په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٩\٢٠١٦

راپۆرتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە مانگی ئابی ٢٠١٦

لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژھەڵاتی کوردستان.

 


راپۆرتی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە مانگی ئاگۆست ۲٠۱٦ بەرانبەر بە ۱۲ گەلاوێژ تا ۱۱ی خەرمانانی ساڵی ۱۳۹٥ی ھەتاوی کە بە ھەوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانە کە لەلایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوکراونەتەوە، کۆبەندی بۆکراوە. شایانی باسەئەم ڕاپۆرتانە، بەھۆی ئیزن نەدانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەلێژنەکانی مافی مرۆڤی جیھانی، ڕاپۆرتێکی تەواو نییە و تەنیا وێنەیکی بچوکی لەژێر پێنانی مافی مرۆڤ لەڕۆژھەڵاتی کوردستان پێ نیشان دراوە.

دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەسبەسەر کردنی ھاوڵاتیانی کورد بەدەستی ھێزە ئەمنیەتیەکان و ھێزی ئاسایش، بەلەبەرچاونەگرتنی مافی شارۆمەندی وسیاسی، بن بڕ کردنی ئازادی بیروباوەڕوو دەنگ ھەڵبڕین، قورخ کردنی مافی ژیان وئەمنیەتی تاکەکەسی، ھەڵاواردنی حکومی، بێحورمەتی بەھاوڵاتیان وھەروەھائەشکەنجەی زیندانیانی سیاسی و لەبەرچاونەگرتنی مافەکان بنەڕەتی زیندانیانی سیاسی لەمانگی ڕابردودا بڵاو دەکاتەوە.

بەپێی بڕگەی ۱۹ ی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ ھەر تاکێک مافی ئازادی ڕادەربڕینی ھەیە ھەروەھالەدێڕی یەکەمی بڕگەی ۹ بەشی نێونەتەوەیێ مافی مەدەنی وسیاسی داھاتوە؛ ھەرکەسەومافی ئازادی وئەمنیەتی تاکەکەسی ھەیە؛ ھیچ کەسێک نابێت بەبۆنەی بیروباوەڕیەوەئازاربدرێتو سەرکوت بکرێت، لەبڕگەی دووی بەشی ۱۹ دادیسان دەڵێت؛ ھەموو کەسسێک ئازادی ڕادەربڕینی ھەیە، ئەومافانە ئەمانەلەخۆدەگرن، ئازادی گوتار ولێکۆڵینەوە و پەروەردەو بڵاوکردنەوەی زانیاری وبیروباوەڕ، ھەر چەشن و جۆرێک بێ ئەوەی سنوری بۆدابنرێت جا ئیتر سەرزارەکی یا نوسراوە یان چاپی یابەشێوەی ھونەری یا ھەر چەشنێک کەمرۆڤ خۆی ھەڵی بژێرێت.

ھەروەھالە بڕگەی ۲۲ داداھاتوە ھەرتاکێک وەکو کەسێک لەکۆمەڵگا مافی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی ھەیە ولەڕێگەی تێکوشان لەپانتایی نەتەوەیی و ھاوسۆزی نێو نەتوەیەوە بەڕێکخراوەیی کردنی سەرچاوەکانی ھەر وڵاتێک، مافی لێ زەوت نەکراوی ئابوری، کۆمەڵایەتی و کلتوری خۆی بپارێزێت بۆ پەرە پێدانی ئازادانەی کەسایەتی تایبەتی خۆی بەدەست بێنێت؛ وھەروەھابەپێی بڕگەی ٥ھیچ کەسێک نابێت ئەشکەنجە بدرێت یان سزابدرێت یان بەشێوەی نامرۆڤانەو دڕندانە وڕوخێنەرھەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. بەپێی بڵاوکراوەفەرمیەکانی جیھانی لەمەڕ مافی مرۆڤ و مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی و کۆمەڵگای بەشەری، ھەر تاک و کۆمەڵگایک مافی خۆیەتی داوای مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابوری وکلتوری خۆی بکات وبۆ وەدەست ھێنانی تێبکۆشێت، ھیچ کومەڵێک یان گروپێک لەسەرو کەسی ترەوەنییەوھەمو کەسێک دەبێت لەمافی سروشتی بەفەرمی ناسراوی خۆێی بەھرەمەند بێت.

