په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٩\٢٠١٨

راپۆرتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە مانگی هەشتی ٢٠١٨.

 


راپۆرتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە مانگی ئۆگستی ۲۰۱٨ کە بە ھەوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانە کە لەلایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوکراونەتەوە، کۆبەندی بۆکراوە. شایانی باسە ئەم ڕاپۆرتانە، بەھۆی ئیزن نەدانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەلێژنەکانی مافی مرۆڤی جیھانی، ڕاپۆرتێکی تەواو نییە وتەنیاوێنەیکی بچوکی لەژێر پێنانی مافی مرۆڤ لەڕۆژھەڵاتی کوردستان پێ نیشان دراوە.


کۆماری ئیسلامی ئێران بە گرتنی شارومەندانی کورد ، مافە سیاسی، کۆمەلایەتی و مەدەنیەکانی گەلی کورد پێشێل دەکات. ئازادی رادەربرین، مافی ژیانی ئازاد و سەربەخۆ، ئەمنیەتی تاکەکەسی، ھەلاواردن، بێحورمەتی بە خەلک، بابەت گەلێکن کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە رۆژانە پێشێلیان دەکات .ھەروەھا ئەشکەنجەی گیراوانی سیاسی و بەرچاونەگرتنی مافەکانیان بابەت گەلێکن کە لەو مانگەدا بەرچاو بوون.


بەپێی بڕگەی ۱۹ ی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ ھەر تاکێک مافی ئازادی ڕادەربڕینی ھەیە ھەروەھالەدێڕی یەکەمی بڕگەی ۹ بەشی نێونەتەوەیێ مافی مەدەنی وسیاسی داھاتوە؛ ھەرکەسەومافی ئازادی وئەمنیەتی تاکەکەسی ھەیە؛ ھیچ کەسێک نابێت بەبۆنەی بیروباوەڕیەوەئازاربدرێتو سەرکوت بکرێت، لەبڕگەی دووی بەشی ۱۹ دادیسان دەڵێت؛ ھەموو کەسسێک ئازادی ڕادەربڕینی ھەیە، ئەومافانە ئەمانەلەخۆدەگرن، ئازادی گوتار ولێکۆڵینەوە و پەروەردەو بڵاوکردنەوەی زانیاری وبیروباوەڕ، ھەر چەشن و جۆرێک بێ ئەوەی سنوری بۆدابنرێت جا ئیتر سەرزارەکی یا نوسراوە یان چاپی یابەشێوەی ھونەری یا ھەر چەشنێک کەمرۆڤ خۆی ھەڵی بژێرێت.


ھەروەھالە بڕگەی ۲۲ داداھاتوە ھەرتاکێک وەکو کەسێک لەکۆمەڵگا مافی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی ھەیە ولەڕێگەی تێکوشان لەپانتایی نەتەوەیی و ھاوسۆزی نێو نەتوەیەوە بەڕێکخراوەیی کردنی سەرچاوەکانی ھەر وڵاتێک، مافی لێ زەوت نەکراوی ئابوری، کۆمەڵایەتی و کلتوری خۆی بپارێزێت بۆ پەرە پێدانی ئازادانەی کەسایەتی تایبەتی خۆی بەدەست بێنێت؛ وھەروەھابەپێی بڕگەی ٥ھیچ کەسێک نابێت ئەشکەنجە بدرێت یان سزابدرێت یان بەشێوەی نامرۆڤانەو دڕندانە وڕوخێنەرھەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. بەپێی بڵاوکراوەفەرمیەکانی جیھانی لەمەڕ مافی مرۆڤ و مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی و کۆمەڵگای بەشەری، ھەر تاک و کۆمەڵگایک مافی خۆیەتی داوای مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابوری وکلتوری خۆی بکات وبۆ وەدەست ھێنانی تێبکۆشێت، ھیچ کومەڵێک یان گروپێک لەسەرو کەسی ترەوەنییەوھەمو کەسێک دەبێت لەمافی سروشتی بەفەرمی ناسراوی خۆێی بەھرەمەند بێت.


کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان ھەموو مانگێک کۆکراوە و گوزارشێکی پوخت لە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤی لە کوردستان دا بڵاو دەکاتەوە. لە گوزارشی ئەو مانگەش دا دەردەکەوێ کە رەوشی مافی مرۆڤ لە کوردستان خراپتر بووە و دەوڵەتی ئێران کردەوە دژە مرۆڤیەکانیان دژی گەلی رۆژھەڵاتی کوردستان زیاتر کردوە.


لەو مانگەش دا،خۆکووژی و کوشتن ئێعدام، گرتن و ئەشکەنجەدان، نارەزایەتی و ناعەدالەتی ، خەسارەکانی ژینگە و ھتد زۆر بەرچاون و رەوشێکی مەترسیدار نیشان دەدەن کە لەگەلی کوردستان روبەرووی بۆتەوە.


لە بارەی تیرۆری ئیقبال مورادی، ئەندامی دەستەی رێوەبەری کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان.


چل رۆژ لە تیرۆری ئیقبال مورادی گوزەرا و تا ئێستا ھیچ چەشنە زانیاریەک لەبارەی دەستبەسەرکرانی بکووژانی ناوبراو لە لایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.
چلەی شەھید ئیقبال لە پێنجوێن بەرێوە چوو و پیامە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە لایەن عەدنان رەشیدی ئەندامی دەستەی رێوەبەری KMMK خوێندرایەوە، لەو پیامەدا لە ھەوڵ و کاری دە ساڵەی شەھید ئیقبال لەو ناوەندە ماف مرۆڤیە قسە کرا و سۆز درا رێگەکەی درێژە بدرێت. لە ناوەندەکانی ھەێمی کوردستان خوازرا کە بکوژان و تیرۆریستان کە لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە بوون بە زووترین کات دەستبەسەر کات و دادگایی بکرێن.
لە پیامەکەدا باس کرا کە بە گرتن و ناساندنی تاوانباران، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە دادگا نێودەولەتیەکان بەدواداچوونی کەیسی ئەو ئەندام و ھاورێ تیرۆرکراوەیان دەکات.
لە ویدیۆیەکدا، مالباتی ئیقبال مورادی داوا لە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان دەکەن کە بە درێژەدان بە رێگای خەباتی مافی مرۆڤی ، یاد و ناوی ئەو شەھیدە بەرز رابگرن و تا گەیشتن بە ئارمانە مرۆڤیەکانی ئەو ئەندامەی خۆیی لە خەبات نەوێستن.


سێدارە.


ناوی زیاتر لە ٢ ھەزار کوردی ئیعدامکراو لە دەیەی شەست کە لە لایەن کۆماری ئیسلامئ ئێران لەسێدارە دراون، لە لایەن کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاو کرانەوە.


گرتوخانە.


