٢٨\١\٢٠٢٠
راپۆرتەکانی
ئۆکسفام و کۆڕبەندی دافوس.

عەلی مەحمود محەمەد
راپۆرتی ئۆکسفامی ساڵی ٢٠١٩ " ئۆکسفام تۆڕی رێکخراوە خێرخوازییەکانە بۆ
کەمکردنەوەی ھەژاری لە ساڵی ١٩٤٢ لە بەریتانیا دامەزراوە " کە رۆژێک
پێش دەستپێکردنی دانیشتنەکانی دافوس بڵاو کرایەوە واتا لە ٢١ی جەنیوەری
٢٠١٩, ئاگری بەردا لە جەستەی کۆبونەوەکە, ئەوەی ئەمساڵیس تەزاندی, ساڵ
لە دوای ساڵ راپۆرتەکان کاریگەر تر دەبن, ئەو ئامارانە کە تەنھا
دڵۆپێکن لە ئۆقیانووسی نا دادپەروەرییەکانی سستەمی سەرمایەداری, بەھۆی
ھاوکێشەیەکی زۆر ساناوە, رۆژ لە دوای رۆژ ھەژاران ھەژارترو دەوڵەمەندان
دەوڵەمەندتر دەبن لە سایەی ئەم سستەمە , راپۆرتەکان ھەرچەندە سەرنج
ھەیە لەسەریان, بەھۆی زیادەڕۆیی ئۆکسفامەوە نا, بەڵکە بەھۆی نەبوونی
راپۆرتی وڵاتانەوە لەسەر سامان و داھاتی تاک, بەھۆی ئەوەی ھێشتا
ناتوانێت نا رەواییەکانی سستەمی سەرمایەداری وەک ھەیە دەربخات و ببێتە
ئاوێنەی واقعی کۆمەڵایەتی سیاسی ئێستای جیھان, زۆر مرۆڤ لە کونجی و
کەلەبەری جیھان پەراوێزخراون ئامارەکان ئاگایان لێی نییە, پارساڵ
سەروەت و سامانی تەنھا ٢٦ کەس لە ملیاردێرەکانی جیھان , ھاوتابوو بە
سەروەت و سامانی ٣٨٠٠ ملیۆن کەسی ھەرە ھەژاری جیھان , واتا نیوەی
ژمارەی دانیشتوانی جیھان, کە لە ٢٠١٨ەدا سەروەت و سامانی ٤٢ ملیاردێر
یەکسان بوو بە سەروەت و سامانی ٣,٨ ملیار مرۆڤی ھەژار لە جیھاندا, لە
ساڵی ٢٠١٧ەدا ئەم ژمارەیە ٦١ کەس و ساڵی ٢٠١٦ تەنھا ٨٦ کەس و ساڵی ٢٠٠٩
بریتی بوو لە ٣٩٠ کەس, بەم شێوەیە دەبینین ساڵ بە ساڵ ژمارەی
ملیاردێرەکان لە کەمبونەوەدان و ژمارەی ھەژارە ھاوتاکانیان لە
بەرزبونەوەدایە, لە ساڵی ٢٠٠٩ ەوە ژمارەی ئەو ملیاردێرانەی سامانەکەیان
ھاوتایە بە داھاتی نیوە ھەژارەکەی دانیشتوانی گۆی زەوی بیست جار چۆتە
سەر, ئەمە گەورەترین کارەساتە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا, ئەم ئامارانە
ھەمووشی بە پێی راپۆرتەکانی ئۆکسفامن کە ئەویش سەرچاوەی سەرەکی
لێکۆڵینەوەکانی بانکی کریدی سویس و گۆڤاری فۆربیسە کە دوو دەزگای
لێکۆڵینەوەی سەرمایەدارین, راپۆرتەکانی ئۆکسفام ساڵانە گڕی گەرمای ناو
ھۆڵی کۆڕبەندەکەو کاردانەوەکان لە بەرامبەری بەتینتر دەکات بە
بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی , ئۆکسفام چارەسەری بۆ ئەم جەنگەڵستانە تەنھا
باجی زیاترو دادپەروەرانەیە, واتە ھەژاران ھەر لەبر رەحمەتی
ملیاردێرەکان دەھێڵێتەوە, بۆ خێرو سەدەقەی دادپەروەرانە, دادپەروەری بە
مانەوەی ملیاردێرەکان لێ بە تێرکردنی مەمرەو مەژی ھەژاران, ئەوان
رەخنەیان لە مردنی لە برسانە لە سایەی سستەمی سەرمایەداری نەک ھەوڵدان
بۆ یەکسانی ئابووری.
ئەو ٢٦ ملیاردێرە ی پارساڵ ١٧ەیان ئەمەریکی , ٢ فەرەنسی , یەک مەکسیک,
یەک ھیندی, ٣ چینی , یەک ھۆنگ کۆنگ (چین) بوون لێ ئێستا ئەو ھاوکێشەیە
گۆڕاوە بە پێی قازانج و زەرەری ئەوان, سەری ساڵی ٢٠١٩ خاوەند ١٣٥٧,٣
ملیار دۆلاربوون , لێ بۆ سەری ساڵی ئەمساڵ سەرمایەکەیان بە بڕی ٣١٦,٣
ملیار دۆلار زیادی کرد بە رێژەی ٢٣,٣٪
بووە ١٦٧٣,٦ ملیارد دۆلار" ئامارەکە تایبەتە بە خۆم " .
ئامارەکانی ٢٠٢٠ی ئۆکسفام.
ئۆکسفام ئەگەر ئەمساڵیش بە پێوەری ساڵانی رابردوو ئامارەکانی بڵاو
بکردایەتەوە, ئەوا ژمارەی ئەم ملیاردێرانەی کە سامانەکەیان ھاوتا دەبوو
بە داھاتی نیوەی دانیشتوانی ھەرە ھەژاری جیھان لە نێوان ١٦ بۆ ١٩ ە
دەبوو, بەمەش ترس و موچڕکی زیاتری بڵاو دەکردەوە بە جیھاندا, جەوی
دافۆسییەکانی زیاتر تێک دەدا, زیاتر ھەستیا دەکرد ئەوانن سەرچاوەی
دڕندەییەکان.
بەڵام ئامارەکانی ئەمساڵیشی دیسان ھەر بارمۆمەتری قینی لە سستەمی
سەرمایەداری بەرز کردەوە , رایگەیاند:
سامانی ملیاردێرەکانی جیھان کە ئێستا ژمارەیان ٢١٥٣ کەسن" پارساڵ بەھۆی
قەیرانی ئابوری و ھەڵکشان و داکشانی بازاڕی بازاڕی دراو و پشکەوە ٥٥
کەسیان لە لیستەکە چونە دەرەوە", ھاوتایە بە سامانی ٦٠٪ی
دانیشتوانی جیھان, کە ٤,٦ ملیار کەسن, وە سامانی ١٪ی
ھەرە دەوڵەمەندەکانی جیھان ھاوتایە بە دووجاری سەروەت وسامانی ٩٢٪ی
سەرجەم ھاووڵاتیانی جیھان, ھاوکات سامانی ٢٢ پیاوی ھەرە دەوڵەمەندی
جیھان ھاوتایە بە سامانی ھەموو ژنانی کیشوەری ئەفریقا, کە زیاترە لە
٦٠٠ ملیۆن کەس.
ھەر بە پێی ئاماری ئەمساڵی دافۆس بێت , ژنان رۆژنە ١٢ ملیار کاتژمێر
کاری خۆراِیی دەکەن, کە ساڵانە بایی ١١ ترلیۆن دۆلارە , کە دەکاتە ١٢,٦٪ی
بەرھەمی نەتەوەیی جیھانی.
چارەسەرییەکانی ئۆکسفام.
ئۆکسفام رێگ گرتن لە ھەڵاتن لە دانی باج و بەرزکردنەوەی کرێی کرێکاران
و سنور دانان بۆ موچەو داھاتی بەڕێوەبەری راپەراندنی کۆمپانیاکان بە
رێگا چارەی گونجاو دەزانێت بۆ رێگا گرتن لە بەرز بونەوەی نا یەکسانی,
نەک ھەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتی, وەلێ کاتێک ترمپ دەبێتە حاکمی
جیھان, پێشنیارەکەی بستێک بڕ ناکات, چونکە حکومەت و چین و کۆمپانیا
بونەتە یەک دەستگاو لە خزمەت یەکتر کاردەکەن, ئەمڕۆ لە جیھاندا لە
رێگای پارتە راستگەراکان و بە بەھانەی راکێشانی سەرمایەگوزاری بیانی و
ھەڵنەھاتنی سەرمایەی ناوخۆیی ھەڵمەتی توند بۆ کەمکردنەوەی باج ھەیە
لەسەر سەرمایەداران, ٥٠ ساڵە ئەم حکایەتە روو لە دافوس و دافوسچییە
ھێقە ئاڵتونییەکان دەڵێنەوە, نەیتوانی بە نیو ئەندازەی راپەڕینی ئێلەگ
زەردەکان فەرەنساو دەمامک دارەکانی شیلی کاریگەری دابنێت و تەخت و
تاراجێک بلەرزێنێت, ئەدی کاتێک لە بری راپۆرتە ساڵانەکان پرۆلیتاریاو
بریکاریای جیھانی قسەی خۆیان بکەن و شەڕی ھێقە رەنگاو رەنگەکان بێتە
ناو باریکاردو سەر شەقامەکان چی رودەدات؟.
بە پێچەوانەی ویستی ئۆکسفامەکان, باج لە ساڵی ١٩٧٠دا بە رێژەی ٦٢٪
بوو, بۆ ٣٨٪ کەمبوەوە لە ساڵی ٢٠١٣,
لە وڵاتانی تازە گەشەکردوو ٢٨٪ و لە
وڵاتێکی وەک بەرازیل ١٠٪ەیە.
دەوڵەمەندەکانیش نەک رێژەی باجیان بۆ کەمکراوەتەوە, بگرە ٧٦٠٠ ملیار
دلاریان لە ٢٥٠٠ شوێنی جیھان لە باج شاردۆتەوە, بەشێوەی گشتی ئێستا
دەوڵەمەندەکان و کۆمپانیاکان باجی کەمتر دە دەن وەک لەوکات, بگرە بە
کۆمەڵ وڵاتان بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی باج دەدەن, کەواتا دافوس و
ئۆکسفامەکان ٥٠ ساڵە چی دەکەن و چ بەرھەمێک دەدورنەوە .
زیاد بوونی ژمارەی دەوڵەمەندەکان نیشانەی پێشکەوتنی ئابوری نییە, بەڵکە
نیشانەی شکستی سستەمە کە ناتوانێت پارسەنگ رابگرێت و بەرئەنجامی گەشەی
ئابووری دادپەروەرانە لە نێوان مرۆڤەکان لە جیھان دابەش بکات, نەک وەک
سیاسییەکانی کوردستان پێیان وابوو بوونی ھەزاران ملیۆنێر و ٣٠ ملیاردێر
نیشانەی پێشکەوتنی کوردستانە.
لە کاتێکدا ٣,٨ ملیار کەس ھیچیان بەر نەکەوت لە نیعمەتی گەشەی ئابوری
جیھان بگرە قازانج سەری مایەشی خواردووە,تەنانەت کریستین لاغارد
بەڕێوەبەری پارساڵی سندوقی دراوی جیھانی و ئێستای بانکی ئەوروپی وتی"لە
١٥ وڵاتی جیھانی سێیەم داھاتی تاک دابەزیوە"کەچی لە لایەکی ترەوە ٢٧%ی
گەشەی جیھان دەوڵەمەندەکان دەیبەن . ساڵی ٢٠٠٩ ژمارەی ملیاردێرەکان ٧٩٣
کەس بوو, کۆتایی ٢٠١٩ گەیشتە ٢١٥٣ کەس , سەرمایەکەشیان گەیشتە ٨,٧
ترلیۆن دۆلار.
ماڵپهڕی عهلی مهحمود محهمهد
|
       |