لە سێدارەدان.


بەداخەوە لە مانگی دەربازبوودا ۳٤ زیندانی کورد کە ناوەکانیان لە لایەن کار بەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئاشکرا کرابێت و ڕاگەیەندرابێت لە سێدارە دران.بەڵام بە پێی ڕاپۆرتەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان زۆر جار ناوی ئێعدامییەکان ناسراو بە سزای جۆراو جۆر لە لایە کاربەدەستانەوە ڕاناگەێندرێت و مێدیایی ناکرێت.


سێ شەمە ۱۲ی گەلاوێژی ساڵی ۹٥ ی ھەتاوی ۲۱ زیندانی کوردی سونی مەزەو لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ئێعدام کران. ناو نازناوی ۱٨ کەس لەو ئێعدام کراوانە ئەو ناوانە بوو؛

۱ ــ ئەحمەد نەسیری ۲ ــ ئیدریس نێعمەتی۳ ــ ئارش شەریفی ٤ ــ پوریا موحەمەدی ــ ٥ عەبدولڕەحمان سنکانی ٦ــ نەسروڵا مورادی ۷ ــ بێھروز شانەزەری ٨ ــ بەھمەن ڕەحیمی ۹ ـ عالەم بەرماشتی ۱۰ ـ تالب مەلەکی ۱۱ شەھرام ئەحمەدی ۱۲ ـ سەید شاھۆ ئیبراھیمی ۱۳ ــ تەیمور نادر زادە ۱٤ـ فەرزاد شانەزەری ۱٥ـ کاوە وەیسی ۱٦ـ کاوە شەریفی ۱۷ ـ فەرشید ناسری ۱٨ـ فەرزاد ھونەرجو

ڕۆژی چوار شەمە ۱۳ ی گەلاوێژ ساڵی ۹٥ ی ھەتاوی سزای ئێعدام بە سەر ۳ زیندانی مەحکوم بە ئێعدام، بە تۆمەتی تۆڵە سەندنەوە (قەساس) و مادە ھۆشبەرەکان لە زیندانی ناوەندی سەقز دا جێبەجێ کرا

ناسنامەیان ئەمانە بوو:

مستەفا سەلیمزادە ۲۳ ساڵان و لوقمان ڕەشیدی ۲۷ ساڵە و کاوە سوھرابی ۳۱ ساڵان.

شەھرام ئەمیری، لێکۆڵەلەری ناوەکی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بۆ ماوەێک لە ئەمریکادا پەنا بەر بوو و دواتر گەڕایەوە ئێران و کو قارەمانێک پێشوازی لێکرا لە لایەن گەورە بەرپرسانی وڵاتەوە، سەرلە بەیانی ڕۆژی چوارشەمە ۱۳ ی گەلاوێژ لە دار درا.

بەندکراوی سیاسی کورد موحەمەد عەبدوڵاھی کە لە گەڵ ٥ زیندانی تر بە ناوەکانی کامەران پورفت خەڵکی پیرانشار، تەوحید پور مێھدی ـ ورمێ، ئەمیرعەزیزی و جەھانگیر ڕەزەوی زادە خەڵکی ورمێ بەتۆمەتی مادە ھۆشبەرەکان ڕۆژی سێشەمە سزای ئێعدام بەسەر ئەو زیندانە سیاسیەی کورد و ئەو پێنج کەسادا جێبەجێ کرا.

پێنج شەمە ۲۱ی گەلاوێژ زیندانیکی سیاسی کورد بە ناوی حوسەین عەبدوڵاھی کوڕی حەسەن بەتۆمەتی کوشتنی بەرپرسی دادگای ئەو شارە لە بەر چاوی خەڵکدا لە سێدارە درا.

۲٨ی گەلاوێژی ۹٥ی ھەتاوی زیندانیکی سیاسی کورد بە ناوی ئایدین تەیموور پور بە تۆمەتی بازرگانی بەمادە ھۆشبەرە کانەوە لە سەڵماس لە سێدارە درا.

ناسنامەی ۷ زیندانی تازە لاوی کورد لە زیندانەکانی سەقز و بۆکان و میاندووئاودا کە پێش لەوەی تاوانەکەیان ئەنجام دابێت ژیر ۱٨ساڵ تەمەنیان بوە مەترسی جێبەجێ کردنی سزاکەیان لە ئارادایە.


ڕەئوف حەسەنی، ئازاد موحەمەدزادە، ساڵەح تەیموری، خالید ڕەسووڵی، ئەسعەد ڕەسووڵ نژاد، ناسر خزری، یەدوڵا ڕەحیم زادە.

ئەنور ڕۆستەمی و عەبدوڵا سەروەریان، بەتۆمەتی دژایەتی لە گەڵ خودا و یارمەتی دانی حیزبێکی دژ بە کۆماری ئیسلامی، کە لە لایەن سیستمی قەزایی ئێرانەوە ئێعدامیان لە سەردا سەپاوە ھەر بیناو سزاکەیان لە سەرجێبەجێ کرا.

دەسبەسەر.

 

دەستبەسەر بانگھێشت و سزا دەرکردن و دۆسییە سازدان.


لەم مانگەدا ڕێژەیەکی بەرچاو لەھاوڵاتیانی کورد لەڕۆژھەڵاتی کوردستان دەستبەسەرکران یان ڕەوانەی دادگا و ناوەندە ئەمنییەکان و بانگھێشت و یان بۆ ئەم ھاوڵاتییانە حوکم بڕدرایەوە.

عەلی دلاوەری ۲۹ساڵە و کوڕی محەممەد کەلە ڕێکەوتی ۱۱ی جۆزەردان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا، تابەئێستە چارەنووسی ناوبراو گوماناوییە.


ھەڕەشە لەسێ ھاوڵاتی مەریوانی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتوە، پاش بڵاوبوونەوەی نامەی ناڕەزایی دەربڕینی ۱٤۰۰کەس لە ھاوڵاتیان لەھەمبەر مەحکووم کردنی ڕێگرتن لە پاسکێل سواری ژنان لەمەریوان ،سێ ھاوڵاتی کورد کەناوی دووانیان (شکوە ساڵحی پوور)و(مەنسوور قەسیمی) لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە ھەڕەشەیان لێ کرا.

دویەمی پووشپەڕی ئەمساڵ ھێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات،ھاوڵاتییەکی کوردیان بەناوی (ئەسعەد دەلالی میلان)لەیەکێک لەپارکەکانی شاری خۆی لەڕۆژھەڵاتی کوردستان دەستبەسەر و ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کردووە.

سێ شەم ۱۹ی گەلاوێژی ۹٥ی ھەتاوی، دادگای شۆڕشی مەریوان ،(سۆما بازرگان) خوێندکاری کوردی خەڵکی مەریوانی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەتۆمەتی ھەوڵدان دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی لەڕێگەی یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی کورد لەحوکمێکدا دوو ساڵی بەشێوەی ھەڵواسراو بەسەردا سەپاند.

ترووسکە وەیسی ۲۷ساڵ تەمەن کچی ئەحمەد لە ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژ بانگھێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی کوماری ئیسلامی لەشاری بانە کراو بۆماوەی ۲٥کاتژمێر بەردەوام کەوتە بن لێپرسینەوە ولێکۆڵینەوەی قورس.

خوێندکاری بواری ئەندازیاری (ئەھوەند نەسیری)کورد،دانیشتووی شاری مەھاباد لەڕۆژی ۱۹ی گەلاوێژی ۹٥ی ھەتاوی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

پاش مانگێک دەستبەسەری ئاوارە پەرتەوی ۲٤ساڵان ، ڕێکەوتی ۲۱ی پووشپەڕی ئەوساڵ لەشوێنی کارەکەی لەلایەن ھێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری بانە دەستبەسەرکرا وگوازرایەوە بۆشوێنێکی نادیار،و زانیارییەک لەمەڕ ناوبراو لەبەر دەست نییە.

ڕۆژی چوارشەم ۲۷ی گەلاوێژی ساڵی۱۳۹٥ ناسر عەزیزی مامۆستا،شاعیر و نووسەر و وەرگێڕی کورد و لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئیشەیی مامۆستایان بەتۆمەتی (پڕوپاگەندە دژبە حکوومەت)لە وانە کوتنەوە لەو وەزارەتخانە بێ بەش کراو دوور خرایەوە بۆشاری سمنان.

دوشەم ۱٨ی گەلاوێژ، ئەفسانە بایزیدی لەچالاکانی خوێندکاری خەڵکی بۆکان بە٤ساڵ زیندانی ودوور خرانەوە بۆ زیندانی کرمان لەلایەن دادگای شۆڕشی مەھابادەوە مەحکووم کرا.


ڕۆژی ھەینی ۱٥ی گەلاوێژ ھێزە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ خوێنکارێکی کوردی بەناو فەرھاد پەیغامی، خوێندکاری بواری بیناسازی(معماری)زانکۆی ورمێی لەیەکێک لەشەقامەکانی شاری ورمێ دەستبەسەروپاشان ھەڵیان کوتاوەتە سەرماڵی بابی وپاش پشکنین ودەستبەسەرا گرتنی کۆمەڵێک کەلوپەلی ناوبراو باوکی ناوبراویشیان بەناوی حەسەن پەیغامی دەستبەسەر کرد.

حەیدەر پەیغامی لەڕۆژی یەکشەم ۳۱ی گەلاوێژ لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ئەوتۆمەتانەی نراونەتە پاڵی “چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ماڵپەڕی حیزبە کوردییەکاندایە.”

حەکیم شوجاعی کوڕی سدیق ۲۲ساڵ تەمەن لەڕۆژی ۲٨ی گەلا،ێژ لە لایەن ھێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرا.

لە ماوەی ڕۆژەکانی ۲۰ تا ۳۱گەلاوێژ پتر لە۱۰ ھاوڵتی کورد لە شنۆ،ورمێ،سەردەشت،بۆکان،لەلایەن ھێزەئەمنی وئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.


پێنج شەم ٤ی خەرمانان ،گەنجێکی سەقزی بەناوی (ئێقباڵ زارعی) لەیەکەم کۆڕی دادگایی ٥ساڵ حوکمی بەسەردا سەپێنرا، ناوبراو دوو مانگی پێش لەگۆڕەپانی ھەڵۆ ی شاری سەقز کەوتە بەرپەلاماری ھێزی ئیتلاعات و بە ھۆکاری نادیار دەستبەسەر کراو لەو کاتەوە لەزیندانی ناوەندی ئەو شارەیە.

ڕۆژی ۹ی خەرمانان بێھنام پەناھی کۆڕی حسێن کاتی گەڕانەوە لە باشوری کوردستان لەلایەن ھێزە ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر دەکرێ.بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ناوبراو پاش ۲۱ ڕۆژ دەستبەسەرکران لەشوێنێکی نادیار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕۆژی ۳۰ی گەلاوێژ ئازاد دەکرێ ،دیسان سەر لە نوێ ۳۱ی گەلاوێژ دەستبەسەر کرایەوە.

۱۰ی خەرمانانی ساڵی ۱۳۹٥ شاھۆ عەبدووڵاھی کوڕی حەسەن خەڵکی گوندی قۆری قەڵا سەربە شاری ڕوانسەر برای حسێن عەبدوڵاھی زیندانی ئێعدام کراو دو ساڵ حوکمی تەعزیری بەسەردا سەپێنرا ودوور خرایەوە.


زیندان.


لەم مانگەدا پێشێلکاری مافی زیندانیان بەم شێوەیە:


۱۱ی گەلاوێژ گاردی ڕەشپۆشی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ۳٦بەندکراوی ئایینزای سوننەی مەحکووم بە سێدارە لە ھۆڵی ۱۰ی زیندانەوە، بەکەلەبچە و پێبەند و بەچاوبەسراوی لەگەڵ ھێنانە ئارای باری ئەمنی قورسەوە ڕاگوێزی ژوورە تاکە کەسییەکان کرد.


دووشەم ۱٨ی گەلاوێژ ،لە بەندیخانەی تەورێز لە پێداچوونەوەی دۆسیەی (ئیبراھیم عیساپوور)زیندانی سیاسی کورد ڕێگرییان کرد.


دووشەم ۱٨ی گەلاوێژ، لەدۆخی نالەباری زەینەب جەلالیان،بەندکراوی سیاسی کورد لەزیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران دڵگرانی ڕاگەیەندراوە.ناوبراو تابەئێستە تووشی گرفتی جەستەیی وڕۆحی بووە؛ و ھیچ چارەسەرییەکی بەکەڵکی بۆناکرێ.

دووشەم ۱٨ی گەلاوێژ،مستەفا سەلیمی، زیندانی کوردی بەندکراو لە زیندانی ناوەندی سەقز، بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی تلەڤزیۆنی لەلایەن ھێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە لەڕێگەی بەرپرسانی زیندانەوە گوشاری خرایە سەر.

پێنج شەم ۲۱ی گەلاوێژ، ڕەوشتی تەندرووستی (ڕەمەزان ئەحمەد کەماڵ) نا لەبار ڕاگەیەندراوە و بەرپرسانی زیندان لە ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوە بۆ چارەسەری خۆ دەبوێرن.

ڕۆژی شەم ۲۳ی گەلاوێژ سێ زیندانی سیاسی کورد (کەماڵ ئەحمەد ڕەمەزان ۱۰ساڵ، عەلی یەگانە ۲ساڵ، عەبدوڵا ئەمەوی میلان ٥ساڵ) بەندکراو لەزیندانی ناوەندی ورمێ ڕاگوێزی لقی ۲ی دادگای شۆڕشی ورمێ کراون و بەتۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان محاکمە کران وسەرجەم ۱۷ساڵیان زیندانی بەسەردا سەپێنرا.


دووزیندانی سیاسی کورد بەناوەکانی یوسف کاکە مەمی وعەلیڕەزا ڕەسووڵی پاش کۆتایی ھاتنی حوکمەکەیان (۹ساڵە و٤۲مانگە)بەبیانووی ئەوەی ڕەوتی دادگایی ودۆسیەی نوێ بانگ کراون،ئازادنەکراون وبەچەشنی ھەڵواسراو لەزیندان ماونەتەوە.

محەممەد ئەمین ئاگووشی زیندانی ئەمنییەتی زیندانی ناوەندی تەورێز بەھۆی پێنەدانی مەرەخەسی و سوکایەتی پێکردن لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە ،لەڕۆژی شەم ۲۳ی گەلاوێژەوە بە دروونەوەی دەمی خۆی دەستی داوەتە مانگرتن لەخواردن.

حەسەن ڕەستگاری مەجد، زیندانی سیاسی کورد لەزیندانی ناوەندی ورمێ بە سکاڵای بەرپرسی بەشی دەروونی دەرمانی زیندانی ناوەندی ورمێ، بەتاوانی سوکایەتی بەشکۆی ڕێبەر وئاژاوە نانەوە لەزیندان لە لقی ۱۱ی دادیاری ورمێ محاکمە کرا.

دۆخی نالەباری سەفییە سادقی زیندانی سیاسی کورد، ناوبراو ھەنووکە لە زیندانی ناوەندی سنە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە شەشەمین ساڵی خولی حوکمەکەیدایە و بێبەش لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی و مافی پشوویە «مرخسی».


باوکی بەساڵاچووی ئیرەج محەممەدی بەندکراو لەزیندانی ناوەندی تەورێز کەپاش تێپەڕینی دە ڕۆژ بێ ھەواڵی لەدۆخی کوڕەکەێ، سەردانی دادستانی ئەوشارەی کرد بۆ زانیاری وەرگرتن لەچارەنووسی کوڕەکەی ،کە لەلایەن جێگری دادستانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵاتەوە کەوتە بەر لێدان و جنێو و سوکایەتی.

مین و کۆڵبەران.


ڕاپۆرتی پێوەندی دار لەگەڵ مین ودۆخی کۆڵبەران لەم مانگەدا:


ڕۆژی یەکشەم ۱۰ی گەلاوێژ کۆڵبەرێکی ۲٦ساڵ تەمەن دوابەدوای تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی بەگرانی بریندار بوو.

پێنج شەم ۲۱ی گەلاوێژ، لەناوچەی سنووری شەھابەدین ھێزە ئەمنییەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران گەنجێکی کورد بەناوی پشتیوان مستەفا یان بەتەقەی ڕاستەوخۆ پێکا وپاش چەندد کاتژمێر گیانی لەدەست دا.

یەکشەم ۷ی خەرمانان ،کۆڵبەرێکی کورد بەناوی (مەجید فارۆقی فەنەکی) لەسنووری سەڵماس بەتەقەی ڕاستەوخۆی ھێزە ئینتزامییەکان برینداربوو.

ڕۆژی شەم ٦ی خەرمانانی ئەمساڵ (لزگین شەعبانی) کۆڵبەری کورد، خێزاندار و باوکی ۳ی منداڵ لە بەرزاییەکانی (داڵامپەی مەرگەوەر)ی ورمێ بەتەقەی ھێزە ئینتزامییەکان کوژراو و چەند کۆڵبەرێکیش بریندار بوون.

ڕۆژی پێنج شەم ۲۱ی گەلاوێژ ژنێکی ۳٦ساڵەی کوردی ھەژار و نان دەرھێنەری بنەماڵە بەناوی ژاڵە قادرزادە کچی سەعید خەڵکی شاری سەردەشت لەڕۆژھەڵاتی کوردستان لەناوچەی سنووری، بەتەقەی ڕاستەوخۆی ھێزە ئینتزامییەکان گیانی بەخت کرد.

۲۳ی گەلاوێژ ھاوڵاتی کورد خەڵکی گوندی ریک ئاوا لە بەشی سیلاوانەی سەربە ورمێ بەناوی ڕەزا ئایینی لەناوچەی تەرگەوەری ورمێ بەتەقەی ڕاستەوخۆی ھێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەی سنووری بەگرانی برینداربوو.

پێنج شەم ۲۷ی گەلاوێژی ساڵی ۱۳۹٥ کاسبکارێکی کورد بەناوی (بەھا گوڵمحەممەدی) ۳۰ ساڵ تەمەن لەشاری سەقز لەلایەن ھێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کەوتە بەر گوللە و گیانی بەخت کرد.


سێ کەس لەکۆڵبەرانی کورد بەناوەکانی عەلی مەولان نیا، ئەحمەد مەولان نیا و عەلی عەلیزادە خەڵکی گوندی گوڵانی سەردەشت، لەکاتێکدا بۆ مۆڵەتدارکردنەوەی کارتی سنوور سەردانی ئیدارەی پێوەندی داریان کردبوو، لەناوچەی ئالانی سەردەشت لەلایەن ھێزە ئینتزامییەکانەوە لەڕۆژی یەکشەم ۳۱ی گەلاوێژ دەستبەسرکران.

کرێکاران و ناوەندی پیشەکان.


ڕاپۆڕتی تایبەت بەکرێکاران:


دووشەم ۱۱ی گەلاوێژ ،تەئمینی “بیمە” فەرشکەرانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پوچەڵ کرایەوە.

۷۰کەس لەکرێکاران بەھۆی ئەوەی کە بەشدارییان لەمانگرتندا کردبوو لە ناوەندی چاندن و پیشەی مەھاباد بەھۆی ناڕەزایی دەربڕین بە پێنەدانی پوانی کاری لەو ناوەندە دەرکران.

ڕۆژی شەم ۱٦ی گەلاوێژی ئەمساڵ کرێکارێکی کوردی ٤۳ساڵان وخێزاندار وخاوەنی منداڵ بەھۆی ھەژاری و بێکاری لەماڵەکەی خۆیدا لەگەڕەکی باغی شایەگانی مەھاباد کۆتایی بەژیانی خۆی ھێنا.

بەپێی ڕاپۆڕتی پزیشکی یاسایی ڕێکەوتی ۱۷ی گەلاوێژ (غوڵامعەلی محەممەدی) شوانی کرماشانی،بەھۆی دۆخی قورسی ماڵی و ھەژارییەوە ھەموو وەرزەکانی ساڵی بە برسێتی وقورسێ کار تووشی دابەزینی زەختی خوێن دەبێ وگیانی لەدەست دەدات.

ڕۆژی دووشەم ۱٨ی گەلاوێژ بەھۆی پشتیوانی نەکردنی دەوڵەت وگرفتی ئابووری بو بەھۆی داخرانی کارگەی قەندی گۆڵ مێھری کرماشان و وەدەرنانی پتر لە ۲۰۰کرێکاری ئەوناوەندە.

ڕۆژی شەم ۳۰ی گەلاوێژ ی ئەمساڵ ھاوکات لەسێ شاری ناوەندیپارێزگاکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان «کرماشان، ئیلام، سنە» کرێکاران و کارمەندان لە ھەمبەر دواکەوتنی موچەی خۆیان کۆبونەوەایان سازدا.

چوار شەممە۳خەرمانان ،پتر لە ۲۰۸کرێکار ی شارەوانی شاری سەردەشت کە بە شێوەی فەرمی کرێکاری شارەوانی سەردەشت بوون ،بۆ ماوەی سێ مانگە موچەیان وەرنەگرتوە.

باغداران و وەرزێڕانی سورەوەران،گەناو،شەروێنە،سپێوەر،سەر بە شاری جوانڕۆ بە ھۆی کەم ئاوی و خەمساردی بەرپرسان کۆچ دەکەن بۆ گەڕەکە پەڕەکانی شارە گەورەکان.


ژینگەپارێزی و تەندرستی:


ڕاپۆرتی پیوەندیدار بە ژینگە و تەندروستی لە م مانگەدا:


شارۆمەندانی ،شاری کانی دینار و ھێجرەت((جوجەسازی)) بە ھۆی بۆنی ناخۆشی زێرئاوی ئەو دوو شارە، و ھەر وەھا بۆنی کوشتارگای مریشک ،بار و دۆخی ژیان بۆ خەڵک دژوار و تووشی گرفت بوون.

ئاوی خواردنەوە لە گوندەکانی کانی گڵە سەروو و خانم ئاوا لە ناووچەی پیرباوا ھاوڵاتیانی توشی کێشە کردوە و ئیدارەی ئاوی ڕوانسەر ،ئاوی خواردنەوەی گوندنشینانی بۆ ماوەی ۱۰ڕۆژ داخستوە.


ڕۆژی پێنج شەممە ۲۱ی گەلاوێژ تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی بەرزاییەکانی ((بەرزین))لە نێوان ڕۆژھەڵات و باشوری کوردستان تۆپباران دەکەن و لە ئەنجام دا زیانێکی زۆر بە سروشتی ئەم دەڤەرە دەگەیەنێت.

پێنج شەممە ۲۸گەلاوێژ ،دارستانەکانی دەڤەری مەریوان بۆ ماوەیەی سێ ڕۆژ لە ئاگردا دەسوتێن.

پتر لە ۱٥گوندی سەر بە شاری بۆکان تووشی کێشەی بێ ئاویان بوون.گوندی گووڵ بەھێ لە شەووڕۆژێکدا ۳ بۆ ٤ کاتژمێر ئاوی خواردنەوەیان ھەیە .ئەویش لە کاتێکدایە بە ھۆی قوڕاوی بوون بۆ خواردنەوە نابێت.

شەممە ۳۰ گەلاوێژ ،دارستانەکانی مەریوان ،بۆ ماوەی٦ڕۆژ ئاگریان لێدەکەوێتەوە.دارستانی گوندەکانی بالک،بەیەڵە،دەرەوەران،بوریدەر،کۆڵان وچەند دەڤەرێکی دیکە لە لایەن دووژمنانی سروشتەوی کوردستان ئاگریان لێبەر دەدرێت.

یەک شەممە۳۱ گەلاوێژ دارستانە،دار بەڕوەکانی ناوچەی بانە مەڕان لە دەڤەری پاوە ئاگریان لێبەردەدرێت.

چوارشەممە ۳ خەرمانان ،گوندنشینانی ڕەشەدێی،حەسەن ئاوڵە،ئەسرئاوا دژ بە شێوازی ناستانداردی چاڵکردنی زبڵی شاری مەریوان لە نیزیکی ئەم گوندانە ناڕەزایەتیان دژ بە شارەوانی شاری مەریوان دەربڕی.

بەشەکانی دیکەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ.

ژنان، منداڵان، خۆکوژی.


ڕۆژی۹ گەلاوێژ عەلی ئەکبەر ئەمیری لە گەنجانی بە ئەزمونی یاری زۆران لە شاری جوانڕۆ بە ھۆی کێشەی ئابوری بە خواردنی حەب کۆتای بە ژیانی خۆی ھێنا.

شەممە ۹ گەلاوێژ،کچێکی ۱۱ساڵان لە شاری کامیاران لە تەپەی پیر محەمەد بە ناوی ھەستی بە ھۆی بە زۆر بەشودان کۆتای بە ژیانی خۆی ھێنا.

ڕێپێوانی ناڕەزانی دژ بە پاسێکل سواری ژنان لە لایەن ناوەندە ئەمنیەکان کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچو.

یەک شەممە ۱۷ گەلاوێژ ژنێکی لاو بە ناوی(پ.ع) ۲۳ ساڵان خەڵکی مھاباد بە پەتی سێدارە کۆتای بە ژیانی خۆی ھێنا.

ڕۆژی سێ شەممە ۱۹ گەلاوێژ نەسرین سپی بەنی لە ماڵی خویدا بە پەتی سێدارە کۆتای بە ژیانی خۆی ھێنا.

سازمانی بێھزیستی ھاوڕێ لە گەڵ شارەوانی،ھێزی ئینتزامی و دادوەری کرماشان لە چوار چێوەی پلانی بەرگری کردنی کاری منداڵان،منداڵانی دەست فرۆشیان کۆکردەوە و سەریان تاشین.

ڕۆژی ھەینی ۲۲ گەلاوێژ ،سەروازێکی کورد خەڵکی گوندی لاوێسان سەر بە شاری مەریوان بە ناوی((ئیسماعیل بەسامی))۲۰ساڵان،کوڕی فایەق بە ھۆکارێکی نادیار لە لایەن ھێزە حکومیەکانەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژرا.

پاش نیوەڕۆی ۲۸ گەلاوێژی ،تەرمی لە سێدارە دراوی پیاوێکی ٤۱ ساڵان بە ناوی (ت-ر)لە چەمی سەقز دۆزرایەوە.

بەشێکی زۆر لە وێنەگرانی شاری سنە بە ھۆی کێشەی ئابوری و خەم ساردی بەرپرسانی پیوەندیدار لە رووبەڕووی پارێزگای کوردستان لە شاری سنە کۆبوونەوەی ناڕەزاییان دەربڕی.

سەروازێکی کورد خەڵکی شاری بۆکان لە لایەن فەرماندەی پادگانی نیزامی ڕوانسەر لە شۆینی سەروازیەکەی کوژرا.ئەم سەروازە خەڵکی گوندی((کارێزە مەحمود ئاوا))بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە لایەن فەرماندەی پادگانی شارۆچکەی ڕوانسەر گیانی لەدەستدا.

ھێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە زەخت خستنەسەر و ھەڕەشە، دژی بنەماڵەی لە سێدارەدراوانی کورد سۆننە مەزھەب دەسیان دایە ئازار و بێ ڕێزی کردن بەو بنەماڵانە.بە نیزیک بوونەوەی چلەی ئەم لەسێدارەدراوانە ھێڵی تەلەفونەکانیان بڕیوە و بە شێوازێکی فەرمی واژوەیان لێوەرگیراوە کە پرسە و سەرەخۆشی بەڕێوە نەبەن.

لە ڕۆژی ۱۱خەرمانان ،شارۆمەندێکی کورد بە ناوی ئاوات مینا پوور کۆڕی عەبدوڵا لە شاری شنۆ سەر بە پارێزگای ورمێ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە ھۆکارێکی نادیار بە پەتی سێدارە، کۆتایی بە ژیانی خۆی ھیناوە.

چوار شەممە۱۰خەرمانان،زیاتر لە ۷مانگ موچەی کرێکارانی وزەی((ڕەخش کوردستان))نەدراوە.جگەی لە وەرنەگرتنی موچەی کرێکاران ،بەشێک لە کرێکاران لە لایەن خاوەن کارەوە لە ئێش دەرکراون.

۱۰ی خەرمانانی ئەمساڵ، محەمەد ئەمینیان کارناسی بێھداشتی پڕۆفیشناڵ لەمیتینگی لێکدانەوەی کورەکانی خشت سازیدا لە شاری بۆکان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لێنەپرسین لە چۆنیەتی و پشکنینی پیشە یی و کەڵک وەرنەگرتن لە کەرەسەی پاراستنی گیانی کرێکاران لە کورەخانەی خشت سازی بۆکان ئاماژە دەکات.

لە دوایدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، داوا لە خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەکات، ھەوڵ بدەن بۆ وەرگرتنی مافی ڕەوای خۆیان و ھەر جۆرە پێ شێلکاریەک کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەڕ ئەوان دەکرێت، دەنگی خۆیان بە خەڵکانی جیھان بگەیەنن.

 


کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
info@kmmk.info

 

 

 
 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک