په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٣\٢٠١٧

راپۆرتی پێشێلكاریی مافی مرۆڤ

له‌ مانگی شوباتی ٢٠١٧

لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

 


راپۆرتی پێشێلكاریی مافی مرۆڤ له‌ مانگی شوباتی ۲۰۱۷ بەرانبەر بە ۱۲ی رێبه‌ندان تا ۱۰ی ره‌شه‌مه‌ی ساڵی ۱۳۹٥ی هەتاوی کە بە هەوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانە کە لەلایەن كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوکراونەتەوە، کۆبەندی بۆ کراوە. شایانی باسەئەم ڕاپۆرتانە، بەهۆی ئیزن نەدانی حکومەتی جمهوری ئیسلامی ئێران بەلێژنەکانی مافی مرۆڤی جیهانی، ڕاپۆرتێکی تەواو نییە وتەنیاوێنەیکی بچوکی لەژێر پێنانی مافی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان پێ نیشان دراوە.

بەپێی بڕگەی ۱۹ ی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ هەر تاکێک مافی ئازادی ڕادەربڕینی هەیە هەروەهالەدێڕی یەکەمی بڕگەی ۹ بەشی نێونەتەوەیێ مافی مەدەنی وسیاسی داهاتوە؛ هەرکەسەومافی ئازادی وئەمنیەتی تاکەکەسی هەیە؛ هیچ کەسێک نابێت بەبۆنەی بیروباوەڕیەوەئازاربدرێتو سەرکوت بکرێت، لەبڕگەی دووی بەشی ۱۹ دادیسان دەڵێت؛ هەموو کەسسێک ئازادی ڕادەربڕینی هەیە، ئەومافانە ئەمانەلەخۆدەگرن، ئازادی گوتار ولێکۆڵینەوە و پەروەردەو بڵاوکردنەوەی زانیاری وبیروباوەڕ، هەر چەشن و جۆرێک بێ ئەوەی سنوری بۆدابنرێت جا ئیتر سەرزارەکی یا نوسراوە یان چاپی یابەشێوەی هونەری یا هەر چەشنێک کەمرۆڤ خۆی هەڵی بژێرێت.

هەروەهالە بڕگەی ۲۲ داداهاتوە هەرتاکێک وەکو کەسێک لەکۆمەڵگا مافی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی هەیە ولەڕێگەی تێکوشان لەپانتایی نەتەوەیی و هاوسۆزی نێو نەتوەیەوە بەڕێکخراوەیی کردنی سەرچاوەکانی هەر وڵاتێک، مافی لێ زەوت نەکراوی ئابوری، کۆمەڵایەتی و کلتوری خۆی بپارێزێت بۆ پەرە پێدانی ئازادانەی کەسایەتی تایبەتی خۆی بەدەست بێنێت؛ وهەروەهابەپێی بڕگەی ٥هیچ کەسێک نابێت ئەشکەنجە بدرێت یان سزابدرێت یان بەشێوەی نامرۆڤانەو دڕندانە وڕوخێنەرهەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. بەپێی بڵاوکراوەفەرمیەکانی جیهانی لەمەڕ مافی مرۆڤ و مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی و کۆمەڵگای بەشەری، هەر تاک و کۆمەڵگایک مافی خۆیەتی داوای مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابوری وکلتوری خۆی بکات وبۆ وەدەست هێنانی تێبکۆشێت، هیچ کومەڵێک یان گروپێک لەسەرو کەسی ترەوەنییەوهەمو کەسێک دەبێت لەمافی سروشتی بەفەرمی ناسراوی خۆێی بەهرەمەند بێت.

کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان هەموو مانگێک کۆکراوە و گوزارشێکی پوخت لە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤی لە کوردستان دا بڵاو دەکاتەوە. لە گوزارشی ئەو مانگەش دا دەردەکەوێ کە رەوشی مافی مرۆڤ لە کوردستان خراپتر بووە و دەوڵەتی ئێران کردەوە دژە مرۆڤیەکانیان دژی گەلی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان زیاتر کردوە.

لەو مانگەش دا، ئێعدام، گرتن و ئەشکەنجەدان، خەسارەکانی ژینگە و هتد زۆر بەرچاون و رەوشێکی مەترسیدار نیشان دەدەن کە گەل کوردستان بە تایبەت لە رۆژهەلاتی کوردستان روبەرووی بۆتەوە.

له‌سێداره‌دان.


بەداخەوە لە مانگی دەربازبوودا ژماره‌یكی زۆر زیندانی کورد کە ناوەکانیان لە لایەن کار بەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئاشکرا کرابێت و ڕاگەیەندرابێت له‌ سێداره‌ دران. بەڵام بە پێی ڕاپۆرتەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان زۆر جار ناوی ئێعدامییەکان ناسراو بە سزای جۆراو جۆر لە لایە کاربەدەستانەوە ڕاناگەێندرێت و مێدیایی ناکرێت.

سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممۆ ۱۳ی ڕێبەندان تاهیرسەعیدی تەمەن ۳۸ ساڵ لەزیندانی ماکۆ ئێعدام کرا. بەگوێرەی ڕاپۆڕتەکە ناوبراو بەتۆمەتی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان لەساڵی ۱۳۸۹ دەسبەسەرکرابوو.

داواکاری سەرلەنوی پێداچوونەوەی زەینەب سەکاوەند، زیندانی مەحکووم بە قەرەبوو (قصاص) پاش چەندد مانگ لەدیوانی باڵای وڵات بەرپەرچ درایەتەوە وبەهۆی بێ ئەملاو ئەولابوونی دۆسیەکەی هەردەم مەترسی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی ئەم ژنە زیندانییە کەلەتەمەنی ۱۷ ساڵییەوە دەسبەسەرکراوە، لەئارادایە.

سەرلەبەیانی ۲۸ی ڕێبەندانی ئەوساڵ زیندانییەکی کورد بەتۆمەتی تایبەت بەمادە سڕکەرەکان لەزیندانی قزڵحەساری کەرەج هەڵواسرا. ناونیشانی ئەم زیندانییە مەهدی فەیاز، خەڵکی شیروانی خۆراسانی باکوور ڕاگەیەندراوە. ناوبراو ساڵی ۱۳۹۱ بەتۆمەتی گواستنەوە وهەڵگرتنی مادە هۆشبەرەکان دەسبەسەر وبەئێعدام مەحکووم کرابوو.

دوو بەندکراوە بە ناوەکانی «محەمەد کریم عەزیز پەناە» ٤۳ ساڵان و کوڕی عۆمەر و «حەمیدڕەزا ڕێباز» ۳٥ ساڵان کە بە تۆمەتگەلی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان بە ئێعدام سزادرابوون، سەر لە بەیانی شەممە ۳۰ی ڕێبەندان ئەمساڵ لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان لە سێدارەدران.

ڕۆژی ۵ی ڕێبەندانی ۱۳۹۵ی هەتاوی زیندانییەکی تاوانبار بە کوشتنی بەئەنقەست (عمد) بەناوی فەرشید سەجادی خەڵکی شاری کامێران لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەزیندانی دیزەڵ ئاوای کرماشان ئێعدام کرا.

ڕۆژی سێشەممۆ ۳ی ڕەشەمەی ئەوساڵ حوکمی ئێعدامی “حوسێن دەروێشی کوچک”زیندانی ۳۲ ساڵ تەمەنی کورد خەڵکی “دێولان”لەڕۆژهەڵاتی کوردستان کەبەتاوانی کوشتنی بەئەنقەست (عمد) لەزیندانی قوروە ڕاگیرابوو جێبەجێکراوە.

سێ شه ممە ڕێکه‌وتی ۱۰ی ڕه شه‌ممە ۲ زیندانی بە سێدارە سزا دراو، به ئامادە بوونی بنه‌ماڵه‌ی کوژراوه‌کە، له زیندانی ناوه‌ندی ورمێ له سێدارە دران. (ئە فشین شه وکە تی و عه لی وە لی زادە) پێشتر بە تاوانی کووشتنی بە ئە نقست له لایە ن دادگاوە سزای سیداره یان به سه‌ردا سه پابوو.

دەسبەسەر كردن و به‌ندیخانه‌.
«دەستبەسەركردن، بانگهێشت و سزا دەرکردن، دۆسییە سازدان و گوشار».


ڕۆژی دووشەمە ۱۱ی ڕێبەندانی ۱۳۹٥ی هەتاوی هێزەکانی ئیتلاعاتی شارستانی سەردەشت بە هێرش بردنە سەر ماڵی هاووڵاتی مەولوود ئیسماعیلپور، ناوبراو قۆڵبەست دەکەن.