لەماوەی چەندد ڕۆژی ڕابردوو ۲۷ ھاوڵاتی کوردی خەڵکی شاری مەریوان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ـەوە لەم شارە دەسبەسەر وگوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
دوو ھاوڵاتی کوردی خەڵکی شاری شنۆ بەناوەکانی کامیل ئەحمەدی دانیشتووی گوندی حەسەن نوران و تەیب بامرووت خەڵکی گوندی سینگانی بەتۆمەتی پشتگیری لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردستانیەکان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کران.
موستەفا باقری ئاشنا و سەید ئەردشێر موسەوی لە دژی بێبەری بون لە مافی یاسایی لە خزمەتگوزاری دەرمانی لە دوێنەوە لە بەندیخانەی دیزڵ ئاوا دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن.
ئەرسەلان ھیدایەتی، شاریار تەھماسبی و بێژەن گراوەند زانیاریەک لەبەردەست نییە.
جێگای ئاماژەیە کە: موستەفا باقری ئاشنا نەخۆشی دڵی لەگەڵدایە و لەم ۳۳ رۆژەدا لە خزمەگوزاری پزیشکی بێ بەریە و تەنانەت لە دەرمانەکانی خۆیشی بێ بەرییە.
دوو ھاووڵاتی کامیارانی بە ناوەکانی ”سەیوان و کامیار کەمانگەر“ کوڕێ سلێمان ، لەلایەن ھێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری پاوەی رۆژھەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون. ئەو دوو ھاووڵاتییە دوای دەستبەسەر کران، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری سنە
گوازراونەتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا چالاکێکی مەدەنی و رۆژنامەوانی کورد بە ناوی ” وریا غەفوری ” لە لایەن ھێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەست بەسەر کرا.
پێنج شەممە ۱۸ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ی ھەتاوی سەحەر کازمی چالاکی مەدەنی کورد دەسبەسەر کرا.
راگەیەندراوی پێنج ناوەندی مافی مرۆڤی لەسەر دەستبەسەرکردن و مەترسی ئەشکەنجە دانی دوو بەندکراوی کورد ھوشمەند عەلی پور و موحەمەد ئۆستاد قادر دوو ئەندامی حزبێکی کوردستانی، رۆژی ھەینی ۱۲ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ دەست بەسەر کران و ئێستە لەژێر ئازار و ئەشکەنجەی ھێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات دان.
مانگرتن لە خواردنی زیندانی سیاسی کورد عەلی بەدرخانی
حسێن ئەحمەدی نیاز پارێزەری ناسراوی کورد دەسبەسەرکرا
یازدە ڕۆژ بێ ئاگا بوون لە دۆخی ڕۆژنامەوان وچالاکی مەدەنی کورد فەرھاد جەھانبەیگی
دووشەممە ۱۵ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ی ھەتاوی کچێکی کورد بەناونیشانی نگیسا شەھبازی خەڵکی شاری ئیلام لەماڵەکەی خۆی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئیلام دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
سەرلەبەیانی ۲۳ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ی ھەتاوی ، چالاکی مافی مرۆڤی کورد “ئیجلال قەوامی” خەڵکی شاری ســنە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان خەڵکی شاری ســنە لەلایەن دادگای شۆڕشی ئێرانەوە لەم شارە بانگھێشت کرا.
ڕامین حوسێن پەناھی لە سنەوە بۆ گرتوخانەی رەجایی شاری کەرەج راگوێزرا
پەلامار ولێدان وشکاندنی قامکەکانی دەستی ئەحمەد ئەمین پەنا زیندانی سیاسی
کەماڵ حسێن ڕەمەزان، زیندانی سیاسی کوردی مەحکووم بە ئێعدام بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو لە زیندانی ناوەندی ئێرانەوە لە شاری ورمێ گونزراوەتەوە بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپا .
فەردین مستەفایی بەرپرسی کەناڵی ھەواڵگری سەقز ڕووداو ،و ناسر بەھرام پوور، بەرپرسی کەناڵی شاری سەقز لەایەن ئیتلاعاتی سپای ئێران لە شاری سەقز ڕۆژھەڵاتی کوردستان بانگھێشت کراونولە پێوەندی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ھەواڵی داخرانی ڕێڕەوی ھاتووچۆی کۆڵبەران کەوتنە بەر ھەڕەشە ولێپێچینەوە.
دووشەممە ۱۵ی گەلاوێژ، ھێزەکانی ئیدارە ئیتلاعاتی ئێــران لە ئیلام ھەڵیان کوتایە سەر ماڵی ” نگیسا شەھبازی” چەلاکی مەدەنی ئەو شارە و سەرەڕای پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر و گواستویانەتەوە بۆ گرتووخانەی ئیتلاعات لەو شارە.
پێنج شەممە ۱۸ی گەلاوێژ “سەحەر کازمی” چالاکی ژینگەپارێزی ســنە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی دەسبەسەر وگوازرایەوە بۆ ئیتلاعاتی ئێران لەو شارە.
ڕۆژی پێنج شەممە ۲۵ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ی ھەتاوی ، دوو ھاوڵاتی کورد بە ناوەکانی، ” سەرھات خەلیل زادە” خەڵکی ناوچەی برادۆستی ورمێ کەپاش ۳٤ ڕۆژ دەسبەسەری لە گرتووخانەی ئیتلاعات بە تۆمەتی ھاریکاری یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکان ئازاد کرا.
پێنج شەممە ۲۵ی گەلاوێژی ۱۳۹۷، خەبات شەکیبا چالاکی مەدەنی و ژینگە پارێزی خەڵکی سنــە بانگھێشتی دادگای حکوومەتی ئێران لە شاری ســـنە کرا.
ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە ئیلام ، ھەڕەشەی کوشتنی لەشاعیری کورد بەناونیشانی ” حسێن باقری” ناسراو بە “ژاکان باران” ۳۶ساڵ تەمەن وخەڵکی شاری مەلەکشاھی کرد.
ڕۆژی ٢٦ی گەلاوێژ لە لقی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە شاری سنەی رۆژھەڵاتی کوردستان دانیشتنی پێداچوونەوەی دادگای ئارام فەتحی، ڕۆژنامەنووس و شاعیر بەڕێوەبچێت.
یەکەمین لێپرسینەوەی جەلالی ئەقوامی ڕۆژنامەنوس و چالاکی مافی مرۆڤی لە بەشی دوھەمی لێپرسینەوەی کۆمەڵەی دادوەری شەھید بەھەشتی دوڵەتی ئێران لە شار سنە بەڕێوەچوو .
یەکشەممە ڕێکەوتی ۲۸ی گەلاوێژی ۹۷ ، سێ زیندانی پێڕەوەی ئایینی سوننە ،،بەناوەکانی ” ئەنوەر خزری، خوسرەو بەشارەت و کامران شێخە “کە لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری ورمێ زیندانی کرابوون گوازرانەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.
سەیدجەماڵ سەفوی گەنجێکی پیرانشاری دوو حەوتوو پێش لەلایەن ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێرانەوە لەورمێ دەسبەسەر وگوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
سێ شەممە ۳۰ گەلاوێژی ۹۷، ئومێد ئەسەدی لە لایەن ھێزە ئەمنیەتیەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لەم شاری کامیاران دەست بەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
شەممە ۲۷ی گەلاوێژ خەلیل کەریمی چالاکی کرێکاری کورد خەڵکی شاری ســـنە بانگھێشتی لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئێران لەشاری ســـنە کرا.
کەماڵ حەسەن ڕەمەزان گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ناوەندی ئێران لە ورمێ
ھەموو جۆرە سەردان و پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە رامین حۆسێن پەناھی قەدەغەکرا
دووشەممە ۵ی خەرمانان، ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران، ئارام یوسفی ھاوڵاتی کوردی دانیشتووی سنەی دەسبەسەر
دو کەس بە ناوەکانی سەفەر عەبدوڵاھی و ئەحمەد جەھانگیری بە ھۆیی ناڕەزایەتی دژ بە دەست درێژی کردنە سەر کچێکی ۱۲ ساڵە لە ورمێ سزا دران بە ۳۶ ساڵ بەندیخانە.
مانگرتن/ ڕامین حسێن پەناھی لێوەکانی خۆی درویەوە
لەماوەی چەندد ڕۆژی ڕابردوو دادگای کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری بانە حوکمی لێدانی ۷۴زەبری قامچی بۆچالاکێکی تێلگرامی بەناونیشانی شوجاع حسێن زادە بەڕێوەبەری کەناڵی تێلگرامی بانە نیووز دیاری کرد.
دووشەممە ۲۹ی گەلاوێژ ھێزەکانی ئیتلاعاتی ئێران لەشاری ســنە ھەڵیان کوتایە سەرماڵ وشوێنی کاری “موسلیم سوبحانی” چالاکی ژینگە پارێزی وسەرەڕای پشکنینی تەواوی ماڵەکەی،ناوبراویان دەسبەسەر و گوازتۆتەوە بۆ شوێنکی نادیار.


کۆڵبەر و کاسبکار.


ڕۆژی ۱٦ گەلاوێژی ۹۷ی ھەتاوی لە نێوان ڕۆژھەڵات و باشوری کوردستان و ناوچەی قندیل ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “حاسڵ بادبرین” خەڵکی گوندی تەرکش سەربە پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی سنوورپارێزانی کۆماری ئیسلامی ترۆر دەکرێت .
ڕۆژی ۱۹ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ی ھەتاوی دوو کۆڵبەری کورد،جاوید حەکاری و ھاشم تەھوریان خەڵکی سەڵماس لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەکاتی کۆڵبەری بەتەقەی ڕاستەوخۆی ھێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ـەوە کوژران.
پێنج شەممە ۱۸ی گەلاوێژی ۱۳۹۷، کۆڵبەری کورد بەناوی جاویدان حەکاری خەڵکی سەڵماس بەدەستی ھێزەکانی سنور پارێزی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا. کوشتنی ئەم کۆڵبەرەی کورد لە ھەلومەرجێکدایە کە لە رۆژانی رابردوودا چەند کۆڵبەرێکی تر لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە کوژراون.
شەوی ۲۰ی گەلاوێژ، کاتژمێر ۱۲ شەو بەکاتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھێزە کانی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە ۱۲ کۆڵبەریان لە نیزیک گوندی بێوران سەر بە شاری سەر دەشت دەستگیر کردوە .
یەک شەممە ۲۱ گەلاوێژی ۹۷ کۆڵبەرێکی تەمەن ۳۱ ساڵانەی کورد بە ناوی “سەبور یاری” خەڵکی گوندی شمشێری سەر بە ھەورامانات لە سەر سنوری شۆشمەی نەوسود بە ھۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست دەدات و بە خەستیش بریندار دەبێت.
سێ شەممە ۲۳ی گەلاوێژ کۆڵبەری کورد ” ئیسماعیل عەزیزی” لە سنووری سەزدەشت بوو بە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانو گیانی خۆی لە دەست دا
چوارشەممە ۲۳ی گەلاوێژ ، ھێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە دەوروبەری گوندی بێوران سەربە شاری سەردەشت کۆمەڵێک کۆڵبەریان دایە بە دەسڕێژی ڕاستەوخۆ و لەئاکامدا دوو کۆڵبەر بەناوەکانی ڕێبوار خزرپوور و محەممەد حەمزەپوور بریندار بوون.
دووشەممە ۵ی خەرمانانی ۱۳۹۷ی ھەتاوی، بەھۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی سپای پاسداران لە گرووپێک لە کۆڵبەر وکاسبکارانی کورد لە سنووری نێزیک بە سەلاسی باوەجانی لەپارێزگای کرماشان دوو کۆڵبەر بریندار بوون.
دوشەممە ۲۹ی گەلاوێژ، لاوێ کورد تەوحید حەقدار تەمەن ١٩ ساڵ، کوڕی بارزان، خەڵکی گوندی دۆستان سەر بە ناوچەی شپیرانی شاری سەڵماس بە ھۆی تەقەی ھێزە ئەمینیەکانی حکوومەتی ئێران گیانی لەدەست دا.
لە ڕیکەوتی ۱۰ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ی ھەتاوی لە سنوری سەڵماس ھێزەکانی سنورپارێزی کۆماری ئیسلامی ئێران گروپێک لە کۆڵبەرانی کورد دەدەنە بەر دەستڕێژ و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک گیانی لەدەست دەدات.
ڕۆژی ۱۱ی پوشپەڕی ۱۳۹۷ی ھەتاوی لە گوندی«عەموخانزێ» ی پاسگای سنوور پارێزی دەڤەری چاڵدران لە ناوبەر باکور و ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا کۆڵبەران و کاسبکاران دەدەنە بەردەسڕێژ و دوو کۆڵبەر بەناوەکانی جەعفەر دەلایی میلان و خەلیل حەیدەرانلو بریندار دەکرێن.
ڕۆژی ۱۰ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ی ھەتاوی خوێندکارێکی کورد بەناوی مێھرداد ئیبراھیمزادە لە شاری قەزوین لە ڕووداوێکی کرێکاریدا گیانی لە دەستدا.


نارەزایەتی ھاوولاتیان.


چوار شەممە ۱۷ی گەلاوێژی ۱۳۹۷، کۆمەڵێک لە جوتیارانی چەوەندەر لە شارەکانی نەغەدە و بۆکان لە دژی وەرنەگرتنی پارەی دواکەوتو لە لایەن کۆمپانیای شەکری نەغەدەوە لە بەردم کارخانەی ئەم کۆمپانیایەدا کۆبونەوە.
سێ شەممە ۱۶ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ی ھەتاوی ، کۆمەڵێک لە کارمەندان و کرێکارانی گۆمڕۆکی تەمەرچین(حاجی عومران) لەسنووری پیرانشار لەناڕەزایەتی دژ بە نەدان مووچەی ئاشکەوتوەکانیان دەستیان دایە مانگرتن.
چوارشەممە ۱۷ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ی ھەتاوی، کرێکارانی شارەوانی سەردەشت دژ بە دواکەوتنی موچە و نەدانی پارەی بیمە، دەستیان لەکارکێشا و کۆبونەوەی ناڕەزایەتیان پێک ھێنا.


تیرور و کوشتنی ھاوولاتیان.


لە چەند رۆژی رابردودا مێر منداڵێکی کورد بە ناوی کارۆ کەریمی کوڕی سەلاح و شلێر ئەژدەری خەڵکی گوندی سەردۆشی سەر بە مەریوان لە لایەن ھێزەکانی سپاس پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە توندی لێی دەدرێت.
پارێزەرانی کورد سەرەڕای پیرۆزبایی لە کۆچەر بیرکار، باسی ھەڵاواردن ونادادپەروەری لە کوردستان دەکەن.
سێشەممە ۹ گەلاوێژی ۱۳۹۷ی ھەتاوی، شارۆمەندێکی کورد بە ناوی ” سەید عەلی حوسەینی ” لە لایەن ئێدارەی ئاگاھی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ دەست بەسەر کرابوو و پاش چەندین کاتژمێر بە شێوەیەکی گوماناوی لەم گرتوخانەدا گیانی لەدەست دەدات.
تەرمی گەنجێێکی کوردی یارسانی بەناونیشانی موحسین مورادی تەمەن ۲۷ ساڵ و خەلکی گوندی دارەڕەشی ناوچەی گەورانی کرماشان کە دووحەوتوو بەرلە ئێستە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە لەشاری کەرەج دەسبەسەر کرابوو ،ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.
تەرمی چالاکێکی پێڕەوی ئایینزای سوننە بەنانیشانی “فەرسید عەلەوی ئابگەرم” تەمەن ۲۵ ساڵ و خەڵکی شاری ورمێ لە ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژ لەشاری “باش قەڵا” ی تورکیا دۆزرایەوە.
یەکشەممە ۲۸ی گەلاوێژی ۹۷ی ھەتاوی بەھۆی تێھەڵچوون و دەمەقاڵەی سێ ھاوڵاتی کوردی خەڵکی کرماشان لەگەڵ ڕایەداڕێکی ھێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارەلە شەقامی دار فرۆشەکان وبەھۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو ئەو ڕایەدار ھاوڵاتییەک کوژراو دووکەسەکەی دیکەیش ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.
شەریف باجور و سێ ژینگەپارێزی کورد لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان گیانیان لەدەست دا.


ناعەدالتی و ھەڵاواردنی ھاوولاتیان.


دابەزینی ۷۲لەسەتی ھێزی کڕینی کرێکاران/ نرخی سەوەتەی ئیش وکار گەیشتە پێنج ملوێن
چوارشەممە دەی گەلاوێژ تاقمێک لە ئەنداانی شۆرا و دێیارانی گوندەکانی ناوچەی خاومیرئاوای سەربە مەریوان، بەھۆی کێشەی کارتی ئەلکتەرۆنیکی دانیشتوانی ئەم دەڤەرە وبێبەری لە قازانجی ئاڵۆگۆڕی شتومەکی سنووری دەستیان لەکار کێشایەوە.
رۆژی ھەینی ۱۹ی گەلاوێژ لەنێو پارکێک لە گۆڕەپانی ئازادەگانی شاری کرماشان منداڵە کۆرپەیەکی فڕێ دراو، لە نێو نایلۆنێکی زبڵدا دۆزرایەوە.
چەند ڕۆژێکە زبڵ و خۆڵ لە ناو شاری مەریوان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان کۆنەکراوەتەوە کە بە ھۆی گەرماو و کەڵەکە بونی بۆنێکی زۆر توند و ناخۆش و بڵاو بونەوەی پیسایی تەواوی ناوچەکەی گرتۆتەوە.
کێشەی بنەڕەتی و زۆری بوولەرزە لێدراوانی کەمئەندامانی کرماشان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان
چۆڵکردنی ۵۰۰ گوندی کرماشان بەدستی کۆماری ئیسلامی ئێران
ڕۆژی ٤ ی خەرمانانی سالی ۱۳۹۷ ھەتاوی کاتژمێر ۲و ٤۳خولەک بە کاتی ڕۆھەڵاتی کوردستان زەوی لەرزەیەکی بەھێز ٦.۱ پێوەری ریختەر چەند ناۆچەیەکی لە باشور و ڕۆژھەڵاتی کورستان ھەژاند کە چەقی زەوی لەرزەکە باشوری کرماشان دیاری کراوە.


ژینگە.


ھەینی ۱۲ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ی کوردی، بەرزاییەکان و دارستانەکانی کێوی ئاویەر کە یەکێکە لە شوێنە گەشتیاریەکانی شاری سنە ئاگری تێبەر بوو و بە چەندین دۆنم لەو ناوچانە بە ھۆی ئاگرەوە سوتان.
ڕۆژی ۱۴ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ی ھەتاوی دارستان ولەوەڕگەکانی ناوچەکانی نێوان “باڵک ولەنج ئاوا و ھانە شێخان و گاگڵ ئاگریان تێبەردرا.
چوارشەممە ۱۵گەلاوێژی، کچێکی ۲۰ساڵ تەمەن کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە لە گەڕەکی فلکەی فەلەستین لەشاری بۆکان ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە وبەو ھۆیەوە بەشی ھەرە زۆری جەستەی سوتاوە.
دوو کچیمێرمنداڵ بەناوەکانی پەروین میرەکی و مەھسا زەکی لەشارەکانی جوانڕۆ و سەردەشت دەستیان دایت خۆکوژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان ھێنا.
لەماوەی چەندد ڕۆژی ڕابردوو پترلە سەد کەس لەدانیشتوانی ناوچە بوولەرزە؟لێدراوەکان لە ” سەلاسی باوەجانی” بەھۆی نەخۆشی سکچوون وڕشینەوەی قورس گوازراونەتەوە بۆنەخۆشخانە.
ئاگری دارستانەکانی پیلە وسلسی مەریوان پەرەی گرتووە وئەوڕۆ گەیشتە سێفی سەروە
شەممە ۲ی خەرمانان، دارستانەکانی دەوروبەری گوندەکانی شینوە و بێزیلێ سەربەشاری سەردەشت ئاگریان تێ بەربوو. ئەم ئاگر کەوتنەوە زۆرێک لە دارستان و لەوەڕگەی ناوچەکەی سوتاندووە.


مین.


تەقینەوەی مینی بەجێ ماو لە شەڕێ ئێران و عێراق لە شاری پاوە بوە ھۆی لەدەست دانی لاقی گەنجێکی کورد لە گوندی شمشێری سەر بە پاوە.
ڕۆژی ھەینی ۲ی خەرمانانی ۹۷ی ھەتاوی، ھاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی “سەردووش” ی یەربە شاری مەریوان بەھۆیتەقینەوەی مین بەگرانی بریندار بوو.
شەممە ۳ی خەرمانان بەھۆی تەقینەوەی مین لەناوچەی سنووری مەریوان وباشووری کوردستان( پێنجوێن) کۆڵبەرێک کوژراو ۳ کۆڵبەری دیکەیش بریندار بوون.


خۆکوژیی و کوشتن.


یازدەی گەلاوێژی ئەمساڵ، ھاوڵاتییەکی ۲۷ساڵ تەمەنی ئیلامی بەناونیشانی ڕەزا نەزەری دەستی دایە خۆکوژی وگیانی لە دەست دا.
دوشەممە ڕێکەوتی ۸ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ی ھەتاوی کچێکی مێرمنداڵی خەڵکی شاری سەقز بەناونیشانی ئیلھام تەمەن ۱۷ساڵ لەڕێی خۆکوژییەوە گیانی لەدەستدا.
بەشوودانی نێزیک بە ھەزار کچی خوار ۱۸ساڵ لەماوەی چوار مانگدا لە پارێزگای ســنە
ڕۆژی ۱۳ی گەلاوێژی ۹۷ ی ھەتاوی ژنێک بە ناوی ئاراستە موحەمەدپور کچی علی و پروانە لە گوندی وزمان ناوچەی خوخوڕەی سەقز خۆکوژی کرد . بە پێی ھەواڵ ھۆکاری خۆکوژی ئاراستە کێشەی بنەماڵەیی بوە و ناوبراو لە مەزرا خۆی ھەڵواسیوە و گیانی لە دەست داوە .
پارێزگای ئیلام لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان زۆرترین ئاماری خۆکوژی لەساڵی ڕابردوودا لەخۆ گرتووە.ساڵی ڕابردوو پتر لە ۸۹۰ ھەوڵی خۆکوژی گیانی خۆیان لە دەست داوە.
لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا دوو ژن خۆیان سوتاندووە یەکێکی تریش خۆی خنکاندووە.
ڕۆژی ۱۳ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ی ھەتاوی ژنێکی ۱۹ ساڵان بەناونیشانی “ئێران خدری” بەھۆی کێشەی بنەماڵەییەوە ھەڵی کوتایە گیانی خۆی ولەماڵەکەی خۆی گیانی لە دەستدا.
ژنێکی بەناونیشانی ” پەروانە حسێنی بەھۆی کێشەی باوی ناو کۆمەڵگا لەڕێی خواردنی حەب ھەوڵی کوشتنی خۆی دا وپاش ئەوەی دەی گوازنەوە بۆ نەخۆشخانە وبەگوێری دوکتۆرەکە باسی لێکردووە لەمردن پەڕیوەتەوە.


منداڵان.


ئاماری ۱۳ھەزار کەسی منداڵ ئازاری لەورمێ تەنیا لەساڵێکدا.
رۆژی پێنج شەممە ۱۱ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ ھەتاوی، منداڵێکی تەمەن ۶ ساڵان خەڵکی شاری بۆکان لە رۆژھەڵاتی کوردستان، بە ھۆی لێدان و ئازاری لەشیەوە بەدەستی زڕدایکی توشی وەستانی مێشک بوو.


باشووری کوردستان.


بە پێی سەرژمێری ناوەندە حکومەتیەکانی ھەرێمی کوردستان، چارەنوسی لە سەدا ۴۸ی ئەو ئیزەدیانەی کە لە ئاکامی ھێرشی داعەش بۆ سەر شەنگال لە لایەن ئەم گروپە تیرۆریستیەوە رفێندراون، دیار نییە.


باکووری کوردستان.


سێشەممە ۷ ئاگوست، ڕونکەن دەمیر ، ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی ھەواڵی مەزۆپۆتامیا لە ئامەدی باکوری کوردستان دەستگیرکرا. پۆلیسی تورکیا ڕایانگەیاندووە، کە ڕوکەن بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و گواستوویانەتەوە بۆ ئاسایشی ئامەد.
ئەمینە ئوجاک ۸۲ ساڵان لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە دەست بەسەر کرا
پۆلیسی تورکیا ھێرشی کردە سەر چالاکی دایکانی ئاشتی و ژمارەیەکی زۆری لێیان دەستبەسەرکرد
لە ھەڵکوتانە سەر ماڵاندا لە ئەدەنە ١٤ کەسی سڤیل لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکران و ٤ کەس لە دەستگیرکراوەکانیش منداڵن.


رۆژئاوای کوردستان.


پێنج شەممە ۹ی ئاگوستی ۲۰۱۸, سوپای تورکیا و گروپە تیرۆریستییەکانی سەر بەو وڵاتە، گەمارۆی گوندی بەرج حەیدەر-ی شارۆچکەی شێراوای عەفرین-یاندا و دەیان کەسیان ڕفاند.
سوپای تورکیا ٢٢ ھاوڵاتی عەفرینیان ڕفاندووە و ئەشکەنجەیان کردوون
لێبوردەی نێو نەتەوەیی: تورکیا لە عەفرین داگیرکەرە
دڵگرانی ڕێخراوی لێبوردەیی نێو دەوڵەتی لەھەمبەر مەترسی ئێعدامی زیندانییەکی کوردی رۆژئاوای کوردستان


ئیتر.
مەترسی دیپۆڕتی چالاکی سیاسی کورد ” یوسف دادکوش” خەڵکی شاری سەردەشت بۆ ئێران کە ھەنووکە دانیشتووی وڵاتی سویدە لە ئارادایە.
لە دوایدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات، ھەوڵ بدەن بۆ وەرگرتنی مافی ڕەوای خۆیان و ھەر جۆرە پێ شێلکاریەک کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەڕ ئەوان دەکرێت، دەنگی خۆیان بە خەڵکانی جیھان بگەیەنن.

 

 

٢\٩\٢٠١٨
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

kmmkurdistan@gmail.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک