لێبکرێت.
بەڵێ کورد لە دەلاقەی کۆڕەوەوە توانی بەرھەمەکانی راپەڕین بچنێتەوە،
ھەر وەکو کۆڕەو بوو بە ھۆکاری ئەوەی لە مەحافلی نێو دەوڵەتیدا
لاپەڕەیەکی نوێ بۆ دۆزی کورد بکرێتەوە، بەڵام لەسەر ئاستی نێو خۆیی
نەمانتوانی بە دیدێکی نوێ مامەڵە لە گەڵ ئەو رەوشە نوێیەدا بکەین،
چونکە ئێمە رانەھاتبووین ئەزموون لە شکست و ھەڵەکانمان وەربگرین، بۆیە
مێژوو توانی بۆ جارێکی دیکە لە ناوچەیەکی ئارامدا خۆی دووبارە بکاتەوەو
بۆ چەند ساڵێک بە شێوەیەک مامەڵەی رەوشەکەمان دەکرد وەکو ئەوەی ھیچ
رووینەدابێت، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە ئەقڵی سیاسی سەرکردایەتی
ئەوسای کورد نەیتوانی لە گەڵ ئەو رەوشە نوێیەدا تەکەیوف بکات، بە ھەر
حاڵ ئەگەر بمانەوێت بەراورد لە نێوان مێژووی پێش راپەڕین و دوای
راپەڕین بکەین، وا باشترە بۆ ئەوەی ھیچ حەساسیەتێک لەو نێوەندەدا
درووست نەکەین و لە رووداو و کارەساتەکان سوود وەربگرین و لە
سۆنگەیانەوە موڕاجەعەی خۆمان بکەین، دەبێت راپەڕین بکەین بە وێستگەی
بەخۆدا چوونەوەو مێژووی پێش راپەڕینیش بە ھەموو سەروەری و شکست و
قوربانی و نەبەردی ھێزی پێشمەرگەو زوڵم و ستەمی بێ ئەندازەی بەعس و
ئەنفال و کیمیا باران ئاوێتەی ئەم یادە پیرۆزە بکەین و لە سۆنگەی بە
زیندوو ھێشتنەوەی راپەڕینەوە ئێش و ئازاری گەلێکی زوڵملێکراو بۆ
نەوەکانمان بگێڕینەوە!
ئەوەی لێرەدا پێویستە بۆ ئەم یادە پڕ شکۆیە قسەی لەسەر بکەین، ئەویش
پیا ھەڵدان نیە بە باڵای ئەم لایەن یان ئەو لایەندا، بەڵکو بۆ ئەوەی
ئەم یادە بەرزو پیرۆز بکەین و بە زیندوویی بیھێڵینەوە، دەتوانین لە
شوێن یاد کردنەوە لە فۆڕمێکی دیکەدا درێژە بە راپەڕین بدەین و راپەڕین
بکەین بە سەر مەشقی ھەموو گۆڕانکاریەکان، چونکە راپەڕین پرۆسەیەکی فرە
رەھەندەو ناکرێت بۆ زەمەنێکی دیاریکراو کورتی بکەینەوە بەڵکو دەبێت
درێژەی پێبدرێت، لە بەر ئەوەً ئەگەر ئامانجی راپەڕین تەنھا لە
دەرپەڕاندنی بەعسدا وێنا بکەین، ناتوانین قسە لەسەر ماھیەتی راپەڕین
بکەین، راستە بە پلەی یەکەم لەو چرکە ساتە ھەستیارەدا یەکێک لە داوا
کاریە سەرەکی و بنەڕەتیەکانی خەڵکی راپەڕیو دەرپەڕاندنی دەسەڵاتی بەعس
بوو، بەڵام بۆ کام دەسەڵات دەگەڕان، دەکرێت لێرەوە لە خۆمان بپرسین،
ئەگەر لە مێژووی پێش راپەڕین رژێمی رووخاو لێی بەرپرسیار بێت، ئەی
کەواتە لە مێژووی دوای راپەڕین کێ لێی بەرپرسیار دەبێت؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|