٢٩\١١\٢٠١٣
راپۆرتی تانگانیکا.*

نازم
حیکمەت. و. لە فارسییەوە: ھەژێن
-
نامەی یەکەم
-
ھەنووکە بەسەر
دەشتەکانی ئوکرانیا دەفڕم
چەند ساڵێکە، یەکەمین فڕینمە بە بێ تۆ
ساتێک کە لە زەمین دادەبڕام، لە دوی دەستی تۆ گەڕام،
خووێکە،
لە ساتی نیشتنەوەشدا دەگەڕێم،
دوێ شەو، کاتێ جانتاکەمت ئامادەدەکرد،
شانەکانت خەمگین بوون،
لەوانەشە نەبووبن و من پێموابووبێ، چونکە دەمویست وا بێ.
ئەوڕۆ بەیانی بە ڕوناکی بەفر بەئاگاهاتم.
مۆسکۆ لە خەودا بوو، تۆ لە خەودا بووی.
پرچت کاڕەنگی بوو، پێڵوەکانت شین،
گەردنی سپیت، خڕ و کشابوو.
بارێ خەم لەسەر لێوە سوورباوەکانت نیشتبوو
لەوانەشە نەبوو بێ و من پێموابوو بێ، چونکە دەمویست وا بێ.
لەسەر پەنجەی پێ چوومە ژوورەکەی دی.
وێنەیەکی نیوەپۆش، لەسەر مێزەکەم، سەری بەرزکردبووەوە،
تەماشای خۆرەتاوی هاوینی دەکرد.
ئاگای لە ڕۆیشتنی من نەبوو.
هەڵمگرت و خستمە نێو گیرفانمەوە.
ئاسمان تەواو ڕۆشنبووەوە
تابلۆی ڕەنگ و ڕۆنیی «دینۆ»**
بە دیوارەوە بوو:
پەڵەهەورێک بە قوڵایی ئاسمانەوە،
لەوانەیە نە ئاسمانێک هەبێ و نە هەورێک
بزووتێکی سپییە لەسەر شینایی بێپایان
نیگار‌ی خۆشبینی، نیگار‌ی هیوا.
ژنانی سەرابدار لە حەوشەدا، بە خشەخش، دەستیان بە بەفرماڵین کرد
تۆ هاتیتە ژوورەوە
تەماشای دەموچاوم کەی، واقوڕماو و خەمگین
لەوانەشە خەم نەبێ، خوماریی خەو بێ
وتم "مەیێ بۆ بەڕێکردنم"
هەرچەندە کە نازانی چەندە دەمویست بێی.
جانتاکەمت بەدەستی خۆت پێچایەوە.
من دەرگەکەم کردەوە و بە پێپلیکانەکاندا چوومە خوار.
تۆ لەنێو ژوورەکەدا، دیمەنێکی بەهاریی بووی، بە چێوەیەک
لە چوارچێوەی دەرگە، دیمەنێکی بەهاریی لە ڕۆشنایی نیوەڕۆدا،
گەڵاکان و ئاھەکان، ڕۆشنیی تەواو، به‌بێ سێبه‌ر
ده‌رگه‌که‌م به ڕووتا داخست
تا ''ڤۆنوکۆڤۆ'' له‌ته‌ک ''ئه‌کبه‌ر'' لەمەڕ تۆ دواین
یا ڕاستر بڵێم، من دوام و ئه‌و گوێیڕاگرت.
به‌سه‌ر ده‌ریای ڕه‌شدا تێده‌په‌ڕیم، له به‌رزایی هه‌شت هه‌زار مه‌تری
نازانم له بیرت دێ، نزیکه‌ی ساڵێ له‌مه‌وبه‌ر،
له‌ته‌ک تۆ فڕین، به‌سه‌ر ڤارشۆ و ڕۆم و پاریس، بۆ قاهیره
ئایا بێ تۆ قاهیره هه‌مان قاهیره‌یه؟
له به‌رزایی هه‌شت هه‌زار مه‌تری به‌سه‌ر ''ئاناتۆڵی'' خۆمه‌وه‌م
هه‌شت هه‌زار میتر پایین‌تر، له‌ژێر هه‌ورانه‌وه، له‌سه‌ر خاکی من،
زستانی ڕه‌شه
ماوه‌یه‌که ڕێگه‌ی گونده‌کان به‌ستراوه
هه‌ر یه‌که‌یان له ده‌شته به‌فرگرتووه‌کاندا دابڕاوه
شله ساوه‌ری بێ ڕۆن
به‌ربڵاو چڕه‌دوکه‌ڵ ده‌کا و چاو چاو نابینێ
ساوایان ده‌مرن، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌سپێ جەستەیان داگیربکا
من له به‌رزایی هه‌شت هه‌زار مه‌تردا، له‌سه‌رووی هه‌ورانه‌وه ده‌فڕم
ئاوایه، ''تولیاکۆڤا''.
-
نامەی دووەم
-
له قاهیره، باخی «ئوزبه‌کیه»ت لە‌یاد ماوە؟
چووم و کورسییه‌ک که پێکه‌وه لە بانی دانیشتبووین، دۆزیمه‌وه.
هێشتا پا شکاوه‌که‌ی چاکنه‌کرا‌وه
شه‌و بوو، له‌یادتە؟
له به‌رامبه‌رمانا، ڕۆشنایی ئه‌ستێرە و ئۆتۆمەبێلەکان لە شووشه‌به‌نده‌کانا،
ئاوێته‌بووبوو و
گه‌دایێک به دیزداشەوە.
له‌یادته که پێکه‌وه، لە ژنه خه‌مباره‌کە دواین
ڕوخساری وه‌ک «نێفه‌رتیتی»ی شاژن وابوو
هاوسه‌ره کۆمونیسته‌که‌ی پێنج ساڵ بوو گیانه‌ڵای بوو
له‌نێو بیابان، ئوردووگه‌ی کاری زۆره‌ملێ
باخی «ئوزبه‌کیه»ی قاهیره‌ت له‌بیر دێ؟
چووم، کورسییه‌ک که له‌سه‌ری دانیشتبووین، دۆزیمەوه..
هێشتا پا شکاوه‌که‌ی چاکنه‌کرا‌وە
به رۆژ، دره‌خته‌کان ته‌پوتۆز دایگرتوون
گه‌دا دیزداشەپۆشەکە، بۆته مشتێ پێست و ئێسقان،
هاوسه‌ری ژنه خه‌مباره‌که‌ش مردووه.
تۆ باخی «ئۆزبه‌کیه»ی قاهیره‌ت له‌یاد ماوە؟
-
نامەی سێیەم
-
شه‌و، دره‌نگانێ له قاهیره هه‌ڵفڕین
دوور، زۆر دوور، له نووکی باڵەکانیا، چرای سووری دابڕان هه‌ڵکرابوو.
ئه‌ستێره‌کانم گرتنه نێو له‌پم و خه‌وتم.
له ڕووناکی کازیوه‌دا، له فڕگەی «خه‌رتوم» نیشتینه‌وه،
ڕووناکییه‌کی سپی بێ هه‌ور،
ڕوناکی سێرامیکەکان،
فنجانێکی سێرامیک، ناسک وه‌ک پێست.
«کۆمێت»ێکی دێوئاسای لێ‌بوو
فڕۆکه‌ی هێڵی هه‌وایی سودان.
فڕۆکه‌یه‌کی وەرزشیی گچکه‌ی زه‌رد و سووریش.
تێنه‌گه‌یشتم بۆچی له‌وێنده‌رێ بوو.
فڕگەی «خه‌رتوم» خاوێنه.
خۆر له فێنکی به‌یانیدا سه‌رده‌که‌وت.
پاڵتۆکه‌م خسته سه‌رشان و ڕووبه‌ڕووی دانیشتم.
له هه‌رکوێ بم، ته‌نانه‌ت له زیندانیش،
ڕۆژم به زرینگانەوەی ھەواڵێکی خۆش لە گوێما ده‌ستپێده‌کا.
سودانییه‌کان جوانن،
-
ژنه هۆنه‌رێکی سودانی ده‌ناسم، جوانی جوانانه
-
له داری ئابنۆس داتاشراوه.
کراسی سپی، کەتانی سپی و سپیەتی مێزەرە‌کانیان.
ئه‌فسه‌رانی یۆنانی پیاسه‌ده‌که‌ن و به ئینگلیزی ده‌دوێن
ڕاوچیانی موو زێڕینیش ویسکی ده‌خۆنه‌وه.
ڕاوچیان بۆ ڕاوی شێر و ڕاوی په‌موو هاتوون.
تفه‌نگه‌کانیان به‌رگی نایلۆنییان هه‌یه.
خۆر بە ئەندازەی ڕمێ به‌رزبووه‌ته‌وه،
پاڵتۆکه‌م خسته‌لاوه و چاکه‌ته‌که‌مم داکه‌ند.
«کۆمێت»ەکە وەک ھەڵچووونی بورکانێ له زه‌مین به‌رزبووه‌وه و
به‌ره‌و له‌نده‌ن هه‌ڵفڕی.
کچم تۆ له کوێ بزانی،
که «عوسمانی»یه‌کانی وڵاتی من، له‌م خاکه سووره‌وه کۆیله‌یان ده‌برد.
کۆیله‌ی بەژن دوو مه‌تری،
ھەروا عاج و ئاڵتونیش،
به پشیله خستنه ده‌رپێی ژنان، باج و خه‌راجیان کۆده‌کرده‌وه.
له‌وانه‌یه هێشتا ئه‌م شێوازه له ئاناتۆڵی باوبێ
به‌ڵام کۆیلانی ئه‌ناتۆڵی کورته‌ڵه و ئێسک ئه‌ستوورن.
-
نامەی
چوارەم
-
له‌وانه‌یه باڵداره‌کان له ئیسته‌نبول و مۆسکۆ'وه بێن بۆ دارولسلام
باڵداره‌کان به‌گشتی لابه‌لا ده‌ڕۆن
به‌ڵام فڕۆکه‌که‌ی من یه‌که‌مین فڕۆکه‌یه، که له مۆسکۆ'وه هاتووه،
یه‌که‌مین ئیسته‌نبول'یش بووم،
بۆنی ئه‌فریکام ھەڵمژی
بۆنی ئه‌فریکای گه‌وره‌ی ڕه‌ش؛
بۆنی بیابانی گه‌وره، گیانله‌به‌رانی گه‌وره، خۆری گه‌وره، بارانی
درشت و ئه‌ستێره‌ی درشت ده‌دات.
به نێوان دارخورما و دره‌ختی مۆزدا هاتینه شار.
چووینە ئاکواریوم'ێک تا چاو بڕکا سه‌وزه و تا چاو کارکا گه‌رم.
دارولسلام له خۆراوای دەریالووشی هیندی'دایه
پێش ئیسلام، چه‌ته‌ی ده‌ریایی و بازرگانانی عه‌ره‌ب به ئه‌برۆی ڕه‌شه‌وه
له‌م که‌ناره دابه‌زین
پاش ئه‌وانیش، چه‌ته‌ی ده‌ریایی دیکە و بازرگانانی دیکە ئه‌وانی دیکە
ئه‌برۆیان بۆر بوو.
به‌ڵام ئه‌وڕۆ گرنگ نییه.
«دارالسلام» نێوه‌ندی «تانگانیکا»یه.
تانگانیکا،
تانگانیکا، تانگانیکا
گۆرانییه‌ک ده‌توانێ به‌م جۆره ده‌ستپێبکا،
ئاوازی تام تام،
تانگانیکا، تانگانیکا،
خه‌مبارانی، شادانی، ژیرانی، دێوانانی،
که‌سکانی، سوورانی، زه‌ردانی، سپیانی، ڕه‌شانی،***
تانگانیکا، تانگانیکا...
ده‌زانی،
تانگانیکا له باشووری خۆرهه‌ڵاتیی ئه‌فریکایه،
نزیکه‌ی ده ملیۆن مرۆڤ، زیاد له سه‌د و بیست هۆز
موسوڵمان، کریست، بتپه‌رست.
ده‌زانی،
گرنگترین به‌رهه‌می: قاوه، گا و گیای «سیزاڵ»ە
گه‌ڵاکانی سیزاڵ چه‌قۆی سه‌وز و ڕوتن
ڕێس و گوریس و گونیه'یان لێ ده‌چنن،
ده‌زانی،
ده‌زانی پێش گه‌شته‌که‌م،
هیچ شتێک له‌مانه‌م نه‌ده‌زانی،
ده‌زانی،
گه‌شتێک که له‌ته‌ک تۆدا له‌سه‌ر نه‌خشه کردمان
له‌یادتە که‌شتییه‌که‌مان سێ چارۆکه‌یی بوو، بنمیچی کەمانی
نیگار‌ی زێڕینە کیژی پێشه‌وه‌ی لە تۆ دەچوو،
له‌سه‌ر ئاڵاکه‌ی هۆنراوە‌م بۆ تۆ نووسی
له ده‌ریادا ماسی چاوزمڕود'مان گرت
باڵداری باڵ چار له‌سه‌ر بورجه‌که‌ی نیشتنه‌وه.
له که‌ناره‌وه، مه‌یمون مۆزبارانیانکردین
چارۆکه‌مان هه‌ڵدا و به ده‌ریا گه‌رماکانا تێپه‌ڕین
سوڕاینه‌وه و له تۆڕی نیوه‌ڕوانان خۆمان ڕزگارکرد تا گەیشتینە
دارولسەلام.
گەشتێک کە لەسەر نەخشە لەتەک تۆدا کردمان لە یادتە
لە دارولسەلام لەتەک «سەربازێکی گومناوی» تانگانیکایی دوام.
لە برۆنزی داڕێژراو بوو و لەسەر لاقە ڕووت و باریکەلەکانی،
چەک بەدەست، لە باری ھێرشبردندا بوو.
لە پشت سەری، شەقام و لەنگەرگە و بەردەمی جامخانە،
لای ڕاستی تەلاری بانکێک و لای چەپی کلیسایەک،
پرسیم: ''ھێرش بۆ سەر کێ دەبەی؟''
گوتی: '''لەشکری ئا‌ڵمانیا''
ھەروا گوتی ''تا دەستپێکی جەنگی یەکەمی جیھانی ھی ئا‌ڵمانیا بووین.
ئینگلتەرە ھات و فەرماندەیی گرتەدەست، ھێرشمانکردە سەر ئا‌ڵمانیا،
ئا‌ڵمانیا چوو و ئینگلتەرە ھات،
ئینگلتەرە لە ھەژدەوە تا شەست و دوو لێرە ما
ساڵی شەست و دوو بریتانیا'مان وەدەرنا''
ھەروا گوتی ''کۆمارێکی ئازادین''.
گوتی و بێدەنگ بوو
دارولسەلام شارەوانییەکی جوانە.
شەقامە سەرەکییەکانی خاوێن و ڕێکن
گەڕەکێکی گەورەی ھیندی ھەیە.
ھیندەکان بە بازرگانییەوە خەریکن
ئەگەر بتوانن تەنانەت ئاوی دەریاش دەکەنە شووشە و دەیفرۆشن.
«تانگانیکا»یش دوژمنی بازرگانانی ھیندییە،
پێشتر تەنیا سپیپێشتەکان ڕێیانپێدەدرا،
ھەنووکە ھەم ناوەکەی گۆڕاوە و ھەم دانیشتوانی
کۆشکی سەرۆککۆماری،
جاران بنکەی فەرمانداری بریتانی بوو،
کۆلێژێک، چل و ھەشت ھەزار خوێندنکار، گشت تانگانیکا'یین و
مامۆستاکان بریتانی
کلیساکان، مزگەوتەکان، کۆشکەکان، ھوتێلەکان و نوێنەرەکان****.
نوێنەرگەی*****
سۆڤیەت لە باڵاخانەیەکدایە، کە لە موسوڵمانان بەکرێگیراوە و
لەسەر دەرگەکەی بە ڕێنووسی عەرەبی "بسم اللە" نووسراوە،
ترام و ئۆتوبوس و ھی دیکە دیارنین،
بەڵام ئۆتومەبێل لە گشت مارکەکان،
سوکانی ھەموویان لەلای ڕاستەوەیە
بە شێوەی بریتانی.
شۆڤێرانی تانگانیکایی زۆر شارەزان
شار 'کابارێت'ێکی ھەیە، کە تا بەیانی کراوەیە.
تانگانیکاییەکان، ئەوانەیان کە گەلیی و ساکارن، لەسەر خاک دەخەون و
ڕادەبن
لە کەپری حەسیرچنا،
زمانی فەرمی ئینگلیزی و "سوھیلی"یە
لە سەرتاسەری تانگانیکا، تەنیا یەک ئەندازیاری تانگانیکایی و
سێ پزیشک ھەن
من سەرخۆشی تانگانیکایی'م نەدی
گشت سەرخۆشەکان سپی‌پێست بوون.
سپیپێستی بێکارم نەدی
گشت بێکارەکان تانگانیکایین
ئەوانەش کە لە سەرەڕێگەکان، شێری لە دار تاشراو بە گەشتیاران دەفرۆشن،
تانگانیکایین
ئەفسەری تانکانیکایی'م دیت، سەرۆککۆماری تانگانیکایی و مامۆستای
تانگانیکایی
"نایەرەرە"ی سەرۆککۆمار بە چاوانی ڕاماوی مامۆستایەک.
لە گشت دیوارەکانەوە تەماشا دەکا،
لەنێو چێوەکەیدا، لەپشت شووشەوە دانیشتووە و خۆی بەسەر گۆچانە دەسک
سپییەکەیدا داداوە.
پۆلیس'م دیتن، کە تانگانیکایی بوون.
لە بانکەکاندا فەرمانبەری تانگانیکایی'م نەدی
یا سپی‌پێست بوون یا ھیندی.
مەیفرۆشەکان و کۆڵبەرەکان تانگانیکایی بوون.
گوندییەکان و شوانەکان، کرێکاران و ھەروا سەرۆکی خێلەکانیش:
لێرە زۆرێک کلیتە لەسەردەکەن، بە ڕەنگ و ئەندازەی جۆراوجۆرەوە
بە گوڵەنگ و بێ گوڵەنگەوە،
ئێمە تورکەکان کلیتەمان لە یۆناییەکانەوە وەرگرتووە و لەسەری
عەرەبان'مان نا.
لەوانەشە لەسەری سودان'یانیش،
ئەوانیش ناویانەتە سەر ئەفریکایانی ڕەش
یا ئەوان، یا ئینگلیزەکان، ئەگەر ئینگلیزییەکان لەسەریان نابن
سەرمسووڕنامێنێت، ئەگەر ئەسپی دەریایی کلیتە لەسەر ببینم.
-
نامەی
پێنجەم
-
له دارالسلام، له خانه‌باخی «ئوردووگه‌ی ڕزگاری»،
لەتاو گەرما خه‌وتن ناكرێ.
گه‌رما به پێستی جەستەمه‌وه دەلكێ
ژن و مێردێکی کەنه‌دایی چه‌ند ساتێك له‌مه‌وبه‌ر نزای شه‌وانه‌یان
به تۆماری دەنگیی خوێند
شێره‌کان نانەڕێنن
شێره‌کان لەنێو جه‌نگه‌ڵدان،
شێره‌کان، فیله‌کان، که‌رگه‌دنەکان،
زێبراكان******،
زه‌رافه‌کان، گشت جۆره مامزه‌کان
پێموایه لێره پڵنگ نییه.
له ''باخچه‌ی ئاژه‌ڵ''ی مۆسکۆ پڵنگ'یش هه‌یه، ورچی سپی و پێنگوین'یش
بەستەنی قەیماخی'یش هه‌یه.
له مۆسکۆ هه‌نووکه به‌فر ده‌بارێ، دانار دانار
گه‌رما به پێستی جەستەمه‌وه ده‌لكێ
له ژێر په‌رده‌کوله به ڕووتی خه‌وتووم،
له‌سه‌ر پەردەکوله‌که مارمێلکان
لە تیمساحی گچكە دەچن، زمانیان ده‌ردەكەن،
له‌وانه‌شه ئه‌مانه مارمێلك نه‌بن
له زیندانی «بورسا» له چه‌رچه‌فه‌کان په‌رده‌کوله‌مان چێده‌کرد.
به‌یانیان به سه‌تڵ قۆلانچه‌مان دەڕشتە دەرێ.
گه‌رما به پێستی جەستمه‌وه ده‌لكێ
گه‌رما له ترپەی دڵم ده‌دا،
ئامێتەی خوێنم دەبێت و بە ڕەگەكانما گوزەردەكا.
بەدڵنیاییەوە لە مۆسكۆ بەفر دەبارێ،
له‌وانه‌شه باران بێ؟
پێش ئه‌وه‌ی بنووی، له په‌نجه‌ره‌وه تەماشای گه‌رمیپێوت کردووە؟
پازده پلە ژێر سفر بوو یا حه‌ڤده؟
له پشتسه‌ری چەرپاکه‌ته‌وه، چراخه‌وێکی شین!
بیر له چی ده‌که‌یته‌وه؟
نەشێ ئه‌م جاره‌ش تا سه‌رت له‌سه‌ر سه‌رین نابێ، خه‌وت لێ که‌وتبێ؟
له دارولسلام له که‌پرۆکه‌ی «ئوردووگه‌ی ڕزگاری»
له‌تاو گه‌رما خه‌وتن ناكرێ.
-
نامەی
شەشەم
-
ئەوڕۆ بەیانی تەماشای دەریالوشی ''ھیندی''م كرد.
لە بارەی دەریالوشەكانەوە دوو وشە قسەم ھەیە:
دەریالوشێك كە لە كەنارەوە تەماشایكەی
لەتەك دەریای مەڕمەڕە جیاوازی نییە،
دەمەوێ بڵێم:
تولیاکۆڤا، دەریالوشەكان وەك ئەوینی گەورە وان.
دەریالوشەكان تەماشاناكرێن
پێویستە لەتەكیاندا بژی.
-
نامەی حەوتەم
-
لە بازاران گەڕام، ئازیزم،
نرخەكانم نووسیون
تانگانیكا زۆر ھەرزانییە
بۆ نموونە خۆرەتاو.
گەییوترین و سەرسەخترینی،
بۆ نموونە باران،
بارانێك كە چەند مانگ بێ بڕانەوە دێتەخوار،
تای درێژماوە و جۆراوجۆر
یا دەستە بۆر و ڕەشەكان
دەستە لاو و دەستە پیرەكان
نینۆك و نیولەپی ھەموویان خەناوی
تەنانەت مۆز،
ھێشووی پێنج كیلۆیی
لە شووشەیەك پێپسی كۆلا ھەرزانترە،
ئەمانەم بۆ تۆ نووسین، ڕۆشنای چاوم، بیردەكەمەوە،
ئایا ''ئاناتۆڵی'' من لە تانگانیكا گرانترە؟
لە ھەندێ شوێنیا باران گرانترە.
لە ھەندێ وەرزیا خۆرەتاو.
بەڵام نرخی تاكان،
یا دەستەكان
بەتایبەت ئەو دەستانەی كە پەنجەیان خوێنینە
ھەرگیز لەوانەی ئێرە گرانتر نینە،
بەڵام مۆز،
لە وڵاتی ئێمە نایێتەبەر
بەپێچەوانەوە پیاز و خوێ،
نەك پێنج كیلۆ، بەڵكو ھەر كیلۆیەكی بە نرخی مۆزێكی ئێرەیە.
-
نامەی ھەشتەم
-
چۆنی «تولیاکۆڤا» لە چ دونیایەکدای؟
پڕچ کاڕەنگی، چۆنی؟
لەچیدای، ئەی
برژانگ شین؟
گەر برژانگە شینەکانت، ڕێمبدەن،
دەمەوێ نێوی چاوانت ببینم
دەمەوێ لەنێو چاوانتا بگەرێم و لەتەک خۆم ڕووبەڕووبم.
لەوانەیە لەنێو دێڕی پەرتووکێکا
لەوانەیە جارێکی دیکە لە «پێشانیا»، وێستگەی ئۆتوبوس
لە چاوانتا لەتەک خۆم ڕووبەڕووبم،
بڵێم ''سڵاو نازم، چۆنی، بەختەوەری؟''
سڵاو بۆ ڕوباری مۆسکۆ،
سڵاو لە مەیدانی سوور، دوکەڵکێشی کارخانەکان، گشت شانۆکان
سڵاو لە دەرگای ماڵەکەمان،
سڵاو لە بۆ وێنەکەی ھەڵواسراوەکەی ئیستانبوڵ،
گەر لە ھەواڵی من بپرسی، من دوو ڕۆژە لێرەم لە باشوور،
لە «ئاروشا» لە «موشی».
لە دەوروبەری کێوی بەفرگرتووی «کلیمانجۆرا».
کێوێکی گەشتیاریی
ئاساییشی ھوتێلەکان، لە ئەستۆی سویسرییەکانە.
لە «موشی» خێڵی «جاگا» دەژی.
لە ھوتێلەکان، قاوەخانە و بێشەکانی سێزاڵ'دا کاردەکەن.
بێشەکانی سێزاڵ، ھی ئینگلیس و ھیندی و یۆنانییەکانن
خەڵکی «جاگا» ڕووخۆش و ژیر و ئارامن.
پیاوانیان بە کراس و شەڵواری کورتەوە، زۆربەیان پێخاوسن
حەزیان لە بایسکیل ھاژووتنە،
ژنانیان لەنێو کراسە سوورەکان، بە لەنجەولار دەڕۆن و
لە بان سەریان باری
گەورەتر لە خۆیان ھەڵگرتووە
گشت ژنانی ئەفریکا ئاوھان.
کیژۆڵانی جوانم دیتن.
پێپەری ڕەش، نوقلی بادامی،
کراسە نایلۆنەکانیشیان فشکردووە
خوێندەوارانیان لە ئەناتۆڵی زیاترن
چوومە بورکانی «نگۆرۆ نگۆرۆ»
دەمی بورکانەکە بە گیا و درەختان داپۆشراوە.
گوتیان پانتایی دوو کیلۆمیتری چوارگۆشەیە.
کەرگەدەنی گەشتیارییم دیت.
زەرافە و فیلی گەشتیاریی
بە گەل ڕێدەکەن،
جیپەکان بە کنیانا دەڕۆن، بەلای لوتیانا.
سەرێ بەرزدەکەنەوە و سەرنجێ دەدەن،
مارکەی ئۆتۆمۆبێلەکە دەناسنەوە،
لاندرۆڤەر.
بەخەمەوە لا بەولاوە دەکەن،
بە بێزاری.
تەنیا مامزەکان لەتەک «لاندرۆڤەر» ڕانەھاتوون.
سڵەمینەوە و ھەڵھاتن.
ئیدی شەوێک، گەشتیارێکی ئەمەریکایی لەبەر فرە مەستی لە بێشەوارێکا
خەوی لێکەوتوو،
شێرەکان تاکو بەیانی لە بان سەری چاوەڕێمانەوە
دیتیان کە لە خەو ڕانابێ،
کەوتنە خواردنی
گۆڕەکەم دیت، ڕووداوەکە لەسەر کێلی گۆڕەکەی نووسرابوو
لەم دەوروبەرەدا «ماسایی'یەکان» دەژین، ڕووت و قووت
تەنیا ژنایەتییان پۆشراوە.
گەورە پەیکەرن.
شەیدای ڕەنگی قاوەیین
ڕوخساریان بە قاوەیی ڕەنگدەکەن
لێواری گوێچکەی ژنانیان، تا سەر شانیان شۆڕبووەتەوە.
دەڵێن بە کێشێک درێژیانکردووە.
«ماسایی»یەکان کۆچەرن.
گەلەدارن
گۆشتی مانگاکانیان دەخۆن و خوێن و شیریان بە گەرمی دەخۆنەوە.
کاتێک شێرێ ھێڕش دەکاتە سەر گەلەیەک، دەیگرن
بە کوتەک لە سەری دەدەن.
لە ھوتێل کاخەزێکیان پێداین،
لە بورکانەکە چ شتێ فرەتر بەلاتانەوە پەسەندبوو؟
فیلەکان؟
کەرگەدنەکان؟
ماسایییەکان؟
یا کارمامزەکان؟
-
نامەی نۆھەم -
ڕۆژانێکت بیردێنمەوە کە لە زیندان ئازادبووم
ئازادیاننەکردم. ئازادبووم،
ڕۆژانێ کە لە نێوەوە بە فشاری خۆم و لە دەرەوە بە فشاری دۆستان و
ڕێوشوێنەکان، لە زیندان ئازادبووم.
شادی
ھاوسەری، جەژن،
شادی،
کەمێ لەخۆباییبووم،
کەمێ شێواو.
شادی،
لەسەر چڵەکانی، درەوشانەوەی خەون و ھیواکان،
میوە نا، درەوشانەوە.
دوان لەمەڕ زیندان بۆ ھەر کەس و بۆ خۆت.
ھێشتاکە زیندان دێتە خەونت،
لە خەو ڕادەپەڕی
خوو و یاساخییەکانی ساڵانی زیندان یەخەت بەرنادەن.
سەری پاکەتی نامەکانت داناخەی،
چاوەڕێی ساتەکانی جاموڵەی خواردنیت،
کاتێ شەو تاریک دادێ، چاوەرێی دەرگە لە دەرەوە داخرێ و
گڵۆپەکان خۆبەخۆ پێبکرێن،
شادی
ھاوسەری، جەژن،
بەڵام ڕۆژانی جەژنیش وەک ڕۆژانی دیکە کۆتای‌یان ھەیە
دەبینی سەربانی خانووەکەت دڵۆپەدەکا،
دەرگە و پەنجەرەکانی چێکردنەوەیان پێویستە،
دەبێ داوای ئاو و گاز و کارەبابەستن بکەی،
دەبێ چەرچەف و قاپ و جاموڵە و پەرتووک بکڕی.
بازووەکانت ئامادەی کارن،
لە زیندانیش ھەر کاریاندەکرد،
بەڵام مێشکت ھێواش بووە،
پارەشت نییە،
قەرزاربوونیش ترسناکە.
بنەوانی ماڵی ئازادیت لە کوێوە و چۆن دەستپێبکەی؟
واتە دەمەوێ بڵێم :
باری تانگانیکا لە باری کەسێک دەچێ، کە لە زیندان ئازادبووبێ.
-
نامەی دەھەم
-
گوێچکەم بە زەمینەوە نا،
گوێم لە خاکی ئەفریکا ڕادێرا،
دەنگەلێک لە «ئۆگاندا» و «مۆزامبیک»ەوە دێن،
لە ئەفریکای باشووریی، پێ خەنینەکان،
بە تووڕەییەوە زنجیرەکانیان بە زڕە دەھێنن.
جەنگەڵەکانی «ئەنگۆلا»، وەک شێرە سەوزەکان، لە خوێنگەوزاو دەناڵێنن.
ئیمپریالیزم، دوا جەنگەکانی دەکات،
بەڵام چەک و زیندانی و
فەرمانداری ھەیە.
سەرم بەرزکردەوە و تەماشامکرد:
ئەفریکا لەسەر دووڕیانێک وەستاوە،
ڕێگەیەک ھەیە، جارێکی دیکە لە پێچ و پەناوە بەرەو دەستبەسەریی
دەچێتەوە،
ڕێگەیەکی دیکەش بەرەو ئازادی و برایی فراوان.
واتە دەمەوێ بڵێم،
ھاوسەری ھۆشمەند و جوانی من
جارێکی دیکە نامەی نۆھەم بخوێنەرەوە.
ژیران ئەلفێکیان بەسە.
نازانی چەندە ئارەزووی دیدارت دەکەم مۆسکۆییکەی من
«تولیاکۆڤا»ی من.
________________________________
*
ڕاپۆرتی تانگانیکا: یەکێکە لە دواھەمین ھۆنراوەکانی نازم حیکمەت، چونکە
لە شوباتی ١٩٦٣ ھۆنراوەتەوە و ''نازم حیکمەت'' لە حوزەیرانی ھەمان
ساڵدا مردووە. ئەم ڕاپۆرتە لە شێوەی دە ھەڵبەست-نامەدا، ئاراستەی
''ڤێرا تولیاکۆڤا'' ھاوسەرە ڕوسەکەی کردووە، کە لە ساڵی ١٩٦٠دا لەتەک
نازم حیکمەت ھاوسەریی کردووە. تانگانیکا، وەک دەزانن لە کاتی گەشتەکەی
نازم حیکمەت دا، دوو ساڵ بوو کە سەربەخۆیی بەدەستھێنابوو و بە پێشەوایی
''جولیوس نایەرەرە Julius Nyerere''
کەوتبووە نێو وڵاتانی ھاوبەرژەوەندی ئینگلیسی.. ئەو وڵاتە لە ساڵی
١٩٦٢دا بە ڕێکەوتنی زنگبار ''کۆماری تانزانیا''ی پێکهێنا و ''جولیوس
نایرە'' وەک سەرۆککۆماری دانرا.
**
دینۆ (Dino): ھاوەڵی نیگارکێشی ''نازم حیکمت''.
***
لە دەقە تورکی و وەرگێڕانە فارسییەکەیدا تاک بەکاربراوە، بەڵام
لەبەرئەوەی لە کوردییەکەدا لە ئاوەڵناو جیابێتەوە و خوێنەر تووشی
سەرگەردانی نەبێت، ناچاربووم [کۆ] بەکاربەرم، واتە خه‌مباری/ خەمبارانی،
شادی/ شادانی، ژیری/ ژیرانی، دێوانەی/دێوانانی تانگانیکا، که‌سکی/کەسکانی،
سووری/سوورانی، زه‌ردی/زەردانی، سپیی/سپییانی، ڕه‌شی/ ڕەشانی
تانگانیکا.
****
نوێنەر: (سەفیر).
*****
نوێنەرگە: (سەفارەت).
******
زێبرا (Zebra): جۆرە گوێدرێژێكە، كە لە زمانی
كوردیدا بە گوێدرێژی جەنگەڵی [كەری وەحشی] ناسراوە.
کانوونی دووەم - شوباتی
١٩٦٣
ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن
|