ئومێدی شاهمورادی سنەیی، زیندانی سیاسی کورد ڕاگیراو لەزیندانی ئەوین، بەنووسینی نامەیەکی سەرئاواڵە بۆ دادوەری چاودێری زیندان، دەستی دایە مانگرتن لەخواردن ودەواو دەرمان.

ساسان بابایی مامۆستای قوتابخانه‌ و هاوڵاتییەکی شاری کامێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی گەڕانەوە لە باشووری کوردستان لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

کاوە مورادی ورزشوان و چالاکێکی مەدەنی شاری کامێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دەسگا ئەمنیێەتیەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا.

بەرپرسی نەخۆشخانەی (بهداری) بەندیخانەی ئەوین دۆخی تەندروستی “ئۆمێد شاهمورادی سەنەندجی” زیندانی ئەمنیەتی کە لە خواردن و دەرمان مانیگرتوە بە نالەبار دەزانێت و بەردەوامی ئەم مانگرتنە بە “مەترسیەکی گەورە ” باسی لێی كرد.

سابیر نادر شارۆمەندی کورد خەڵکی قوروە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاش ۷۰ ڕۆژ ڕاگرتن و ئەشکەنجە وئازار لە گرتوخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتێ کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە.

چوار شارۆمەندی خەڵکی سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بۆ پارتەکوردستانیەکان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان (تلگرام)، بە گشتی ئەم چوار کەسە بە ۲ ساڵ و٦ مانگ زیندان سزا دران. كوتراوه‌ كه‌ ناسر ڕەحیمی، هێمن حۆسینی، کامیل شەریف‌زادە هەر کامیان بە ٦مانگ زیندان و غەریب شەریف زادە بە ساڵێک زیندان سزا دراوە.

چالاکێکی کرێکاری بە ناوی «ئەسعەد مەولوودزادە قەلعەلەری» ڕۆژی چوارشەمەم ۲۷ی ڕێبەندانی ساڵی ۹٥ی هەتاوی لە دوای ئەوەی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەغەدە كرا، قۆڵپێچ ده‌كرێت.

کاوە ئەحمەزادە بەندکراوی سیاسی کورد، بە بێ پشوو و چارەسەری پزیشکی لە دۆخی نالەباری تەندروستیدایە.

ڕۆژی دووی ڕەشەمەی ئەوساڵ زیندانییەکی سیاسی کوردبه‌ ناوی «عەبدولنوور شەرەف نەهال کەلەبەندی» لەزیندانی ئیلام بەهۆی ڕاوەستانی دڵ (سکتە) ونەگواستنەوەی بۆنەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

ماڵباتی چالاکی مەدەنی رامین زەندنیا بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری سنە رۆژهەڵاتی کوردستان کراون و بێ حورمەتیان پێکراوە.

ڕێکەوتی ۲۶ی ڕێبەندان ئەوساڵ چالاکێکی سیاسی کورد بەناوی (فەرهاد مەلەکی) خەڵکی شاری سەقز لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر وگوازرایەوە بۆشوێنێکی نادیار.

حوسەین دانشپایە زیندانی سیاسی کورد لە گرتوخانەی ناوەندی شاری وررمێ، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە ٥ ساڵ زیندان سزا درا.

چالاکی ناسراوی بواری ژنان و خوێندکاری، فەرزانە جەلالی لە کرماشان دەسبەسەر کرا.

ڕێکەوتی ٥ ی ڕەشەمەی ئەمساڵ «محەمەد‌حەسەن داودی» مامۆستا و چالاکی کۆمەڵایەتیان لە شاری میاندواو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

رۆژی ۲ی ره‌شه‌مه‌ی سالی ۹۵ هه‌تاوی، هاووڵاتییه کی کورد بە نێوی (اندیشمند یزدانی فر) خە ڵکی ئاوایی گامێش گۆلی سەر به شاری میاندواو له ڕۆژهه ڵاتی کوردستان، له کاتی گە ڕانە وە ی له باشووری کوردستانەوە بۆ ڕۆژهه ڵات، له شاری مە ریوان ده ستبەسەر کراوە و دادگاش داوای دانانی بارمتە ی ۱۰۰ میلیۆن تمە نی لێده كرد. بنە ماڵە ی ناوبراو ۷ی ره‌شه‌مه‌، بۆ دانانی بارمتە ویستوویانە سه ردانی دادگای مە ریوان بکە ن کە له ڕێگای نێوان سه قز _ مە ریوان تووشی ڕووداوی هاتووچۆ هاتن.

کەیوان کەریمی فلیمساز و چالاکی بواری هونەری لە زیندانی ئەڤینی تاران ئەشکەنجە درا.

غەریب عەبدی زیندانی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە ۵ ساڵ حوکمی بۆدیاری کرا.

کرێکاران وناوەندی پیشەکان.
ڕاپۆڕتی تایبەت بەکرێکاران:


رۆژی ۱٥ ڕێبەندان کرێکارانی ناڕازی کۆمپانیایی «تاران جنوب» لە کرماشان بە ڕێخستنی کۆبوونەوەی ناڕەزایی لە بەرابەری ئەم کۆمپانیای داخوازی وەرگرتنی مافە ڕەواکانیان بوون کە هێزە تایبەتەکان بە هێرش کردنە سەر کۆبوونەوەی مەدەنی کڕێکارانی ناڕازیی، کڕێکارانیان ئازار و ئەشکەنجەدا و بڵاوەیان پێکردن.

خاوەنکاری کومپانیای چیمەنتۆی «مسجدسلیمان» پاش تێپەڕینی ۳۲ ڕۆژ لەناڕەزایی دەربڕینی پیشەیی ٤۷۰ کەس لەکرێکاران بەهۆی پێنەدانی چوارمانگ لەمووچە وپوانە پاش کەوتووەکانیان، هەڕەشەی دەرکردنی لێکردن.

ڕۆژی چوارشەممۆ ۲۰ی ڕێبەندانی ئەوساڵ کرێکارێکی کوردی کومپانیای سەرلەنوێ ساز کردنەوەی شارەوانی بانە، بەناوی (س.ق) ۲۵ ساڵ تەمەن کاتی خاوێن کردنەوەی یەکێک لەدەزگاکانی ئەم کومپانیایە دەستی لەنێوان (غەڵتەکی نەواری نەقالە) گیری کرد ودەستێکی قرتا.

سەرەڕای تێپەڕ بوونی زیاتر له‌ ۲ مانگ لە دەسپێکی ناڕەزایی دەربڕینی کرێکارانی کۆمپانیایی چاندن و پیشەی (کشت و صنعت) مهاباد تا ئێستا بە ماف و کارانەی خۆیان نەگیشتوون.

ناوەندی چاندن وپیشەی بەرهەمهێنانی (کشت وصنعت)ی بروجێرد ۳۵ کەس لە کرێکارانی ئەم کومپانیایەی وەدەرنا.

یه‌كی ڕەشەمەی ئەمساڵ کرێکاران و خانەنشینانی کۆمپانیایی پارسلۆنی خوڕەم‌اوا لە ڕووبەڕووی قایم‌مقامیەتی پارێزگای لۆڕستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوەی ناڕەزاییان ڕێخست.

ڕۆژی هەینی ٦ی ڕەشەمەی ئەمساڵ کرێکارێکی کورد خەڵکی گوندی «ئایەنان» لە دەڤەری شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شوێنی کارەکەی بە هۆی کەوتنەخوارەوە گیانی لە دەستدا.

ڕۆژی ٦ی ڕەشەمەی ئەمساڵ کرێکارێکی ئیدارەی کارەبای شاری گێڵان‌غەرب سەر بە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بۆ کۆنتڕۆڵی کارەبای گەرەکی ئازادگان سەرقاڵی ئیشوکار بوو، کارەبا دەیگرێت و بە توندی فڕیدەدات، پاشان ڕەوانە نەخۆشخانەی کرماشان دەکرێت.

ڕۆژی یەکشەممە ۸ی ڕەشەمەی ۱۳۹٥ی هەتاوی هێزەکانی شارەوانی سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاوڕێ لە گەڵ هێزە ئینتزامیەکان بە بەرپرسایەتی سەرهەنگ «دیانی» کە خەڵکی شاری «قوم»ە (قوم شارێکی ئێرانە لە دەرەوەی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) بە چەند ئۆتۆمبیلێک و هێزێکی زۆرەوە هێرش دەکەنە سەر دەستفرۆشانێ شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مەیدانەکانی ئێقاباڵ و شۆڕشی ئەو شارەدا و ئاستەنگی بۆ کەسبوکاری دەستفرۆشان سازدەکەن.

کۆڵبەران و مین.
ڕاپۆرتی پێوەندی دار لەگەڵ مین ودۆخی کۆڵبەران لەم مانگەدا:


ڕۆژی ۱۳ی ڕێبەندانی ساڵی ۱۳۹٥ی هەتاوی کۆڵبەرێک بە ناوی عوسمان حوسەینی خەڵکی گوندی دۆڵ سەربەناوچەی ئالانی سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەئەمنییەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەری بریندار كرا.

سێ‌شەممە ۱۲ی ڕێبەندانی ئەمساڵ کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی پەیمان کەرمی ۲٤ساڵان لە شاری سەلاسی‌باوەجانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامیەکان بە گرانی بریندار بوو.

خدر عەسکەرزادە کۆڵبەری کورد بە هۆی وتووێژ لە گەڵ ڕاگەیاندنەکاندا بانگهێشتی دایەرەی ئیتلاعەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا و هەڕەشەی لێکرا.

ئاکام (محەممەد) حەمزەزادە کۆڵبەری ۲۱ ساڵ تەمەن، تووشی هەرەسی بەفرهات وگیانی لەدەستدا.

دووشەمە ۱٨ی ڕێبەندانی ۱۳۹٥ی هەتاوی کەسێک لە پارێزگای ئیلام بەهۆی تەقینەوەی میین لاقێکی لە دەست دا.

کۆڵبەرێکی تەمەن ۳۰ ساڵ خەڵکی بانە کە لەنێو سارد و سڕی کوێستانەکانی ناوچەی بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان مابۆوە، تووشی سەرمابردووی دەبێت و ئاسەواری سەرما لەتەواوی جەستەی دیار، بە شێوەیەک کە تەواو جەستەی سەرمای بردوە.

«ڕزگارساکانی فەڕ» خەڵکی گوندی پسان سەربە تەرگەوەری ورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان نێزیک بەدووحەوتووی پێش کەبۆ بژێوی ژیانی ڕووی کردبوویە پیشەی گرانی کۆڵبەری لەگوندی «کوڕان» کەوتە بەر لێشاوی هەرەس وگیانی لەدەستدا.

ڕۆژی ۲۳ی ڕێبەندانی ۱۳۹٥ هەتاوی کۆڵبەرێک به ناوی «خالید قارەمانی» لە هەوراز و سەختێکی بەرزاییەکانی ئالانی سەردەشتەوە دەکەوێتە خوارێ و بەتوندی برینداردەبێت. دوو رۆژ ئه‌م كۆلبه‌ره‌ كورده‌ كه‌ خەڵکی نەغەدە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو له‌ نەخۆشخانەی خومەینی ورمێ گیانی له‌ ده‌ست دا.

ڕێکەوتی ۲٤ی ڕێبەندانی ئەوساڵ بەهۆی تەقینەوەی مینێکی بەجێماو لەسەردەمی شەڕی ئێران ـ عێراق هاوڵاتییەکی کورد بەگرانی بریندار بوو. نێعمەت نازپەروەردە یەکێ لەئاژەڵدارای ئەم ناوچەیە لەکاتی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانی خۆی پێی لەسەر مینێک دەکەوێ وبەگرانی بریندار دەبێ.

۳ کۆڵبەری کورد لە شاری سەڵماس لەڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتنە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران. داریوش پاشایی، خوسرەو کازمی خەڵکی گوندی خوڕخوڕەی سەربە سەڵماس گیانیان لەدەست داوە. هەرلەم پێوەندییەدا ئازاد دیرەکی خەڵکی دیرەک بەگرانی بریندار بووە.

ڕێکەوتی ۲۵ی ڕێبەندان کۆڵبەرێکی کورد بەناوی (س. ڕەسووڵی) خەڵکی ئاغڵانی شاری سەردەشت قامکەکانی پێی لەدەست دا.

۳۰ی رێبندانی ساڵی ۹۵ی هه‌تاوی، تەقینەوی مین لە زەوی کشتوکاڵی لە شاری ئەیوان سەر بە پارێزگای ئێلام روی دا. ئه‌م تەقینەوە گیانی هاوڵاتێکی کوردی گرتووە و کەسێکی دیکەش برینداره‌.

ڕۆژی یەکشەممۆ گەنجێکی تەمەن ۱۳ ساڵ خەڵکی دەشت عەباس لەناوچەی فەکە پێی لەسەر مینێک دەکەوێ وبەگرانی بریندار دەبێت.

لەشاری قەسری شیرین لەپارێزگای کرماشان لەدەورووبەری بنکەی سەربازی بورجی ئەحمەدی مینێک کەلەپاش شەڕی ئێران عێراق مابوویەوە تەقییەوە وبەو هۆیە شەپۆلی دەنگەکەی بەر هاوڵاتییەک کەوت وڕەوشتی لەگرانیدایە.

ڕۆژی پێنج شەممە ۵ی ڕەشەممە لەناوچەی نی خزری ساڵح ئاوای مێهران سەربە ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەقینەوەی مین بووبەهۆی گیان لەدەستدانی کەسێک.

خالید ئەحمەدیان، کوڕی حەسەن وخەڵکی گوندی “دیگورجی” سەربەشاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژی چوارشەممۆ ٤ی ڕەشەممەی ۱۳۹۵ی هەتاوی لەناوچەی سنووری “زێوکە” و ”لاجان” ی سەربە پیرانشار لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەکەوێتە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆ وهەربۆیە چاوەکانی بەگرانی بریندار دەبن ولەکۆتاییدا هەردوو چاوی بەتەواوی لەدەست دەدات.

دوابەدوای تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچەی سنووری بەردەپانی سەردەشت لەڕۆژهەڵاتی کوردستان کەبوو بەهۆی کوژرانی کۆڵبەرێک و ناڕەزایی دەربڕینی خەڵکی ناوچەکە. هێزە خەڵکی ئەوناوچەیە لەبەرانبەر ئەو کردەوە قڕێژەی حکوومەتی ئیسلامی ئێران پەلاماری بنەکەی هەنگی سنووری دەدەن وهێزە چەکدارەکانیش بەرهەڵستیان دەوەستنەوە وبەو هۆیە تەقەیان لێدەکرێ ولەئاکامدا سێ کەس بەگرانی بریندار دەبن.

ڕۆژی شەمە ۷ی ڕەشەی ۱۳۹٥ی هەتاوی لە ناوچەی شێخ سڵەی سەلاسی باوەجانی کۆڵبەرێک بە ناوی سدیق یاروەیسی کوڕی میرزا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزی ئینتزامی بریندار کرا.

ته‌قینه‌وه‌ی مین لەناوچەی شرهانی دێهلوڕان سەربە ئیلام لەخاڵی سنووری بووبەهۆی کوژران وبرینداربوونی دووکەس. بەهۆی ئەم تەقینەوەیە ئەحمەد جلیزی ۳۲ ساڵ تەمەن هەرلەیەکەم ساتەکانی تەقینەوەکە گیانی خۆی لەدەستدا. وقوربانی دویەم کەدەکاتە برازای جلیزی بەناونیشانی محەممەد جلیزی لەبەشی پێ بەگرانی بریندار بوو.


بەشەکانی دیکەی پێشێل کاری مافی مرۆڤ.
ژنان، منداڵان، خۆکوژی، خزمه‌تگوزاری، ژینگه‌ و…


درێژەی پڕکردنەوەی چاڵاوەکانی ئاوی کشتووکاڵی وەرزێران وگواستنەوەی ئاوەکانی بۆکان بۆ پارێزگاکانی دراوسێ به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

کێشەو و گرفتی بێ ئاوی شارستانی “بەدرە” ی لە پارێزگای ئیلام گرتۆتەوە و بوە بە قەیران و کێشەی زۆر بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچەیە.

دووشەممۆ ۲۵ی ڕێبەندانی ۱۳۹۵ خەڵکی گوندی گومارەلەنگ لەبەشی سەرشیوی شاری مەریوان لەپێوەندی لەگەڵ گواستنەوەی وچاڵکردنی نابەجێی زبڵی ناوشاری مەریوان لەو ناوچەیە، لەبەر بەخشداری دەستیان دایە کۆبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕین.

لە شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی هەژاری و بێکاریەوە گەنجێکی تەمەن ۳۰ ساڵ و خاوەنی خێزان بە بڵاوکردنەوەی وێنە و نوسراوە لە شوێنە گشتیەکاندا ڕاگەیاند بە مەبەستە گورچیلەکانی بفرۆشێت.

ڕۆژی شەممە ۱٦ڕێبەندان، شارۆمەندانی شیناوێ دژی ناهەستیاری بەرپرسانی دایەرەی ڕێگاوبانی میاندواو، لە ڕێگای میاندواو- بۆکان کۆبوونەوەیان ڕێخست.

ڕێکەوتی ۱۹ ی ڕێبەندانی ۱۳۹۵ کۆمەڵێک لەخەڵکی هەژار وئازارچێشتووی کرماشان بەدروشمگەلی (خەڵک لەبەربێکاری وبرسیەتی لەمردندان)، (بێکاری لەکرماشان لەلووتکەدایە)٫(یەکەکانی بەرهەمهێنا وپیشەیی داخراون) وڕستەگەلێکی لەم چەشنە، بەرانبەربە پارێزگاری دەست نیشانکراوی کرماشان وسەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران دەنگی خۆیان بەم دووبەرپرسە حکوومییە گەیاند.

چوارشەممە ۲۰ی ڕێبەندانی ساڵی ۱۳۹٥هەتاوی شاڕۆمەندێکی کوردی خه‌ڵكی سنه بە ناوی کاوە ۳٥ ساڵان لە دوکانەکەی خۆیدا بە پەتی‌سێدارە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

قوتابخانەێیکی کچانە لە سەڵواتاوا سەر بە شارستانی سنە ئاودەستی نییە، گوندی سەڵواتاوای شاری سنه قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی تێدایە، سەرەتایی کوڕانە دوو ئاو دەستی تێدایە کەچی قوتابخانەی سەرەتایی کچانە توالێتی تێدا نییە.

گوڵزاری محەممەدی کچێکی ۲۷ ساڵ تەمەن بەهۆی کێشە وگرفتی بنەماڵەییەوە لەشەوی هەینی ۲۲ی ڕێبەندان لەڕێگەی خواردنی حەبەوە دەستی دایه‌ خۆكوژی و گیانی له‌ ده‌ست دا.

ڕۆژی ۲۲ ڕێبەندان کرێکارانی پاڵاوگەی کرماشان بە هەڵگرتنی پارچە نووسراوەگەلێک، کە لە سەریان نوسرابو پاڵاوگەی کرماشان ناسنامەی کرماشانە دژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وه‌ستانەوە.

بەیانی ۲۴ رێبه‌ندان گەنجێکی مەریوانی بەناوی ئاراس کە ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و مناڵێکیشی هەیە، دەچێتە ئیدارەی “بنیاد شهید”ی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئارگر لە جەستەی خۆیی بەردەدات، ناوبراو لە ماڵباتانی سەرژبەو ئیدارەییە. كوتراوه‌ «ئاراس» بە هۆیی بێکاری و فەقیری داویی لەو ناوەندە کردوە وامی پێ بدەن، کە داخوازیەکەی چەندین جار رەت کراوەتەوە.

رۆژی شەممە ۲۳ ڕێبەندانی ساڵی ۱۳۹٥ هەتاوی، «پەریا محەمەدشێخە» بە هۆی کێشەی ناوماڵەوە دەستیدایە خۆکوژی و گیانی لە دەستدا.

ڕێکەوتی ۲۵ی ڕێبەندان ساڵوەگەڕی کوژرانی سانع ژاڵە لەلایەن هێزەکانی جلی مەدەنی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگۆڕستانی مەلامەقسوود لەشاری پاوە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان تێک درا.

ئەوڕۆ ۲۶ی ڕێبەندانی ساڵی ۱۳۹۵ گەنجێکی ۲۹ ساڵ تەمەن خەڵکی شارۆچکەی ڕەجایی شاری ئاودانان لەپارێزگای ئیلام دەستی دایە خۆسوتاندن. ناوبراو خێزاندار وخاوەنی منداڵە وبەهۆی کێشەی کاروهەژارییەوە خۆی سووتاندوه‌.
سێشەممە ڕێکەوتی ۲٦ ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو شارۆمەندێکی کورد بە ناوی (ن-ن) ٥۰ ساڵان خەڵکی گوندی «دۆریسان» سەر بە شاری پاوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی لە ڕووباری سیرواندا خنكاند.

ڕێکەوتی ۲٦ ڕێبەندانی ئەمساڵ خویندکارانی کۆلێجی نەفت و پیترۆشیمی زانکۆ ڕازیی کرماشان دژی سارد بوونی ئەم کۆلێجە دەستیاندایە ناڕەزای دەربڕین.

پێنجشەممۆ ۲۸ی ڕێبەندانی ساڵی ۱۳۹۵ی هەتاوی هێزە چەکدارەکانی ئینتزامی ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەشوێنی گشتییەکانی ئەم شارە تەقەیان لە ماشێنێکی (وانت سواری) کردو دووکەس لەدانیشتوانی ناو ماشێنەکە بریندار بوونوئەم تەقەکردنە بوو بەهۆی نانەوەی ترس ودڵەڕاوکی لەنێوان هاوڵاتیانی شاری ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوا.

خەتەنەی کچان لە گوندەکانی هەورامان، کامیاران، ڕوانسەر و پاوە بەردەوامە.

یەکەمی رەشەمەی ساڵی ۱۳۹۵ هەتاوی خەڵکی گوندی سەیرانگای توریستی قوڕە قەڵا لە خۆپیشاندانێک نارزایەتی بەرامبەر بە نەبووی رێگا و بانی شیاو و شوستە و قیر و نەبوونی ژێر بینای ئیستاندارد دەستیان داوەتە نارزایەتی و کۆبونەوە.

۲ی ره‌شه‌ممه‌، فەرمانداری شاری مەریوان مۆڵەتی بە بەرنامەی کاریگەری فەرهەنگ و زمان لە سەر پەروەردە لەو شارە نەدا.

ڕێکەوتی یەکی ڕەشەمەی ساڵی ۱۳۹۵ی هەتاوی، دوابەدوای تەقەی ڕاستەوخۆ وبەبێ هۆشداری پێدانی هێزە ئینتزامییەکان بەرەو ماشێنێکی سواری لەجۆری پارس بەگومانی ئەوەی کەلووپەلی قاچاخی پێیە بووبەهۆی نانەوەی ترس وخۆف ودڵەڕاوکە لەنێو هاوڵاتیانی شاری كرماشان.

۲ی ڕەشەمەی ۱۳۹٥هێزە ئینتزامیەکان و هێزی دژبەری قاچاغی کەلوپەل و لە شاری جوانڕۆ دستیان گرت بە سەر ماڵی کاسبکارانی فەرمی سنووردا.

ڕۆژی یەکشەممە ۱ی ڕەشەمە، سروە ئیبراهیمی شارۆمەندی شاری سەردەشت بە دەستی هاوژینەکەی سووتێنرا بوو لە ناوەندێکی دەرمانیدا گیانی لەدەستدا.

پێنج‌شەممە ٥ی ڕەشەمەی ئەمساڵ خەلکی گوندی گومارەلەنگی شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئامادەبوون لە ڕوبەڕوی قایم‌مقامیەتی مەریوان دژی کۆکردنەوە وچاڵکردنی زبڵی مەریوان لە نیزیکی ئەم گوندە کۆبوونەوەی ناڕەزاییان ڕێخست.

ڕۆژی هەینی ٦ی ڕەشەممە ئەمساڵ، ژنێکی کورد ٤٥ ساڵان، خەڵکی گوندی «کانی سپی» لە دەڤەری بێلی سەر بە شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی کێشەی ئابوری و بنەماڵەیەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و لە ئاکامدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ڕۆژی شەممۆ ڕێکەوتی ۷ی ڕەشەممەی ساڵی ۱۳۹۵ی هەتاوی، گیان لەدەستدانی دایکێک بەهۆی کەمتەرخەمی پزیشکی لەشاری مەریوان ناڕەزایی خه‌ڵكی لێكه‌وته‌وه‌. خه‌ڵكی شاری مه‌ریوان له‌ به‌رده‌ركی شوێنی كاری ئه‌م پزیشكه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ناره‌زایان ئه‌نجام دا.

کوڕە گەنجێکی ۲۲ ساڵانی کورد، لە گوندی قەڵاڕوتەڵەی شاری دیواندەرە سەر بە پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێنج‌شەممە ٦ی ڕەشەممە بە پەتی سێدارە خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

لە دوایدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، هەوڵ بدەن بۆ وەرگرتنی مافی ڕەوای خۆیان و هەر جۆرە پێ شێلکاریەک کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەڕ ئەوان دەکرێت، دەنگی خۆیان بە خەڵکانی جیهان بگەیەنن.


 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
info@kmmk.info  

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک